پوکانەوە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2021-05-30     613
شەقامەکان پڕن لە کەڕو ڵاڵ و کوێرو نابینا.
شار رەنگی سەرابێکی دوورەدەستی گرتووەو هێچ شتێک بە لای ئەوەوە لە شوێن خۆیدا نیەو نامۆیی باڵی بەسەر شاردا کێشاوە.

بازار وەک جاران جمەی نایەت. ڕێبوارانی رێپێوانی سەر شەقام و کۆڵانەکان ترس و دڵەراوکێ و دڕدۆنگی و بێ تاقەتی بە سەرووسیمایانەوە دیارەو زۆر بە شلو خاوی هەنگاو دەنێن و یەکتر دەدوێنن. روژنامەفرۆشەکەی سەر شۆستە مێش میوانی نیەو هیچ موشتەریەک  بۆ کڕینی ڕۆژنامە بە لایەوە ناچێ. هەر دوێنێ بوو لێی پرسی هۆکاری کەسادی بازاڕی رۆژنامەو خوێندنەوە چیە؟  رۆژنامەفرۆشەکە لە وڵامدا وتی:

" خەڵکی چیتر تاقەتی خوێندنەوەی رۆژنامەکانی نیە ونایشارنەوە لە بیستنی گوتارو هەواڵە سەت بارەبووەکان ماندوو بوونەو چیتر تاقەتی گوێ گرتن لە وتارە حەماسی و  گفت و بەڵێنی بێ بنەمای کاربەدەست و کاراکتەرە حزبی و سیاسیەکانیان نەماوە"

شنەبایەکی سارد لە بەرزایی و لوتکەی شاخەکانەوە ھەڵیکردووە و شەپۆلێکی ھەوای ساردوسڕ لە پاڵ سەرماوسۆڵەی زستانەوە لەگەڵ خۆیدا بەسەر پانتای شاردا بۆکوێرەکان بە دیاری ھێناوە و کەلەسەرەکان دەتەزێنێ.

لەئاسمانەوە نگبەتی بەردەوامە...بێ بارانی، وشکەساڵی، دەرمانی ماوەبەسەرچوو، خۆراکی ژەھراوی و پۆخەڵی ئەمبەر سنوورو ئەوبەرسنووری یارونەیار، ھەژاری و بێدەرەتانی، چنین و بڕین، تۆپ بارانی ئەموو ئەو، بۆمبای ماڵوێرانکەر، تۆزوباو خۆڵبارین و قوڕاوو دوکەڵی ژەھراوی و خنکێنەریش بێ وەستان و سڵەمینەوە باڵی نگبەتیان بەسەر ئەمسەروئەوسەری شاری کوێراندا کێشاوە.

لە نێوان دوو تاوەری زەبەلاح و سەرسوڕھێنەری مۆرکی مۆدێرنیتەو پۆست کوردایەتی و شۆڕش و خەباتی ئەمبەر شەقام و خانووە قوڕینە لەھۆش خۆ چووە بێ ئاووکارەباو لەبیرکراوە بێ خزمەتەکانی ئەوبەر شەقام، مەودایەکی یەکجار کەم، ھەردوو دونیا لێک جیا دەکاتەوە.

تا چاو بڕ دەکا، دوامۆدێلی ئۆتۆمبێلە گرانبەھاکان لێتەوە دیارن. ئەوەیان جی کلاسە، ئەویان رۆلس رایسە، ئەمیان رەنج رۆڤەرە، ئەویتریان بێنتلیە، ئەوانیتر ئەستۆن مارتین و لامبۆرگینی و جاگوارو بی ام و...ھتدن.

نەوەی قۆناغی دارا دووداری دی، ئێستا نەک دار، لە دۆلار بترازێ هیچ نابینن. هەر بابایەو سەرقاڵە بە جۆرێک لە بیزنس و خۆ دەوڵەمەند کردن و خۆ جیاکردنەوەی لە کۆ و دروست کردنی دونیایەکی تایبەت بە خۆیانەوە.

شەقام پڕیەتی لە دوا مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکانی وردکە مناڵی ( مەسول)ی بن دیوارو سەردیوار و بەرپرسان و خاوەن کارو سەرمایەدارەکانی پۆست ئازادی و تەوژمی تۆزوباو قۆناغی داڕمانی جوانیەکان.

کافەتێریاکان، چایەخانەکان، شێلانخانەکان، نێرگڵەخانەکان، قومارخانەکان و خانەکانی ترو باڕەکان، پڕن لە کاراکتەرە کارتۆنی و فشۆل و بکەرە ھەلپەرەستەکانی بەرسێبەری کوردایەتی و خاوەن پارەوپوڵ و سەرمایەدارانی ئێستای نیشتیمان.
ئەوەی نەبوونی و هەژاریە، پێیانەوە دیار نیە.
لەدوا مۆدێلی سعاتی سویسری دەست و بۆنی فەرەنسیەوە بگرە تا دوامۆدێلی جلوبەرگە ئیتاڵیەکانی وەک ستێفانۆ و کیتۆن و تۆم فۆردو لوی ڤیتۆنی فەرەنسی و پێڵاوە گرانبەھاکانی پێستی مارو تیمساح و وشترەمەل و ئاسکی کێویەوە.

لە نێو تەپ و تۆزوغوبارێکی خەستی بەیانیەکی فرەساردوسەرماوسۆڵەی چلەی زستاندا، تێکۆشەرێکێ خێرلەخۆ نەدیوو ھیلاک و تاساوو بێ پارە، بێ پاساو بەدەم رێگاوە لەگەڵ خۆی وڕێنەی دەکرد....ئەو تاک وتەنیا، بەڵام پڕلەئازارو شەکەت و ماندوو، بەسەر شەقامی جیاکەرەوەی دوو دونیای جیاوازو دوو مۆدێلی نامۆبەیەکتری ژیان، تێدەپەری و لەھەوڵی وێناکردنی خەمەکانی ژیاندا بەدەم رێگاوە دوور لە ھەموو سۆزێک و بەدەر لە گشت حەماسێکی شۆڕشگێڕیە بەسەرچووەکەوە، سروودی ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواکەی و خوایە نەکەی تاکەی ئاواکەی......دەڵێتەوە...

ئەو، بە جەستە لە ئێستایەکی ئاڵۆزو لە قاڵبدراوو نامۆدا دەژیت و چرکەساتە سەختەکان بە ناچاریەوە بەرێ دەکات.
ئەو بە ھزرو بیروخەیاڵەوەش لە رابردووی پڕ لەھەورازو نشێودا کەوتۆتە خەیاڵ و دۆزینەوەی شوناسی بێ سەرووشوێن کراوو ونبوویەوە. یادی رۆژانی سەخت و تفتوتاڵ و ئەم کێوو ئەو کێو کردن و رووبەرووبوونەوەی بەعس و فاشیزمی نەژادی و ئەنفال و ترس و تۆقاندن و قەڵاچۆکردن، هەردەم لە زاکیرەیدا وەک درامایەکی تەلەفزیۆنی بە بەردەم چاوە کزەکانیەوە دێنودەچن و لە ئێستای سەردەمی ئازادیدا دایدەبڕن.

ئەو، ھێشتا مەودای نێوان ( دوێنێ)ی خەباتی سەخت و پڕلە نەھامەتیەکان و (ئەمرۆی) قۆناغی پۆست خەبات و درووشمە باق و بریقەدارەکانی ( جاران)ی نەبڕیوەو ھێشتا وابەستەی مێژووە نەنووسراوەکەی ( دوێنێ)و پارادایمە کلاسیکیە ماوەبەسەرچووەکانی دەیەکانی رابردوویەتی.

دونیای تازە، دونیای کاراکتەرە قات لەبەرە پۆشتەوپەرداخە رێکوپێکەکان و بیزنس سیاسیە چاوباشقاڵەکانە...دونیای سناپ چات و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و وای فای و وایەرلەس و وایەرلەش ( باریک و کز) و سەنتەرەکانی وەرزش و شێلان و دیلان و بۆتۆکس و فیلەر وخۆبادان و راست کردنەوەی لەشە لارو نارێکەکانە...سەردەمی مەسەنجەر و واتس ئەپ و وایبەرو کۆمیۆنیکەیشن و بچووک بوونەوەی دونیا و مۆل و سەنتەری بازرگانی و کۆمپانیاو ھەڵێنجانی نەوت و دەردەدانی غازی شل و پارەوپوڵ و سەرمایەداری و پرۆژەی ئابوری و ئاڵۆگۆری بازرگانی و کرین و فرۆشتن و بۆرسەو بودجەو پاشەکەوت و پێشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و دوا مۆدێلی چینایەتی کۆمەڵایەتی دروستکراوو بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی کوردبوون و گەورە بوونی جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان و قڵیشانی پڕلەمەترسی کەلێنەکانی نێوان مرۆڤەکان و ھەرەسی خۆشەویستی و داڕمانی دڵسۆزی و مرۆڤدۆستیە.

پانتای ژیان ورووبەری دنیای ئەم، لەم سەردەمەدا، بە جۆرەھا شتگەلی بەرھەمی دونیای مۆدێرن و تێکنۆلۆژیاوە تەنراوەو دەرگاگەلی زۆری بەرووی مرۆڤدا کردۆتەوە.


خۆرە پلاستیکیەھەڵواسراوەکانی پۆست ئازادی، زیاتر لە بلاژێکتۆرێکی دەسکردی سەردەمی تێکنۆلۆژیای نەزانین و کەمئاگایی و بێ ئاگایی دەچن تا چاخی تێکنۆلۆژیای زانیاری و زانست و مەعریفەوە...بۆیەش ئەوەندە گەرمایی نابەخشێ و کەشوھەواش سات بە سات روو لە ساردی دەکات بەرەو قۆناغی سەھۆڵبەندان و ماتی و بێدەنگیەوە ھەنگاو دەنێ و ئاراستەدەگرێ.

شەقامە قیرتاوکراوەکان لەچەشنی ویژدانی خەوتووی ئەم سەردەمە، لە جاران رەشتر دەنوێنن و لە ماتی و بێدەنگیدا زیاتر لە نەخۆشێک دەچن چووبیتە حاڵەتی کۆماو بێ ھۆشی درێژخایەنی چوار وەرزەدا.

بەفری باریو بەھۆی پرشنگدانەوەی رەنگی دونیای رەنگاڵە سەرسووڕھێنەرەکانی رێکلام و پرەپاگندە بۆ کاڵاکانی بە باڵا کراوی بازاری موزایەدە و فەخر فرۆشتنەوە، شین ورەش ھەڵگەراوە و ھیچ لە خۆی ناچێ و دیمەنێکی تابڵێی ترسناکی بە دەرودیوارو خشت و سەوزایی ودیمەنی شێواوی شاری خەوتووەوە بەخشیوە.

دەنگێکی کزی مۆسیقایەکی خەمناک و جارجار کلاسیک لەوسەر شارەوە لە ھۆڵی بۆنەو بەھانێژراوەکانی جیھانی مردووی ھونەری رەسەنەوە دەبیسترێ...لێ کاتێک گوێ ھەڵدەخەی بۆت دەردەکەوێ ئەم دەنگە، دەنگی مەکینەوئامێروئامرازو ھێماکانی ھونەر نین، بەڵکو دەنگی سەمفۆنیای دڵتەزێنی پووکانەوەی بەھا کاڵ بووە لەدەست چووەکانی ئەم زەمەنەن، مرۆڤەکانی لە چواچێوەیەکی تەسکی خود ئەوینی و مکیاج و بێ باوکی سەردەمی بێ باکی و لە خۆباییەوە لە قاڵب داوەو ئاراستەیان دەکات.



کەشوھەوا تەواو رووی لەساردی کردووە...تا دی زیاتر سەرما تەنگی پێ هەڵدەچنی. ئەو تەنانەت یەک بیستوپێنجیش شک نابات بیدات بە منداڵەکانی...ماوەی دوو ھەفتەیە لەبەر بێ پارەیی و لێبڕینە بەردەوامەکانی حکومەتی کوردی نەیتوانیوە مناڵەکانی رەوانەی قوتابخانە بکات و شەرمەندەو خەجاڵەتی ماڵەوە لەھەموو دەرگایەکی داخراوی بەرفلسی بێ ویژدان و بەرپرس و فەرماندەی شەرمەندەی داوە، بەڵام ھیچ کەس بە دەم داواکاریەکانیەوە نەچووەو بە بیانوی کۆرۆناوە خۆیان لێ دزیوەتەوە.

تێکۆشەرەخێرلەخۆ نەدیوە موچەبڕاوە، ھیوابڕاوە، شکۆ شکاوە پڕ لەئازارەکە، زۆر بەئەسپاییەوە دواھەنگاو بۆ بەرەوماڵەوە دەنێت و لە نێوتارمایی بێکارەبایی و دێوەزمەی نەھامەتیەکانیدا ون دەبێت و دونیای بێ دەنگی و ماتی ھەڵدەبژێرێت، چونکە چیتر برواومتمانەی بە خۆرە پلاستیکیە دەمامکدارەکانەوە نەماوە و بێزاری و بێ بڕوایی و بێ متمانەییەکی بێ سنوور رووی تێکردووە و زەفەری پێ بردووە و وای لێکردووە بڕوا بە سێبەری خۆشیەوە نەکات .
رەنگە ئەمشەو تێکۆشەرە جەبەزەکەی دێرینی دوێنێ  لەتاو ئازارەکانیدا روو لە جیھانی ئەبەدی بکات و دوا مەنزڵگەی ھەمیشەیی ھەڵبژێرێ.

ئەو جاران گشت خەمی نیشتیمانێکی نابوو بە کۆڵیەوەو جوانترین ، ناسکترین و خۆشتترین ساڵانی تەمەنی گەنجێتی پێشکەشی ئازادی نیشتیمانێک کرد، هەنوکە تیایدا هەست بە نامۆیی دەکات و زاتێک نیە لایەک لە خەموئازارو نەھامەتیەکانی بکاتەوە.

رەنگە ئەمشەویش نەبێ، لە ساتەوەختێکی پڕ لە تەنیایی و بێھیوایی و لوتکەی بێزاریدا  بەرگە نەگرێ و دواجار دڵە گەورەکەی لە لێدان بکەوێ و چیتر بە دیار ژیانی کۆلەمەرگیدا دانەنیشێ و چاونەبڕێتە دەرگا کڵۆم و داخراوەکانەوە.

ھەمیسان ئەو ھزرەی ساڵانێک بوو لە ناخیدا چەکەرەی دەکرد، ھاتەوە یادی:

ویستم مێژووی دونیای تەبایی و یەکریزی و حیکایەتی عەقڵانیەت و رەھەندی ھۆشیاریمان بنووسمەوە....دۆش دامام و تاوێکی خۆش ھەڵوەستەم کرد...دواجار نەمزانی لە کوێوە دەست پێ بکەم...!!!

دیسان لە ژێر لێوەوە وڕێنەکانی پێش نووستنی ھاتنەوە یاد:

خۆزگەم بەو رۆژانەی پێم نەنابووە تەمەن و پێم وابوو نیشتیمان ھی ھەمووان وبۆ ھەموومانە..!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×