خۆشەویستی بونی ھەیە؟

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2025-12-11     373


زۆرینەمان کە بابەتێک شی دەکەینەوە یان بەدواداچونی بۆ دەکەین پێش دەستپێکی بابەتەکە بنکۆڵی چارەسەر و دەرھاویشتەکان دەکەین ، ئەمجارە بە شێوازێکی دی ئەم بابەتەم نوسیوە بە جۆرێک مرۆڤ خۆی بیر بکاتەوە خۆی بنکۆڵ بکات خۆی بگەرێ لە ناو خۆیدا لە ناو بەرامبەرەکەی لە مێژوو لە ئەزمونەکان لە نوسینەکان تا وەڵامەکان بدۆزێتەوە ئەو کات ئاخۆ تێدەگات یان نا ؟ ئەوەیان نازانم ، ئایا وەڵاممان دەست دەکەوێت یان نا؟ ئەوەش نازانم. 

ئەو پرسیارەی رەنگە ھیچی کەمتر نەبێت لە پرسیارەکانی وەک ئایا خودا بونی ھەیە ؟ ، راستی بونی ھەیە ؟ ، جوانی بونی ھەیە ؟ ، سەرەتا باشتر وایە ئەوە بپرسین بۆ بروامان بە خۆشەویستی ھەبێت ؟ ، وەک چۆن پرسیار لە خۆمان دەکەین بۆ بروامان بە خودا ھەبێت ، ئایا بەراستی پێویستیمان بە خودا ھەیە ، وەک چۆن بپرسین ئایا پێویستیمان بە خۆشەویستی ھەیە ؟  ھەیە وەک چۆن دەپرسین پێویستمان بە راستی ھەیە پێویستمان بە ژیان ھەیە؟ 
ئایا خۆشەویستی چۆن دەکرێت ؟ ئایا کردارە یان پەرچە کردارە ؟ ، سروشتی بیرکردنەوە مرۆڤەکان چین و چۆنن کە ڕێرەو ئاراستەی ئەو بژرادەیە دیاری دەکەن ؟ بژرادەی خۆشەویستی ، قورسترین پرسیار کە زۆرینەمان لە وەڵامەکانی را دەکەین ، ئەی ئەگەر ئەوەی پێیگەیشتیین و پێدەگەین خۆشەویستی نەبوو تەنھا تەمێکی دروستکراوی خەیاڵەکانی مرۆڤ خۆی بێت ئەگەر ئەم شتە کە ناومان لێنا خۆشەویستی درۆیەکەی گەورە بوو ؟ یان نەخێر ئەوەیان خۆشەویستی نەبوو بەڵکو خۆشەویستی شتێکی ترە و جیایە لەمە .
خۆشەویستی کەسێکە گوێت بۆ بگرێت یان ھاوکاریت بکات یان خواستەکان پر بکاتەوە یان ئارەزوەکان بەتاڵ بکاتەوە ؟ یان ببێت بە تۆ یان ببێتە کۆیلەت یان ببێتە داردەست یان ببێتە رێگایەک و تۆ بەسەریدا بپڕێیتەوە ، ئەگەر ئەمان بوو خۆش دەوێ ؟ ئایا ئەمەیە خۆشەویستی ؟
دوو مرۆڤ چۆن دەتوانن یەکیان خۆشبوێت وە دڵنیا بن کە ئەوە خۆشەویستیە تەنھا لەبەر ئەوەی بەرگەی یەک دەگرن یان لەبەر ئەوەی بونەتە ھاوسەر و پێکەوە دەژین یان لەبەر ئەوەی پێکەوە گەورە بوون یان لەبەر ئەوەی منال ھەیە لە نێوانیان یان لە بەر ئەوەی تازە دەبێت پێکەوە رێگاکان تەواو بکەن ئایا ئەمەیە خۆشەویستی ؟
پریسارێکی دی ئایا ھەمومان ھەمان تێروانینمان ھەیە بۆ خۆشەویستی ھەمان بۆچونونمان ھەیە ؟ ئایا لای ھەمومان ھەمان رێچکەیە کە ئەوانەی پێشوش پێیدا تێپەریون ، ئەگەر خۆشەویستی ھەمومان ھەمان شێوەیە بۆ ھەریەکێکمان ئەنجامێکی جیاوازی ھەیە ؟ ئایا ئامانجەکانی خۆشەویستیش ھەمان ئامانج نییە کە ھەمومان ھەمانە ، ئەی بۆ ئەنجامەکان جیاوازن .
خۆشەویستی نھێنییەکە تا ئێستا مرۆڤ نەیناسیبێت یان شاراوەیەکی مێژوییە و کەسمان دەستمان پێناگات یان ھەر خۆی لە ئەزەلەوە بونی نەبوە یان ھەر ئەویش وەک کردارە ئاساییەکانی رۆژگارمانە و بەڵام خۆمان گەورەمان کردوە .
ئایا مرۆڤ یەک جار خۆشەویستی دەکات یان چەندەھا جار ، چۆن بزانین کامییان خۆشەویستی بوون لەو ھەموو پەیوەندیانەی ھەمانە کە ناوی جیا جیامان لێناون ، ھەر خۆی خۆشەویستی وەک تۆی روەکێکە و گەورە دەبێت و گەشە دەکات یان بە پێچەەانەوە گەورە دروست دەبێت و ووردە ووردە دەپوکێتەوە تەنھا بۆ بەستنەوەی تاکەکانە ، بۆ نەتوانین خۆشەویستیەکی دی بکەین ئەگەر ئەمەی ئێستا ئەو نییە ئەی ئەگەر ئەمە ئەوە بۆ نامانگەیەنێتە ئەوەی پێی بڵێین خۆشەویستی .
یان بڕۆینە روە زانستیەکانی خۆشەویستی کە پەیوەستی دەکات بە بایۆلۆژیەتی مرۆڤەوە چۆن ئەنزیم و ھۆرمۆنەکان کارلێک لە مرۆڤ دەکەن لە پێناوی بەردەوامی و مانەوە کار لە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤ دەکەن جیھانێک بخولقێنێت بە ناوی خۆشەویستی بۆ بەردەوامی ژیان ئایا کەوا بێت خۆشەویستی وەھمی درەستکراوی سایکۆلۆژیەتی مرۆڤە ؟  ، گەر وایە بۆ راستیەکە نەزانین و رێگە کورتەکە نەگرینە بەر .
ئەشێت خۆشەویستی ببەستینەوە بە ئاینەکان یان فەلسەفەکان بۆ ئەوەی رێچکەیەک بدۆزینەوە تا رزگارمان بێت لە پرسیار کردن لەسەری ؟ ئەی ئاخۆ وەڵامەکان قایلکەر دەبن .
پێناسەی خۆشەویستی خۆی چییە بنەماکانی چین رێکارەکانی چین چۆن دروست دەبێت و چۆن گەشە دەکات و چۆن بەردەوام دەبێت و چۆن دەمرێت و چۆن دەپوکێتەوە چۆن درەست دەبێتەوە .
خۆشەویستی کەی بکەین ئایا پێویستە بیکەین ئایا دەبێت ھەر بیکەین ؟ ، ئایا لە ھەموو شوێنێک وەک یەکە خۆشەویستی یان لە ھەموو چینەکان ھەمان شتە لە ناو نەتەوەکان و خێلەکان ھەر یەک خۆشەویستیە کە لە ھەمو جیھاندا ھەیە ؟  ، ھەموو مرۆڤێک لە ھەمان ساتدا دەیکا یان دەگۆرێت کاتەکەی کەیە ، بۆ دەبێ لەو کاتەیا بێت ئایا ھەر دەبێت ناوی خۆشەویستی بێت .
جگە لەم پرسیارانە ھەزارەھا پرسیاری دی لەسەر خۆشەویستی ، تا بوون ھەبێ ئەو پرسیارانە بەردەوام دەبن و دەمێنن چەندێک زانست و ژیان و تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگاکان پەرە بسەنن و پێشبکەون بەڵام ھەر وەڵامی ئەم پرسیارانە شاراوەن و دەبێت ھەر بگەرێین و بپرسین ئایا خۆشەویستی چییە و پێناسە راستەقینەکەی چییە ئایا بونی ھەیە یان بونی نییە .؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×