چوار بەسەرهاتی پاشای قاجار

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-09-27     553

(١)

ئاسکی کێوی

ناسرالدین شای قاجار تەواوی بیرەوەریەکانی خۆی لە دوو توێی پەرتۆکێک نووسیوەتەوەو زۆر بە سەرهاتی خۆش و سەرنجراکێشی ژیان و لایەنە شاراوەکانی درکاندووە. 

وەکو تێبینی کراوە ئەم پاشایەی بنەماڵەی قاجاریەکان زۆر رقی لە پیاهەڵدانی ناپێویست و زێدەرۆیی کردن ( پانکردنەوە) و مەدح و سەنای بێتام بووە. تەنانەت زێدەرۆیی کردن لە پێداهەڵگوتنی بە گەورەترین سوکایەتی و بێرێزی بەرامبەر بە خۆی و سیستەمی پاشایەتی لە قەڵەمداوە.

دەگێرێتەوە و دەڵێ ڕۆژێک بۆ راوکردنی ئاسکە کێویەکان منیان بردە دەشتی قەزوێن. لە پڕ ئاسکێکی کێوی کەوتە بەر چاوم دەستم دایە تفەنگەکەم و سێرەم ( نیشانە)م لێ گرت و لە مەودایەکی تا ڕادەیەک دوورەوە تەقەم لێ کرد. 

من دڵنیا بووم ئاسکەکەم نەپێکاوەو گوللەکەم لەولاتر بە هەڵە بەر شتێکیتر کەوتووەو بەھەدەر چووە.

هاوڕێیان و یاوەران و یاریدەدەران و بەردەست و پاسەوانان و راوێژکارانم کردیان بە هەڵا و چەپڵەلێدان و دەست خۆشی کردن لێم و هەرکەوسە و بە جۆرێک خۆشی دەردەبری:

" دەست خۆش خاوەن شکۆ...دەگ دەستت نەڕزێ...ماشااللە...گەورەو پایەدار...کردت بە قوربانی یەک فیشەک... بەراستی جوانت پێکا، ڕاوکردن هەر لەخۆت دێ!!"

منیش بەم پیاهەڵدانە زێدەرۆییەی ئەوانەوە تەواو دڵگران و توورە بووم و کەوتمە خەیاڵ و بیر کردنەوەو پێم گوتن:

"راستە من تەقەم کرد...بەڵام واللە من ئاسکەکەم نەپێکاوە و وەک ئەوە وایە گوللەم بە تاریکیەوە وەنابێ....شەرم ناکەن؟ حەیا ناکەن؟داوەشێن…وا بروات و ئێوە بەردەوام بن لەسەر ئەم مامەحەمەیی کردنە، واللە داهاتووی ئەم مەملەکەت و موڵک و وڵات و  تەختی پاشایەتیە دەکەوێتە نێو گێژاوی تاریکی ومەترسی لە ناوچوون و هەرەس هێنانەوە، چونکە ئەم جۆرە پیاھەڵدانە لە داهاتوودا رەگ وریشەی ئەم نیشتیمانە دەسووتێنێ و دواجار وێرانی دەکات"

 

(٢)

کەروێشکی داماو

لەبەسەرهاتێکی دیکەدا دەگێرێتەوە و دەڵێ:

 "رۆژێک لە کۆشکی پاشایەتیەوە هاورێ لەگەڵ کۆمەڵیک لە یاوەران و بەردەست و پاسەوانان و نزیکەکانم بەرەو دۆشان تەپپە  کەوتینە رێ. لە میانەی تێپەرین لە تەپۆڵکەیەکی نزیک دۆشان تەپە، لەناکاو کەروێشکێک لەم بەر ڕێگاوە بازی هەڵدا بۆ ئەوبەر رێگاو ناسرالدین شا زوو دەستو بردی لێکرد ودەستی دایە تفەنگەکەی و نیشانەی لە کەروێشکەکە گرت و بەرلەوەی تەقە بکات، کەروێشک لە ترسان هاوسەنگی لێ تێکچوو و غلۆر بووویەوە وکەوتە خوار تەپۆڵکەکەی بەردەمیانەوە. 

یاوەروانی شا کردیان بە هەڵاوبەزم و چەقەنەلێدان و دەربڕینی شادی و دەست خۆشی کردن و چەپڵەلێدان بۆ جەنابی پاشا، بەوەی جوان کەروێشکەکەی پێکاوە و کوشتوویەتی و کردوویەتە قوربانی یەک دانە فیشەکی پاشایانە.

ناسرەدین شا بەم هەڵاو پیاهەڵگوتنە زۆر توورە دەبێ و روو دەکاتە دەورووبەرەکانیەوە دەپرسێ:

" کامتان گوێی لە دەنگی تەقەی تفەنگەکەم بوو ئاوا شاگەشکە بوونە؟؟؟ باشە خۆ من تەقەم نەکردووە.... تا ئێستا چەندین جار پێتانم گوتوە واز لە پانکردنەوەو زێدەرۆیی کردن لە پیاهەڵدانم بێنن...بابەس بێ...بێ تامتان کرد...ئەم جارەش دوا جارتان بێت و دووبارە نەبێتەوە ها!"

 

(٣)

خەڵۆز فرۆش

رۆژێکیان ناسرەدین شا لە میانەی تێپەرینی لە گۆرەپانە کۆن و میژوویەکەی ناوەراستی شاری ئەسفەهان و لە نێو کالێسکەکەیدا، چاوی کەوت بە پیاوێکی ماندوو بێسەرووبەری رەشتاڵەی خەڵۆز فرۆشەوە.

پیاوە خەڵۆز فرۆشەکە تەنیا پانتۆڵێکی لەبەردابوو و سەرقاڵی جیاکردنەوەی خەڵۆزو وردە خەڵۆز بوو و بەهۆی تینی گەرمای هاوینەوە ئارەقەو تۆزی خەڵۆز لە سەر جەستەی نیشتبوو و دیمەنێکی زۆر ترسناکی بە پیاوەکە بەخشیبوو.

ناسرەدین شا سەری لە پەنجەرەی کالێسکەکەیەوە دەرهێناو بانگی خەڵۆزفرۆشەکەی کرد.  پیاوەکە هات بۆ لای و سڵاوی کرد و وتی، بەڵێ قوربان.

 ناسرەدین شا سەیرێکی سەرتاپای خەڵۆزاوی پیاوەکەی کرد و لێی پرسی:

" ئەڵێی لە دۆزەخ هاتووویەتەوە"؟!!

خەڵۆزفرٶشی زاناو بلیمەت لە وڵامدا گوتی:

" بەڵێ قوربان لەوێ هاتوومەتەوە"!!

جەنابی پاشا وڵامەکەی خەڵۆزفرۆشی پێ خۆش بوو و پرسیاری کرد:

" کێت لەوێ بینی"؟

خەڵۆزفرۆشی حازروڵام گوتی:

" هەموو ئەوانەی دەورووبەر و دارودەستەکەی جەنابتم لەوێ بینی"

جەنابی پاشا دوای تاوێک بیرکردنەوەو لێڕامانەوە پرسیاری کرد:

" منت لەوێ نەبینی"؟

پیاوە خەڵۆزفرۆشەکە بیری کردەوە، ئەگەر بڵێت جەنابتم لەوێ بینیوە، رەنگە پاشا فەرمان بە کوشتنی دەربکات، ئەگەریش بڵێ نا نەمبینیوی، دیسان وەڵامەکەی ناتەواوە. 

بۆیە لە وەڵامدا گوتی:

" جەنابی پاشا،  راستیەکەی من تا قوڵایی دۆزەخ نەرۆیشتم"

 

(٤)

نەوشیروانی عادل ( دادپەروەر) 

جارێکیان ناسرەدین شاە پاڵ کەوتبوو و هەموو وەزیر و خوڵام و بەردەستەکان لە دەوری کۆببوونەوە، بیری دەکردەوەو لە پرێکا گوتی بۆچی دەلێن ئەنەوشێروانی عادل، بۆ من کە شای ئێرانم عادل نیم؟ بۆ بە من نالێن ناسرەدین شای عادل ؟ 

لە ترسان کەس وەڵامی نەداوە، دوایی هەر خۆی وەڵامی خۆی  دایەو وتی: 

"دەزانم بۆ “عادل” بووە، دڵنیام خەڵکانی زمانلوس و درۆزن و هیچوپوچ و  بێ کەلکی وەک ئێوەی لە دەورو بەر نەبووە". 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×