قورسایی زمانی مێدیا

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2022-04-14     663

رۆژانی سەرەتای جەنگ، هێزو تواناوزمان و مەنتیقی شەڕ و  دواداهێنانی چەک و تەقەمەنی و جبەخانەی وێرانکەری دەستی خودی مرۆڤ خۆی دەخاتە نمایشەوە. 

 

وێناکردنی سەرەتای دەسپێکی هەرجەنگێک، وێناکردنێکی رۆمانسی و پڕلە عەشق و خۆشویستنی ئەویترو ئەوانیتر و دروست کردنی دونیای جوانتر نیە. 

 

جەنگ بە گشت  مەترسی و دەرهاوێشتەی بەکارهێنانی  تفت و تاڵ و کاریگەریە وێرانکاریەکانیەوە، نمایشی  شانۆی پێکدادانی دوو یا چەند هێزێکی وێرانکەرو چەکەرەو تەقینەوەی هەستێکی ڕقاویی و لوتکەی قینێکی پەنگ خواردووی لایەنە بەشەڕهاتووەکانە. 

 

مێدیا لە رێگەی گواستنەوەی دیمەنەکانی بەرەی جەنگەوە بریار لە سەر جۆری دروست کردنی تێگەیشتنی بینەرو بیسەر، لە گەورەیی و رەهەندو کارەساتەکانی  ناو جەنگەکە دەدات. 

 

مێدیا لە رێگەی وێناکردن و خستنە نمایش و گێڕانەوەی قسەوباسی هێزە وێرانکەرەکانەوە، وتەو لێدوان و شرۆڤەی فەرماندەو ژەنەراڵەکانی ئاراستەکراوی  جەنگەوە، وێنەیەکی نامەلموسمان بۆ دروست دەکات رەنگە تەنیا لە نێو داڵانەکانی رووبەری مێژوو نووسرابێتەوەو ئێمە بە تەواوەتی لێی تێنەگەین و دەرکی پێ نەکەین. 

 

ئەوە مێدیایە باس لە جەنگ و  ژمارەو تایبەتمەندی بکەرو ڕەگەزەپێکهێنەرەکانی ناویەوە دەکات و لە رێگەی راڤەی رووداوەکانی ناویەوە، وێنایەکمان بۆ بەرهەم دەهێنێ، بە دڵنیاییەوە رەنگە لە واقعی ناو رەوتی جەنگەکە و فۆرم و تایپی بکەرەکانی ناویەوە زۆر دوور بێت و  نەتوانی وێنە حەقیقیەکەی گەورەیی جەنگەکە بخاتە نمایشەوە.  

 

رەنگە ئەو جەنگانەی بەشێک لە مێدیای بیسراو یا بیسەر دەیگوازێتەوە، لە خەیاڵ و هزری ئێمەدا  زیاتر لە فانتازیاو خەیاڵ بچن تا جەنگێکی ڕاستەقینەی خوێناوی و پڕ لە کاولکاریەوە. 

 

مێدیا لە گواستنەوەی حەقیقەتی جەنگ توانای ئەوەی نیە وێنە ڕاستەقینە خوێناویەکە بگوازێتەوەو بیخاتە نمایشەوە. بەڵکو گۆشەیەکی بچوک لە میانەی قسەوباس و ڤیدیۆکلیپە مۆنتاژکراوەکانەوە دەگوازێتەوە ناو ماڵەکان و بەشێکی گەورەو بەرچاوی دیمەنەکان لەم گواستنەوەیەدا بزر دەبن و ئەوانەیشی پیشان دەدرێن، خاڵین لە هەست و رۆحیەتی شەڕو جەنگاوەرانی شەڕکەر و کەشی ڕاسەقینەی  ناو دۆخی پێکدادانە خوێناویەکانەوە. 

 

گومانی تێدا نیە قوڵایی تراژێدیاکان لە رێگەی زمانی مێدیاوە وەک پێویست  کاریگەری ئەوتۆ لەسەر خەیاڵی بینەر بەجێ ناهێڵێ و دوای ماوەیەک وەک کۆمەڵەرووداوێکی رۆتینی و ئاسایی وێنادەکرێن و چاوی بینەریش لێیان رادێت و وەک رووداوگەلێکی ئاسایی یا ئەفسانەیی دێنە بەرچاوەوە. 

 

جەنگ بریار نادات کێ براوەیە، بەڵکو بریار ئەدات کێ دواجار زیندوو دەمێنێتەوە و نامرێ. 

مێدیا هەم هەواڵی مردووەکان دەگوازێتەوە، هەمیش  وێنەی  بەشێک لە زیندووەکان و پاشماوەی پێکدادانەکان پیشان دەدات. 

 

ئەو دیمەنانەی لە رێگەی مێدیاوە دەخرێنە نمایشەوە، هەڵگری پەیامێکی مێدیاین بە ئاراستەی کاریگەری نواندن لەسەر بینەران و دروست کردنی بۆچوونێک و هەڵوەستە لەسەرکردنێکی گشتیەوە نمایش دەکرێن.

 

پەیامی مێدیایی لە ستراکتۆرێک پێکهاتووە هەم لە رووی زمانەوانی و هەم لە رووی وێنەوە دەیەوێ ڕاستیەکمان پیشان بدات یا حەقیقەتێکمان بۆ ئاوەژوو بکاتەوە و چەواشەمان بکات. 

 

ئەم پەیامە ئەگەر ئەرکی گواستنەوەی هەواڵی رووداوێکی دیاریکراوی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی یا سەربازی و شەڕوپێکدادان بێت، ئەشێ بتوانێ کاریگەری لەسەر بینەر جێ بهێڵێ، لێ توانای رۆحیەت  و هەست بەخشینی نیە بە کۆی دیمەنی رووداوەکە و ناتوانێ هۆکارو دەرەنجامەکان وەک خۆی باس بکات و  وەڵامێکی تێروتەسەل و چڕوپڕی  بۆ پرسیارەکان پێ بێت و گومانەکان برەوەنێتەوە. 

 

لە کایەی ژیاندا ئەزمون دەری خستووە زمانی مێدیا و رەهەندە جیاوازیەکانی ئەم زمانە و پانتای کاریگەری نواندنی ئەم پەیامە و شێوازی گواستنەوەو مێتۆدە بەکارهاتووە مێدیایەکان لەسەر رای گشتی و بینەرو بیسەرەکان،  دوابریار  لەسەر قەبارەی کاریگەری نواندن لەسەر رای گشتی و ئاستی کاریگەریەکە دەدات.

 

بۆیە هێزی کاریگەری مێدیایی و ئاست و رێژەی کارتێکردنەکە بەندە بەو کات و قورساییەی مێدیاو زمانەکەی لە میانەی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانەوە سودی لێ بینیون و  بە شێوەیەکی پرۆفشناڵ و لێزانەوە،  لە رێگەی هەڵبژاردن و هەڵاوێرد کردنی جۆری زمان و مێتۆدو دەستەواژەو فۆرمی بەکارهاتووەوە خستوویەتە نمایش و بەر دیدی بینەرانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×