یوتۆپیای تاراوگە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2021-07-30     481
ھەندەران سەرابێک بوو تیایدا مێژووم لێ ون بوو، بەڵام توانیم رەھەندە نەتەوەیی و سایکۆلۆژیەکانی شوناسم بدۆزمەوە.


ھەندەران سەرابێکە ھەمیشە بێدەنگیەکی ترسناک و مەزن ناختی داپۆشیوەو وەک سێبەر و بەشێکی دانەبڕاو لەگەڵت رێ دەکا. 


ھەندەران ئەشێ بۆ ھەندێکمان ببێ بە وێستگەیەکی ھەڵدێران و خۆ ون کردن،  یا قاڵدرمەو بەردەباز و سەکۆیەکی پێگەیین. 


تاراوگە لە یەک کاتدا ئەشێ ببێ بە ژینگەیەک بۆ خۆپێگەیاندن و گەیشتن بە خەون و ھیواو ئارەزوە تایبەتیەکان و خۆ دزینەوە لە رابردوو و دۆزینەوە و بونیادنانی بناغەی ژیان و کەسایەتیەکی تازە، دەشکرێ ببێ بە کەرەسەیەک بۆ خۆتەکاندن و لەخۆکردنەوەی رابردوو  و ئاراستەگرتنی رەوتێکی تازەی تەواو نامۆ بە رابردووەوە.  


کورد بە درێژایی مێژوو گەریدەی سەرزەمینە نامۆکان بووە. لەھەر شوێنێک گیرساوەتەوە ھەوڵیداوە پەیوەندیە رۆحیەکانی بە نیشتیمانی دایکەوە نەپچڕێنێ و لێی دانەبڕێ...


کوردی گەڕیدە لە پەلەقاژەی کۆچدا بەدەر لە ئیرادەی خۆی رووی لە ھەر شوێنێک کردووە ئەوێی بە نیشتیمانی دووەم زانیوە، بەڵام ھەرگیز نەیتوانیوە پەیوەندیەکی رۆحی لەگەڵ غەریبایەتی و وڵاتی غەریب بونیاد بنێت و خۆی لە کۆت و بەندی پەیوەست بوونە وەھمیەکانی نیشتیمانی دووەم رزگار بکات.


ھەڵوەستە کردن لەسەر وێستگەکانی مێژوو بۆ کوردی گەڕیدەی نێو رووداوو ململانێکان، ھەڵوەستەکردن بووە لە پێناو دۆزینەوەی باشتر، گونجاوترو کەم مەترسیتر. 


بە درێژایی مێژوو فاکتەرەکانی پەیوەست و گرێدراوی گەڵاڵەکردنی دۆخی ژیانێکی ئارام و سەقامگیر لە ھیچ بارودۆخێکدا بۆ کورد ئامادەییان نەبووە. ھاوکێشەکان بەردەوام کەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی لاسەنگ بوون بەلای یەکێک لە جەمسەرەکانی ناکۆکی کورد، ھەم لەگەڵ خۆی و ھەمیش لەگەڵ دەورووبەریەوە. 


واتا تاکی کورد بە درێژایی دیرۆک ھەم لەگەڵ خۆی و ھەمیش لەگەڵ غەیری خۆی و دونیای دەرەوەی خۆیدا بۆ دیاری کردنی شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی، لە ململانێیەکی بەردەوام و بێ ئەنجامدابووە. 


ھەر ئەم ململانێیەش دۆخێکی وای ھێناوەتەوە ئاراوە تاکی کورد لە نێوان دوێنێو ئەورۆو داھاتوویدا لە ترسێکی سایکۆلۆژی و ناخ رووخێنەردا ھەل بکات و بژیت و لەگەیشتن بە ئامانج و دروست کردنی ئاییندەیدا  دوو ھەنگاو بۆ پێشەوەو سێ پێنگاڤ بۆ دواوە بگەڕێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×