کاتێک لە خەوێکی قووڵ خەبەرت دەبێتەوە، کاتێک لە بەردەم ئاوێنەدا وەستاویت و لە سیماو روخساری خۆت ورد دەبیتەوە، کاتێک بە وردی سەیری وێنەی خۆت دەکەیت، سێ شت، سێ رستەی کورت، سێ تەوژمی تێپەڕی ناو داڵانەکانی خەیاڵێکی پەرش و بڵاوو ئاڵۆزی لە قاڵب دراو رووبەرووت دەبنەوەو لە دەور یەک تەوەردا دەسووڕێنەوە:
من…هی من…بۆ من.
هەموو مرۆڤێک لە رووبەری ژیانی کۆمەڵایەتیدا جارناجارێک رووبەرووی ئەم سێ ڕستەیە دەبێتەوەو کەم تازۆر پێی ئاشنایە و بە مێشکیدا هاتووەو بەکاری هێناوە.
“ من “ لێرەدا سەنتەرە…شوناسەو هەموو شوناس و پێناسەکانی تر گەرەکە ئیلهام لەو وەربگرن و چاولەو بکەن و بە پیرۆزی بزانن. هەرجۆرە دانانی هێمای پرسیارێک لە سەر ئەم “ من” ـە یەکسانە بە هەڵگەڕانەوە لە کۆی ئەو شتانەی من بانگەشەی بۆ دەکات.
“ من” لەم رووبەر و فەزایەدا سەنتەری گشت جووڵە فکریەکان و دەرهاوێشتەی هەست و نەست و هەژمونی تەماحکاریەکانی خۆیەتی. هەست کردن بۆ بوون بە ناوەند بێ پچڕان لە چەکەرەو هەڵکشانێکی بێ وێنەدایە. من لە هەوڵی بێوچاندایە بۆ بوون بە ناوەندی بڕیار، ناوەندی ستراکتۆر، ناوەندی گرووپ و دەستەو تاقم و حزب و سیاسەت و دونیای رۆشنبیری و ئایین و گردبوونەوەکان.
هەر ئەم “ من”ـە داماڵدراوە لەهەموو بیروبیرۆکەیەکی داهێنەرانەو تازەگەری. “ من” تازەگەری و نوێبوونەوە لە کۆمەڵگا رەت دەکاتەوە و بێ بەرنامەترین و بێ ئەلتەرناتیڤترین بکەری ناو دونیا دەست کردەکەی خۆیەتی. بەڵام هەرگیز دان بەم ڕاستیەدا نانێت و تا دەشهێت لە ناو دۆگما تەسکە دەسکردەکەی خۆیدا رۆدەچێ و لە دونیای پراگماتیزمی دەرەوەی دوور دەکەوێتەوەو نکۆڵی لێ دەکات و بەرپەرچی دەداتەوە.
لە دونیای “ من” ـەکاندا ئەوانیتر هەمیشە یا لە پەراوێزدان یا لە ژێر سێبەری خەست و قورسایی “ من” ـە کاندا یەکسان کراون بە ژمارە. ئەم ژمارانە زۆر جار بۆ سەلماندنی خۆیان پەنا بۆ هەموو کردەیەک و یاکارێکی نائینسانی و دوور لە ویژدان دەبنەوەو تا ئەو ئاستەی بۆ گەیشتن بە لوتکەی پاڵ “ من”، بەگژیەکیشدا دەچنەوە.
من لێرە هەموو هەوڵەکانی لە پێناوی پێشڕەوایەتی گرووپ و بزاڤ و کۆڕوکۆبوونەوەو سمینار و بزووتنەوەکاندایە و لەم چوارچێوەیەشدا سڵ لە هیچ ئاکارێکی ناعەقڵانی و نمایشی مێدیایی و نائینسانی و نامەعقول ناکاتەوەو توتی ئاسا قسەدەکات. “ من “رۆحیەتێکی سەرکێشی هەیە بەرامبەر سەرلەبەری ئەو پانتایەی تیایدا چالاکی دەنوێنێ و هەموو دیدگاو بیروبۆچوونێکی پێچەوانە بە نامۆ و دژ و نەیار وێنا دەکات.
ژمارە لەم فۆڕم و لەم دونیایەی “ من “ ـە بە هێزەکان دروستیان کردووە، بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ و عاقڵ و بێ جووڵەو بێ بیرکردنەوەیەکی عەقڵانیە.
ژمارە هەرگیز بیر ناکاتەوە یا ئەگەر بیریش بکاتەوە تەنیا ئەو بەیت و بالۆرەو بەسەرهات و رابردووە دەگێڕێتەوە، ساڵانێکە خووی پێوەگرتووە و بووە بە ئاکارێکی کۆمەڵایەتی لەو پانتایەی بۆی دیاریکراوە.
“ من”ـەکان هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندین. لەوانە ڕاڤەکردنی ئامانج و ئاڕاستەی ژیان و جۆری فکرو بیرکردنەوەو بیروبۆچوونەکان دیاری دەکەن. دیوارێکی ئەستوور بە دەور فکردا هەڵدەچنن و مەودایەک بۆ بیرکردنەوە دیاری دەکەن دوای زەمەنێک و بڕینی چەندین قۆناغ و هەڵکشان و داکشان و بینەوبەردەوە، بۆچوونە بەرتەسکەکانیان لە چەشنی ڕێبازو شێوازو کەرەستەیەکی فکری دەست لێنەدراوو دروست کردنی شوناس وێنا دەکەن.
ژمارەکانی دونیای منەکان رۆژانە و بێ پچڕان بیروبۆچوونە تایبەتیەکانی منەکان دەجوێنەوەو وەک رۆبۆت چی لە ناو مێشکیاندا پرۆگرام کرابێ وەک فاکت و حەقیقەت وێنای بۆ دەکەن. لەم دۆخەدا هەرجۆرە رەخنەو تێبینی و پرسیارێکی عەقڵانی بە تووندی بەرپەرچ دەدرێتەوەو دەخرێتە دەرەوەی ئەو فاکت و حەقیقەتانەی منەکان تەبەنی دەکەن و بە پیرۆزی دەزانن و بە موو لێیان لانادەن.
لەم دونیایەدا فەلسەفەو لۆژیک و عەقڵانیەت هەموو دەرفەتێکی گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوەی لێ دەسەنرێتەوەو لۆژیکێکی رەها هێڵەکانی گفتوگۆو ئاڵۆگۆڕی بیروبۆچوونەکان دیاری دەکات و هێما بۆ یەک ئایدیۆلۆژیاو یەک دیدگاو ئاڕاستەی کاروفکرو جووڵەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات و سەرلەبەری ئاڕاستەکانیتر رەت دەکاتەوەو بە حەرام و گەن و بێ نرخ و ناڕاستیان دەزانێت.
دونیای من و منەکان دونیایەکی لاستیکی و بە رووکەش ئارام و دەست لێنەدراوو پڕ لە ئاشتی و تەناهی و قسەو دروشمی باق و بریقەدارو چەواشەکاری و کامەرانی و پێکەوەژیانێکی رووکەشگەرایە. بەڵام لە ناواخندا رۆحیەتی ئەم دونیایە رۆحیەتێکی ئاڵۆز و گرژو پڕ لە ململانێی “ من”ـەکانی جەمسەربەندی و کوتلەو دەستەگەری و چاوچنۆکیە رووت کراوەکانە لەهەر جۆرە پێکهاتن و یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی و بیرۆکەی پێشخستنی گەشەی کۆمەڵگاو سەرلەنوێ دارشتنەوەی کۆڵەگەکانی کایەی ژیان.