درۆکردن بۆتە جێگای شانازی بۆ میدیای کوردی

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2025-08-11     456

لە جیھاندا میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم دەبینرێت لە روی چاودێری و بەدواداچون بۆ کێشەکانی وڵات و شیکاری بۆ چارەسەر و دەرخستنی گەندەڵکاران و خراپەکاران ، لە رویەکی دیەوە سەرچاوەیەکی سەرەکی پەروەردە و فێرکردنە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا ، دەتوانێت بە ئاسانترین رێگە بچێتە نێو ماڵەکان و بگات دەستی تاک بە تاکی کۆمەڵگا ، لێرەوە تێدەگەین کە میدیا راستەخۆ کاریگەری ھەیە لەسەر ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە یەک کاتدا ، دەتوانێت ئاشتی بێنێت لە ھەمان کات توانای نانەوی شەر و ئاژاوەو بەدبەختی ھەیە .
میدیاکانی کوردوستان بەشێکیان میدیای سەربەخۆ نین ، حکومەتی ھەرێمیش میدیایەکی تایبەتی بە خۆی نییە ، میدیاکاران و نوسەران کاتێک دەچنە ویستگەیەکی میدیای کە سەر بە لایەنە حیزبیەکانن سەرجەم ئازادیەکان خۆیان دەدۆڕێنن و وەک توتیەک ئەوەی بۆیان دەنوسرێت و پێیان دەوترێت تەنھا دەتوانن ئەوە بڵێنەوە نمایشی ئەوە نیشان بدەن ،  کە ئەویش لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەیە کە  کاری لێدەکەن ، جگە لەوەی ئەتەکێتئ رۆژنامەوانی خۆی لە قەیراندایە و لەبری ئەوەی کار بکرێت بۆ یەکگرتوی و ئاشتی کۆمەڵایەتئ بە پێچەوانەوە بەرنامە دادەرێژن بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگا و لە خشتە بردنیان ، درۆ کردن بووە بە سیمای راستەقینەو سەرەکی بەشێک لە میدیای ئەمڕۆ ، بگرە درۆکردن بۆتە جیگای شانازی بۆ بەشێک لەو میدیاکوردیانە ، گاڵتەکردن بە ھەست و سۆزی خەڵک ، بەکارھێنانی جەماوەر بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندی حیزبەکان شاردنەوەی راستی و ھەڵبەستنی درۆی باوەر پێکراو ، میدیایەکمان ھەیە لە بری ئارامی بۆتە دەرد و بەڵا بەسەر خەڵکەوە ئەوەندەی دی مێشکی ھاونیشتیمانیانی ماندو کردوە . 
بەشێکی زۆری ئەم کارانەی ئەم میدیا کوردیانە دەیکەن بێ ھیواکردنی خەڵک و سەرلێشێواندنیەتی تا پەرچەکرداری دروستی نەبێت ،  لە پاڵ جیاکاری زەق دروستکردن لە ناو کۆمەڵگا . جار جاریش شارچێتی و بگرە کۆڵانچێتیش ، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ناخۆش و دڵتەزێن و گاڵتەکردن بە ھەست و دەرونی خەڵک ، گەورەکردنی دەم و چاوە دۆراوەکان و گرنگی دان بە مۆدێل و کەسە بێ ئەرزشەکان تا وا لە کۆمەڵگا بکات چاو لە خراپەکاری بکەن نەک ھەنگاو بۆ باشیەکان بنێن ، کێشە سەرەکیەکە ئەوەیە ھەمو ئەم میدیا حیزبیانە بە پارە وقوتی خەڵک بەرێوە دەبرێن وە بونەتە مۆتەکە بۆ ژیان ھەمان ئەو خەڵکانەی مافەکانیان دەخورێت بە بەرچاوی ئەو میدیانەی کە راستیەکان دەپۆشن و درۆ بە دوای درۆ دەھۆننەوە بۆ تێکدان و سەرلێشێوانی کۆمەڵگە.
بەشێکی زۆری ئەو دۆخە ناتەندروستە وئەو شکستە گەورانەی کوردستانی تێکەوتوە پەیوەندی بە خراپی و دەسترۆشتوی میدیای حیزبەکانەوە ھەیە ، ئەمرۆ میدیایەکی زەبەلاح  نییە بە تایبەت کەناڵە ئاسمانیەکان و میدیا بینراوەکان مەبەستمە کە سەر بە لایەنێکی حیزبی نەبن گەرچی زۆرینەی ئەو حیزبانەش ژێر بە ژێر و بە شاراوەی پەیوەستە بە دوو حیزبە سەرەکیەکەی ھەرێمەوە و پارە و بودجەی کەنالەکانیان لەو دوو حیزبە وەردەگرن ، بۆیە خەڵک ئێستا ئاراستەیەکی ھوشیارانەی وەرگرتوە و ھێدی ھێدی دوور دەکەونەوە لە میدیای کوردی و باوەر و متمانەیان بە ھیچ میدیاو کەناڵێکی ئاسمانی نەماوە ، نەزانینی راستیەکان زۆر باشترە لە پێگەیشتنی درۆ و قسەی ناراست و پەروەردەی ھەڵە ، ئێمە لە دۆخێکداین بەراستی پێویستمان بە میدیای سەربەخۆ و نوسەری سەربەخۆ و کەناڵی سەربەخۆ ھەیە تا بتوانن بە راستی دەست بخەنە سەر برینەکان و چارەی راستەقینەی کێشەکان دیاری بکەن و ببنە جێگەی متمانەی کۆمەڵگا چونکە دڵنیام رۆژێک دێت پێویستمان بە دەنگێک دەبێت کە ھەمومان بروامان پێبێت و ببێتە میمبەرێک ھەموان بە ئازادی ببینن و بنوسن و بڵێن بێ ئەوەی حیزب چیلکە بداتە ناوەرۆکەکەی ، ئەو کات دەتوانم بڵێم لە ئازادی و پەروەردە و راستی نزیکین بەڵام لە ئێستادا میدیا کوردی بە ھەمو مانایەک وێرانەیە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×