توندو تیژیەكانی ناوئایینی ئیسلام لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-08-26     32

                   بەشی دووەم

                گومانەكانی سەر قورئان لە كوێوە سەرچاوە دەگرن؟

 

لە بەشی یەكەمی ئەم باسەدا زۆربە كورتی ئاماژەم بە گومانەكانی سەر قورئان  كرد .من لێرەدا دەمەوێت بە وردەكارییەوە و بەبەڵگەوە  باسی گومانەكانی سەر ڕاستی قورئان بكەم  یەكەم : ئەو گومانانەی لەسەر قورئان دروست بوون ،لە شێوازی كۆكردنەوەی قورئانەوە سەرچاوە دەگرن . قورئان لەسەر دەمی عوسمانی كوڕی عەفان خەلیفەی سێیەمی ئیسلامدا كۆكراوەتەوە . میكانیزمی كۆكردنەوەكە گومانی لەسەر ڕاستی قورئان دروست كردووە . ئەو هۆكارەشی كە بوو بەهاندەری خەلیفەی سێیەم بۆ كۆكردنەوەی قورئان ئەمەبوو :

 تا ئەوكاتەی ( عوسمانی كوری عەفان ) نەبوو بەخەلیفە  ، قورئان كۆنەكرابۆوە ، واتە  ئەرشیف نەكرابوو. كاتێك ئایەتەكانی قورئان هاتونە خوارەوە ، موسوڵمانان بە شێوازی كۆرس لەبەریان كردووە.  واتە بە نوسراوی هەڵنەگیراون . بۆیە كاتێك خەلیفەی سێیەم سەیردكات  هێواش هێواش ئەوانەی قورئانیان لەبەرە ، دەكوژرێن  یان پیر دەبن و ئەمرن ، یان زوربەی خەلك ئایەتەكانی لە بیر دەچێتەوە .  كاتێك سەیردەكات ، هەر یەكەو بە شێوازێك قورئان دەخوێنێت و بیردەكاتەوە  ئەگەر كار ئاوا بروات  شتێك نامێنێت بەناوی قورئانەوە .

 دوای ئەوە چەندین لیژنەی جۆراو جۆر لە و شوێنانە دروست دەكات كە لەژێر قەڵەمڕەوی ئیسلامدابوون . بەڵام دوایی دەركەوت كە زۆر كەم و كورتی هەیە لە شێوازی كۆكردنەوەی قورئاندا . واتە ئایەتەكانیان لەدەمی خەڵكەوە وەرگرتوەو نوسویاننەوە. باشه هیچ مرۆڤێكی ژیر بڕوا بەوە دەكات ، ئەوئایەتانەی كاتی خۆی خوا بە جوبڕائیلدا ناردونی بۆ پێغەمەرو ئەویش بۆ موسوڵمانانی خوێندونەوەو پێێ وتون لەبەریان بكەن ئەوئایەتانە وەكوخۆی لە زاكیرەی خەڵكدامابن . باشە دەكرێ بڕوابكەین لە كاتی كۆكردنەوەی قورئان لە دەمی خەڵكەوە بێ  كەم و كورتی بن  ؟.  زۆر حەرفی زیادە بۆ وشەكان زیادكراە ، یان زۆر وشە هەیە نوقسانی هەبووە ، زۆرئایەتی قورئان هەبووە كە پێشتر موسوڵمانان بەكۆرس وتویانەتەوە ولەم قورئانەی كە عوسمانی كوڕی عەفان كۆی كردۆتەوە بونیان نییە .  كاتێك حەزرەتی عوسمان ئەو قورئانە دەخاتە بەردەستی موسوڵمانان ، كە گوایە ئەوە قورئانە ڕاستەكەیە ، واتە فەرمودەی خوان ، عائیشەی خێزانی پێغەمەر دێتە  قسەو دەڵێت : ئەم قورئانە كەم وكورتی زۆری تێدایە و ڕاست نییە . بۆ نمونە دەڵێت : كاتی خۆی من زۆر باش ئاگادارم كە سوڕەتی (الرضاعة الكبیر و رجم الشیطان ) هاتنە خوارەوە بە كۆرس دەمانگوتنەوەو لەبەرمان دەكردن ، بەڵام ئەوەتا ئێستا لەم قورئانەدا نین كە حەزرەتی عوسمان كۆی كردۆتەوە . جگە لەمانەش بابەتی ناسخ و مەنسوخیش گومانی لەسەر ڕاستی ودروستی قورئان دروست كردووە .باشە دەكرێت عەقڵ هەبێ قبوڵی ئەوە بكات خوا خالقی ئەم گەردونە بێت و ئایەتێكی قورئان بنێرێتە خوارەوە بۆ پێغەمبەرو ئەویش بیگەیەنێت بە بەندەكانی ، بەلام دوای ماوەیەك لێێ پەشیمان ببێتەوەو بێگۆرێت .

 باشە ئەمە خۆی لە خۆیدا گومانیش لە سەر ئەو خوایە دروست ناكات كە ئەو قورئانەی  بۆ محمد ناردبێتە خوارەوە؟. باشە ئەمە نابێتە هۆی كەمكردنەوەی گەورەیی و توانای خوا ، باشە ئەمە نابێتە هۆی كەمكردنەوەی بایەخی خوا لای بەندەكانی .  لە شوێنێكی تردا باسی ئەوە دەكرێت  كەگوایە هەندێك ئایەت  لە قورئاند هەن ، بەڵام حوكمیان نەماوە ، واتە كاریان پێ ناكرێت. باشە كەس بڕوا بەوە دەكات خوا خۆی بكاتە گاڵتەچی بەندەكانی و بڵێ كاتی خۆی ئەو ئایەتەم ناردۆتە خوارەوە و چیتر كاری پێ مەكەن ؟. پرسارێكیتری گرنگ ئەوەیە : باشە بۆچی كاتێك ئایەتەكانی قورئان بۆ پێغەمەر هاتنە خوارەوە لیژنەیەكی پێك نەهێناوەو هەر ئایەتێك تازە هاتبێتە خوارەوە نەیان نوسیبێتەوەوئەرشیفیان نەكردبێت و  بەخەڵكیان لەبەركردبن و دوایی بچن ئایەتكانی قورئان لەدەمی ئەم و ئەو كۆبكەنەوە ؟.

 خۆ ئەگەر بڵێن لەوكاتەدا نوسین نەبووە ، سەدان ساڵ پێش دەركەوتنی ئایینی ئیسلام  سۆمەریەكان و ئەكەدییەكان و ئاشوریەكان  نوسینیان هەبووە، باشە بۆچی نەیان نوسیونەوەو چی لە پشتی ئەمەوە هەبووە ؟.  بۆیە شارەزایان و ڕۆشنبیرانی بواری ئایینی ئیسلام  گومانیان لەسەر ڕاستی قورئان هەیە . واتە ئەڵێن : قورئان فەرمودەی خوای گەورە نییەو محمد هاتووە بەناوی خواوە خۆی ئەم قورئانەی داناوە ، چونكە پێیان وایە خوا بەو گەورەیی خۆیەوە نە پەیامێك دەنێرێت و نە لێی پەشیمان دەبێتەوەو نەپەیامی بەهەڵەش دەنێرێت . هۆكارێكیتر كە دەبێتەهۆی ئەوەی گومان لە قورئان بكرێت كە فەرمودەی خوابێت  زۆرن ئەوانەی كە دەڵێن ، محمد خۆی بەناوی خواوە قورئانی داناوەو ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ هۆكاری جیاوازی و دژ بەیەكی دوو جۆر لە ئایەتی قورئان بەرامبەر بە یەكتری . كەناكرێت خوایەك خالقی ئەم گەردونە بێت و بە دوو شێوازی زۆر جیاواز لە یەكتری پەیامی خۆی بە بەندەكانی ڕاگەنێت ، كە ئەوە رێك دەبێتە پێچەوانەی فەرمودەكانی  خوا خوی لەگەڵ یەكتری و دروستكردنی كێشەو شەڕو دوژمنایەتی  و دروست  بوونی گومان لە نێوان بەندەكانی خۆیدا . سەرنجی ئەم ئایەتانەی قورئان بدە .خوا لە سورەتی الشوری ئایەتی 48 دەفەرموێت (فأعرضوا فما أرسلناك عليهم حفيظا أن عليك البلاغ المبين ). خوای گەورە بە پێغەمەر دەڵێت :  ئەگەر پشتیان تێكردی و بڕوایان نەهێنا بەوەی كە ئێمە تۆمان نەناردووە ببیتە پارێزەریان ، كاری تۆ تەنها گەیاندنی پەیامەكەی ئێمەیە  . واتە هیچ كاردانەوەیەكی خراپت نەبێ بەرامبەریان .

خوای گەورە لە شوێنێكیتردا دەفەرموێت (لا اكراه فى الدين قد تبين الرشد من الغى) واتاكەی بە كوردی :  هیچ زۆرییەك نییە لەخەڵك كە چ ئایینێك هەڵدەبژێرێت  ڕێگای ڕاست لە ڕێگای هەڵەو وێڵبون زۆر بە ڕونی جیاكراوەتەوەو دیارێكراوە . بەپێی ئەم ئایەتەش  خوا ڕیگای نەداوە كە خەڵك ناچار بكرێت بەزۆر ئایینی ئیسلام قبوڵ بكەن و دەفەرموێت ئێمەهەموو شتێكمان ڕون كردۆتەوەو خەڵك ئازادە قبوڵی دەكات یان نایكات .

لە ئایەتێكی تردا خوای گەورە دەفەرموێت : ( وقل الحق من ربكم فمن شاء فلیؤمن ومن شاء فلیكفر ) واتاكەی بە كوردی : ئەی محمد پێێان بڵی : ئەمە ڕاستییەو لای خواوە هاتووە وڕاست و ڕونە ، ئەوەی ویستی با ئیمان بێنێت و ئەوەی نایەوێت با كافر بێت .  خوای گەورە لە سورەتی الكافرون ئایەتی  6 دا دەفەرموێت ( لكم دینكم ولی دین ). واتە :ئەی محمد ئەگەر بانگەشەت كرد بۆئیسلام و بەقسەیان نەكردی پێیان بڵی : دینی خۆتان بۆخۆتان و دینی خۆم بۆخۆم . لەم ئایەتەشەدا  خوا نایەوێت  بەزۆر خەلك باوەڕی پێ بهێنن و بەندەكانی  سەر پشك كردووە. ئەگەر زۆر بە وردی سەرنجی ئەو 4 ئایەتەی سەرەوە بدەی زۆر بە ڕونی بۆت دەردەكەوێ  كە خوا زۆر بەخشندەو میهرەبان و بە بەزەیی و لێبوردەیە و بەراستی دەیەوێت  لە ڕێگای ئامۆژگاری و ڕێنوێنییەوە سەرنجی بەندەكانی خۆی ڕاكێشیت  بۆ ئەوەی بەویست و ئارەزوی خۆیان بڕوای پێ بهێنن و گوێبیستی ئامۆژگاریەكانی بن بۆ ئەوەی بیانهێنێتە سەر ڕێگای ڕاست .

ئێستا سەرنجی ئەم ئایەتانەی خوارەوە بدەن كە بە پیی قورئان ئەوانیش هەر فەرمودەی خوا خۆنی  بەلام شێوازی دەربڕینیان وماناكەیان تەواو پێچەوانەی یەكترین . وەكو ئەوە وایە ئەم دوو جۆرە فەرمودەیە ، بۆ دژایەتی یەكتریبن .واتە  قسەی دوو كەسی دوژمن بەیەكبن . سەیركەن .  دەبێ خوای گەورە فەرموبێتی

( فأقتلوا المشركین حیث وجدتموهم ) : واتاكەی بە كوردی : دەبێ خوا  بە مووسوڵمانی گوتبێت : ئەوانە بكوژن كە بێ بڕوا لە هەر شوێنێك بەردەستان كەوتن . بە جۆرێكیتر دەبێ خوا بە محمدو موسوڵمانانی فەرموبێت : ئەوانە بكوژن كە بروا بە خواو محمدو قورئان ناهێێن لە هەر شوێنێك بەردەستان كەوتن .

دەبێ خوای گەورە لە سوڕەتی التوبە ئایەتی 29فەرموبێتی ( قاتلوا الذین لا یؤمنون بالله وبالیوم  الأخر ولا یحرمون ما حرم الله ولا یدینون دین الحق ) بە پێی ئەم ئایەتە دەبێ خوا فەرمانی بە پێغەمەرو موسوڵمانان كردبێ شەڕی ئەوانە بكەن و بیانكوژن كە بڕوایان بە خواو پێغەمەرەكەی وڕۆژی دوایی نییەو ئەوەش لە خۆیان حەرام ناكەن كە خواو پێغەمەرلە خۆیان حەرام كردووەو بڕواش بە دینی حەق ناهێنن كە ئیسلامە .

خوای گەورە لە سوڕەتی محمد ئایەتی 4 دەفەرموێت ( فاذا لقیتم الذین كفروا فضرب الرقاب ) .واتە : ئەی محمدو موسڵمانان : ئەگەر توشی ئەوانە بوون كە كافرن  یان كافر بون ، لە ملیان بدەن ، واتە بیانكوژن .  ئەمانەی سەرەوە تەنها  3 ئایەتن لە سەدان ئایەتیتر كە دەبێ خوای گەورە فەرمانی كوشتنی خەڵكی پێ دابن . ئێستا وەرن با بەیەكەوە سەرنجی 4 ئایەتەكەی سەروە بدەین كە هیچیان توندو تیژیان پێوە دیار نییە و خوا زۆر میهرەبانەو بە ئاشتیانە داوا لە خەڵك دەكڕی ئیمان بهێنن و بێنەسەر ڕێگای ڕاست . ئەم 3 ئایەتەی خوارەوەش ڕێك پێچەوانەو دژی ئەو 4 ئایەتانەی سەرەوەن وخوا زۆر شەڕانگێزدەردەكەێت  .  ئەوەی كە شایانی ئاماژە بۆكردنە ئەوەیە : ئەم دووجۆرە ئایەتە  هەردوكیان دەبێ فەرمودەی ئەوخوایە بن كە محمد بەناویەوە  بانگەشەی ئیسلام دەكات ، لەكاتێكدا گروپی یەكەمی ئایەتەكان ، بانگەشەی ئاشتی دەكەن و گروپی  دووەم بۆنی خوێنیان لێ دێت و داوای كوشتنی خەڵك دەكەن . باشە عەقڵ و مەنتق قبوڵی ئەوە دەكات خوایەك خاوەنی ئەم هەموو گەردونە بێت بە ئەوانەشەوە كەتێیدان و لەسەری دەژین  وئاوا قسە بكات ؟.  جارێك لە بەندەكانی بپاڕێتەوە ئیمانی پێ بهێنن و جارێك بكەوێتە هەڕەشە كردن ؟.  لەئەنجامی ئەم جیاوازیەی ئایەتەكانی قورئان ، زۆرێك بڕوایان وایە ئەم قورئانە لە لایەن خواوە بۆ محمد نەهاتۆتە خوارەوەو محمد خۆی بەناوی خواوە دایناوەو چی لە بەرژوەندی خۆیدا بووە بەناوی خواوە وتویەتی . كۆتایی بەم بەشە دێنم بەم حەدیسەی پێغەمەر كە لە دەمی بوخاری و موسلیمەوە بڵاو بۆتەوە دەبێ محمد فەرموبێتی ( أمرت أن أقاتل الناس حتی یقول أشهد أن لا أله أڵا الله وأن محمدا رسول  الله ، ویقیموا الصلاة ویؤتوا  الزكاة ، فأذ فعلوا ذلك عصموا منی دماءهم وأموالهم اڵا بحق الأسلام ، وحسابهم علی الله ) . واتاكەی : فەرمانم پێ كراوە كە جەنگ لەگەڵ خەڵكدا  بكەم تا بڕوا بە خواو محمد دەهێنن ، نوێژدەكەن و زەكات دەدەن ، ئەگەر ئەوەیان كرد ، ئەوە خوێن و سامانیان لە لایەن منەوە پارێزراو دەبێت ، مەگەر بە مافی ئیسلام نەبێت و حسابی كۆتاییان لە  لای خوایە ) .

ئێستا وەرن بەوردی سەرنجی ئەم حەدیسە بدەن و باش بۆتان دەردەكەوێت كە ئەمە نەك پێچەوانەی فەرمودەكانی خوایەو سەرپێچی كردنە  لە فەرمانی خوا ، هەمو فەرمودەكانی خواشی نەسخ كردونەوە ، واتە بێ بایەخی كردون و پوچەڵی كردونەوە  . بەكوردی خۆمان بەخوا دەڵێت : ئارەزی خۆمەو چیم بوێت ئەیكەم . باشە ئەگەر ئەمە وانییە ، خوا لە 4 ئایەتی یەكەمی ئەم باسەدا بە ئاشكراو بەڕونی بە محمد دەڵی : تۆ ئیشت تەنها گەیاندنی پەیامی منەو هیچیتر . بەڵام لە حەدیسەكەدا دەڵێت : فەرمانم پێكراوە ، باشە پێمان ناڵێت كێ فەرمانی پێكردووە ؟. خۆ ئەگەر خۆشی فەرمانی كردبێت ، لەسەر چ بنەمایەك ئەو فەرمانەی دەركردووە  كە پێچەوانەی فەرمانەكانی خوایە .  ئەو توندو تێژیانەی ئێستا لەناو ئایینی ئیسلام ڕەنگیانداوەتەوە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوجیاوازیانەی كە لەنێوان ئایەتەكانی قورئامدا بەدی دەكرێن كە دەبێ فەرمودەی خوای گەورەبن. بەڕێزان : لەسەر بنەمای ئەو ڕونكردنەوەی سەرەوە زۆرن ئەوانەی پێیان وایە : ئەم قورئانەی ئێستا لەبەردەستەو سەرچاوەی شەریعەتی ئیسلامە ، كەم تازۆر پەیوەندی بەخواوە نییەو  دانەرەكەی محمد خۆیەتی لە  بەشی سێێەم و كۆتایی ئەم باسەدا ، وەڵامی  (توندوتیژیەكانی ناوئایینی ئیسلام لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت ) دەستان دەكەوێت . هیوادارم  بە وردی بیخوێننەوە .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×