لە سەرەتای رزگاری ھەرێمی کوردوستانەوە نوسەران و رۆشنبیران بونە قەڵغانی دەرخستنی راستیەکان و دەنگی شەقام و دەسەڵاتێکی راستەقینەی چوارەم بەسەر دەسەڵاتی حوکمراندا ، ھەرچەندە لەو کاتەوە ئەوانیش بەش بوون بەسەر حیزبەکان و بێلایەنەکان بەڵام ھەرچۆن بێت بەشێک مابون دەیانتوانی راستییەکان بڵێن و دەست بخەنە سەر برینەکان و چارەکان بخەنە روو .
ئەمرۆ دوای تێپەر بوونی چارەکە سەدەیەک بەسەر حوکمرانی فیدراڵی ھەرێمدا ، لە دوای ئەو ھەموو شکست ونوشست و دەردەسەریانەی بەسەر کوردستاندا ھاتووە جیا لە جاران بەشێک لە نوسەران دەنگیان نەماوە و کاریگەریان نییە لەسەر روداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ، بە شێوەیەک لە پاڵ کایە سیاسیەکان کایەکانی دی کۆمەڵگاشیان وونکردوە ، ھەندێک لە نوسەران و رۆشنبیران کەوتونەتە دۆخی سڕ بوون یان بێھیوا بون یان ترس یان تەسلیم بوون ، لە ئێستا بەشێکی نوسەرەکان و رۆشنبیران بەسەر ئەم بەشانەدا دابەش بوون کە رەشبین و بێھیوان ، ھەرچی بێدەنگی ئەو کۆمەڵە رۆشنبیر و نوسەرانەیە بە دڵنیای لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە نادیموکراسیەکانە لە بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتانەیە کە ئامانجیان ماشینەوەی سامانەکانی نیشتیمانە بۆ خۆیان ، لە پاڵ بێدەنگی جەماوەر و کپ بونیان .
بەشێک لە بێ ھیوا بونی خەڵک دەگەرێتەوە بۆ ئەزمونەکانی پێشوو لە خۆپیشاندان و مانگرتن و چالاکی جۆرا و جۆر ، کە سودیکێان لێ نە بینی بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک ، بە پێچەوانەوە رۆژ لە دوای رۆژ مەوداکانی دیموکراسی و دادپەروەری و یاسای کەمتر دەبێتەوە ، بەشێکی بۆ نەبونی متمانەیە بە یەکدی بە شێوەیەک ھەر حیزبەو کۆمەڵێک لە نوسەر و رۆشنبیری لەپاڵ خۆیدا کڕ کردوە و تەنھا بۆی ھەیە بە بەژن و باڵای حیزبەکەیدا بڵێت ئەمە حیزبە ئۆپۆزسێۆنەکانیش دەگرێتەوە ، کۆمەڵێکی دی بێھوا بون و بێدەنگ بوون کەمینەیەکیش بەردەوامن و خەبات دەکەن و کۆڵنادەن ، کار وا بروات سەرنجام ھەموان بێدەنگ دەبن و تەنانەت بشنوسن یان بڵێن ئەو کات کاریگەریان نامێنێ ئەگەر لە ئێستاوە رێگا چارەیەک دیاری نەکرێت بۆ بەردەوامی و گەشەکردن .
نەمانی یان کەمبونەوەی پشتیوانی نێو دەوڵاتی بۆ دیموکراسی و ئازادی رادەربرین و دەرخستنی راستیەکانیش بەشێکی دی ئەم کێشە گەورەیە کە ئەمرۆ رۆشنبیران تێی کەوتون کە رەنگە ئەوانیش لە پێداچونەوەی مێژو ئەزمونە کۆنەکانیانەوە لەگەل ھەرێمدا بێ ھیوا بوون لە ھوشیار بونەوەی خەڵک و ئاگای جەماوەر یا خود لەوانەیە بێھیوا بوو بون لە باشی و راستی کەمینەیەک لە نوسەران و رۆشنبیران .
نەبونی جێگرەوەش کارلێکی گرنگی ھەیە بۆ نەمانی ھاوپەیمانی نێو دەوڵاتی بۆ نوسەران و رۆشنبیران ، لە بارێکدا ئەگەر دەسەڵاتێک خراپ بێت کێ جێگرەوەی ببێت لە کاتێکدا بەشێکی ئەو نوسەر و رۆشنبیرانە دەسەڵاتی سێبەری حیزبە دەسەڵاتدارەکانن ، ھەموو ئەم گرفتانە وای کردوە ھێدی ھێدی نوسین و دەنگ و رەنگ سودی کەم بکاتەوە و بەرەو نەمان بچێ کە پێویستە بونی ھە ێت بە بەردەوامی بۆ گۆرانکاری و چاکسازی ، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر دۆخی گشتی و رۆژ لە دوای رۆژ بێھیوای خەڵک زیاتر بێت و ئومێدێک نامێنێت بۆ چاکسازی و دیموکراسی راستەقینە .
ئێستا باشترین کاتە رۆشنبیران و نوسەرانی سەربەخۆ کۆنفراس یان کۆبونەوە یان سیمینار یان ھەر شێوەیەکی پێکەوە بوون بدۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئەم دۆخە چەقبەستوەی کە سیاسەتی ھەرێمی پێدا تێدەپەرێت و ئەنجامەکەشی لاواز بوونی زیاتری ھەرێمە ، رێگا چارەیەکی ستراتیژی بدۆزرێتەوە تا مەوداکانی دیموکراسی قەتیس نەکرێن و خەلکیش لەوە زیاتر بێھیوا نەبێت ، لە کۆتادا ھەر میلکەتێک ویستی پێشکەوتن و ئازادی و دیموکراسی ھەبوبێت قەڵەم چەکی سەرەکی بووە بۆ بەدیھێنانی و پێشخستنی دەوڵەت و گەڵ .