مزگەوت لە دیدی ئایینی ئیسلامەوە پێگەیەكی باڵاو پیروزەو ناوەندی سەرەكی كۆمەڵگەی ئیسلامییە و ناوەندێكی ڕوحی و عیبادەتیشە ، به هێزترین پەیوەندی نێوان بەدەندەو خوا لەمزگەوتدا دروست دەبێت ، لە ڕێگای نوێژ و زیكرو خوێندنەوەی قورئانەوە . مزگەوتەكان هەر لە كۆنەوە ناوەندێكی زانست و پەروەردە و یەكەمین قوتابخانەو زانكۆبوون . بەڵام دوای ئەوەی جیهان بەرەو پێشكەوتنێكی سەر سوڕهێنەر هەنگاوی ناوەو وڵاتانی ئەوروپای مەسیحی دینیان لە دەوڵەت جیاكردەوە ، دین ئەو گرنگیەی جارانی نەماوە . بەڵام لە وڵاتانی ئیسلامیدا تا ئێستا شەریعەتی ئیسلامی بەكاردێت و ڕوڵی هەیە لە بواری یاساو حوكمڕانیدا ، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ئافرەتانەوە هەیە .
بەڵام دوای ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی و دەركەوتنی زۆر ریكخراوی ئیسلامی وەكو قاعیدەو داعش و تالیبان وبەرەی نوسرەو حیزبوڵلای لوبنانی و بزوتنەوەی ئیسلامی فەلەستینیەكان سەر بەهێڵی ئیخوان و بزوتنەوەی حوسیەكان ( أنسار اللە ) و لە پێش هەمویان كۆمەڵی ئیخوانی موسلمین كە لە كە ساڵی 1928 لە لایەن حەسەن بەناوە لە میسر دروست كراوە كە بە دایكی هەمو حیزیە ئیسلامیە سیاسیەكانی جیهانی عەرەبی وسوننە دادەنرێت و لە زۆر وڵات لقیان هەیە ، بارودۆخێكی نوی هایە كایەوە . لە ئێستادا كە دەیان ڕەوت و گروپی ئایینی و حیزبی ئیسلامی سیاسی و جۆراو لە زوربەی وڵاتانی عەرەبی دروست بوون ، بارودۆخی ناوچەكە زۆر ئاڵۆز بووە ، ئاشتەوایی نەماوە ، زوربەی وڵاتان توشی شەڕی ناوخۆیی بوون و باری ئابووریان داڕماوەو ئەوگروپ و تاقم و حیزبە ئیسلامیانە بازرگانی بە ئایینەوە دەكەن ، بەوهۆیەوە ئایینی ئیسلام بۆتە سەرچاوەی ئاژاوەو دوو بەرەكی . وڵاتانی زلهێزی دنیاش لە پێناوی بەدەستهێنانی
بەرژوەندییەكانی خۆیان ئەو حیزب و گروپە ئیسلامیانە بۆ برژوەندی خۆیان بەكاردێنن و توشی شەڕو ئاژاوەیان دەكەن .
كاریگەریەكانی ئەم بارودۆخە لەسەر هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە ؟. زۆرینەی خەڵكی هەرێم ئیسلامن و ئەو وڵاتانەی كوردیشیان بەسەردا بەشكراون ، ئیسلامن و بەوهۆیەوە ترسیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان هەیە لە دواڕۆژدا . باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی مییللەتی كورد دەستەمۆ بكەن و بیخەنە ژێر كۆنتڕۆلی خۆیانەوە ، ڕێگای ئیسلامە . بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی وەكو 3 حیزبی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەركەوتن . جگە لە ئەوانەش ڕەوتی سەلەفیش لە هەرێمی كوردستان دەركەوت . بنەماڵەی شێخ عەبدول كەریمی كرپچنەش لە پارێزگای سلێمانی تەكیەوخانەقایان هەیەومرێدی زۆریان هەیە لەخواروی عێراق و ئێرانیش .
ئەمانە كاریگەری زۆر نەرێنییان لەسەر كۆمەڵگای كوردی بەگشتی هەیە . ئەم حیزب و ڕەوت و گروپە ئیسلامیانە هەموویان دروستكراوی دەستی دەركین و ئەجیندای وڵاتانی دژ بە كورد جێ بەجێ دەكەن و بۆ ئەوە دروستكراون كە كۆمەڵگای كوردی لە بەر یەك هەڵوەشێنن و مێشكی تاكی كورد بشۆنەوە بە جۆرێك كە هەستی نەتەوایەتیان لەبەین بەرن و لە ڕێگای قورئان و ئیسلامەوە وابەستەیان بكەن بەوڵاتانی دەرەكییەوە . ئیسلامی ڕاستە قینە ئەوانەن كە دەچن بۆ مزگەوت و نوێژی خۆیان دەكەن و وابەستە نین بە هیچ حیزب و ڕەوتێكی ئیسلامییەوە . كەواتە دەتوانین بڵێێن ئەمانە ئسلامی ڕاستەقینەن .
ڕوڵی ئیسلامیەكان و مزگەوت چییە لەسەر خەڵك لە ئێستادا ؟.
هەروەكو پێشتر ئاماژەمان بۆ كرد كە هەموو ئەوگروپ و ڕەوت و حیزبە ئیسلامیانەی هەرێمی كوردستان ، جگە لە ئەهلی مزگەوت ، سەر بەولاتێكن و ئەجیندای ئەوان جێ بەجێ دەكەن و لەبەرامبەردا دەسكەوتیان هەیە ، واتە بازرگانی بە ئیسلامەوە دەكەن . لە هەموویان خرابتر یەكگرتوی ئیسلامی كە لقێكی ئیخوانی موسلیمینی ئاژاوە چی تیرۆریستی جیهانین .ئەمانە هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە لە لایەن وڵاتانی كەنداوەوە هاوكاری دەكرین و دێن لە كوردستان لەسەر ڕێگا گشتییەكان مزگەوتیان بە 4 منارەوە دروست دەكرد بۆ خەڵەتاندنی خەڵك ، هاوكارییەگانیان تەنها بۆ ئەوانە بوو كە ئەندام ولایەنگری خۆیان بوون ، نەك بۆ هەموان . بەرنامەی بەردەوامیان هەیە كچانی تەمەن بچوك بە زۆر سەرپۆشیان بخەنە سەرو لە ژوورە تاریكەكاندا قورئانیان پێ لەبەر بەكەن و مێشكیان بشۆنەوە. كەواتە ئەمانە هەر لەسەرەتاوە خەرێكی تێكدانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بوون و كارێكی وایان كرد خەڵكی ڕقیان لە یەكتری بێت . لە ڕابوردوودا هەموو خەڵك بەیەكەوە بە جیاوازی پلەو پایەی كۆمەڵایەتییەكانیانەوە لە مزگەوتەكان لە ڕیزدا نوێژیان دەكرد ، یەكتریان خۆش دەویست .
بەڵام ئێستا هەندێك مزگەوت تایبەتە بە هەندێك حیزب یان ڕەوت ، هەندێك بە شێوازی جیاواز لەئەوانیترنوێژ دەكەن ، هەندێك مەڕاسیم بە جیاواز ئەنجام دەدەن . هەموو ئەوانەی سەر بەو حیزب و ڕەوت و تاقمە ئیسلامیانەن ، ڕقیان لە یەكترەو دژایەتی یەكتری دەكەن . پرسیار ئەمەیە ئەگەر ئەوانە ڕاست ئەكەن و پیاوی دەركی و ئەملاو ئەولا نین بۆ خوا كار دەكەن ، خۆ یەك خوا كو یەك قورئان هەیە ، بۆچی یەك ناگرن ئەم جیاوازیانەی ئەوانە لەسەری ناكۆكن ، لە قورئاندا بوونی نییەو ئەو جیاوازانەی ئێستا لە نێوان ئەوحیز بو گروپانەدا ، كاریگەری زۆرترسناكیان ،لەسەر كۆمەڵگای كوردی دروست كردووەو ئیسلامیشیان بەڵاڕێدا بردووە لە پێناوی بەرژوەندی خۆیاندا .
ئەم حیزب و ڕەوت و تاقمە ئیسلامیانە بە جۆرێك كاریان كردۆتە سەر تاكی كورد ، كە خەریكە كورردبونی خۆیان لە بیربچێتەوە . هەوادارانی یەكگرتوی ئیسلامی سەر بە ئیخوان لە رێگای حاجی كاروانەوە كۆمەكی زۆریان بەناوی خەڵكی لێقەوماوی غەزەوە كۆكردەوە ، بەڵام كەس نازانانێت ئەو كۆمەكە چۆن گەیەندرایە دەستی خەڵكی غەزە . پرسیار ئەمەیە : ئایا یەكگرتوی ئیسلامی بەهەمان نەفەس ئامادەبوون كۆمەك بۆ لێقەوماوانی كوردی ڕۆژ ئاواو شەڕی داعش كۆبكەنەوە ؟. ئەم تاقمە بەناو ئیسلامیانە ، بە جۆرێك كاریگەریان لە سەر خەڵك داناوەو وایان تێگەیاندون ئەگەر لە مزگەوت نوێژ بەجەماعەت نەكرێ، ئەوە ئیمانەكەی لاوازدەبێت . بۆیە خەڵك بە پەرۆشەوە بە پیر ئەوانەوە دەچن كە مزگەوت دروست دەكەن و كۆمەكیان دەكەن . لە هەرێمی كوردستان ژمارەی مزگەوت گەیشتۆتە 6300 مزگەوت . هیچ وڵاتێكی عەرەبی یان ئیسلامی بەقەدەر هەرێمی كوردستان مزگەوتی لێ نییە . شار بڕوخێت بەسەر مزگەوتا دەڕؤخێت . گەڕەكی وا هەیە بچیتە ناوی لە شوێنێك بوەستی بە ئاسانی بەردی دار لاستیك دەگات بە 3 مزگەوت . وەزیری ئەوقاف شانازی بە خۆیەوە دەكرد كە لەسەردەمی ئەودا 400 مزگەوت دروست كراوە ، لە كاتێكدا لەو ماوەیەدا لە هەموو هەرێمی كوردستان 40 قوتابخانە دوست نەكراون . پرسیار ئەمەیە : ئایا مزگەوت ناوەندی زانست و زانیارییە ، هیچ كاڵایەكی تێدا بەرهەم دێت ، هیچ نەخۆشێكی تێدا چاك دەبێتەوە ، هیچ كەسێكی برسی تێیدا تێردەبێ، شوێنی كاركردنە بۆخەڵك ؟ بۆچی خەڵك ئامادەیە پارە بدات بۆ دروستكردنی مزگەوت ، بەڵام ئامادە نییە پارە بۆدروستكردنی قوتابخانەیەك بدات ، لە كاتێكدا قوتابخانە سەرچاوەی پێش كەوتنەو مزگەوتیش هۆكاری دواكەوتنە .
وەرە بەراوردی ئاستی پێشكەوتنی وڵاتانی ئیسلامی پڕ لە مزگەوت لەگەڵ وڵاتانی تری بێ مزگەوت بكە ، ئەو كات تێ ئەگەی كە زۆری مزگەوت نابیتە هۆی پێشكەوتن ، هەروەها زۆری مزگەوت نابێتە هۆكاری زۆر بونی نوێژكەر. مزگەوت تەنها شوێنی نزاكردن و پاڕانەوەیە لەخوا ، لە كاتێكدا تۆ بە بێ مزگەوتیش دەتوانی لە ماڵەكەی خۆت ئەوە ئەنجام بدەی . كێشەكە ئەوەیە خەڵك نازانێت بۆچی ئاوا عاشقی مزگەوت بووە ؟. ئەوە نەیارەكانی كوردە لە ڕێگای ئەم ئیسلامیانەوە مێشكی خەڵكیان شتۆتەوە . من ناڵیم مزگەوت نەبێ ، بەڵام پێویستە وەزارەتی ئەوقاف بەرنامەی هەبێت بۆچۆنیەتی ڕێگا پێدانی دروستكردنی مزگەوت و ژمارەی مزگەوتەكان لەگەڵ ڕێژەی دانیشتواندا بگونجێت و ڕێگا نەدات بەهەڕەمەكی مزگەوت دروست بكرێت . ئەگەر سەرنجی شاری سلێمانی بدەی زۆر مزگەوت هەن لە شوێنی نەشیاو دروست كراون ، ئاسەنگیان بۆ هاتوچۆ دروستكردوە ، یان چ پێویست دەكات چەند مزگەوتێك لە نزیك یەكەوەبن
هۆكاری زۆربوونی ژمارەی مزگەوت لە هەرێمی كوردستان :
1-كاریگەری حیزب و ڕەوت و تاقمی ئیسلامی هەرێمی كوردستان لەسەر خەڵك ، ئەوەش بە پێی بەرنامەیەكی دارێژراوی تایبەت بۆ تیكدانی ڕێزەكانی میللەتی كورد ئەو كارەش بە حیزب و لایەنە ئیسلامیەكانی هەرێمی كوردستان سپێڕاوە وەكو ئەرك بۆ جێ بەجێكردنی ئەجێنداكانی ئەوان لەبەرامبەر ئەوكۆمكەی وەری دەگرن .
2-هەندێ كەس مزگەوت دروست دەكات تەنها بۆ ئەوەی ناوبانگی بڵاو ببێتەوەوكە مزگەوتی دروست كردووە 3- زۆرن ئەوانەی لە ڕیگای بانگەشەی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ دروستكردنی مزگەوتەوە پارەیان دەست كەوتووە . چەند كەسێك هاتون بەرنامەی دروستكردنی مزگەوتیان داناوە . هاتوون زەوییان بە خۆڕایی لە حكومەت وەرگرتووە . دوایی كەوتونە بانگەشە بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ مزگەوت و لەئەنجامدا هەندێكیان سودمەندبوون .4- هەندێك كەس پڕۆژەی دروستكردنی مزگەوتیان داوەتە حكومەت بۆ ئەوەی لە باج ببەخشرێن ، چونكە ئەو كەرەستانەی بەناوی مزگەوتەوە هاوردەیان كردووە، دەسكەوتی زۆریان هەبووە .
5- هەندێك لە وڵاتانی كەنداوبە مەبەست و بە پێی بەرنامەی داڕێژراو پارەیان داوە بەهەندێ حیزب ولایەنی هەرێمی كوردستان كە مزگەوت لە كوردستان دروست بكەن بۆ ئەوەی خەڵك بگەوجێنن . 6- ئەو حیزب و ڕەوت و تاقمی ئیسلامیانەی لە هەرێمی كوردستان هەن ، لەئەنجامی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دروست بوون و گەشەیان كردوەو بونەتە مارەكەی شێخ هۆمەر . یەكێتی و پارتی لە دژی یەكتری كەوتوونە كێبڕكێی یەكتری لە پێدانی پارەو هاوكاریكردنیان لە پێناوی ئەوەی كامیان زۆرترین حیزب وڕەوت و تاقمی ئیسلامی بكاتە دۆستی خۆیی بۆ ئەوەی سود لە دەنگەكانیان بكات . بۆ ئەوەش هاوكاری جۆراو جۆریان كردووون .
ڕەوتی سەلەفی كە ئێستا ڕابەرەكەیان (عەبدول لەتیف) ی سەلەفی توشی ئابڕوچونێكی بێ وێنە بووە ، گەورەترین سوود مەند بووە لە ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی . پەندێكی كوردی جوان هەیە كە دەڵێت ( بە باو بە باران هەر لە بەفر كەم دەبێتەوە ) ئێستاش بەهەمان شێوە بە دروست بوونی حیزب و ڕەوتە ئیسلامیەكان و ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و دواجار ئەو دوو لایەنەش لە دژی یەكتری هاوكاری ئیسلامیەكان بكەن ، كۆی ئەمانە هەمووی بەیەكەوە دەبنە سەرەتان بۆناو كۆمەڵگای كوردی .
كارەساتە گەورەكە ئێستا هەر سەرەتایەو تازە دەستپێ دەكات و سەرنج بدەن :
ئێمە پێشترباسی زۆری ژمارەی مزگەوتمان كرد ئەگەر ژمارەی مزگەوت بە پێی ڕێژەی دانیشتوان دروستبكرێت ، دەتوانم بڵێم : ژمارەی مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان لە توركیاو سعودیەو میسروهەموو وڵاتانی عەرەب و ئیسلامی زیاترە. لە جیاتی ئەوەی حكومەت لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقافەوە بەرنامەدانێت و ڕێگا نەدات چیتر ژمارەی مزگەوت زۆرتربكرێت و دەست بكات بە هوشیاركردنەوی خەڵك و پێیان بڵێت ئەگەر مزگەوت بۆ خێر دروست دەكەن ، ئێمە پێویستمان بە بینای خوێندنگاو خەستەخانە هەیەو ئەوانیش خێری خۆیان ھەیە ، بەڵام ئەوەتا لە هەوڵیر لە لایەن سەرۆكی حكومەتەوە بریار دراوە مزگەوتێك دروست بكرێت لەسەرڕوبەرری 2 ملیۆن مەترسێجا واتە 800 دۆنم زەوی و گوایە دەبێتە گەورەترین مزگەوت لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . باشە گریمان بوو بە گەورەترین مزگەوت ئەی دەسكەوتی چییەو چی بەرهەم دێنێت ؟ . ئایا ئێمە پەكمان لە مزگەوت كەوتووە ، یان بینای خوێندنگا .چی لە پشتی ئەمەوەیە ؟. بەهەمان شێوەش لە شاری سلێمانی سەرەڕای بوونی ئەوهەموو مزگەوتانە، كە بوونە ڕێگر لەبەردەم هاتوچۆدا ، ڕێگا دراوە بە بنەماڵەیەك كە مزگەوتێك لە نێوان هۆتێل تایتانیك و چاڤی لاند دروست بكرێت ڕێك لەسەر شەقامی 60 مەتری . دیارە بۆیە لەوێ دروست كراوە بۆ ئەوەی بەیانی زوو بەدەنگی بانگ میوانەكانی هوتێلەكە لە خەو بێدار بكەنەوە . دەپرسم بە چ عەقڵێك ، بە چ ویژدانێك ، بە لۆژیكێك و لە سەر چ بنەمایەك وچ پێوەرێك رێگا دراوە مزگەوت لە شوێنێكی گەشت و گوزاریدا دروست بكرێت ، كە هیچ ماڵێكی لە نزیكەوە نییە ؟. من ناڵێم نابی مزگەوت دروست بكرێت ، بەڵام دروستكردنی مزگەوت لەو شوێنە شیاو نییە . كارەسات لەوەدایە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی ڕەزامەندی داوە بۆ دروستكردنی ئەو مزگەوتە ، (واللە خۆش ئەنجومەن ) ؟ . سلێمانی خاوەنی ئەنجومەنی شارەوانی لەم جۆرە بێت ، شار بەرەو وێرانی ئەڕوات. دەبی حكومەت بەرنامەی هەبێت بۆفراوانبونی شارو بەپێێ ماستەر پلان شار گەشە بكات ، خۆ ناكرێت لەبەر ئەوەی كەسێك پارەی هەیەو خۆی ئەرزی كڕێوە لە هەر شوێنێك بیەوێت مزگەوت دروست بكات و ڕێی پێ بدرێت . كورد دەڵێت : (هەموو شتێك بەخوێ ، خوێش بەمەعنا )ئاخرخەڵكی ئەم شارە گوناهیان چییە ، بەدەنگی بڵینگۆی مزگەوتەكان كەڕكراوە . ئەمجارەش دوو بارەی ئەكەمەوە : بە هۆی دوعای نوێژكەرانی ئەم مزگەوتانەوە كەسێكی برسی تێركراوە ، هیچ كاڵایەك بەرهەم هاتووە ، هیچ جۆرە تەكنەلۆجیایەك گەشەی كردووە ، سپلیـێك و جل شۆرێك و تەلەفزیۆنێك و كۆمپیوتەرێك وكوڕەو دەرزییەك ، مەكینەیەكی نێنوك كردن دروست كراوە ؟. هیچ نەخۆشێك لە مزگەوتەكان چارەسەر كراوە و بەدوعای نوێژكیران چاك بۆتەوە ، هیچ برسییەك تێر بووە ، بەدوعای خەڵكی ئەم مزگەوتانە لێقەوماوان ڕزگاریان بووە ، دوژمنانی ئیسلام نابووت بوون ؟. خەلكی غەزە شاهیدی هەموو شتێكن . كەوتە بابەسبێت دروستكردنی مزگەت . بەو پارەیەی ئەو مزگەوتانەی پێ دروست كراوە ، دەیان و سەدان كارگەیان پێ دروست دەكرا ، كە چەندین كاڵای جۆرەبجۆیان بەرهەم دێناو بە هەزاران كەسی بێكاریش كاریان دەست دەكەوت . ئەوانەشی ئیماندارن ، دەتوانن لەماڵەكانی خۆیاندا نویژ بكەن و نزای خۆیان لە خوا بكەن . كەواتە كەمی مزگەوت نابێتە هۆی كەبونەوەی ژمارەی موسوڵمانان و نویژكەران ، هەر بەهەمان شێوەش زۆروونی مزگەوتیش نابێە هۆی زۆر بونی نوێژكەران و شكستی ئایینی ئیسلام ، ئەوانەی وایان لە خەڵك گەیاندووە ، كە بەبێ مزگەت ئیسلام لەناو دەچێ ، ئەوانە درۆزن و ساختەچین و دەیانەوێت لەو ڕیگایەوە پارەی زۆر بەدەست بهێێن . باشترین نمونە _( عەبدول لیتیف) ی سەلەفی كە لە ڕیگای فرۆشتنی شوێنی نوێژكردنەوە پارەیەكی زۆری دەست كەوتووە . هیوادارم موسوڵمانان كەمێك بەخۆیاندا بچنەوەو چیتر نەبنە نێچیری دەست بڕەكان . كۆتا قسەم ئەوەیە : ئەو بنەماڵەیەی كە مزگەوتی لە تەنیشت هۆتیێل تایتانیك دروس دروست كردووە ، ئەگەر لە پێناوی ڕەزامەندی خوادایەو بۆ خێرەو بۆ بۆ خۆدەرخستن و ناوبانگ نییە ، باشتر نەدەبوو پارەكەی بداتە خەستەخانەی هیوا كە خەڵكی نەخۆشی زۆری شێرپەنجەی تێدایە چاوەڕوانی دەرزییەكە كە لێی بدری بۆ ئەوەی چەند مانگێگ تەمەنی درێژ ببێتەوەو نە خۆی پارەی هەیە بیكڕێت و نە لە خەستەخانەكەشدا هەیە ؟.