جەمال لۆ مارێ!

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-04-20     713

کۆمەڵگای کوردی بە گشت پێکهاتەو چین و توێژە پێک هێنەرەکانیەوە، یەکەیەکی تا بڵێی ئاڵۆزو سەیروسەمەڕەو تێکچڕژاوو شوێن هەڵوەستە لەسەرکردنە. 

کۆمەڵگای کوردی بە درێژایی سەت ساڵی رابردوو رووبەرووی دەیان و سەتان رووداوی ناخۆش و تەنگوچەڵەمەی جۆراوجۆری سیاسی، سەربازی، ئابوری، زەبروزەنگ پرۆسەی قەڵاچۆکردن و بە سوتماک کردنی نیشتیمان و جەنگ و ماڵوێرانی  بۆتەوە. هەر بۆیەش  ئەم کۆمەڵگایە هەرگیز نەیتوانیوە قۆناغەکانی گەشەسەندنی مەعریفی و مۆدێڕنیتەو پۆست مۆدێڕنیتە و فکر،  لە دۆخێکی سەقامگیری ئاشتی و پڕلە تەناهی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی بە جوانی ببڕێ و دیدێکی سەردەمیانە لەسەر ئەزمون و رووداو و  بەسەرهاتەکانی ژیانی سیاسیەکەوە گەڵاڵە بکات و بیکات بە چرای رووناک کەرەوەی بەردەمیەوە. 

 

لە کۆمەڵگایەکی لەمجۆرەدا ئاڵۆزی سیاسی و دۆخی ئابوری پڕ لە تەنگژەوقەیران و هەڵبەزودابەزی سیاسی،  وەک شوناسی گەلێکی ستەملێکراوی دەستی مێژووی زەبروزەنگی سیاسی ناوچەکە و جەمسەربەندیەکانی دونیای سیاسەت، تاکەکانی هەرگیز دەرفەتی ئەوەیان بۆ نارەخسێ  بە گەڵاڵەکردنی  دیدگاو مەعریفەیەکی سیاسی نوێوە بە پیر گۆڕانکاریە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە بچن و لەگەڵیان رێ بکەن و بیانکەن بە کەرەسەو ئامرازێکی بەهێز بۆ هەنگاونان بەرەو ئاییندەوە. 

 

تاکەکانی ئەم جڤاکە لە ناخی خۆیاندا هەڵگری دەیان خەون و خەیاڵ و خواست و ئومێدو ئارەزووی بەدەست نەهاتوون. خەبات و تێکۆشان و هەوڵدان بۆ دروست کردنی دونیایەکی جوانتر و دابین کردنی ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی و ژیان و گوزەرانێکی سەردەمیانە، هەمیشە پەیوەستە بە دەیان هاوکێشەی سیاسی ناوچەیی و هەرێمایەتی و تەریب بوونیان لەگەڵ خواستە حزبی و نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانەوە.  

 

زیاد لەمەش ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە بەوە دەناسرێنەوە، تاکەکانی لە دەرەوەی مێژوودا خاوەنی شوناسێکی ئاڵۆز و دابەشکاری و پەرتەوازەیی و قەرەباڵغیەکی وان، پێکەوە گرێدانی جەمسەرەکان و یەکپارچەیی و هەماهەنگی و  هێنانەکایەی هارمۆنیای کۆمەڵایەتی و سیاسی لە درووشم و کرداردا، لە مەحاڵەوە نزیکترە تا سەرخستنی و کردنی بە خیتابێکی یەکانگیری نیشتیمانی و نەتەوەییەوە. 

 

دەستە واژەی “ جەمال لۆ مارێ” رێک ئەوەمان بیر دەخاتەوە ئەم کۆمەڵگایە هێشتا قۆناغەکانی پێشکەوتن و گەشەی سیاسی و وەرچەرخانە مەعریفی و زانستیەکانی نەبڕیوە و لە رووکەشدا لە ناو قوڵایی تێگەیشتنە بەرتەسکە کلاسیکی و خێڵەکیەکانیدا قەتیس ماوەو خراپ گیری خواردووەو تا قوڵایی چەقیوە. 

 

ناردنەوەی جەمال بۆ ماڵەوە، هێمایەکی رۆشنی ئەو تێگەیشتن و عەقڵیەت و شوناسەیە لەم کۆمەڵگایەدا هێزەکان بۆ پەراوێزخستنی یەکتر و دەرپەڕاندنی ئەوانیتر و رێگە خۆش کردن لەبەردەم “ خوددا’ دا پەنای بۆ دەبەن و سڵ لە دەرەنجام و لێکەوتەکانی ناکەنەوە.

 

ئەشێ “جەمال “ هێمایەک بێ بۆ ئەو کەسایەتی و بکەرو کاراکتەرانەی لە یەکەیەکی گشتی کۆمەڵایەتیدا نامۆن بە تێگەیشتنە گشتیەکانی فەزایەکی  سیاسی و حزبی داخراوو و دۆخی کۆمەڵایەتی بەرتەسک و رووبەری فرە جەمسەر و فرە رەنگ و فرە دەنگی کۆمەڵگاوە.  

جەمال لەم تێگەیشتنەدا هێمایەکە بۆ لە جوانی خستنی “ یەکە سیاسیەکە” یا “ یەکە کۆمەڵایەتیەکە” و دەرکردنی هەوڵێکە بۆ جوانی بەخشین بە “ یەکە سیاسیەکە” و خستنە دەرەوەشی هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی “جوانی “ بە تێگەیشتنە گشتیەکەوە.   

 

ناردنەوەی جەمال بۆ مارێ، ئەو ڕاستیەمان بۆ دووپات و سەت پات دەکاتەوە، هێشتا کۆمەڵگای کوردی لە دۆخی نەخۆشی خۆ دووبارە کردنەوەو بەرهەم هێنانەوەی هەڵەو چەوتیە ناشرین و تراژێدیا ئاساکانی رابردووی دەربازی نەبووەو مەوداوی هزرو تێفکرینی کورتەو پانتای بیرکردنەوکەشی گیرۆدەی فکرێکی تاک رەهەند و کورتبین و تاک ئاڕاستەی خۆ بە حەق زان و بە شەیتانی کردنی ئەوانیترە. 

 

لە دۆخێکی ناجۆری بەدجۆری  بەد سەلیقەیی ئاوادا، حەقیقەت گرێدراوی دەیان خواست و دونیایەک لە بەرژەوەندیە رەنگاڵەکانەو  بە پێی بەژەوەندی و هەلومەرج و دۆخی کۆ مەڵگاوە شرۆڤەو ڕاڤەی جیاجیای بۆ دەکرێ و وەک حەقیقەتێکی “ رەها” و بە “ پیرۆزکراو” و “ بڤە” وێنا دەکرێ و دەخرێتە روو و ستایش دەکرێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×