هەژمونی دۆخی نامتمانەیی

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-07-10     259

لە ژیانی ئێستای ئێمەدا هیچ شتێک نادۆزیتەوە بەرچاورونی و دڵنیاییت پێ ببەخشێ و وەک هێزو توانستێکی لەبن نەهاتووی مەعنەوی فاکتەری بەرەو پێشەوەچوون و هەنگاونان بێت بەرەو دۆخێکی باشتروجێگرتر. 

دونیای ئاڵۆزی ئێستامان واقعێک نیە ئێمە دروستمان کردبێ و لە بەرهەم هێنانیدا رۆڵی سەرەکیمان گێڕابێ و بکەری سەرەکی و باڵادەست ئێمە بووبین.

دونیای ئێستای ئێمە دو دیوە. 
دیوێکی ئەم دونیایە بکەرو مێدیای زەبەلاح و لغاوپچڕاوو و کێبەرکێکار و سۆشیال مێدیای پڕ لەهەژمونی بێ باک بە هەموو بەها جوانیەکان،  دروستیان کردووەو دونیای دیکەشمان ئەو واقعەیە لەدەرەوەی ویست و ئیرادەی ئێمە دروست کراوە. 

لەم دۆخەدا ئێمە بەردەوام لەگەڵ هێزە ناوەکیەکانی ئەوم دوو دیوەدا لە کارلێک و ململانێ و جەنگی بەردەوامداین و لە رووی سایکۆلۆجیەو ئەهاڕێین. 

هەر بۆیەش بەشێکی سەرەکی دڕدۆنگی ( قەلەقی) و کێشە دەروونی و فشارە سایکۆلۆجیاکانی ئینسانی کورد لەم سەردەمەدا زادەی کۆمەڵێک فاکتەرە. ئەم فاکتەرانە دۆخێکی پڕلە نامتمانەیی و دڵەراوکێیان  وایان خولقاندووە، پێشتر وێنەی نەبووە. 
 
هەژمونی ئەم بارودۆخە بە تەواوی پێکهاتەکانی ناویەوە،  هێمایەکی گەورەی پرسیاری  خستووەتە سەر  سەرلەبەری ئەو پەیوەست بوون و بۆچوون و بیروباوەرە جێگیرانەی لە رابردوودا بەشێکی سەرەکی شوناس و  ئینتیماو پێناسی تاکی کورد و مرۆڤبوون و  گیانی بەرەنگاری و ئازادیخوازیەوە بوون.


لە دۆخێکی ئاڵۆزکاوی لەمجۆرەدا هەر نووسەرو پێنووس بەدەستێک و روناکبیرێک و دەستەبژێرێک پێویستە ئەم ڕاستیە لەبەر چاوبگرێت: 
نووسین و قسەکردن لەسەر زانست، سیاسەت، فەلسەفە، هونەر، عەشق، ئەدەب و ئایین کاتێک بایەخی هەیە،  بتوانێ خزمەت بە گەشەی ئەخلاق و فکرو کۆمەڵگاو کەم کردنەوەی کێشەو پەرەدان بە خۆشگوزەرانی و خێرو چاکەی گشتی و مرۆڤایەتیەوە بکات. 

هەر پێنوس بەدەستێک و نووسەرێک و کاراکتەرێک گەرەکە بزانێت  ئەگەر نووسینێک و قسەکردنێک نەتوانێ  لە رووبەری کۆمەڵگادا  ئازارەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگا و لاری و چەوتیەکان بخاتە روو و چارەسەریان بۆ پێشنیار نەکات و  هەڵگری روئیایەکی رۆشن بۆ چارەسەرکردنی تەنگوچەڵەمەکانی دونیای ئاڵۆزکاوی مرۆڤەکان نەبێت و بە ئاڕاستەی خێروچاکەوە هەنگاو نەنێت و قسەی خێری پێ نەبێت، بۆچوون و نووسینەکانی هیچ بایەخ و گرینگیێکی ئەوتۆیان نابێت. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×