حەقیقەتی حیکایەتی ژیان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2022-03-12     486

ژیان نانووسرێتەوە بەڵکو ئەزمون دەکرێ. ژیانی ئادەمیزاد لەو رۆژەوە دەست پێدەکات هەست بە بوونی مەلموس و  فیزیکی خۆی لە نێو پێکهاتەیەک بکات ناوی نراوە دونیا.

 

پرۆسەی دەسپێک هەرلەو چرکەساتەی مرۆڤ دێتە ناو دونیاوە، لەدایک دەبێت. بە واتایەکی تر چەمکی ( دەسپێک) هەڵگری  پرۆسەی  سەرەتاو  جوڵەی بەردەوام بوونە. 

 

سرووشتی ( دەسپێک)ی ژیان هێمای  ئەو حەقیقەتەیە کەوا شتێک دەستی پێکردووەو ناشێت لە ئێستادا پێشبینی بۆ بکەین. 

 

کۆرپەی ناوسگی دایک ئەشێ بە بوونەوەرێکی مێتافیزیکی وێنابکرێ، هێشتا نەخزاوەتە سەر رووبەری دونیاو گشت پێکهاتە فیزیکی و مەلموسەکانی ناویەوەو جارێ نەیتوانیوە جیهان بە هەست و نەستەوە ئەزمون بکات. 

 

هاتنە نێو دونیا، هەنگاونانە بەرەو دۆخە پڕ لە هەڵبەزو دابەزەکان، سەختی و ئاڵنگاریەکان، شکست و هەڵسانەوەکان، نیگەرانیەکان و هەڵپەی رۆژان و ساتەوەختە نەهاتووەکان و خۆپاراستن لە نەهامەتی و نەخۆشی و ناخۆشیەکان و ترس لە مردن. 

 

لە دایک بوون پەڕینەوەیە لە قۆناغی چاوەروانی بەرەو دونیای دەرەوەو ئەزمون کردنی ژیانێک، رەنگە لە باشترین حاڵەت و فۆرمیدا هەرگیز خاڵی نەبێت لە ترس و نیگەرانی و  نائارامی و دڕدۆنگیەکانەوە. 

 

روحی گەڕان و گەڕیدەیی پیشەو وەزیفە نیە بە واسیتەو کەرەمی ئەموئەو پێت بدەن. گەڕان بەدوای نادیار لە ئەنجامی چەکەرەکردنی حەزو خولیایەکی ناوەکیەوە دێت. بۆیە دۆزینەوەی نادیار و پەیوەستە بە دۆخی سایکۆلۆژیا و جۆری کەسایەتی و پێکهاتەی کاراکتەر و توانای مرۆڤ خۆیەوە. 

 

پێکهاتەکانی نێو ئەم دونیایە هەر لە دارودرەختەوە بگرە تا ئەستێرەو ئاسمان و خۆرو بوونەوەرو مرۆڤەکانی ناویەوە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر چوارچێوەو جۆری ژیان و فۆرمگرتنی کەسایەتی و شوناس و ئاییندە و چارەنوسی  مرۆڤەوە. 

 

مرۆڤ لە ئەنجامی کارلێکی سیستەماتیکی و خورسکی خۆیدا لەگەڵ پێکهاتەکانی ناو بۆتەی ئاڵۆزی ژیانەوە،  دەبێتە خاوەن دونیابینی و شوناس و مەعریفەیەکی تایبەت بەخۆیەوە. 

 

شوناسی مرۆڤ دەرەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنە. 

 

شوناس هەر لە منداڵیەوە لە ئەنجامی دەسپێکی پرۆسەیەکی درێژخایەنەوە بەردی بناغەی فۆرم گرتن و گەڵاڵەبوونی  دادەنرێ و دواتر وەک دەرەنجامی جموجۆڵەکانی مرۆڤ خۆی و کارلێکی بەردەوامی لە نێو کۆمەڵگاوە گەشەدەکات و باڵا دەگرێ. 

 

بێگومان خوێندن و خوێندنەوەو حەزکردن بە زانست و شتە سەلمێنراوەکان  لە گەشە و ئاراستەگرتنی ئەم پرۆسەیەدا رۆڵی کارا و کاریگەریان هەیە و ئەشێ تا دواساتەکانی ژیان لەسەر ئەم زەویەدا ئاوێتەی  کەسایەتی و جۆری جیهانبینی مرۆڤ بێت و لە چەشنی کەرەسەیەکی مەعنەوی و مەعریفیەوە، مرۆڤ لە قۆناغ و ئاستێکی دیاریکراوەوە بگوازێتەوە قۆناغ و ئاستێکی بەرزترەوە. 

 

گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتر، دەرفەتی گونجاوتر، هیوای تازەتر، ژیان و گوزەرانی ئاسودەتر و مسۆگەرتر، تەناهی و دۆخی دڵنیایی، بەشێکن لەو خەون و خولیایانەی مرۆڤی  پێ دەناسرێنەوە. 

 

ماهیەتی خەیاڵی مرۆڤ  بە چەشنێکە حەزی لە لادانی گشت سنوورێک و کۆسپێکی بەردەمیەتی و هیچ بەربەستێک و تەلبەندێک توانای رێ گرتنی لە پەلهاویشتنی خەیاڵی  ئەو بۆ  بڕینی سنوورەکانی ئەوبەر فانتازیاو و تەلبەندەکانی مێتافیزیاوە نیە. 

 

لەوەتەی مرۆڤ پێی ناوەتەوە سەر ئەم زەویە وێڵی دۆزینەوەی دەرفەتی باشترو گۆڕانکاریە لە دۆخە ئاساییە ماندووکەرەکان و گواستنەوەی ژیان بۆ ئاستێکی باشترو دڵنیاترەوە. 

 

مرۆڤ گەڕیدە ئاسا بەردەوامە لە ڕاماڵینی بەدهزری و بەدکرداری و نائومێدیەوە، بە ئاراستەی زامن کردن و  مسۆگەرکردنی ئاییندەو خۆشگوزەرانی و بەختەوەری و کامەرانی و  جوڵەکردن بەرەو دۆخی باشترو سەقامگیرتر و گرێ دانی خۆیەوە بە روحیەتی گەڕیدەییەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×