ساڵێكی تریش تێپەری

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2022-12-30     456

ساڵێكی تری پر لە رووداوی ھەمەجۆر تێپەری...ساڵێکی تریش خرایە سەر خەرمانەی تەمەنمانەوە...لەو ساڵەی تاوێکی تر دەبێ بە رابردوو بۆ ھەندێکمان و بابردوو بۆ ھەندێکی ترمان، ئێمەدەوەستان بە دیار ھەڵوەرینی گەڵای تەمەن و ماڵئاوایی ئازیزانمانەوە وەستابووین...نە ھەڵوەرینی گەڵای تەمەن و نە مەرگی ئازیزانیش لە دەسەڵات و سنووری حوکم و قەدەری ئێمەدانەبوون.

 

ساڵێکی ترمان بە دیار رووداوە خوازراوو نەخوازراوەکانی رووبەری پرلە ھەورازو نشێوی ژیان تێپەراند...ساڵێک سەرلەبەری بە ترس و دڵەراوکێ لە سبەکان و دڕدۆنگی دھەمبەر  ئاییندە و نەبوونی و نەکردەیی و نەھاتی و نەھامەتی و بێ ھیوایی لەم و لەومان، خستە خانەی فەرامۆشی و فەرامۆشخانەی یادەوەریە رەنگاڵەكانمانەوە.

 

ساتەوەختە شادیبەخش و خەمھێنەرەکان،  بەدەر لە ئیرادەو خواستی ئێمەمانەوە تێکھەڵکێشی یەک کران...تارمایی مەرگی براودایک و کەسوکار لەلایەک و بۆشاییە سایکۆلۆژیە کۆمەڵایەتیەکەی ماڵئاوایی مەرگی ئازیزان لە لایەکی ترەوە، تەنگی بە زۆرمان ھەڵچنی...خەمباری رووی تێکردین و پرسەو سەرەخۆشیەکانیش تاساندمانی.

 

ئەو بەیانیانەی ھێشتا خۆر زەردەپەڕی نەدابوو، روناکی لە پێشوازی خۆری پیرو بەساڵاچوودا، چاوەروانی چریکەی یەکەم باڵندەی سەر لقی دارێکی گەڵاھەڵوەریوی وەرزی پاییزی دەکرد...تاریکیش لە چاوەروانی شەودابوو،  تا ھەردووکیان بەیەکەوە تەنگ بە روناکی و ھیوا ھەڵچنن و دیمەنێکی ترسناک ببەخشن بەو پێدەشت و شاخوبەرزایی و دارستانانەی سەردەمانێک کێڵگەی ژیان و ھەناسەدان و ھیواو ئومێدو روناکی و خۆراگری و پشت پێ بەستن بوون.

 

ھەندێ کەس ھاتنە نێو ئەو دونیا جەنجاڵیەو کۆمەڵێکیش ماڵئاواییان لە دونیا کرد...ئەوانەی رۆیشتن حەزیان لە رۆیشتن و بە جێ ھێشتنمان نەبوو...ئەوانەی لە دایکیش بوون بە خواستی خۆیان نەھاتن...ھەمووی بە خواست و ئیرادەی خوای گەورە بوو.

 

ساڵێکی تریش رۆیشت...بە گشت ساتەوەختە خۆش وناخۆشیەکانیەوە...ساڵێكی تازەش خەریکە لە دایک دەبێ و دەمێکە لە منداڵدانی زەمەن و وێستگەی رۆژگاردا،  چاوەروانی رێگەپێدانی ھاتنە دونیای بەرژەوەندیەکانە.

 

ساڵی تازەش ھەمیسان ناچارین خۆزگەو ھیوا بە رۆژگارو زەمەنێکی پر مورادەوە بخوازین، تا بەڵکو لە نامورادی و بێھیواکردن رزگارمان بێت.

 

بەڵام ھەروەک مەزەندە دەکرێ کوالێتی و دۆخ و ھەلومەرج و جۆری ئەمساڵیش، وابەستەو گرێ دراوی ئەگەرومەگەرو پێشھات و پاشھاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان و رووداوە نەخوازراوەکانە و کەسمان جارێ ھیچی لەبارەیەوە نازانین و ھیچ ئاسۆیەک لێمانەوە دیار نیە.

 

رەنگە ئەمجارەش، وەک پێشتر، دوای بێ ھیوابوون لە مرۆڤەکان و مرۆڤایەتی, لە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیاو قسەی زل و باق و بریقەدار، لە گرووپ و ھێزو دەستەو تاقم و باڵ و ئاراستە و پەیوەستبوون بەم و بەوەوە،  دوای بێ ھیوایی لە جەمسەرە بەرژەوەندگەراکان، لە خۆمان و بیروخەیاڵ و خەیاڵ پڵاوەکان، لە فاڵ و قاوەگرتنەوەو سیحروجادوی سیاسی و کۆڕوکۆبوونەوەو (کۆن فرانس و نوێ فرانسەکان) و بەڵێنی کاک فڵان و بەرێز فڵانەوە، قەدەری خۆمان وچارەنوسی داھاتوومان بدەین بە دەست خوای دلۆڤانەوەو داوای ئاسودەیی و بەختەوری و دڵنەوایی لێ بکەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×