دوای پەلەقاژەیەکی زۆر چرایەک کوژایەوە

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2022-07-03     797

ئەو دڵەی بۆ حاڵی بەد حاڵان بێ وچان لێی دەدا و ترپەی دەهات…سەرەنجام لە لێدان کەوت.
ئەو دڵەی بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ ڕوناک کردنەوەی ماڵە تاریکەکەی هەژاران، دواجار وەستا.
ئەو دڵەی هەمیشە لە خەمی داگیرساندنی چرای ڕوناکی ماڵە هەژارەکاندا بوو، بەرگەی سەختی و ناهەمواریەکانی نەگرت و پەکی کەوت.
ئەو زاتەی لە شەوانی گەرمای تاقەت پرۆکێنی هاوینان و سەرماو سۆڵەی زستانە ساردو سڕو بەفراویەکاندا هەموومانی بە بێ جیاوازی بەسەر دەکردەوە، بەداخەوە بەرگەی نەهامەتیەکانی نەگرت و کۆڵی دا و جێمانی هێشت و کوژایەوە.
هاورێی هەژاران سەربە هیچ قۆتابخانەیەکی فکری دیاریکراوەوە نەبوو.
لە ژیانی ڕۆژانە و شێوازی مامەڵە کردنی لەگەڵ حەشامات و دەورووبەرەوە هەڵگری بیری سۆسیالیزم و لە شێوازی کار کردنی هەڵگری بیری لیبرالیزم و لە چالاکیەکانیدا پێڕەوکاری قوتابخانەی کۆنسێرڤاتیزم و لە دابەشکردنی خێرو بێردا، سەرقافڵەی کاروانی بیری دادپەروەری و سۆسیالیزمی گەل و لە ئاییندا بەخشندە و هەڵگری ڕەوتی  خزمەتگوزاری گەل و نیشتیمان و خاک گەرایی و دژی خۆپەرەستی و لە سیاسەتی ڕۆژانەدا دژی دووڕوویی و فتنەگێڕی و لە ڕووی ڕاگەیاندندا دژی درۆو دەلەسەی ڕاگەیاندن و چەواشەکاری و لە خشتەبردن و بازارگەرمی و ژەنینی زوڕنای درۆی شاخدار بوو.

ئەو هەم نیشتیماپەروەر بوو هەمیش بیری لای گەڕەک و ماڵ و شار و ئاوەدانی و خەمی هەژاران بوو...بەڵام تا سەر ئێسقان دژی ناوچەگەرێتی و خزم خزمێنە و خیانەت و خاکفرۆشی و بازرگانی و بینە بەردەی سیاسی و ژێربەژێر و بن پەردەو ڕێکەوتنە گوماناوەیەکان بوو. 

لای ئەو گەل و گەڕەک و نیشتیمان و کۆڵ نەدان و نەسرەوتن کۆمەڵێک پڕەنسیپی جێگر و گونجاوو نەگۆڕ و پایەدار و ئەبەدی بوون.
ئەو لە پێناوی  روناک کردنەوەی ماڵە تاریکەکاندا سەری نایەوە. 

بۆ ساتێکیش عەوداڵ و وێڵی سەروەت و سامان کۆ کردنەوەو خۆ پڕ کردن نەبوو..هاوسۆزی هەمووان بوو و بە کردەوەش ئەم پڕەنسیپەی خستبووە واری جێ بەجێ کردندا. 

ئەو جیاوازی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا نەدەکرد و تا سەر ئێسقان دژی جیاکاری کۆمەڵایەتی بوو.

هەرچەندە بێوچان  و شەوو ڕۆژ لە کارو چالاکی وتێکۆشان و هەوڵداندا بوو، لێ خەڵکیتر بە ناوی ئەوەوەو لە جیاتی ئەو، پارەیان لە ماڵەکانی گەڕەک وەردەگرت و ئەم زۆر جار لەبەر خۆیەوە دەیگوت:
" ماڵی وێرانم...کێ دەیکا...کێ دەیخوا...!"

...بە داخ و پەژارەیەکی زۆر و ئاه و حەسرەت و ناڵەوە...دوێنێ دڵە گەورەکەی، وێڕای هەوڵی جدی وەستای گەڕەک و تێکردنی گازوائیلی نایاب و دانسقە و عەیار بیست و چواری پاک، چیتر بەرگەی بێدادی فشارو زێدەڕۆیی و داواکاریەکانی گەڕەکی نەگرت و بەو پەڕی شکۆمەندیەوە ماڵئاوایی لە هەموومان کرد و بۆ خەمان جێی هێشتین و هەموومانی خستە ناو تاریکەیەکی قوڵ و گەرماو ئارەقەیەکی زۆرو خەمێکی پر لە تاسە و داماویەوە.

بە داخەوە دوێنێ شەو موەلیدەکەی گەڕەکمان پەکی کەوت

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×