ئەگەر تەماشای ئاڵای ھەر وڵاتێک بکەین دەبینین لە چەند ڕەنگ و ھێما و شێوەیەک پێک ھاتووە و ھەر یەک لەمانەش بۆ خۆی واتایەکی ھەیە. ھیندییەکان و چینییەکان بۆ یەکەم جار ئاڵایان بەکار ھێناوە و فارسەکانیش لە ۵۰۰ بۆ ۳۳۰ پ.ز ئاڵایان بەکارھێناوە کە ناوی (دەرفش کاڤیان)بووە.
بەم شێوەیە ئاڵا بووە بە ھێمای زۆر میللەت و نەتەوە بۆ گوزارشت کردن لە بەھاکانیان لە نیو ئاڵاکەدا. جا بە ھۆی ڕەنگەوە بێت یان ھێما یاخود ھەر بەھۆی ھەر شتێکی دیکەوە بێت.
کوردیش وەک ھەر گەلێک ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی ھەیە کە پێی دەوترێت ئاڵای کوردستان. ئەم ئاڵایەش بۆ یەکەم جار لە لایەن بزوتنەوەی خۆییبوونەوە لە باکوری کوردستان داھێنراو و بەکارھات و دواتر لە سەردەمی کۆماری مھابات و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ھەرێمی کوردستان ئەم پارچە پەڕۆ نەخشێنراوە بە ئاڵاو شانازی خۆی دەزانێت.
ئەگەر چی سەردەمێک لە ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتداران دژی ئەم ئاڵایە بوون؍ وەلی ئێستا کوردایەتی بە ژمارەی ئەو ئاڵایانە ئەپێورێت کە لە سەر بارەگای حیزب ھەڵدەکرێت و لە پشتی سەرۆکەکان و بە سنگی سیاسییەکانەوە ھەڵدەواسرێت؍ نەک ژمارەی دەستکەوتە نەتەوەیی و دارایی و ھتد یە دابینکراوەکان. ئەمە لەوەش بگەڕێ کاتێ لە بەر خاتری وەفد و کەسایەتی ئەقلیمی ئەم پێوەرانە بیر دەچنەوە و ئاڵاکان کۆدەکرێنەوە.
جا بۆیە ئەڵێم ئەگەر ئاڵای ئەوانی دیکە تەنھا لە ئەنجامی شەڕ و داگیرکاری دابگیرێت ئەوا ئاڵاکەی لە مەڕ خۆمان ھەر بە دەست و بڕیاری خۆمان دەمێ یاساغە و دەمێ یاسایە؍ دەمێ خیانەت و دەمێ کوردایەتییە! ھەر بە وێنەی ھەموو شتەکانی دی ئاڵاکەشمان ھەندێ جار وون و ھەندێ جار شەکاوەیە.
پرسیارێکی جەوھەری ھەیە ھەق وایە بیرێکی لێ بکەینەوە ئاڵایەک کە لە پارچەیەک پەڕۆ پێکھاتبێت؍ کە لەوانەیە ھەر بە ڕێکەوت ھونەرمەندێک یان بیرمەندێک یاخود سیاسییەک نەخشەی کێشابێت؍ ئاخۆ ئەم قودسییەت وپیرۆزییەی لە کوێوە بە دەستھێنابێت.؟ دەستی کام شێخی سەرکردە و سەییدی نەژادپەرست ئەم ھێزی تەفڕکی پێدابێت؟
کەس ھێندەی نەرویجییەک شانازی بە خاک و وڵات و سەروەرییەکانی خۆیەوە ناکات؍ بەڵام لێرە پێڵاوی وەرزشی و گۆرەوی و جلی ژێرەوە و تەنانەت دەستەسڕی تەوالێتیشم بینیوە کە بە ئاڵای نەرویجی نەخشێنراوە جا بۆ یادگارییەک بێت یان بۆ بەکارھێنان بێت. تۆ سەروەری و خۆشگوزەرانی دابین بکە ؍ ئاڵاکەت خۆ بە خۆ پیرۆز ئەبێت!
لە جیھاندا ئاڵا زۆرن؍ زۆرینەی زۆریشیان لە گۆڕەپانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە یەک بەرزی و بە یەک ئەندازە ئەشەکێنەوە؍ بەڵام لە ڕاستیدا ھەرگیز وڵاتەکانیان بە ھەمان قەبارە باڵای سەروەری و بەخشندەییان بۆ میللەتی خۆیان وبۆ مرۆڤایەتی وەک یەک بەرز نین و ئەندازەی پەیامدارییان بۆ ژیان و بۆ جیھان وەکو یەک مەزن نین.
لە کوێ ئاڵای ھۆڵەندا کە خۆشگوزرانی کەم وێنەی بۆ ھاوڵاتیانی خۆی دابین کردووە یەکسانە بە ئاڵای بوروندی کە تەنھا بووە بە مایەی برسێتی و ھەژاری بۆ ھاوڵاتییانی خۆی ؟
ئەبێ دانیمارکییەک ئاڵاکەی بە ناسنامە و شانازی بۆ خۆی بزانێ کە بە وڵاتی کەمترین ڕێژەی گەندەڵی دەستنیشان کراوە یان سۆماڵییەک کە لە وڵاتە ھەرە گەندەڵەکانی جیھانە؟
ئەگەر ئاڵا ھەر بۆ شانازی لە سەر باڵەخانەکان و لە مەرزەکاندا ھەڵبدرێت ئەوا ئەمریکا لە ۱۹٦۹ ەوە وەک شانازییەک ئاڵاکەی لە سەر ڕووی مانگدا ھەڵکردووە و ئەشەکێتەوە.
جگە لە شانازی ھەندێ جار چارەنووسی ئاڵا سووتاندنە وەک کاردانەوە. لە دانیمارک لە ژێر چەتری ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرێک ئەبێتە ھۆی سووتاندنی ئاڵاکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا سەددان ھەزار پەنابەری ئەو ناوچانەی لە ژێر سێبەری ھەمان ئاڵای سووتێنراو دەحەوێنەوە.
لە ۱۹٤۸ ەوە عەرەب ئاڵای ئیسرائیل ئەسووتێنێ کەچی زەڕڕەیەک لەو پرشنگە دیمکراتییەی تەلئەبیبی خەففە نەکرد لە کاتێکدا سەددان ھەزار عەرەبی ئیسرائیلی لە ژێر سایەی ئاڵای خۆشگوزەرانیی زۆر لە براکانیان لە غەززە باشتر دەژین.
لە نێو ھەموو ئەو نموونانە ئاخۆئاڵای کوردستان چۆن پێناسە بکەین و لە ڕیزی کام ئاڵا و لە پۆلێنی کام لەو میللەتانە دای بنێین؟ ئایە ئاڵای سەرکەوتنە؟ ئاڵای کام شانازی و کام سەروەرییە؟
ماوەتەوە بڵێم گەر پایە بەرز شێرکۆ بێکەس ڕوو بکاتە نشتیمان و پێی بڵێ" من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانم یان نەیخەم؍ چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێ چی؟!" مەگەر ئێمەش ڕوو بکەینە ئاڵاکەمان و پێی بڵێین " ئێمە تۆ لە دڵماندا ھەڵبکەین یان ھەڵنەکەین چی لە خاکی دابڕاو و ئابوری سەرخوراو و دادگای سەربڕاومان ئەگۆڕێ چی؟!"
ئەمڕۆ ئاڵای تورکی لە سەر زۆرێک لە لوتکەکانی بادینان ئەکەشێتەوە و ئاڵاکەی خۆشمان بووە بە شانازی بۆ بەرپرس و حزبانێک کە لە داگیرکەر خراپتریان بە کوردستان کردووە.
ئەگەر قەرار بێ ئاڵای کوردستانم خۆش بوێ، ئەبێ بەر لە ھەر شتێکی ئاڵاکە لەوان بسێنمەوە و بیدەم لە ئێخەی گەرێلا و گۆڕی شەھید و بیدەم لە سنگی دایک و باوکی شەھید و بیئاڵێنم لە ئێسک و پروسکی ئەنفال و پەیکەرەکەی عومەری خاوەر و مامۆستایەکی بێ مووچە و دەستگێڕێکی شێخ اللە و عەربانچییەکی بەر بەلدێکە و مناڵێکی ئاوارەی کەرکوک، بیدەم لە سنگی دەمیرتاش و شیروان شیروانی و بیئاڵێنم لە گۆڕی سەردەشت عوسمان و کاوە و سۆران و بیئاڵێنم لە قژی ژینا ئەمینی و گۆرەکەی قازی و ئەنجا بەرز ھەڵیبکەم و سەر لە ئاستیدا دابنەوێنم.