نکۆڵیکردن
شۆرش خالید ئاژگەیی
2021-11-11   465
رەنگە نەتوانی کێوێک بگوازیتەوە، بەڵام بێگومان توانای گۆڕینی ئاراستەیەکی چەوت و پڕکێشەو ئاڵۆزو ناشرینت هەیە.
گۆڕینی ئاراستەیەکی چەوت و ناشرین، بە نکۆڵیکردن لە بوونی کێشەکان و کەڵەکەبوونیان هیچی لێ شین نابێت.
نکۆڵیکردن یا گاڵتەکردن بە عەقڵی ئەم و ئەو و سەرخستنە ژێر بەفر و گوێچکەداخستن بۆ نەبیستنی حەقیقەت، بەرلەهەمووکەس فێڵ کردنە لە خۆت….بە هەدەردانی رەنجو ماندووبوون و بەبادادانی دەسکەوتەکانە لە چاوترووکانێکدا یا لە چرکەساتێکی چاوەروان نەکراوی ناخ هەژێندا.
کەڵەکەبوونی کێشەوگرفت سەرباری ئەوەی لە ئێستای ئاڵۆزکاودا دەرفەتی هەناسەدان و پشوو وەرگرتنی کاتیت پێ نابەخشێت، بێگومان لە دوورمەودادا ئەوەندە بەرچاوروونیەی هەشتە لێتی زەوت دەکات و دەتخاتە سەر دووڕیانی چەند بژاردەیەکی نەخوازراوو وەلانانی بژاردە دڵخوازەکەتەوە…
ئەمەش بەهۆی زیاتر ئاڵۆز بوون و تەماوی بوونی دۆخەکە و فریانەکەوتنت بۆ پڕژانت بەسەر کۆی گشتی دۆسیەی کێشەو گرفت و ئاستەنگەکانەوە.
وێنەکە دیارو رۆشنە:
پەردەهەڵماڵین لەسەر چەوتی و چەوتەکان و دەستوبرد کردن لە هەڵێنانی هەنگاوە کاراکان و رووخاندنی دیوارەکان و کورت کردنەوەی مەوداکان لە پێناو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و هێنانە کایەی سەقامگیری و دۆخی دڵنیایی و بەرگرتن لە تەوژمی هەژمونی نەخوازراوەکان،…
لە پاڵ ئەمەشدا، ئامادەیی هەست کردن بە بەرپرسیارەتی فعلی و سەرخستنی تواناکان و تۆخ کردنەوەی بەها جوانەکانی گەرەکە، نەک دووبارەکردنەوەی وتاری بارگاوی کراو بە جوانیەکانی رابردوو.