لە دروستبوونی مرۆڤەوە بەپێی بەڵگەنامە مێژویەکان سروشت و مرۆڤ ھاوتای یەک بوون و ھەمیشە ھاوتەریب بە یەک گوزەریان کردوە ، مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەشێکی تواوە بووە لە سروشت ھەمان خەسڵەت و کارلێکەکانی سروشت تێیدا رەنگی داوەتەوە .
لە دوای دۆزینەوەی کشتو کاڵ و پەیدابونی زێدە بەرھەم و گواستنەوەی دەسەڵات لە ژنەوە بۆ پیاو سەرتاپای ژیان گۆرانکاری بنەرەتی گەورەی بەسەردا ھات ، مرۆڤ دەستی دایە دروستکردنی سروشتی مرۆڤی کە لە ھەندێک ویستگە ھاوتەریبی سروشتی سروشت بوو لە ھەندێکیش جیاواز ، رۆژ لە دوای رۆژ مرۆڤ بۆ زانینی نھێنیەکان گەران و بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دەکرد تا بگاتە وەڵامی پرسیارەکانی ، مرۆڤ بۆ دروست بووە ، چۆن دروست بوو ، بەرەو کوێ دەروات و ئامانجی چییە ؟ ئەو پرسیارانەی بە درێژای مێژوو زانا و فەیلەسوف و پێغەمبەر و ئاینەکان وەڵامی جیا جیان بۆ خوڵقاندوە ، جیاوازی مرۆڤ و ئاژەڵ یان مرۆڤ و سروشت تێگەیشتنە ، مرۆڤ تا تێنەگات ئارام نابێت کە ئەمەش ھەر خۆی بەشێکە لە دروستکراوەی مرۆڤ کە ناوی لێنا تێگەیشتن ، کە لە راستیدا ئەویش بەشێکە لەو دروستکراوەی کە خۆی دروستی کرد و خۆشی گیرۆدەی بوو لە ئێستادا ، مرۆڤ بۆ تێبگات ؟ لە کاتێکدا سەگێک پێویستی بە تێگەیشتن نییە و ھەردوکیشاین ھاوتەریب ژیان بەرێدەکەن ، ئەو خەسڵەتانەی لە کیسەڵێکدا ھەیە بۆ مانەوە و بەردەوامی ھەمان خەسڵەتەکانی مرۆڤ بەڵام ئەو فەلسەفە وئاینی دا نەھێنا تا وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە خۆی دایھێناوە ، مرۆڤ بیرکردنەوەی بە ژیری دانا و کردیە خاڵی جیاوازی نێوان خۆی و سروشت ، ووتی ئێمە عەقڵمان ھەیە بۆیە دەبێت جیاواز لە سروشت بیر بکەینەوە لە کاتێکدا مەیمونێکیش عەقلی ھەیە وەک مرۆڤ خۆی شپرزە نەکردوە بۆ زانینی ژیان ، رەنگە ئەو باشتر تێگەیشتبێت وە بڵێت ھەرچی بکەیت ھەر وەک ئێمە دەژیت وەک ئێمە دەمریت وەک ئێمە وەڵامی پرسیارەکان ناگاتێ و تا ماویت لە ترسی زانینی خۆتدا دەبیت و لە ترسی زانینی نھێنیەکانی بون و مردن دا دەمێنیتەوە .
ئەوەی مرۆڤ کردی لە دروستکردنی سروشتی تایبەت بە مرۆڤ تا تێدێت زیاتر دەبێت بە نەھامەتی بۆ ژیانی خۆی وە زۆرتر دوری دەخاتەوە لە ئارامی ، ھەندێک جار کە دەڵێین جاران خۆشتر بو لە ئێستا دڵنیابن پێشتریش ھەمان قسەیان کردوە وتا دەگاتەوە نیادەرتاڵەکان ، ئەگەر وا بێت رەنگە بڵێین نیادررتاڵەکان سەرەتای خۆشی مرۆڤ بوون لە دوای ئەوان کە مرۆڤ سروشتی مرۆڤی دروستکرد ھەموی بەسەر یەکدا تێکدا وئارامی نەھێشت ، ھەرچی فەلسەفەو ئاین وزانست نەیاتوانی وەڵامی پرسیارە نھێنیەکان بدەنەوە ئێمە کێین و لە کوێوە ھاتوین و بۆ لێرەین ؟ ، کەواتە ھەمان ئاراستەی سروشتمان ھەیە جیاوازیمان نییە لەگەل دار زەیتونێک کە وەک ئێمە دەژی و رەنگە کەم سەرئێشەتریش بێت لە سەفەری ژیانیدا ، مرۆڤ چەندێک پەرە بە ژیانکردنی سروشتی مرۆڤیە دەستکردەکەی بدات ئەوەندە دور دەکەوێتەوە لە ژیانکردنی راستەقینە ، وەک دەبینی ئێستا مرۆڤ لە تەکنەلۆژیا دەرون ناسی فەلسەفە زانست زیاتر گەشەی کردوە بەڵام نا ئارامتر و نا جێگیرتر بوەە پرسیارە بێ وەڵامەکانی زۆرتر بوون .
ئەم رێگایەی مرۆڤ گرتویەتی تا ئێستا کارلێکی خراپی زۆری نییە بۆ سەر سروشتی سروشت ئەو کاتەی دەگاتە ئەوەی مەترسی بێت بۆ سروشتی سروشت لەوێدا سروشت خۆی تەرازوەکە رێک دەکاتەوە ئەگەر بە لە ناوبردنی مرۆڤیش بێت .
ئەوەی مرۆڤ کردویەتی تا ئێستا جگە لە ماندوێتی و ونکردنی مانای راستقینەی ژیان ھیچی لێ بەرھەم نەھێناوە و نەگەیشتۆتە وەڵامی پرسیارە بنەرتیەکانی بەمشێوەش بەردەوام بێت سروشتی زیاتر بۆ مرۆڤ دروست دەکات و زۆرتر مرۆڤ لە سروشتی سروشت دور دەخاتەوە و سەرنجام ناگەتە ھیچ وەڵامێک و ناتوانێت ژیانێکی ئارام و ھێمن بەدی بھێنێت لە کۆتادا .