پەیوەندی مرۆڤ لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکەڵبونی سۆسێلۆژی یە ، ژیان بە شێوەیەک چنراوە کە ھەموو چەمکێکی بەستراوەتەوە بە چەمکەکانی کەیەوە ، ھەموو بابەتێکی پەیوەندیەکی سروشتی و میتافیزیکی ھەیە بە بابەتەکانی ترەوە ،مامەڵەی بونەوەرەکانی دی جگە لە مرۆڤ ئامنجەگەرای راستەقینەی بۆ مانەوە و زیاد بون و گەشە کردنە ، ئەوان بەدەرن لە بنەماکنی تێکەڵبونی سۆسێلۆژی ، ئاژەڵەکان وەک شت سەیری یەک دەکەن وەک شت مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن بە ھەمان شێوەی روەکەکان و بونەوەرکانی دی .
مرۆڤ لەمەدا جیاوازە ، مرۆڤەکان لە دوو ڕوانگەوە یەکدی دەبینن ، بەشیکیان وەک ئاژەڵ و بونەوەرکانی دی مرۆڤ وەک شت دەبینن ، بەشیکیشیان وەک کەس .
بە مانای مرۆڤ دوو دیدگای ھەیە بۆ بینین یەکەم بینین و مامەڵە کردن وەک شت ، دووەم بینین مامەڵە کردن وەک کەس ، ھەر تاکێک شتێکە لە نێو بوندا بەڵام لە ناوەوە کەسێکە لە ناو ژیاندا ، ئەمە جەوھەریترین جیاوازی مرۆڤە لە بونەوەرەکانی دی ، منی مرۆڤ یان تۆی مرۆڤ شتین لە ناو بوندا بەڵام کەسین لە مامەڵەکردندا لە ژیانکردندا ، شت بونی مرۆڤ بە تەنھا دابرانێتی لە کەسێتیەکەی ، بۆ نمونە من ھاوژینەکەم یان خوشکەکەم یان باوکم وەک شت ببینم ئەو کات کەسایەتی ئەو دەسرمەوە ، مامەڵەی شت لەگەڵ مرۆڤ خراپترین و نەزانترین جۆری مامەڵەیە ، چونکە ئەنجامەکەی دەبێت بە موڵکداری و سرینەوەی کەسایەتی بەرامبەر ، بۆ نمونە ئەو کەسەی من پەیوەندیەکم ھەیە لەگەڵی جا ھاوژین بێ خۆشەویست بێت ھاورێ بێت کەسایەتی خۆی ھەیە و خاوەن بیر و باوەر و جێگە و پێگەی خۆیەتی کە بە ئەزمونی ژیانی خۆی بونیادی ناوەو ماندو بووە لە دروستکردنیدا ، ناکرێت من وەک شت مامەڵەی لەگڵ بکەم و موڵکداری بکەم بۆ بە جێھێنانی خواست و ئارەزوەکانی خۆم ، یان بیبەستمەوە و زیندانی کەم لە ناو چوارچێوەی بینینەکانی خۆمدا کە رەنگە ھەڵەش بن ، لێرەدا کەسایەتی ئەو کەسە وون دەبێت و جیاوازی نابێت لەگەل ئەتۆمبیلەکەت یان چآکەتەکەت یان موبایلەکەی دەستت ، ئەمە دەبێتە مامەڵەی شت .
کاتێک من بە ئەو کەسە بڵێم کە پەیوەندیم پێوەی ھەیە نابێت لەگەل ئەو کەسە قسە بکەی نابێت کار بکەی نابێت ھاورێیەتی بکەی نابێت برۆیتە ئەو شوێنە بە مانای تۆ موڵکداری کەسەکە دەکەیت .
بنەمای سەرەکی دروستبونی مامەڵەی کەسێتی متمانە و بروا بونە بە کەسی بەرامبەر ، دەتوانیت لە ڕێگەر ئەم دوانە ئازادی تەواو بدەیتە بەرامبەر وەک کەس بیبینیت وەک کەس مامەڵەی لەگەل بکەی ، ئەم دیمەنە بێنە پێش چاوی خۆت ، لە بری تۆ ئەو کەسە وەک شت مامەڵە لەگەل تۆ بکات و مەرجەکانی پەیوەندیەکە دیاری بکات ، واتا تۆ بە پرۆتۆکۆڵی ئەو کەسە ھەستیت و دانیشیت ، ئەو کات تێدەگەیت کە تۆ کەسایەتیت نەماوە و تەنھا بوکەڵەیەکی دەستی بەرامبەریت ، ھیچ کام لە بیر و باوەرەکانی خۆت جێگە ناگرن و کاریان پێناکرێت ، تەنھا وەک بوکەڵەکە فەرمان و رێنمایەکانی بەرامبەر جێبەجێدەکەیت و کەسایەتیت نامێنێت و دەبیت بە شتێک کە ئەو خاوەنەکەیەتی و تۆ دەبیتە موڵکی ئەو .
سەرەنجام ھەموو مرۆڤێک رۆژێک بە خەبەر دێت و بە دوای کەسایەتی خۆیدا دەگەرێت ئەو کات لە شت بون دێتە دەرەوە ، مرۆڤ گەلێکیش ھەیە تا دوا ھەنگاوی ژیانیان ناگەنە ئەو ئاستەو بە ھەمیشە وەک شت دەمێننەوە بێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان خۆیان بناسن و لە خۆیان تێبگەن و وەک خۆیان بژین نەک وەک شت بەکار بھێنرێن .