چەند رۆژێک لەوەپێش دەرگای باخچەی ساوایان، قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان کرایەوە، بەسەدان هەزار خوێندكار ڕوویان کردەوە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن، بەهەزاران مامۆستا و كارمەند لە پێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا پێشوازی لە قوتابیان دەکەن.
پشووی هاوینە ڕۆشت و پشوو نەبوو، بێ موچەیی، بێئاوی و بێ كارەبایی، نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و گرانی سەرسوڕهێنەر، لەسیمای زوربەی هەرەزۆری قوتابیەكان و مامۆستایان و كارمەنداندا بەڕۆشنی دەبینرێ، هەمووان دەزانن كەئەوەی پێی وترا پشوو، مەرگەسات بوو.
دەوام دەست پێدەكات و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، هیشتا گرفتی کەمی موچە، دواکەوتنی موچەیان هەیە و هەموو مانگێک لەچاوەروانی هاتن و نەهاتنی موچەدان. لەگەڵ ئەوەدا نارەزایەتی مامۆستایان و کارمەندان بۆ موچە، خواستی مامۆستایانی گرێبەست بۆ دامەزراندن، پلەبەرزکردنەوە، دریژەی هەیە، بەڵام دەزگا بەرپرسەكان هیچ نابیستن و نابینین و خۆیان لەهەر بەرپرسیاریەتیەکە دەدزنەوە یان حەواڵەی بەغدای دەکەن.
خوێندكاران و مامۆستایان بەدەست دەیان و سەدان گرفتەوە دەناڵێنن، زۆری قوتابی و كەمی بینا، كەمی مامۆستا، كەمی پێداویستیەكانی قوتابخانە، كەمی كتێب و دەفتەرو قەڵەم، کەمی تاقیگە، ڕەوشی پەروەردەو فێركردنێكی دواكەوتوانەو پڕ توندوتیژی، نەبوونی موچە لەکاتی خۆیدا و كەمی موچەی مامۆستایان و كەم دەرامەتی دایك و باوكانی خوێندكار، لەگەڵ ترس لە سەرماو بێ نەوتی و گرانی.. هەموویان یەخەی پرۆسەی خوێندنیان گرتووە.
خوێندكاران و مامۆستایان لە ناو ڕەوشێكی لەوبابەتەدا دەستیان کردەوە بە دەوامی ساڵ.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لەبەرامبەر ئەو دۆخە خراپەی ڕوبەڕووی خوێندن و پەروەردەیە، دەسەڵاتی سیاسی لە جێگای وەڵامدانەوە بە گرفتەکانی، لەرێگای کۆمپانیا قازانج پەرستەکانییەوە خەریکی بەتایبەتیکردنی کەرتی پەروەردە و دامەزراندنی قوتابخانەو پەیمانگا و زانکۆی ئەهلی و تایبەتییە، کە ئەوە لەلایەکەوە نیشانەیەکی ئاشکرای خستنە رووی چوونەسەری خێرای قڵشتی چینایەتی و لەلایەکی تریشەوە شانخاڵی کردنەوەو خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر بەکەرتی گشتی پەروەردەدا.
لە هەموو گۆشەیەكی ئەم دنیایەدا ئەگەر خەبەرێك لە ژیانی سەردەمی و پێشكەوتن هەبێت، ئەوا خوێندكاران و پرۆسەی پەروەردەو خوێندن، بنەمای بنیاتنانی پێشكەوتن و نەخشاندنی باشتری ئایندەی كۆمەڵگەیە. بودجەو ئیمكانیاتی پێویست بۆ خوێندن و پەروەردە دابین دەكرێت و توانایی هەمەچەشنی بۆ تەرخان دەكرێت. دۆخی پڕ ئارامی بۆ فەراهەم دەكرێت. ساڵ بەساڵیش نەخشەو پرۆژە نوێ بۆ پێشخستنی دادەنرێت و هەموو هەوڵێك دەخرێتە گەر تا ئاستی زانست و خوێندن بەرەو سەر بڕوات. بەداخەوە لەكوردستاندا ئەمانە نەك نیین، بەڵكە بەهۆی فەرامۆشكردنی لەلایەن دەسەلاتەوە، بۆتە وێرانە.
هێشتا ژمارەی بارەگا حزبیەكان، مزگەوتەکان، دەزگا هەمەڕەنگەكانی حزب چەند بەرابەری قوتابخانەكان، پەیمانگا و ئامادەییە پیشەییەكان، باخچەی ساوایان، و زانكۆكانن.
ژمارەی موچەخۆرەكانی حزب بێئەوەی خێرێكیان بۆ كومەڵگە هەبێت، چەند بەرابەری ژمارەی مامۆستایانن.
موچەی وەزارەتە زیادەكانی حكومەتێکی نمایشی و مردو چەند بەرابەری موچەی هەموو مامۆستایانی كوردستانە.
پێداویستی وەزارەتە تەشریفاتیەكانی حكومەت، چەند بەرابەری پێداویستی باخچەی ساوایان و هەموو ئاستەكانی تری خوێندنە.
پارەیەك كە سەرفی پێگەیاندنی كادرانی حزبی دەكرێت، چەند بەرابەری ئەو پارەیەیە كە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایان و پێشكەوتنی توانەیەکانیان تەرخان دەكرێت.
سیما و و نەخشەی بارەگا حزبیەكان و چەند بەرابەری قوتابخانەو باخچەی ساوایان و… گرنگی پێدراوە.
هەموو پێداویستیەكانی وەكو فینك كەرەوە و گەرم كەرەوە بۆ گەرماو سەرما، لەهەموو دامو دەزگا حزبی و حكومیەكان بەزیادەوە هەن، و خوێندكاران و قوتابیان و مامۆستایانیش لەهەموو ئاستەكاندا، یان زۆركەمیان هەیانە یان هەر نیانە.
باسی بێ ئاو و كارەبایی و هۆڵەكانی سەرگەرمی و وەرزشی و تاقیگە، پێداویستیە سەرەتاییەكانی فێركردن و پەروەردە وەكو كۆمپیوتەرو تابلێتەکان و هۆڵی پشودان و… دەتوانرێ بەشێوەی گشتی بووترێت لە ئاستی نەبووندایە.
وەسائیلەكانی هاتووچۆو دەماڵەی تێروتەسەل بۆ خوێندكاران و مامۆستایان، تا ئێستا خەونە و ئەوەی كەهەیە زۆرتر لە سوڵكەرانە دەچێت.
بوار بۆ چێژوەرگرتنی خوێندكاران و مامۆستایان لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردندا، نزیكە لەسفرو ئەوانەی بەمەبەستی دەستڕاگەیشتن بە زانست و زانیاری و پێشكەوتن دەخوێنن بەداخەوە فەزایەك زاڵكراوە بەسەریاندا كە زۆرتر وێڵی تێپەراندن و وەرگرتنی بەڵگەنامەن بۆ دامەزراندن و دابینكردنی بژێوی ژیانی مەمرەو مەژیان. باسی كۆنی مەنهەجەكان و شێوەی وتنەوەی دەرس و تاقیكردنەوەكان و ترساندنی قوتابیان لە جەنگی دەچوون و دەرنەچوون و دەرەجە هێناندا، جەنگێكە هێندەی ڕووی لە كۆتایی ساڵی خوێندنە، نیو ئەوەندە بیركردنەوە لە ئایندەو پێشكەوتنی زانستی دورماوە نییە.
ترساندنی قوتابیان لەیەكتری و لێك جیاكردنەوەی كوڕان و كچان، جیاكردنەوەی یاری كچانەو كورانە. زۆرجار پەڕاندنی چەند بەش لە بەشی بایۆلۆژی و لە ژێرناوی شەرم عەیبەو دواكەوتووی كەلتوریدا، هەڕەشەو ڕەقی و توندوتیژی تەنانەت مانەوەی لێدان و سزای ناپەروەردەیی لە قوتابخانەكاندا، بەسەر خوێندكاراندا، تا دەگاتە بیروكراتیەت… چەند بەشێكی ترن لە واقعیەتی قێزەونی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن.
ساڵی تازەی خوێندن، سیخناخە لەو ڕاستیانە، ئەو ڕاستیە تاڵانەی پرۆسەی خوێندن وپەروەردەو زانستی هێناوەتە خوارەوە.
ئەوانەی لایان وایە لە دۆخێكی ئاوادا دەتوانن خوێندن و پەروەردە بەرەوپێش بەرن، لە وەهمدا مەلە ئەكەن، لە وەهمدا دەڕوانە پەروەدەو فێركردن و زانست.
ئاخر خوێندكار و قوتابی، جێگای شیاویان نەبێت بۆ دانیشتن، گەرم كەرەوەو فێنكەرەوەیان نەبێت، مامۆستای پێویستیان نەبێت، دەرس و مەنهەجەكانیان ئابدەیت نەكرێت، دەرماڵەی هاتوچوویان نەبێت، كتێب و دەفتەرو دەستڕاگەیشتنیان بەسەرچاوەی پێویست نەبێت، خوێندن خورایی نەبێت، ترس وەكو مۆتەكە دەستی خستبێتە سەر سنگی خوێندگاكان و خوێندكاران... تاد، چۆن دەكرێت چاوەڕێی ئاینندەی باشیان لێبكرێت.
ئەوەی لەم پاشاگەردانیەی پرۆسەی پەروەدەو فێركردن بەرپرسە، لە هەلومەرجی خوێندكاران و مامۆستایان بەرپرسە، لە ترس و فەرهەنگی دواكەوتوانە بەرپرسە، نە خوێندكاران و نە مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردەن، بەڵكو دەسەلاتێكی بنیاتنراوی خاڵییە لە زانست و پەروەردەو فێركردنێكی تەندروست و سەردەمی.
بۆ ئەوەی ئەم تاریكستانەو كۆسپەكانی بەردەم پرۆسەی فێركردن و خوێندن و زانست لە كوردستان وەلابنرێن، تەنها بە سیمینار گێران و كۆنفرانسی پەروەردەیی ناكرێت، بە ئیمزاكۆكردنەوە و پاڕانەوە ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە وەڕێخستنی بزوتنەوەیەكی گەورەی كۆمەڵایەتییە، كە خوێندكارانی ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانكۆكان، دەست لەناودەستی یەك وەرێی بخەن بەجۆریك كە بتوانی دەسەڵات ناچار بكات، بودجە پێویست، زانستی سەردەم، مەنهەجی نوێ، شێوازی پەروەردەو فێركردنی مۆدێرن، وەلانانی ترس و جیاكاری... بكاتە ئەمری واقع.