فاشیزمی سپی پێستی پەڕگیر

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2023-12-11     205

هەر بەخۆیان دەیان دەستەواژەو ڕستەی رازەوەیان خستە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و فەلسەفەوە. هەر بەخۆیان دەیان قوتابخانەو رێبازو ئاڕاستەی فکری و فەلسەفی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان داهێنا و وێنای دونیایان پێ کرد. 

 

هەربەخۆیان کۆمەڵگاکانیان دابەشی سەر چەپ و ڕاست و ڕاستی ناوەند و رادیکاڵیزم و رادیکاڵیزمی چەپ و لەم دواییەشدا پۆپۆلیزم و لیبرالیزم و نیولیبراڵیزم کرد. فەلسەفەی دیموکراسی لەدایک بوو و کاپیتالیزم و سۆشیالیزمیش هاتنە نێو دونیای سیاسەت و فکرەوە.

 

رەنگە پاڵنەری بیرمەندان و روناکبیرانی پشت ئەم مەفاهیمە تازانەی دونیای فکرو فەلسەفەو سیاسەت، خەمی گشتی و بەرهەڤ کردنی دونیایەکی جوانتر بووبێت. بۆی هەیە ئەمان لە روانگەی خەمخۆریان بۆ کۆمەڵگاکان و چاکەی گشتی و هێنانەئارای یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی و رۆشنگەری و هۆشیاری و دونیایەکی تازە،  چەندین دیدگاو روانگەی فەلسەفی و پراگماتیکیان خستبێتە سەر پانتای هزروبیرو فکرو خەرمانەی دەسکەوتە ئایدیۆلۆژیاکانیانەوە. 

 

بەڵام ئەوەی لە ئەرزی واقعدا کرا بە ئاکارو رەفتارو گوفتارو گوتاری بکەرانی سەرخستنی پرۆژەی دیموکراسیەوە،  نەک هەر بنەبڕی سەرجەم گرفتەکانی  دونیای فکری مرۆڤایەتی و ئابوری نەکرد، بەڵکو بەشێک لەم چەمکانە کران بە دەسکەڵاو ئامرازێک بەمەبەستی دەسخەرۆدان و لەخشتەبردنی بەشە خەوتووە ناهۆشیارەکەی کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان و درێژەدان بە هەژمون و باڵادەستی و سەپاندنی دونیابینی و دیدگاکانی تایبەت بە خۆیان و سەپاندنی بەسەر گلانی تردا. 

 

لە دونیای رۆژئاواو هزروفکرو مەعریفە و تێگەیشتنی سیاسیەکان لە سیاسەت، ئایین و ئایدیای دەوڵەت و ئایدیۆلۆژی دووانەی یەک نین. ئەم دوو چەمکە هەم لە رووی تیۆری و هەم لە رووی پراکتیکەوە لێک جیاکراونەتەوەو دوو دونیای تەواو نامۆ و جیاوازن بە یەکتریەوەو بە ( بە رووکەش) دەوڵەتانی سەر بە جەمسەری عیلمانی رەهان. 

 

بە رووکەش و وەک فێڵێکی سیاسی فەزای سیاسەت و دونیای سیاسیەکان لە گشت مەفاهیمە ئایینیەکان جیاکراونەتەوە و  وا وێنا دەکرێ سیاسەت لە رۆژئاوا بە هیچ شێوەیەک کاریگەری ئایین و مەفاهیم و پەیامە ئایینیەکانی ( مەسیحیەت) بەسەرەوە نیە. 

 

دیموکراسی و سیاسەت لە دونیای دەسەڵاتسازو دەسەڵاتدارە رۆژئاواییەکان وا وێنادەکرێ ئامرازێکە بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا بەهەموو سێکتەرەکانیەوە و هەرگیز ناکەوێتە ژێر کاریگەری ئایین و پەیامە رۆحی و  ئایینیەکانەوەو تەواو سەربەخۆیە. 

 

دەسەڵاتدارو هزرمەندە رۆژئاواییەکان وەک گشتێکی پەرگیرکراو لە ئایین دەروانن و لە رووی تیۆریەوە خۆیان بە دەستەبژێرێکی هەڵبژێردراوی گەلانی پێشکەوتووخوازی رۆژئاوا و نوێنەری ڕاستەقینەو باڵادەست و سەروو سرووشت و  یاسا و رێسا ئاسمانیەکان و خواوە وێنادەکەن. بەڵام لە ئاکار و کرداردا رێک پێچەوانەی ئەم ئیدیعایانە دەجووڵێنەوەو تا سەر ئێسقان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئایین و بە موو لە پەیامە دینیەکانیان ( مەسیحیەت) لانادەن. 

 

چەواشەکاری و پارادۆکسی سیاسیەکانی رۆژئاوا لەوەو دەردەکەوێ هیچ بریارێک و راسپاردەو یاسایەک دەرناکەن پێچەوانەی دونیابینیە بەرتەسک و فەلسەفە و باوەرە ئایینیەکانیانەوە بێت. 

 

بە رواڵەت و  وەک هەوڵێکی چەواشەکردنی رای گشتی و کۆمەڵگای دەستەمۆکراوی خەوی “دیموکراسی” و خەونی بەختەوەری و روئیای یەکسانی باس لە یەکسان بوونی ئایین و مافە دەستوریەکانی کۆچبەران و تەنانەت هاوڵاتیە رەسەنە بێ دینەکانی خۆشیان دەکەن. بەڵام لە کرداردا هیچ یاسایەک دەرناکەن و هیچ لێدوانێک نادەن،  پەیام و پرەنسیپە بەرتەسکە ئایینیەکانی خۆیان بخاتە پەراوێزەوەو لەگەڵ دونیابینی ئەمان هاوتەریب نەبێت و دژی بوەستێتەوە. 

 

گشتیان پشتگیری مادی و مەعنەوی دەوڵەتيکی  تاسەر ئێسقان فاشیستی ئایینی و سەرۆک وەزیرانێکی دەمارگیری ئایینی وەک ناتانیاهۆ و سیستەمی رەگەزپەرستی حوکمرانی ئیسرائیل دەکەن. 

 ئەم دەستەبژێرە سیاسیە وەک کۆمەڵە گەمژەیەکی مەستی دیموکراسی خوێن لێ چۆڕاو خۆیان لەو قەسابخانەیە دەبورن و چاویان دادەخەن، سوپا فاشیستەکەی یەهود بە بیانوی جەنگی حەماسی بەکرێگیراوەوە لە کەرتی غەزە بەرپای کردووەو بێ سڵەمینەوە لە هیچ بەربەستێک و ترسێک و یاساو رێساو پەیمان نامەیەکەوە بەربۆتە گیان ژنومنداڵی بێ تاوانەوەو دڕندانە لە قەڵاچۆکردنیان بەردەوامە. 

 

پارادۆکسی  رەفتاروئاکاری دژبەیەکی دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای دووروو بەرامبەر بە هەموو کێشەوگرفتەکانی گۆشەوکەناری جیهان یەک و دووان نین. 

 

پوتین بەلای ئەوانەوە تاوانباری جەنگ و دیکتاتۆرێکی ملهوڕو داگیرکارە، کەچی بەرامبەر بە هەمان تاوان بەڵام بە قەوارەیەکی گەورەترو ترسناکتر، سەریان لە ئاست وەحشیگەریەکانی دەوڵەتە دینیەکەی ئیسرائیل یا ژەنەراڵە ملهوڕە بوزیەکانی وڵاتی بۆرما ( میانمار)،  یا سیاسەتە رەگەزپەرەستیەکی دەوڵەتی تورک دهەمبەر دۆزی کورد، خستۆتە ژێر بەفرەوە خۆیان لە نەفامی داوە. لەپاڵ ئەمەشدا پشتگیری سەتاسەتی دەوڵەتە ئایینیە فاشیستیەکەی ئیسرائیل دەکەن و فرمێسکی بۆ دەرێژن. 

 

ئەم دەستەبژێرە لەهەرشوێنێک بەرژەوەندیە ئابوری و ژیاریەکانیان کەوتنە ژێر مەترسیەوە، یەکسەر کارتی مافی مرۆڤی بەروویدا بەرز دەکەنەوەو دەنگی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەکردن و سزادان هەڵدەبڕن و تووشی هیستریا دەبن. 

 

رۆژئاوا بەم ئاکارو هەڵوێستە پارادۆکسەیەوە گەورەترین هێمای پرسیاری خستۆتە سەر بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و مێژوویی و ئینسانی و پروپاگندەکانی خۆیەوە. 

بەشێکی سەرەکی لە سیاسیە پۆپۆلیستیەکانی رۆژئاوا هەڵگری هەمان  فکر و خەسڵەتەکانی فاشیزمی پەڕگیرین، سەردەمانی پێشوو 

باوانیان رووبەرووی بوونەوە. 

 

ئەم نەوەیەی حوکمران و سیاسیەکانی ئێستای سەردەمی پۆست مۆدێڕنێتەی رۆژئاوا تەنانەت لەگەڵ  گەلان و پەیامەکانی خۆشیان ڕاستگۆ نین. 

ئەمان دوای هەڵگیرسانی دوو جەنگی ماڵوێرانکاری جیهانی و بەکوشتدانی هەفتاملیۆن مرۆڤ، سەلماندیان بەکۆلۆنیال کردن و خەواندنی گەلان بەردەوامە، بەڵام بە مۆدێل و فۆڕم و چوارچێوەیەکی نائەخلاقی تازەو لەژێر دەمامکی دیموکراسی و  پەردەی درووشمە لاستیکیەکانی مافی مرۆڤ و  مەتەلی “دیموکراسی” و ئازادی و یەکسانیەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×