درۆی شاخدار

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-11-13     273

مرۆڤ بەرهەمی بیرکردنەوەو ئەو ژینگەیەیە تیایدا دەژی و هەناسەدەدات و بەردەوام لە گەڵ دامەزراوەکانیدا لە کارلێکی دوو سەرەدایە. 

کۆمەڵگا بە گشت دیوە باش و خراپەکانیەوە، بە دوێنێ و ئەمڕۆو سبەیەوە، بە من و تۆو ئەوو ئەوانیترەوە، بە دونیابینی و خواست و تەماح و پەروەردە و نۆرم و بەهاکانیەوە، کار دەکاتە سەر شێوازی بیرکردنەوەو دۆخی سایکۆلۆژیاو رەفتارو هەڵسوکەوتی تاکەکانەوە. 

تەوژمی ئەو هەموو فاکتەرە کارتێکەرانە لەسەر ئینسانەکان، تەوژمێکی گەورەو بەهێزە. 
وەستان دژی ئەم جۆرە لە تەوژمە کردەیەکی ئەستەم و قورس و خاڵی لە ئاڵنگاری و سەختیەوە نیە. 
ئەوە خودی مرۆڤ و  بەخۆداچوونەوەو گۆڕینی دونیابینی و شێوازی بیرکردنەوەی تاک بە تاکی ئەندامانی کۆمەڵگایە، رەنگە بتوانێ لەم ململانێ سەختە بێ پچڕانەی نێوان نۆرم و بەهاکانی کۆمەڵگاو خودی دونیابینی مرۆڤ، جۆرێکی تر لە مرۆڤی بەرپرسیارو هۆشیارو خاوەن توانست و هێزی مەعنەوی بەرهەم بێنێ و بیخاتە سەر ڕاستە ڕێی گەشەو پێشکەوتن و ئاسوودەییەوە.

بەرهەمی تێکەڵەی فاشیزمی نەژادی و دەمارگیری قەومی و تووندڕۆیی و رەگەزپەرەستی، رەت کردنەوەی پێکەوە ژیان و یەکسانی و پێکەوە هەڵکردنە. دەرەنجامی ئەم فکرە، ئەم باوەرە تاک جەمسەری و تاک لایەنە، خودئەوینی و خۆبەزل زانین و خۆ بە بەرز زانین و خۆبە” خوا “زانینە لەسەر گۆی زەویدا. 

تێکەڵەی فاشیزمی نەژادی و دینی و بەکارهێنان و پەنابردن بۆ کۆمەڵێک رووداوی مێژوویی و کارەساتی لەبیرنەکراو و تازەکردنەوەیان بەمەبەستی سەپاندنی شوناسی قەومی و سەرخستنی ناسیۆنالیزمی نەژادی و ستەم و حوکمرانی بەسەر گەل یا گەلانیتردا، جگە لە ماڵوێرانی و کاولکاری، بەرهەم و دەرەنجامی تری ئینسان دۆستانە و ئاشتی و پێکەوەژیانی لێ ناکەوێتەوە.

یەهۆد باراکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل  لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کەناڵی دووی دانمارکی حکومەتی ئێستای تەل ئاڤیف بە حکومەتێکی رەگەزپەرەست و دەمارگیر وێنادەکات و ئۆلمێری سەرۆک وەزیرانی پیشووش ناتانیاهو بە سیاسیەکی سەرشێت و هەڵگری هێستریا لە قەڵەم دەدات. 
دەرەنجامی حەماقەتی حەماس و ئەو دەست پێشخەریەی لە پەلاماردانی ئیسرائیل کردی، جگە لە کاولکاری و ماڵوێرانی و  ئاوارەکردن و داگیرکاری و بەکوشتدانی هەزاران ژنو منداڵی بێتاوان بەدەست سوپا دڕندەکە رەگەزپەرەستەکەی جوولەکە هیچ دەسکەوتێکی سیاسی و مەعنەوی بۆ گەلی فەڵەستین و غەزە لێ نەکەوتەوە. 

پشتگیریە بێ سنوورەکانی سەرانی رۆژئاواو ئەمریکا لە ئیسرائیل،  سەرجەم یاساو رێککەوتن و پەیمان نامە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ و یاساورێساکانی جەنگی لە کارخست و خستیە ژێ پێوە. بەمجۆرە دەرفەت و رووبەرێکی بەرفراوانی لەبەردەم سوپا کاولکارەکەی ئیسرائیل ( بە بیانوی لەناوبردنی حەماس) بۆ قەڵاچۆکردن و کۆمەڵکوژی  غەزەییەکان واڵاکرد. 

سیاسیەکانی رۆژئاوا وای وێنادەکەن هۆکاری ئەم پشگیریە بێ شەرتومەرجانە،  هاوبەشی کردنیانە لە کۆمەڵێک “بەهاونەریتی” رۆژئاوایی لەگەڵ ئیسرائیلدا. زیاد لەمەش تەوژمی هەژمونی لۆبیە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارو سەرمایەدارە دینیەکانی  جوولەکە زایۆنیەکان لە ئەمریکاو ئەوروپا فاکتەرێکی گەورەی ئەو کەڕی و ڵاڵیەی ( بەشێک) لە سەرانی بەوروپایە بەرامبەر بە تاوان و کۆمەلکوژی و ستەمگەری حکومەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەڵەستینیەکان.     

دوورووی رۆژئاوا دوای رووخانی دیواری بەرلین و پاشەکشەی کەمپی سۆشیالیزم و سەرکەوتنی کاپیتالیزم و لیبرالیزم بەسەر سۆشیالیزمدا، زیاتر لە جارێک لە گۆشەوکەناری ئەم جیهانە پڕ لە ئاشوب و ئاڵۆزیەدا دەرکەوتووەو سەلمێندراوە. 

رۆژئاوا سەلماندوویەتی چەمکەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مافی گەلان، کۆمەڵە چەمکێکی لاستیکین و درۆی شاخداری سەردەمی جەنگی ساردی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوان و دەسەکەڵا و کەرەستەیەکن بە دەست سەرانی رۆژئاواوە بۆ بەرەوپێشەوەبردن و سەرخستنی بەرژەوەندیە ستراتیژی و ئابوری و سیاسیەکانیان.

رۆژئاوا یا ئەوەی ناوی نراوە” کۆمەڵگای نێودەوڵەتی) لەهەر شوێنێک بەرژەوەندیەکانی بکەوێتە خەتەرەوە، کارتی رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مافی ئافرەت و ئاژەڵ و سرووشت و….بەرز دەکاتەوەو لەهەرشوێنێکیش بەرژەوەندیەکانیان پارێزراوبن نقەی لێوەنایەت. هەروەک بینیمان بەرامبەر بە کیمیابارانی هەڵەبجەو پرۆسەی قێزەوەنی ئەنفال بێدەنگیان هەڵبژارد و خۆیانیان لێ نەبان کرد و دوای ریفراندۆم و هێرشی سوپاو حەشدی شەعبیش بۆ سەر کەرکوک هەڵوێستێکی جدیان نەنواند. 

حەقیقەتی مافی مرۆڤ لای رۆژئاوا حەقیقەتی ئەو دیدگاو دونیابینیە بەرتەسکەی ئەوانە. لە ڕاستیدا مافی مرۆڤ چەمکێکی لاستیکی و قابیلی تەفسیرو ڕاڤەیەیە بە گوێرەی کات و سات و شوێن و زەمەن و بەرژەوەندیەکانیان و ئەو دیدگایەی رۆژئاوا تەبەنی دەکات، گۆڕانکاریان بەسەردادێت و لە چەشنی حەقیقەتێکی سەلمێنراوو مەلموس بە جیهانی دەرەوەی خۆیانی دەفرۆشنەوە. 

مافی مرۆڤ و مافی گەلان بە پێی هەژمونی بیرۆکەی سیستەمی نوێی جیهانی تاکجەمسەریەوە، هەڵگری دەیان ڕاڤەو لێکدانەوەیە و لە چەشنی مەفهومێکی لاستیکیەوە ڕاڤەی بۆ دەکرێ و لە زۆر حاڵەتی تایبەتدا دەگۆردرێت و لە مانا ڕاستەقینەکەی دادەماڵدرێت. 

مافی مرۆڤ و مافی گەلان بەلای رۆژئاواوە تەنیا بەو گەل و مرۆڤانەوە رەوا دەبینرێت، گوێرایەڵی ئەوان و بەکرێ گیراوو کۆمبارسی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی رۆژئاواو ئەو دونیابینی و جیهان بینی و بەهاو پرەنسیپانەبن، ئەوان بە پیرۆزو باڵاو موبارەکی لە قەڵەم دەدەن و  لە دیدی ئەوانەوە هێمایەکن بۆ جوانی و پێشکەوتن و گەشەی هزرو فکرو شارستانیەت و مەعریفە و مەرجی مرۆڤبوونن. 

حەقیقەتی بانگەشەکارانی مافی مرۆڤی رۆژئاوا، حەقیقەتی خۆسەپاندن و فەرز کردنی ئەو بەهایانەیە بەلای ئەوان و بە بروای ئەوانەوە بۆ مرۆڤ پێویست و ژیارین و بەشێکی دانەبڕوان لە پاکێجی بیروباوەرەکانی سەربە دونیای ئەوانەوە.

بەڵام حەقیقەتە سەلمێنراوەکانی ناو هەناوی مێژوو و پانتای رووداوەکانی جیهان شتێکیب ترمان پێ دەڵێن:
مافی مرۆڤ و مافی گەلان بە لای ئەوانەوە هێما و دەسکەڵا و ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە ژیاری و ستراتیژیەکانیان و دەلاقەیەکە بۆ چوونە ناوەوەی ئەو دونیایەی تەواو نامۆیە بە جیهانی لای ئەوانەوە، بە مەبەستی دەسکاریکردن و گۆڕانکاری کردن تیایدا بە پێی مەزاج و زەوق و سەلیقەو قازانج و بەرژەوەندیە رەنگاڵەو بەرتەسکەکانی ئەوانەوە. 

قەبارەی کوشتارو کاولکاریەکانی جەنگی غەزە سەرجەمی پرەنسیپ و یاساو رێساو پەیماننامەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و مافی گەلانی لە هێزو سیحرو کاریگەریەکانیان  بەتاڵ کردەوەو وێنای جیهانێکی دا بەدەستەوە، بەهێزەکان هەمیشە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بێ هێزەکان دەخۆن و لەوپەری بێویژدانیدا باکیان بە هیچ رەخنەو یاساوپرەنسیپێکی نووسراوو نەنووسراوو ویژدانێکی ئینسانیەوە نیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×