ئەفسانەی غوربەت

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2022-02-07     623

غوربەت دیوە دەرەکیە نەزانراوە تاریکەکەی نیشتیمانە. وێناکردنی ئەوبەر سنوورە جوغرافیەکان  و پانتای پێدەشتەکانی خەیاڵ و ئارەزووە رەنگاڵەکانە بە یۆتۆپیایەکی نەناسراوەوە. 

 

غوربەت بەردەبازێکی گەورەو خاڵێکی وەرچەرخانی کولتوری و  پەڕینەوەو هەڵکەندنی جەستە و  لە کۆڵ نان و کڕاندنی ئەو شتە رۆحیانەیە بە نیشتیمانەوە دەمانبەستنەوە.

 

کاتێک لە غوربەت  ورد دەبیەوەو هەڵوەستە لەسەر کۆنتێکستی رووبەرە دەرەکیەکەی دەکەی، زیاتر لە جارێک فەزایەکی مەجازی لە پێش بینای چاوەکانت و  پانتای خەیاڵتدا خۆی نمایش دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ماهیەتی ڕاستەقینەی  چەمکی غوربەتت بۆ دەرناکەوێ.

 

غوربەت کەرەسەیەکی مەعنەوی نیە بۆ بۆنیادنانی رۆح و ئاراستەکردنیەوە بەرەو پانتای خەیاڵێکی پەرش و بڵاوەوە. هەروەک کەرەسەیەکی بیناسازیش نیە بۆ بیناکردنی کۆشکێکی رازاوە بۆ پشودانی خەیاڵ و داهێنانی شتە نامۆو سەیرەسەمەڕەکانی کایەی ژیان. 

 

غوربەت بەردێک، گوڵێک، خواردنێکی بەتام و چێژ، ڤایرۆس یا یۆتۆپیا نیە بتەوێ لە رێگەی پشکنین و دیراسەو وردبوونەوە لێی، بە ناواخن و تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی ناویەوە بگەی. 

 

 سرووشتی غوربەت  بەجۆرێکە بەردەوام هەڵگری هەستێکی نامۆی نافەرمی ناوەکیە  بە دونیای دەرەوەی خۆیەوە. 

ئەشێ ئەم هەستە لە چرکەساتێکی دیاریکراو یان بە رێکەوت خۆی بکات بە ژوورەوە و تۆی غەریب بە قوڵیەوە هەستی پێ بکەیت و بۆ ماوەیەکی کورت  تووشی حەپەسانێک بیت، مانای ئارامی و ئاسوودەییت بیر بباتەوە. 

 

ژیان لە غوربەت یەکسان نیە بە خۆشبەختی تەواوەوە، یان ژیان لە سەر ئەستێرەیەکی ترەوە، هەروەک یەکسانیش نیە بە تێپەراندنی کات و ساتەوەخت و رۆژ و مانگەکان بێ ئەوەی بیرت لای نیشتیمان نەبێ. 

 

غوربەت دامەزراوەیەکی گەورەی کولتوری فرە رەهەندی سیاسی، ئابوری،  کۆمەڵایەتی، پەروەردە و خاوەن پێکهاتەیەکی بە رواڵەت یەکپارچە و فرە جەمسەرە،  مرۆڤ تا ساڵانێک لەناویدا نەژیت و نەتوێتەوە و بە رۆح و جەستەو هەستەوە ئەزمونی نەکات، هەرگیز  لێی تێناگات. 

 

ژیانی لە نێو سیستەم و پێکهاتەیەکی لەمجۆرەی هەندەران ئەو دەرفەتەت بۆ دەرەخسێنێ،  هەڵپەی توانای پێناسەکردنی  پێکهاتەکانی ناوەوەو جۆری پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و تایپی سیستەم و سیاسەت و ئابوری و کەشی ژیانی کۆمەڵایەتی و نەریتی باڵادەستی ناوەکی ناو ئەم دامەزراوەیە بکەی بە بنەمای پێناسەکردنی شوناسێکی تازەو جیهانبینیەکی نوێوە. 

 

لە غوربەتدا دوای ساڵانێکی زۆر، خەرمانەیەک لە ئەزمون و زانست و زانیاری نوێ دەست دەخەی و هەر لەسەر بنەمای ئەم پاکێجەوە هەوڵی پێناسەکردنی کەسایەتی و گەڵاڵەکردنی پێناسێکی حەقیقی بۆ کەسایەتیت و  دیاری کردنی خولیاو ئارەزوو و خواستە تایبەتیەکانت دەدەی. 

 

شوناسێک رەنگە زۆر جیاوازتر بێ لەو شوناسەی جارانی نیشتیمانی دایک و  ببێت بە بەشێک لە دونیابینی تازە و روانگەی فرەرەهەندی نوێ و بۆچوونی تایبەتی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی  رەگەزە پێکهێنەرەکانی کۆی کایەی ژیانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×