جیهانی پارادۆکسەکان

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-03-04     277

لە جیهانێکدا دەژین هەمیشە سیستەمی ئەخلاقی، یاسای رەفتارو هەڵسوکەوت و زهنیەتی مرۆڤ بە گشتی بەرەو فەساد و لادان و یاساشکێنی و  پینەوپەڕۆو پەردەپۆش کردنی لاری و لاساریە ئەخلاقیەکانەوە لاسەنگە. 

 

بە درێژایی مێژوو پابەند نەبوون یا پاپەندبوونە کرچ و کاڵە رووکەشیە ئەخلاقیەکانی مرۆڤ بە یاساو رێسا دونیایی و ئایینیەکان، تەنانەت بە ماهیەتی خودی خۆشیەوە فۆڕمێکی ناشرینی بە سیمای مرۆڤ و کایەی ژیانی سەر ئەم هەسارەیە بەخشیوە. 

 

ئەمەش وایکردووە سەرلەبەری کایەی ژیانی مرۆڤ بە هەموو رەهەندەکانیەوە، لە هەموو سەردەم و قۆناغەکاندا بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم ئاڵۆزیە ئەخلاقی و  زهنیەت و باوەڕە فکریانە و شوناس و تایبەتمەندیێکی پێ ببەخشێ بەدەرە لە هەموو پێوەرە ئەخلاقیە پەسەندکراوە مرۆییەکانەوە. 

 

کەڵەکەبوونی نەخۆشیە رەفتاری و کۆمەڵایەتی و جنونی سیاسی و جنونی کەڵەکەکردنی پارەو سەرمایە و هەژمونی بیری کاپیتالیزم، دۆخێکی بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە هێناوەتە کایەوە، ترس وەک موتەکەیەک بێ پسانەوە بە دوای مرۆڤەوە بێت و سەرتاپای ژیانی بخاتە ژێر هەژمون و کاریگەری و نفوزی بێ سنووری خۆیەوە. 

 

ترس لە بێکاری، ترس لە هەژاری، ترس لە برسێتی، ترس لە مردن، ترس لە جەنگ، ترس لە مەرگ و ترس لە کەوتن و پەراوێزکەوتن و توانەوەو…هتد. 

 

ترس لە مەرگ وەک موتەکەیەک بەردەوام بەدوامانەوەیەو لێمان دانابڕێت. 

مەرگ دوا وێستگەی ململانێیە لەگەڵ ژیان و وازھێنانی ناچاریە لە دەسکاریکردنی دونیا بە گشت رەھەندەکانیەوە.

 

مەرگ و خامۆشی دابەزینە لە ترۆپکی ھیواو خۆرادەست کردنە بە قەدەرەوە، وازھێنانە لە خەون و خەیاڵ و ئۆتۆپیاوە، بەتاڵ بوونەوەی جەستەیە لە ھێزی جوڵەو تێکۆشان و چالاکیەوە. 

 

مردن وردوخاش بوونەوەی ھەموو ئەو ئامانج و وەھم و شتانەیە زەمەمێک و تەمەنێک بۆی  ژیاین و تێکۆشاین، سەرکەوتنی تاریکیە بەسەر روناکیدا زاڵ بوونی وەهمە بەسەر ئەو واقعەی تیایدا دەژین. 

 

مەرگ، ئەشێ دەنگی سامناکی گرمەی ھەورە تریشقەی جەھل و نادانی و نەزانی و نەفامی و تێنەگەیشتن و گەوجی و گەمژەیی و زیندەبەچاڵ کردنی دانایی و زانایی و فەزڵ و کەرامەت و مەعریفەو عەقڵانیەت و خۆگێل کردن بێت لە نھێنیە شاراوەکانی پانتای مەعریفەو ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین.

 

مردن، دوا پەردەی درامای پرلە تراژێدیای ئیفلیج بوونی عەقڵ و ناشرین دەرکەوتنی ھەموو جوانیەکان و کۆتایی قۆناغەکانی  چەپڵەلێدان و پەلەقاژە بەردەوامەکانی حیکایەتی ژیانە. 

 

ئەوەی مرۆڤ لێی ئەترسێ لە ناواخنیدا خاوەنی هیچ هێزێکی ناوەکی و هەڵگری هیچ هێزێکی سەروو سرووشت و کائیناتەوە نیە. بەڵکو ئەوە خودی ماهیەتی “ ترسە” مرۆڤ لێی ڕائەکات و خاوەنی هێزێکی سیحراوی و نەبینراوی نامەلموس و سەروو عەقڵ و ئاوەزی مرۆڤە. 

 

شتە نەبینراوو نامەلموسەکان هێزی لەمس کردنی ئێمەیان نیە و توانای پەی بردن بە دونیای دەروونی ئێمەیان نیە. کەچی هەر ئەم شتە نامەلموسانە ئەشێ ببن بە سەرچاوەی ترس. 

ماهیەتی ترسی هەر کام لەم شتانە، لە حاڵەتی بێتوانایی ئێمەدا ، توانای داگیرکردن و دەست بەسەراگرتنی  سەراپای رووبەری ژیانی ئێمەی هەیە.

 

ئامانجی مرۆڤ لە ژیان ھەوڵدانە بۆ بە ئاگا ھێنانەوەو ھۆشیارکردنەوەی بەشە نائاگاو خەوتووەکەی ژیان و گواستنەوەی لە قۆناغی چەقبەستووییەوە بۆ قۆناغی جوڵەو جوڵانەوەو ھۆشیاری و بەخشینی شوناسێکی جوان و سەقامگیرو تۆکمەو یەکانگیرو ئامانجدارەوە. 

 

پانتای ژیان پڕیەتی لە ئاڵنگاری و جەمسەربەندیە کۆمەڵایەتیەکانی هێزو هەژمون و  فشار و ململانێی دەست خستنی زیاترین دەست مایەی مادی و قازانج و وەدەرنانی یارو نەیار و دروست کردنی ئیپراتۆریەتێکی ناوەزەی هێزو دەسەڵات و سەرمایە. 

لەم رووبەرەدا هەر ئاکارێکی ناشرین و رەفتارێکی قێزەوەنی ئەخلاقی و فەساد ئەگەر بوون بە نەریت و سیستەم و کولتور و بیرو بڕوای جێگرو چاولێکەری، وەک بەڵا و پەتایەکی کوشندە درەنگ یا زوو، مرۆڤایەتی و شارستانیەت و کۆمەڵگا و ژیان لە ناوەوە دەڕووخێنن و بەرەو هەڵدێر و وێرانی و داڕمانی دەبەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×