بێ زەحمەت پرسیارێك؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-09-26   

                       بەشی یەكەم

ڕۆژێك لەڕۆژان لەخۆت پرسیوە گەلی كورد لەپێناوی چیدا خەبات دەكات ؟.

بۆچی تا ئێستا گەلی كورد نەیتوانیوە بە مافەكلنی خۆی بگات ؟.

خۆ ئەگەر ئەم پرسیارە ئاراستەی بەرامبەرەكەت یان هەر كەسێكیتر بكەی ڕەنگە زۆر بە سەرسوڕمان و  كەمێكیش بە گاڵتە ئامێزەوە  پێت بڵێن : بۆچی تا ئێستا نازانی گەلی كورد لە پێناوی چیدا خەبات دەكات؟.  گەلی كورد چەكی شەرەف وكەرامەت و بەرگری لە شان كردووە و بڕیاری داوە بجەنگێت لە پێناوی وەرگرتنی مافە زەوت كراوەكانی وگێرانەوەی  خاكە داگیركراوەكەی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی  . منیش دەتوانم بلێم :

 لە سەرەتای دەست پێكی  شۆڕشی ئایلولی سالی 1961 ئاگاداری هەموو ڕوداوەكانم تا ئەمڕۆ ، خۆشم لە سەرەتای دروست بوونی شۆڕشی ئایلولەوە لە سالێ 1961 كە ئەوكات قوتابی پۆلی یەكی ناوەندی بووم ، پەیوەندیم كرد بە  یەكێتی قوتابیانی كورستان و دواییش بووم بە ئەندامی پارتی . بەڵام دوای تێپەڕبوونی 55 ساڵ بەسەر مێژووی شۆڕشی ئایلولدا ئێستا بەچاوی خۆم دەبینم نەك هیچ مافێكی زەوت كراوی خۆمان وەرنەگرتوەوهیچ بستە ئەرزێكیشمان نەخستۆتەوە سەر خاكی كوردستانی داگیر كراو ، جگە لەو هەموو ماڵ وێرانییەی بەسەر گەلی كورد هاتووە هەر لە كوشتن ، ڕاگواستن ، كیمیاباران ، ئەنفاڵ ، كۆڕەوی یەك ملیۆنی ، ئێستا مەترسی گەورە لەسەر ئەو خاكەش ماوە كە ئێستا لەسەری دەژین . مەسەلەیەكی كوردی هەیە دەڵێت  (چاكی مەكە با خراپ نەبێ ) لە ڕاستیدا ئێمە پێمان چاك نەكرا ، بەلام زۆر باش پێمان خراپ كرا . خۆ ئەگەر كەمێك بۆ دواوە بگەڕێینەوە و كەمێك چاو بە  گەلانی ژێردەستەدا بخشێنینەوە ، زۆر بە ڕونی بۆمان دەردەكەوێت كە بەدەیان و سەدان گەلانی ژێر دەستە هەبوون كە لە ڕێگای خەباتەوە ڕزگاربوون و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان پێك هێناوە . كەواتە لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە لەخۆمانی بكەین : بۆچی  تائێستا گەلی كورد لەدوای  ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە نەیتوانیوە دەوڵەت بۆخۆی دروست بكات ، لە كاتێكدا دەوڵەتی عێراق و سوریاو ئەردەن و لوبنان و سعودیەو یەمەن ، كە پێشتر دەوڵەت نەبوون و لە سەركەلاكی دەوڵەتی عوسمانی كران بەدەوڵەت . ئەوەی شایانی باسە  لێرەدا ئەوەیە كە كورد یەكێكە لەكۆنترین گەلانی ناوچەكەو بەدڕێژایی مێژوو لەسەر خاكی خۆی ژیاوە  ؟.

گومانی تێدا نییە هۆكاری زۆر هەن  كە بوونە لەمپەڕ لە بەر دەم دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردی . من لێرەدا زۆر بەكورتی باسی هۆكارە سەرەكییەكانی دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردی دەكەم . هۆكاری سەرەكیەكان ئەمانەن . 1- ئایینی ئیسلام  2- دواكەوتویی میللەتی كورد كە هەموویان لە شێوەی هۆزو خێڵدابون و هەمیشە خەرێكی دوژمنایەتی وشەڕی یەكتری بوون وكەسیان بە كەسیان ڕازی نەبوون .

3–  نەبوونی  سەركردەیەكی كارێزما كە بتوانێت گەلی كورد یەك بخات و لە ژێردەستەیی ڕزگاربكات .  4- لە سەردەمی ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و پێك هێنانی چەندین دەوڵەتی عەرەبی لەسەرپاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی ، لە بەرژوەندی دەوڵەتانی زلهێزو هاو پەیماناندا نەبووە كورد بكەنە خاوەنی دەوڵەت .ئەوەش هۆكاری هەبووە وئێستا بەدرێژی باسی  ئەو چوار هۆكارە دەكەین :

یەكەم :ئایینی ئیسلام : زۆرینەی كورد موسوڵمانن . كورد لەخۆیەوەو بە ویستی خۆی ئایینی ئیسلامی قبوڵ نەكردووە ، بەلكولە ژێر فشارو بەزۆر كراوە بەئیسلام لەترسی كوشتن وتالانكردنی سامانیان و كردنی كچ وژن بەكەنیزەك . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كوردیش وەكوهەموو نەتەوەكانیتربەسەلامەتی دەرنەچووەو بە هەزاران كورد كوژراون و تالان كراون و كچ وژنیان بەدیل گیراون و كراون بە كەنیزەك و جوانەكانیان نێردراون بۆ خەلیفەو سەركردە ئیسلامیەكان و ئەوانیتریش یان فرۆشراون یان كراون بەكارە كەری بەرپرسانی  ئیسلامی و سوكایەتیان پێكراوە . ئەوەی پشتڕاستی ئەوە دەكاتەوە كە میللەتی كورد بەزۆر كراوە بەئیسلام ، ئەوەیە كە پێغەمەرەكەی عەرەب بووەو سەرچاوەی ئایینەكەش  قورئان بووە ، كە بەزمانی عەرەبی بووە ، لە ڕاستیدا هیچیان پەیوەندییان بە كوردەوە نییە چونكە خوا خۆی لە قورئاندا دەفەرموێت ،بۆ هەموومیللەتێك پێغەمبەرێكمان ناردووە كە بە زمانی خۆیان قسەیان لەگەڵ بكات .

 ئەوەی گرنگە لێرەدا قسەی لەسەر بكەین ئەوەیە هەموو میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئەوانەشەوە كەپێشتر عەرەبیش نەبوون ،توانیویانە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژوەندی وسودی خۆیان بەكاری بهێنن .بەڵام ئەوەی جێێ سەرسوڕمانە ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی كە كوردیان تێدایە  بەردەوام كوردیان چەوساندۆتەوەو خاكیان داگیر كردون و دەربەدەریان كردوون ،   بە پێی بەرنامەی ئایینی ئیسلام  موسوڵمانان لەهەر شوێنێك بن دەبی برای یەكترین ، باشە ئەی نابی كورد لەخۆی بپرسێت بۆچی بۆ میللەتانی تری موسوڵمان ڕەوایە خاوەنی دەوڵەتی خۆیانبن و كوردیش ژێردەستەی ئەوانبێت ؟.

لەهەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە كە كورد ئێستاشی پێوەبێت ،خۆی بە ئیسلامتر دەزانێت  لە وڵاتانی ترو توانجیان لێ ئەدەن كە لە ڕێگای ڕاستی ئیسلام لایانداوە ،بێ خەبەر لەوەی ئەوان ئیسلام بەكار دەهێنن بۆ بەرژوەندی خۆیان و لە ڕێگای ئیسلام خۆیەوە كوردیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیانەوەو كڵاویانكردونە سەرو بەردەوام پێیان دەڵێن :ئێمەهەموومان برای یەكترین، بەڵام كەس ناپرسێت چۆن برایەك ؟. كاتێك دەوڵەتی عوسمانی ڕوخاو هاوپەیمانان خەرێكی دروستكردنی چەندین دەوڵەتی نوێ  بوون لەناوچەكە لەسەر مێراتی دوڵەتی عوسمانی ،كوردیش یەكێك بوولەو نەتەوانەی داوای دەوڵەتی سەربەخۆیان دەكرد بۆ كورد .

 شێخ محمودی نەمر سەركردایەتی شۆڕشی كوردی دەكردوو داوای مافەكانی كوردی دەكرد لەباشوری كوردستان .دواجار ئینگلیزەكان شێخ محمودیان دەسگیركردوو ناردیان بۆ هندستان. بەڵام دوایی  ئینگلیزەكان ناچار بوون خۆیان بیهێننەوەو بیكەن بە حوكمڕانی  كوردستان .لێرەدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بكەین كوردیش بێدەنگ نەبووەو بەردەوام لەهەوڵدابوون . لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە ڕۆڵی ئایینی ئیسلام بكەم كە ببوو بە لەمپەڕو هۆكاری دروست نە بوونی دەوڵەتی كوردی .

ئەوكاتەی كە باشوری كوردستان لە ژێر دەستی ئینگلیزەكاندا بوو، هەموو میللەتانی ناوچەكەش هەوڵیان ئەدا دەوڵەت بۆخۆیان دروست بكەن ، پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی كە توركیای ئێستایە كێشەو ئاڵۆزی زۆری تێدابوو ، كوردانی ئەوسنوورەو ئەرمەنییەكانیش داوای ئازادی و سەربەخۆی و  دروستكردنی دەوڵەتیان دەكرد . كەمال ئەتاتورك پیاوێكی زیرەك وسیاسەت مەدارێكی گرینگی ئەوكاتە بووەو لە بیری ئەوەدا بووە  لە سەر پاشماوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی دەوڵتێك بۆ تورك دروست بكات .بەڵام دەبێنێت ژمارەی كوردوئەرمەنی ئێجگار زۆرن و ئەوكارەی بۆ ئاسان نابێت .

كەمال ئەتاتورك زۆر زیرەك بوو ، لە ڕێگای ئایینی ئیسلامەوە شەڕی نێوان كوردو ئەرمەنییەكانی دروست كرد   . كەمال ئەتاتورك پەیمانی زۆر بەكورد دەدات كە مافەكانیان بۆ دابین بكات لە چوار چێوەی دەوڵەتی توركیای ئێستادا . هەنگاوی یەكەم بۆ ئەوەی لە دەستی ئەرمەنییەكان ڕزگاری ببێت ، بەناوی ئیسلامە حەیاتەكەوە كوردەكان بە گژ ئەرمەییەكاندا دەكات وخۆشی لە پاڵ كوردەكاندا  ئەرمەنییەكان قەتڵ وعام دەكەن و بە سەدان هەزاریان لێ  دەكوژن و چیتر ناتوانن داوای مافیخۆیان بكەن .ئەوە خاڵێكی ڕەشە بەناوچاوانی كوردەوە كە بوونەبە شێك لە سوپای تورك بۆ كوشتن ولەناوبردنی ئەرمەنییەكان . دوای ئەوەی كەمال ئەتاتورك ئەرمەنییەكان لەناودەبات بەیارمەتی كوردەكان ، دوای  ئەوە دەست دەكات بەكوشتن و ڕاوەدونانی كوردەكان وئاوارە كردنیان لەسەر زێدی خۆیان و بڵاوە پێكردنیان  بۆ ناوچە جیاوازەكانی ناوخاكی توركیا .

كەواتە بەناوی ئیسلامەوە  كوردەكان ئەرمەنیەكانیان لەناوبرد .  توركەكان هەر بەوە ڕازی نەدەبوون توركیای ئێستا لە ژێر دەستیاندا بێت و دەیانەوێست ویلایەتی موسڵیش بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان . ویلایەتی موسڵ هەموو باشوری كوردستان دەگرێتەوە  . بۆیەهەمیشە پەیوەندییان لە لایەك  بە شێخ محمودی نەمرەوە دەكرد لە لایەكی تریشەوە بەكەسانی ڕۆشنبیروسەرۆك هۆزو هانیان ئەدان دژی ئینگلیزبوەستنەوە بەناوی ئەوەی ئەوانكافرن .تا ڕادەیەكی زۆركەمال ئەتاتورك  سەركەوتوبوەو بەردەوام كێشەی بۆ ئینگلیزدروست كردوە .لەشاری سڵیمانی كۆمەڵێك خەڵك هەبوون بەناوی جل خوارەكانەوە كە بەردەوام بانگەشەیان بۆ توركیا كردووە . زۆر جار توركەكان توانیویانە لەرێگای هێزەكەی شێخ محمودو ئەو سەرۆك هۆزانەی پەیوەندیان بە توركیاوە هەبووە ، پاشەكشە بەهێزەكانی ئینگلیزبكەن تا كەركوك و زۆر جار خوارتریش .ئەوەی كە زۆر كاریگەری خراپی هەبووە لە سەر دواڕۆژی كورد لەوكاتەدا ئەوەبووە ، شێخ محمود بەتەواوی خۆی ساغ نەكردۆتەوە بەلای ئینگلیزداو بەكوردی لەگەڵ هەردوك لابووە. لەوكاتەدا لایەنە دینییەكە زاڵ بووە بەسەربیری شێخ محموددا وتەنانەت ئینگلیزەكانی بەكافروپیس زانیوە . بۆیە دواجار ئینگلیزەكان لە شێخ محمود بێ هیوا دەبن پەلاماری سلێمانی ئەدەن وشێخ مەحمود بەرەوشارباژێرو سەر سنووری ئێران پاشە كشە دەكات .

ئەوەی  لێرەدا نوسیومە سەرە قەڵەمێكی كورتەو ئەومێژوە  زۆر دورو درێژەو بە دەیان كتێب تەواونابێت .من لێرەدا مەبەستم  ئەوەبووكە ئەوە وەبیر خوێنەری كوردو هاوڵاتیان بهێنمەوە لەوكاتە هەستیارەدا كەسەردەمی پێك هێنانی دەوڵەتانی نوێ بووە لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی ، كورد بەناوی ئیسلامەوە نەك هەر خەڵەتێنراوە ، بەڵكو كردویانە بە بكوژو دوژمنی ڕاستقینەی ئەرمەنییەكان . واتە لەبری ئەوەی  كورد شەڕ لەپێناوی خۆیدا بكات شەری ئەرمەنییەكانیان پێكردون ،  لەكاتێكدا ئەوانیش وەكوكورد داوای مافی خۆیان كردووەو دەبوو كورد ببنە هاوپەیمانی ئەوان .

 دوای ئەوەی ئینگلیزبێ هوا دەبێت لەكوردو شۆرشەكەی شێخ محمود ، كەدەستبەرداری توركیا نابن و نابنە لایەنگری ئینگلیز ، خانمە سیسەتمەداری ئەوكاتەی ئێنگلیز لەعێراق میس بیڵ، دەگاتە ئەوبڕوایەی دروستكردنی دەوڵەتی عێراقی بێ ویلایەتی موسڵ مانایەكی نابێت ، باشوری كوردستان دەكەنە بەشێك لەدەوڵەتی ئێستای عێراق .  ئەگەر لەوكاتەدا كورد سیاسەت مەداری شارەزاو لێزانی هەبوایەوخۆیان بكردایە بەپشتیوانی ئینگلیزو دەستبەرداری تورك ببونایە بەدوور نەدەزانرا دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكەن لەسەر خاكی ئێستای عێراق وئەوشوێنانەی زۆرینەی عەرەب بوون كە كەوتونە خواروی عێراقەوە ، بلكێنران بە وڵاتانی وەكو ئەردەن وسعودیەو لە بری دەوڵەتی ئێستای عێراق ،دەوڵەتی كوردی دروست بوایە ،  بەڵام سەد مەخابن  كورد ئەودەرفەتە مێژووییەی لە دەست داو كڵاویان كردنە سەر بەناوی ئیسلامەوەو گوایە لەهەر شوێنێكبن برای یەكترین .بەڵام دواجار كوردان كران بەبرای ژێردەستە.  ئێستا بەچاوی خۆتان ببینن چۆن ئەوهەموو گروپ وحیزبە ئیسلامیانە لە لایەن برا موسوڵمانەكانی كوردەوە دروستكراون بۆ دژایەتی كوردخۆی وبە ئاشكرا بوونە جاسوس و بەكرێگیراوی دوژمنانی كورد و كوردستانیان كردۆتە  وەكرو لانەی جاسوسی ئەوان .كەواتە ئایینی ئیسلام هۆكاری یەكەم و سەرەكی بووە لەبەردەم دروست نەبوونی دەوڵەتی كوردیدا .چاوەڕانی بەشی دووەمی ئەم باسە بكەن .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×