کۆمەڵگای پڕ مەترسی  

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-10-22     263

کۆمەڵگەی پڕ مەترسی یا ئاڵنگاری  لە ئەدەبیاتی سیاسی و کومەڵناسیدا، شوناسی کۆمەڵگەیەکە سەرلەبەری بڕیارەکان لە سەر بنەمای بەەدەستە وەدانی کەمترین دەرھاوێشتەی نەرینی و خراپەوە لە ژوورە تارکیەکانەوە دەردەچن.

کۆمەڵگەیەکە تیایدا ڕێکخراوە حکومی و ناحکومیەکان، دەسەڵاتدارانی سیاسی و نوخبەی حوکمڕان و بازرگان و دامەزراوەحکومیەکان بە مەبەستی کەم کردنەوەی ئاستی زەرەرو زیانەکان و کاڵ کردنەوەی دەرھاوێشتە سلبیە درێژخایەنەکان و بەدەست ھێنانی ڕەزامەندی ھاوڵاتیان، بە گرتنە بەری کۆمەڵێک ڕێووشوێنی تایبەت و دارشتنی ستراتیژیەکی تۆکمە و پێشتر دیراسەکراوەوە، چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسیەکانەوە ئەخەنە سەرووی ھەوڵەکانیانەوە. 

دەستەواژەی کۆمەڵگەی پڕ مەترسی، یا کۆمەڵگەی پڕ ( موجازەفە) یا Riscy Societyt ، سەرەتا لە لایەن ئەندێشمەندی ناوداری ئەڵمانی (ئولریک بێک) ەوە لە ساڵی ١٩٨٦پێناسە کرا. 

 

بە پێی بۆچوونی ئۆلریک، کۆمەڵگەی موجازەفە یا پڕ لە مەترسی لە سەرەتای سالانی ھەفتا و ھەشتاوە لە وڵاتانی پێشکەوتوو گەشەسەندوودا ئاماژەکانی دەرکەتون.
 ھۆکارە سەرەکیەکانی دەرکەوتنی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە بە پلەی یەکەم دەگەرێتەوە بۆ ئەو پێشکەوتنە چاوەروان نەکراوانەی بە شێوەیەکی گشتی لەلایەک لە بوارەکانی تێکنۆلۆجیا و رەفاھی کۆمەڵایەتی ولە لایەکی ترەوە دەرەنجامەکانی شەپۆلی فەردگەراییەوە لە وڵاتانی پێشکەتوو ھاتنە ئاراوە. 

شەپۆلی ئەم فەردگەراییە وەک یەکێک لە دەرھاوێشتە بەرچاوو گەورەکانی پێشکەوتنی جڤاکە ڕۆژئاواییەکان، بوو بە یەکێک لە سیماو مۆرکە ھەرە حاشاھەڵنەگرەکانی کۆمەڵگا. بەو پێیەی ھاوڵاتی چیتر لە ناو جەرگەو سەنتەری ژیانێکی تەواو کۆمەڵایەتی و قەرەباڵغ و تەوژمی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە چاوی بە دوونیا ھەڵنەدەھێنا. بەڵکو لەگەڵ داھێنانە خێراکانی بواری تێکنۆلوژیا و ئاسانکاری و پتەو بوونی بنەماکانی خۆشگوزەرانی و رەفاھی کۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی ئابوری خێزان و تاک لە یەکترو نەمانی جۆرێک لە وابەستەییە ئابوریەکانی ئەندامانی کۆمەڵ و پاڵپشتی حکومەتەکان لە فەرد، زەمینەی درووست بوون و فۆرم گرتنی کۆمەڵگەی پڕ مەترسیش رەخساو ھەلومەرجە تازە پێشھاتووەکانیش بوون بە فاکتەری سەرھەڵدانی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە. 

تاکی لە دایک بوو لە نێو بۆتەی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا چیتر وەک پێشوو توانای مامەڵەی ڕووبەروووبوونەوەی مەترسی و تەحەدیات و ھەرەشە و دۆزینەوەی خێرای چارەسەرەکانی نەبوو. بەڵکو ئەم پرسە خرایە ئەستوی حکومەت و ڕێکخراوو دامودەزگاو سەندیکاکانی تایبەت بە کڕیکارانەوە. 

ئەم تایبەتمەندیە زیاترھاوکات بوو لە گەڵ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بزاڤ و رەوت و پارتە سۆسیالیستەکانی ئەرووپا لەوانە سۆسیال دیموکراتەکان. 

بە لای ئۆلرێکەوە، شوناسی کۆمەڵگەی ریسکی یا موجازەفە یا باشتر بلێین پڕ مەترسی، شوناسێکە ئاوێتە بووە بە ڕەخنەی شارستانی. بە واتایەکی تر بۆ پێناسە کردنی کۆمەڵگەی پڕ لە مەترسی پێویستە بە چاوی ڕەخنەوە لە کومەڵگە شارستانیەکانەوە بڕوانین و کۆمەڵگەی موجازەفە، دەستەواژەی پێناسەکردنێکی ڕخنەگرانەی تایبەتە بە شارستانیەتی کۆمەڵگە پێشکەوتووە فەردگەراکانەوە. 

بەڵام ھەردوو بیرمەندی ھاوچەرخ، نیکلای لوومەن و ئانتۆنی گیدنس، پێیان وایە ئەم دەستەواژەیە ( کۆمەڵگەی موجازەفە) زیاتر پەیوەندی بە مۆدێرنێتەوە ھەیە و دەکرێ لەم بوارەدا بۆ پێناسە کردنی ھەندێ شوناسی کۆمەڵگە سوودی لێوەربگیرێت کە ئەمەی ئەم دواییە بابەتی نوسین و شرۆڤەکردنی ئێمە نیە و دەکرێ لە نووسینێکی تردا بپرژێینە سەری و تیشک بخەیەنە سەر مۆدێرنیتە و ھەلسەنگاندنی کۆمەڵگەی کوردی بە پێی پێوەرە کانی پەیوەیست بە چۆنیەتی توێژینەوەی کۆمەڵگە وستانداردەجیھانیەکانی تایبەت بەم بوارەوە. 

بەڵام بە کورتی پەیوەست بەم باسە کۆمەڵگەی کوردی نە کۆمەڵگەیەکی موجازەفەیە و نە کۆمەڵگەیەکی ئەوەندە یەکپارچەو ھەماھەنگ و پێشکەوتوو یەکڕەنگ و یەکدەنگیشە،  بکرێت یەک شێوازی حوکمرانی بەسەردا بسەپێنرێ. بەڵکو جڤاکێکە لە ھەموو ڕووەکانی ئابوری، سیاسی وھوشیاری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەوە لە دەڤەرێکەوە بۆ دەڤەرێکی تر و شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازەو ھێشتا نەیتوانیەوە بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی دەرکەوێ و خاوەنی پێکهاتەیەکی ئاڵۆزوپڕلە تەنگژەو ناکۆکی و ئاڕاستەی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازو ناهەماهەنگە. 

بەمجۆرە ئەم کۆمەڵگایە بەهۆی ئاڵنگاریە بەردەوامەکانی نەیتوانیوە خۆی لە تارماییەکانی پەرتەوازەیی و پەراوێز کەوتن بپارێزێ و هەڵگری یەک گوتاری یەکانگیری سیاسی و مێتۆدێکی زانستی بێت بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەگەرە ترسناکەکانی لێک ھەڵوەشانەوەو  هەڕەشەو مەترسیە کانی داھاتووی.  

بە واتایەکی تر جڤاکی کوردی بە گشتی بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و دۆخی ناسەقامگیری  رۆژهەڵاتی ناوین، لە گەڵاڵە کردن و وێناکردنی حەقیقەتی ئەو دۆخەی  تیایدا دەژیت و  ئاستەنگ و گرفتەکانی رۆژانە وەک دێوەزمەیەک بەسەریەوەن، دەستەوەستانە و رۆژەکان بەڕێ دەکات و هیچ لە داهاتوویەوە نازانێت.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×