نووسەری بێ دەست نوێژ

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-02-15     189

نووسەری بێ دەستنوێژ ( بێ مەبدەئی بەرژەوەندچی) ، دەروێشی فانتازیا و دیلی بیرۆکە و موریدی خەیاڵاتی ناخی خوی و باری ناسەقامگیری سایکۆلۆژیای خۆیەتی و پەیڕەوی لە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری و ڕێبازێکی فەلسەفی دیاریکراوەوە ناکات.

 

نووسەری بێ دەستنوێژ سەر بە هیچ کام لە ئایدیۆلۆژیا کۆن و سواوو تازەکانەوە نیە...نە پۆپۆلیستە نە تیوریست و ستراتیژیستە...نە ئابوریناسە نە شارەزای سەربازی نە پسپۆڕی کشتوکاڵ و پیشەسازی....نە ئەدیبێکی قەڵەم بە برشتە نە خاوەنی دیدگاو تێڕامانێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و چاودێرێکی بە ئینساف و خاوەن ویژدانە...نە خاوەنی پڕۆژەیە نە بیرۆکەیەکی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی لایە و نە خەمی بەهێز کردنی بونیادی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەرخستنی پڕۆژەی دەوڵەتسازیە. 

 

کارو پیشەی نانەوەی فیتنە و ئاژاوەو دووبەرەکی و لێک ترازاندن و نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزیە و خەمی ئەو خەمی گشتی نیە، خەمی گیرفان و دواڕۆژ و بەرژەوەندیە کەسێتیەکانی خۆیەتی و هەمیشە لەکەمیندایە دیاردەو حاڵەتە چەوتیەکان زەقتر و ئالۆزیەکان ئاڵۆزتر و نالۆژیکیەکان لۆژیکیتر بخاتە بەردیدی گشتیەوە. 

 

نووسەری بێ دەستنوێژ ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو لێک ئەبەستێتەوەو هەردەم سەرقاڵی پڕۆژەی ئێستاتیکای خەیاڵی نەخۆشی خۆیەتی و ڕادیکاڵانە بیر ئەکاتەوەو جارێک سەربەم بەرەیەیە، جارێک سەربەو لایەو لەو قوڕاواتەی دروستی دەکا، لەهەوڵی گرتنی ماسی گەورە گەورەدایە. 

 

نووسەری بێ دەستنوێژ سەربە هیچ رەوتێکی کۆمەڵایەتی و تەریقەتی ئایینێکی و دونیای سیاسەت و خێڵێکی دیاریکراو نیە، دەم دەمیە و ئەتوانێ لە درێژایی یەک هەفتە دەیان جار پارادایمی نووسینی بگۆڕێ و بە گرتنە بەری گوتارێکی لەرزۆکی بێ ناوەرۆک لەمڕۆدا، دیسکۆرسەکانی ڕابردووی لە کون فەیەکونێک و چاوترووکاندنێکدا بسرێتەوەو بیانخاتە لاوە و پابەندی هیچ بنەمایەک و پڕەنسیپێکی جێگیرو مەبدەئێکی دیاریکراوەوە نیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×