وەھم و حەقیقەت
شۆرش خالید ئاژگەیی
2020-10-18   1043
ھاونیشتیمانی نمونە ئەو کەسە نیە ھەموو شتی ( نمونەیی) بێ.
ھاونیشتیمانی نمونە ئەندامێکی پارتێکی سیاسی یا بزاڤێکی شۆڕشگێڕی، رۆشنبیری یا کۆمەڵایەتی باڵادەست نیە.
ھاوڵاتی نمونە بزنسمەنێکی عەیار 24 یا بازرگانێکی چاوچنۆک، گەندەڵکارێکی بێ ویژدان، یا خواپێداو یا سەوداکارێکی ناوبازار و موزایەدەچیەکی ھەلپەرەست و خۆدەرخەر و چەنەباز نیە.
ئەم توێژانەی سەرەوە پێکھێنەری پێکھاتەی ئەو کۆمەڵگایەن، خۆیان بەشێکن تێیدا. لێ ھیچ یاساورێساوعورفێک رێگەی ئەوەیان پێ نادات بۆچونە کەسێتیەکانیان وەک فاکت و راستی بە چین وتوێژەکانی خوارتر یا ھاوشانی خۆیانەوە بفرۆشنەوە و کەڵەگایی بەرھەم بێنن.
لەو ناوچەو ھەرێم و خاکی ئەو وڵاتانەی جیاوازی ناکرێ لە نێوان وەھم و حەقیقەت، یا راستتر بڵێم خەیاڵ و راستیەوە، مرۆڤ ھەمیشە لە نێوان شرۆڤەی دوو چەمکەوە دۆش دادەمێنێ:
چۆنیەتی شرۆڤەی چەمکی وەھم و چەمکی حەقیقەت لە ژێر رۆشنایی رووداوەکانی رۆژانە.
وەھم لای تاکی کۆمەڵگا خۆی لە واقعی ئەزمون کراودا دەبینێتەوە. بە واتایەکی تر ئەو واقعەی لە رێگەی ئەزمونی رۆژانەوە ئەزمون دەکرێ، دواجار و لە رێگەی پرۆسەیەکی شیتەڵکاری و کارلێکی نێوان زانیاریە تۆمارکراوەکانەوە دەبن بە وەھم یا خەیاڵ.
ئەم خەیاڵە لە چەشنی سێت یا پاکێجێکی سەرمۆرو دەست لێنەدراو، دەشێ دواجار ببێ بە بەشێک لە بیروباوەرێکی تووندی وێرانکەری ھەڵگری دەمارگیری و دژە ئارگۆمێنت و سەرەڕۆ و لە کۆتاییدا خولانەوە لە ئەڵقەیەکی داخراوی گەمژەیی، تووندرۆیی، ھەڵسوکەوتی پرحەماس و شۆفینیەتی لغاوپچراوی لێوەبەرھەم بێت .
حەقیقەت:
حەقیقەت لە دوو حاڵەت دەرناچێ. یا راستە یا ناراستە. راستی و ناراستی حەقیقەتیش پەیوەستە بە جۆرێ تێگەیشتنمان لە رووداوگەلی رۆژانەو بنەمای بیرکردنەوەکانمانەوە.
واتا، جۆری بیرکردنەوەمان دھەمبەر رووداوەکانی رۆژانە و ئەو دونیایەی تیایدا دەژین یا ئەو دونیا تەسکەی بۆخۆمان بەرھەممان ھێناوە، بریار لەسەر ( راستی) و ( ناراستی)ەکان دەدات.
سرووشتی مرۆڤیش بە جۆرێکە بەردەوام لە ھەوڵی سەرخستن و سەپاندن و بە فاکت ( حەقیقەت) پیشاندانی بیروبۆچون و باوەرەکانیدایەوە و لە خراپترین حاڵەتیشدا رەنگە ئەمجۆرە لە بیرکردنەوەیە وای لێ بکات ( حەقیقەتی) راستیەکانی دەرەوەی بازنەی بیر کردنەوەکانی خۆی پێ ھەزم نەکرێ و ھەمیشە، گەر راستیش بن، دژیان بوەستێتەوە.
ئێمەی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوین ھەر لە دێرزەمانەوە تا بەمرۆ دەگات لە وەھم و خەیاڵداین و دەتوانم بڵێم بەقەرز دەژین.
ئەم حاڵەتە نەگریسەش ئەوەندەی پەیوەستە بە خۆمان و بیروبۆچونە تەسکەکانمان و ھەڵسوکەوت و ڕاوبۆچون و رەفتارەکانمان لەتەک یەکتردا، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە داگیرکارو نەیارە شۆفینیەکانمانەوە نیە.