مانیفێستی قەیرانی شوناسێکی یەکانگیر 

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2024-02-24     124

زۆر جار لە گەرمەی مشتومڕو موناقەشەی نێوان دوو یا چەند کەسی هەڵگری بیروبۆچونی جیاواز گوێمان لە ڕستەی: “ بە رۆحیەتی وەرزشی ئەم بۆچوونەم قەبوڵ بکە”، دەبێت. 

رۆحیەتی وەرزشی واتا سینگ فراوانی و نەرمونیانی لە قەبوڵ کردنی بیروبۆچوونی جیاوازو ڕایەک پێچەوانەی ڕاکەی ئێمە بێت.  

 

هونەرو وەرزش وەک کەرەسەیەکی نمایشی توانست و هێزو توانای هێزوبازوو ورەو خۆڕاگری، لە دونیای مرۆڤەکاندا بە کەرەسەیەک و دەلاقەیەک و ئامرازی پێک گەیشتنی مرۆڤەکان وێنا دەکرێ. 

وەرزش ئامرازێکە بۆ پڕژانە نێو دونیایەکی خاڵی لە ئاڵۆزی و گرژی و تووڕەیی و بە گژیەکداچوون و دروست کردنی دۆخی ڕقاوی و بوغزاوی کردنی دونیای جوانیەکان و هێرش و پەلاماردان و دەمارگیریەوە. 

 

کورد لەوەتەی هەیە بە پاساوی جۆراوجۆری بێ ماناوە،  نەیتوانیوە دونیای هزرو خەیاڵ و جوانی و بیرکردنەوەکانی لە پەتای دەمارگیری بپارێزێ و ئالودەی نەبێت. 

بەداخەوە ئەم پەتایە، دوای سیاسەت و حزبایەتی،  بواری وەرزشیشی گرتۆتەوەو رۆژانە لە سۆشیال مێدیاو کایەی ژیان و جموجۆڵەکانیەوە دەرهاوێشتەکانی دەبینین. 

 

دەمارگیری لە چەشنی ئامرازێکی بەگژداچوونی ئەویتر و ئەوانیتری بەرامبەر،  هەمیشە لە دۆخی سایکۆلۆژیای تاکی کورد بە هێزەوە دەردەکەوێ و ئامادەیی هەیە و کۆمەڵگای کوردی لە هەموو جوانیەک خستووە. 

ئەم دەمارگیریە جار هەیە سیاسیە، یا لکێندراوە بە حزب و سەرۆک و سەرکردە و تاقم و دەستەو باڵێکی سیاسی دیاریکراوەوە، یا پەیوەستە بە ناوچەگەرێتیەوە،  یا خێڵ و هۆزو عەشیرەت و ناوچەیەکی جوغرافی دیاری کراوەوە. 

 

پەنگ خواردنەوەی دەمارگیری لە ناخی تاکی کورد بە گشتی بە درێژایی مێژووی نووسراوو  نەنووسراوو  باس کراوو باس نەکراوی کورد، بە یەکێک لە ئاستەنگ و کۆسپە گەورەکانی بەردەم گەشەو پێشکەوتن و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی خەبات بۆ سەربەخۆیی و تەنانەت ژیانی کۆمەڵایەتی و شارستانی و هاوچەرخیشی دەژمێردرێت و وێنای پەتایەکی کوشندەی بۆ دەکرێ. 

 

گەلان بۆ زیندوو مانەوە دەست بە زمان و کولتورو دابونەریتە جوانەکانیانەوە دەگرن. 

لە سەردەمی مەرگی ئایدیۆلۆژیا و چڕبوونەوەی ململانێکان بۆ زیندوومانەوەو نەتوانەوە لە ناو بۆتەی نەتەوەکانیترو دونیای تێکنۆلۆژی و  رێ کردن لەگەڵ گەشەو پێشکەوتنە خێراکانی کایەی ژیان، گەلان سوود لە هەموو کەرەسەو ئامرازێکی بەردەستیان وەردەگرن و توێژینەوەو لێکۆڵینەوەکانیان دەکەن بە چرای روناک کەرەوەی رێگای بەردەمیان . 

وەرزش بۆ هەندێ نەتەوە  لە چەشنی مۆرک و ئایکۆنێکی زیندوو،  بەشێکە لەو شوناسە یەکانگیرو یەکپارچەیەی ئەم نەتەوانەی پێ دەناسرێتەوەو بەردەوام لە سەر شانۆی کێ بەرکێی جیهانی  و ململانێ وەرزشیەکاندا ئامرازێکە بۆ دەرکەوتنیان و بەدەست هێنانی دەسکەوتی زیاترو پڕ بەهاترەوە، هەم لە رووی مەعنەوی و هەم لە رووی مادیەوە. 

 

نەک هەر وەرزش و هونەرو کایەی سیاسی و بۆنە نەتەوایەتیەکانی، بەڵکو هیچ کام لە کایەکانی تری تاکی کورد، تەنانەت مێژووی خوێناوی تێکۆشان و مەینەتی و ماڵوێرانیەکانیشی،  نەیانتوانی لە چەشنی دەسکەڵاو کەرەستەیەکی مەعنەوی، وا لە کورد بکەن قۆناغەکانی  حزبگەرایی و شەخسگەرایی و ناوچەگەرێتی و دەمارگیری خێڵ و تیرەو بنەماڵە و عەشیرەت تێپەڕێنێ و بەرەو دۆخی باشترو دڵنیاییتر هەنگاو بنێت. 

 

کورد چ وەک تاک و چ وەک یەکەیەکی هەماهەنگ و یەکپارچە کەوتووەتە تەنگژەو قەیرانێکی قووڵی بزرکردنی شوناس و پێناسی نەتەوایەتیەوە. مەبەست لە پێناسی نەتەوایەتی  نەژادپەرەستی و شۆفینیەت و ناسیۆنالیزمی رادیکاڵی و تووندرەو رەت کردنەوەی ئەوانیتر نیە. 

 

ناسیۆنالیزمێک بە مانا سادەکەی بتوانێ هەموو کوردێک، سەرباری جیاوازیە جوگرافی و ئایدیۆلۆژی و دونیابینی و ئامانجەکان لە دەور یەک پەیام و تاکە ئامانجی نەتەوایەتی کۆ بکاتەوەو فاکتەرێکی یارمەتیدەری بێت بۆ بە گژداچوونەوەی سەرلەبەری  ئەو هەڕەشانەی مەترسین لەسەر ماهیەتی زیندوو مانەوەی و رێ گرتن لە پەرتەوازەیی و کەوتنە دەرەوی مێژوو و لە جوانی کەوتنی یەکجارەکی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×