تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هەموو رەهەندەکانیانەوە، سەرباری ئاسان کردن و بە دیجیتالی کردنی بەشێک لە ژیان، دەیان دەرفەتی جۆراوجۆری تریشیان خستۆتە بەردەم مرۆڤەوە بۆ سود وەرگرتن لەم داهێنانە گەورەیەی شۆڕشی زانست و زانیاریەکان.
تێکنۆلۆجیا نەک هەر بە تەنینەوەی پانتای کۆمەڵگا توانیویەتی قورسایی هەژمونی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ، بەڵکو لە پاڵ ئەمەشدا توانیویەتی کاریگەری گەورەو بێوێنە بکاتە سەر شێوازی بیرکردنەوەو دونیای فکرو هەڵسوکەوت و زمانی نووسین و قسەکردن و نۆرمەکانی ژیان و بەها کۆمەڵایەتیەکانەوە.
کاریگەری و قورسایی تێکنۆلۆجیا بەسەر کۆمەڵگاکان بە جۆرێکە چیتر تاک وابەستەی دونیایەکی دیاریکراوو و رووبەرێکی تەسکی کۆمەڵایەتی و نەریت و تاکە کولتورێک و دونیابینیەکەوە نیە. لەم وێناکردنەدا تاک چیتر لۆکاڵی بیر ناکاتەوە و سنوورەکانی فکر ئارەزوومەندانە دەبڕێ و دەکەوێتە ژێرکارتێکردنەوە.
بێگومان لەدایک بوونی سۆشیال مێدیا بە گشت رەهەند و جۆرو تایبەتمەندیەکانیەوە، سنوورە جوگرافیەکانی بڕیوەو دەرفەتێکی بێوێنەی فرەبیرو فرەفکر و فرە باوەڕو دونیابینیەکی بێ وێنەی بۆ مرۆڤەکان فەراهەم کردووە، تا بیست ساڵ پێش هیچ بیرمەندێک و ناوەندێکی زانستی و توێژینەوە توانای پێش بینی کردن و وێناکردنی نەبوو.
تێکنۆلۆجیا لە پاڵ سۆشیال مێدیا دونیایەکی مەجازی ئەوتۆی لە پاڵ دونیافیزیکی و مەلموسەکەی مرۆڤەکان دروست کردووە، چیتر تاک گرێدراوی یەک دیدگاو یەک کولتورو یەک ئامانج و یەک سنووری جوگرافیاوە نیە.
تاکی ئەم سەردەمە بەهۆی ئەم داهێنانە سەرسووڕهێنەرەوە لە دونیایەکی مەجازی و زادەی خەیاڵی ئەوتۆدا دەژیت، ئەستەمە پرۆگرامە پەروەردەیی و ئایدیۆلۆژیا سیاسی و نۆرمە کولتوریەکان و باوەڕە ئایینیەکان بتوانن ئاڕاستەکەی بگۆڕن و قورسایی بخەنە سەر.
تاک لەم دۆخەی تێکنۆلۆجیا بەرهەمی هێناوە، چیتر هەڵگری فکرو شوناس و پێناسەیەکی دیاریکراوو پەیوەست بەیەک سنووری جوگرافیای بەرتەنگەوە نیە. تاک چیتر بیر لە یەک فۆڕمی ژیان کردن ناکاتەوە.
تاک لەم دۆخەدا هەم لە رووی فکرو هەمیش لە رووی زمانی ئاخاوتن و نووسین و هەڵسوکەوت و ئاکارە کۆمەڵایەتیەکان و جۆری دیدگاوە، هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیە، پێشتر و لە سەردەمانی بەر لەم داهێنانە هەڵگری نەبووە . ئەم تاکە تا ئاستێک ئالودەی سۆشیال مێدیا بووە، چیتر خۆی بە یەک سنووری دیاریکراوی جوگرافی و تاکە کولتوريکی نەتەوەیی و تاکە ناسنامەیەکی نیشتیمانی نابەستێتەوە.
تاک لەم دونیایەی سۆشیال مێدیا هێناویەتە ئاراوە، لە چەشنی گەڕیدەیەکی تامەزرۆو بزۆزو ماندوونەناس بەدوای شتی تازەو شوێنی تازەو دونیای تازەدا دەگەڕێت. لەم گەڕانەشیدا بێ ترس گشت سنوورەکانی وەهم و خەیاڵ و فانتازیا دەبڕێت و حەزو تموحاتی سنووری نیە.
ئەوەی بە شێوەیەکی ترسناک لەم ئالودە بوونەی سۆشیال مێدیادا ئامادەیی هەیە، کرچ و کاڵ بوونەوەو لە زۆر حاڵەتی دەگمەنیشدا، هەڵوەشانەوەو لە جوانی کەوتنی سەرجەم ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەن، پێشتر مرۆڤەکانی پێکەوە گرێ ئەدا و تیایدا سۆزوخۆشەویستی و خۆشویستن و مرۆڤدۆستی و مێهرەبانی باڵادەست بوون.
تێکنۆلۆجیای سۆشیال مێدیا ئەم دەرفەتەی خستە بەردەم تاکەکانەوە تا بێ سانسۆر و بێ هیچ پێچ و پەناو فیلتەرێکی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، ئایینی و سیاسی و تەنانەت دوور لە هەر عورف و نەریتێکی کۆمەڵایەتی بیروبۆچوون و دونیابینیەکانیان بە ناو کۆمەڵگادا بڵاو کەنەوە. بڵاوبوونەوەی بیروڕاو بۆچوونەکان لە جڤاکێکی فرەرەنگ و پێکهاتەو تا سەر ئێسقان بە حزبی کراویشدا، هەرگیز بێ کێشەو گرفت و ئاڵنگاری نەبووەو نابێت. بەشێکی سەرەکی ئەو بیروبۆچوونانەیشی لە رێگەی سۆشیال مێدیاوە بە ناو داڵان و کونج و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگای کوردیدا بڵاودەبنەوە نەک هەر هاوتەریب و هاوئامانج و لە پێناوچاکەی گشتیدانین، بەڵکو هەڵگری هەمان ئەو ماهیەت و شوناسەن، تاکەکانی هەڵگرینی و بە رۆحی عەشیرەت و بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانەوە پێکەوە گرێ دراون.
لە دۆخێکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ناوچەگەرێتی و شارچێتی و جەمسەرگەرایی و تۆخ بوونەوەی سنوورەکانی بەرژەوەندی و قەڵەمرەوی حزبی لەمجۆرەی ئێستا هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێ، قسەکردن لە یەکپارچەیی و یەکڕیزی و هەوڵدان بۆ شکۆی نیشتیمان و نەتەوە، یەکسانە بە هەدەردانی وزەوتواناکان لە پێناو ئامانجێکی دوورەدەست و تا ڕادەییەک نەکردەیی و زادەی خەیاڵێکی پەرشوبڵاوەوە.
سۆشیال مێدیا لە پاڵ ئەو وەرچەرخانە مێدیایی و هۆشیاریە دیجیتاڵیەی هێناویتە ئاراوە، دەرفەتی قسەکردن و لێدوان و کۆمێنت نووسینیشی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش ڕەخساندووە.
سۆشیال مێدیا هەموو ئەندامانی کۆمەڵگای هێناوەتە قسەو لە پاڵ ئەم قسەکردنەشدا توانیویەتی ببێ بە سەکۆیەک و رووبەرێکی ئاسان بۆ خۆدەرخستن و سنگ دەرپەڕاندن و نمایشی دیجیتالی ئەو بکەرانەی جگە لە سێلفی گرتن، هیچ هونەرێکی تر نازانن و لە ئاست نووسینی چەند دێڕێکی جوان و دەربڕینێکی ئەستاتیکای ئەدەبیدا دۆش داماوو پەک کەوتە و بێ دونیابینین.
بە دیوێکی تریشدا سۆشیال مێدیا، سەرباری گشت تایبەتمەندیە ئەرێنی و نەرێنیەکانیەوە، لە ئێستای ژیانی مرۆڤەکاندا بووە بە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە ژیاندا. هەم لە چەشنی چەکێکی دیجیتالی دژبە یەکتر و بۆ شکاندنی یەکتر بەکارد دەبرێت، هەمیش ئەشێ بکرێ بە پلاتفۆڕمێک بۆ دەرخستنی جوانیەکان و نمایشە دیجیتالیە هونەریەکان و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان و فێربوون و گرێدانی پەیوەندی نوێ و گەشەدان بە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئاشنایەتی لەگەڵ خەڵکانی ترو پەلهاویشنە دیجیتاڵیەکان.
لە دۆخێکی ئاوادا لای بەشێک لە سێلڤیچیە سیاسیەکان، پانتای سۆشیال مێدیا کەرەستەیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتر بەناو هەموو کۆمەڵگادا. ئەمان لە رێگەی سێلڤیەکانیانەوە بە ناو کۆمەڵگاو رووبەری کایەی ژیاندا بێ هیچ سانسۆرو بەربەستێک بڵاو دەبنەوە. لەم نمایشەشیاندا هەمیشە هەوڵی وێناکردنی دونیایەک ئەدەن پڕە لە بەرائەت و جوانی و مێهرەبانی و بەزەیی و یەکسانیەوە. ئەم وێناکردنەش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاڵۆزو کێرڤی گرژی و ئاڵۆزیەکانی ناخی کۆمەڵگا، وێناکردنێکی ناڕاست و ناواقعی و خەڵەتێنەرو تەواو دابڕاوە لە حەقیقەتی ناخی کۆمەڵگاوە.
دونیای دیجیتال و شۆڕشی زانست و زانیاری و گەشەی خێرای ژیان و وەرچەرخانە گەورەو سەرسووڕهێنەرەکانی پیشەسازی، دونیایەکی تازەی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و فۆڕمی ترەوە بۆ مرۆڤەکان هێناوەتە ئاراوە، تا بەرلە چەند دەیەیەک بەهیچ شێوەیەک قورسایی و گەورەیی و رەهەندە جۆراوجۆرەکانی پێش بینی نەدەکرا و زیاتر لە خەیاڵ دەچوو لە وێناکردنێکی حەقیقی و ڕاست و دروستەوە.