دوای بەعس

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-11-20     326

ھەر گۆرانکاریەک نەبێتە ھۆی بەرھەم ھێنانی ژینگەیەکی سیاسی نوێ و تێروانینی تازە دھەمبەر کولتور و کۆمەڵ و سیاسەت و نیشتیمان و بەرپرسیارەتی و ویژدان و ماناو ناوەرۆکێکی تازە نەدات بەژیان و مافی ھاوڵاتی بوون، ئامانجی خۆی ناپێکیت و رووکەشانە دەبێت و بەرەوهەڵدێر هەنگاو دەنێت.

رووخانی سەدام بە لای عێراقیەکانەوە وێنای خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەی یەکلاکەرەوەی لێدەکرا و ئومێدێکی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو.

لێ ساڵانی دوای رووخانی بەعس، ئەو ژینگە سیاسیەی نەهێنا ئاراوە ببێ بە بنەمای یەکتر قەبوڵ کردن و پلۆراڵیزم و گەشەی وڵات و هێنانەدی خواست و ئومێدی عێراقیەکان. 
لە بری ئەمە چارەنووسی ئەم وڵاتە لە نێو گێژاوی ململانێ تائیفی و سیاسیەکاندا قەتیس ماوەو هەر رۆژەو بەدەست بەڵاو کارەسات و کێشەو گرفتێکی تازەوە دەناڵێنێ.

عێراقیەکان بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە دوای رووخانی بەعس و ڕاماڵینی پاشماوەکانی هزری  بۆگەنی بەعسیسزم، بەهیوای هێنانەکایەی دەوڵەتێەوە بوون ڕەنگدانەوەی بەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیانەوە هەبێ و حکومەتێکی دیموکراتی پلۆراڵ، بکارێ  لانی کەمی بنەماسەرەکیەکانی  ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات و گەلانی عێراق لەم بارودۆخە ئاڵۆزەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی باشتر و دڵنیاترو قۆناغ و وێستگەیەکی هیوابەخشترەوە.

جگەلەمەش عێراقیەکان هیواخوازبوون سەروەری یاسا، کۆمەڵێک دەرەنجامی باش و ئەرێنی  بەرچاوی لێبکەوێتەوەو نیشتیمان و کۆمەڵگا لە سایەی قانون و شەفافیەت و پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵ کردن و سەرخستنی شەراکەتی راستەقینەوە، رووەو ئاسۆیەکی گەش  و  پڕ لە دڵنەوایی و دڵنیایی و متمانەوە هەنگاو بنێت.

تکاندنی تۆزوخۆڵی دیکتاتۆریەتی بەعس و نۆژەن کردنەوەی فکرو  گەڵاڵەکردنی تێڕامانە واقعگەراکان و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی نوێ لەسەر پاشماوەی کەلاوەیەکی داڕماو، ئەرکو بەرپرسیارەتیەکی گەورەی خستە ئەستۆی دەسەڵاتداران و حوکمرانانی عێراقەوە.
لێ مخابن دەستی دەرەکی و هەژمونگەرایی هێزەهەرێمایەتیەکان  بە گشتی و نەمازە وڵاتێکی دراوسێی ئەم عێراقە تائیفیە، هەنوکە گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیارو وێستگەیەکی تا بڵێی ترسناکەوە.

ئەم هەژمونگەراییە کارێکی  زۆر نەرێنی کردۆتە سەر سەرلەبەری پرۆسەی سیاسیەوەو یەکسانە بە تێکدانی دۆخی ناوەخۆی عێراق بە ئاراستەی پاراستن و زامن کردنی بەرژەوەندیە تائیفی، ستراتیژی و سیاسیە هەرێمایەتیەکانەوە.

بەداخەوە تەسلیم کردنی ویست و ئیرادەو خواستی بەشێک لە هێزە تائیفیە عێراقیەکان بە هێزێکی دەرەکی و وێناکردنی بە نێوماڵی شیعە و بە پیرۆزکردنی رەمزەکانی نێو ئەم نێوماڵە، یەکسانە بە سەرخستنی بیری تائیفی و تۆخ کردنەوەی ئەم دیاردەیە.
زیاد لەمەش پرسی کورد سەرباری بڕینی چەندین قۆناغ و هەڵبەزو دابەزی سیاسیەوە ئێستاشی لەگەڵدابێ نەیتوانیوە بەربەستە فکریەکانی تائیفی و  تێگەیشتنە هەڵەکان و دیوارو پەرژێنە سایکۆلۆجیەکانی نەژادی سەردەستە،  لای زۆرینەی عەرەبی عێراقی  بگۆڕێ و بیکا بە کەرەسەیەکی مەعریفەی سیاسەتی تازەو و تێڕوانینی نوێ لای نوخبەی دەسەڵاتدارانی بەغداوە.

مێژووی ئەو گێژاو و ناکۆکیانەی لە دوای رووخانی بەعسەوە بەرۆکی عێراقیان گرتووە، بۆ سەردەمانی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە و تایبەت نیە بە ئێستاوە. رەگوریشەی ئاڵۆزیەکانی دەوڵەتی عێراق بەڵگەی شکستی بیرۆکەیەکی فەشەلی دەوڵەتێکی فشۆڵە و ئەشێ هێمای ناوێکی زل و دێیەکی وێرانی بۆ بکرێت.

لەم دەوڵەتە لەرزۆکەدا تەنانەت دوو ماڵی گەڕەکێکیش ناتوانن پێکەوە هەلکەن، چ جای ئەوەی لە چوارچێوەی قەوارەی گەڕەک و شار و وڵاتێکی بێ کێشەو خاڵی لە گرژی و ئاڵۆزی و  پێکدادان و ناکۆکیەوە پێکەوە بژین.

نگبەتی کوردلەوەدایە، بێ پرس و ڕا وەرگرتن و بەدەر لە خواستە نەتەوەییەکانیەوە و بە هەوەس، کوردستان بە چەند هەرێمێکی ئاڵۆزو هەڵگری ناکۆکیە تائیفیە هەمیشەییەکانەوە لکێندراو نزیکەی سەت ساڵە دووکەڵی نگبەتی و ئەم پێکەوە لکاندنە دەرخواردی دەدرێ و هیچ ئاسۆیەکی روناک لەبەردەم چارەنوس و داهاتوویەوە دیار نیە.

سیستەمە حوکمرانیە شمولیەکانی ئەم دەوڵەتە هەر لە کۆماریەکانەوە بگرە تا بەمڕۆ دەگات، نەک هەر نەیانتوانی بنەمایەکی پتەوی دەستووریی و یاسایی بەهێز بۆ پێکەوەژیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکرات و  لەسەر بنچینەی فرەیی و پلۆرالیزمی نەژادیەوە دابمەزرێنن، بەڵکو کەوتنە ژێر هەژمونی ئایدیۆلۆژیاو سیاسەت و قووڵایی سیاسەتی وڵاتانی هەرێمی و پارسەنگێک بۆ پاراستنی هەژمونی دەرەکی و لەدەستدانی سیادەو سەروەری و سەربەخۆییەوە.

هەڵکەوتەی جوگرافیای عێراق چەقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکە لەوەتەی پرسی نەتەوەو دەوڵەت لەدایک بووەو کەوتۆتە بەر باسوخواسەوە، دەیان جەنگ و پێکدادان و ناکۆکی و گرژی بەهەر بیانوویەکەوە بێت روویان لەم ناوچەیە کردووە.

لەم گێژەنگە بەردەوامەشدا پرسی کورد لە نێوان زلهێزەکان لە لایەک و دەوڵەتە نەژادیە دەمارگیرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناکۆکیە ناوەخۆکانی لە لایەکی ترەوە،  لێبڕاوانە یاری پێکراوەو  چارەنوسی کوردیش وەک کارتێکی گوشاری بەلادادانی هەندێ پرسی ئیقلیمی ترەوە بەکارهێنراوەو شێوێنراوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×