نوسەر کێیە؟

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2025-12-18     134

نوسەر ئەو کەسەیە دەتوانێت قوڵایی ئازارەکان ببینێت و بە ووشە بونیاتی ستراکچەرێکی کاریگەر بخولقێنێ تا بە شێوەی نووسین بگاتە خوێنەر ، نوسەر وەک وەرگێری زمانە دەتوانێت زمانی کردار و جەستە و کارەسات و روداوەکان و دەرون بخوێنێتەوە سەر لە نوێ بە ووشە و رستە دایرێژێتەوە لە دوو توێ پەرەکان و بەیانی کردارەکان و پەرچە کردارەکان بکات بە نوسینێک لە پەرەگرافێک یان کتێبێک یان وتارێکدا .
مەرج نییە ئەوەی نوسەر دەینوسێت خۆی پێیدا تیپەربێت بەڵکو لە سیما و کارکتەرەکانی بەرامبەریدا گەراوە و نھێنیەکانی دۆزیوەتەوە ، لە پاشدا کردویەتیە نووسین ، نوسەر ناتوانێت لە یەک کاتدا تاوانبار بێت و بێ تاوان بێت ناتوانێت راستگۆ بێت و درۆزن بێت ناتوانێ سوزدار بێت و رق لە دەرون بێت ، بەڵام دەتوانێت ھەموو سیفەتە باش و خراپەکان لە دوو توێی نوسینێکدا کۆ بکاتەوە و لایەنی باشی و خراپی کردار و پەرچە کردارەکان بخاتە روو دەتوانێت ھەم نیشانی بدات ھەم شی بکاتەوە و پەنجە بخاتە سەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی، ئەوەی وا دەکات نوسەر ئەم توانایەی ھەبێت ژیری و ئەزمون و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بەردەوامە ، گەران بە دوای راستی و بیرکردنەوەی دروست لەمەر بابەتەکان ، کاتێک لە ( جی کی رولینغ ) دەپرسن لەسەر  زنجیرە ڕۆمانەکانی ( ھاری پۆتەر ) خۆت لە کوێی رۆمانەکاندا دەبینیتەوە ، بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵام دەداتەوە و دەڵێ جا کەسمان دەتوانین بچینە دونیای ئەفسان و سیحر و جادوەکان بەراستی ، ئەم وەڵامەی رولینغ رونکردنەوەی توانای دیدبینی و بونیاتە راستەقینەکەی نوسەرە  کە چەند توانایەکی بەرزی ھەیە لە خەیاڵکردن و بونیات نان و دارشتن دا لە کاتێکدا کتێبەکانی ھاری پۆتەر بە پرفرۆشتنین کتێب دادەنرێن و لە چوارچیوەی ئەفسانە و جادوەکاندا دەسورێتەوە . 
ئاجاپا کریستی ھیچ تاوانێک ئەنجام نەداوە بەڵام توانیوێتی تەواو دەرونی تاوانبار بخوێنێتەوە لە چوارچێوەی ووشەو رستەدا دەرون و کارلێکەکانی تاونبار دارێژێتەوە ، ھەموو نوسەران بەھەمان شێوە دونیایەکی خەیاڵی فراوان و بیرێکی وورد و ژیریەکی باش دەیانکاتە نوسەر کە توانای بەرجەستەکردنی خەیاڵەکان و لێکۆڵینەوەی کردارەکانی مرۆڤ بکەن و بە نوسین دایرێژنەوە .
مەرج نییە ئەوەی لەسەر جەنگ نوسی خۆی پاڵاوان بێت ، مەرج نییە ئەوەی لەسەر خۆشەویستی نوسی خۆی عاشق بێت مەرج نییە ئەوەی لەسەر کوشتن نوسی خۆی تاوانبار بێت ئەمە توانی راستەقینەی نوسەرە کە دەتوانێت ھەموو کارێزماکان لە نوسینەکاندا کۆ بکاتەوە بە بێ ئەوەی خۆی ئەزمونی کار و کردار و پەرچە کردارەکانی کردبێت .
نوسەری باش کێیە ؟ نوسەری باش ئەوە کەسەیە ئازار و مەینەتیەکانی دەورو بەرەکەی ببینێت ، کێشەکانی کۆمەڵگاکەی شی بکاتەوە وخاڵە لاواز و نەرێنیەکانی بەیان بکا ، نوسەری باش ئەوە کەسەیە راستی بڵێت و بوێر و ئازا بێت و قەڵەمەکەی وەک چەکێک بێت دژی نا دادپەرەوەری و گەندەڵی و تاوان و خراپەکاری ، لە ھەمان کات بتوانێت راستی و باشی و پاکی خۆی بپارێزێت و تێکەڵ بە قورمساغیەکانی دەوری نەبێت و دەرونی خۆی وون نەکات و پێنوسەکەی ھەراج نەکات بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتدار و خراپەکارەکان .
نوسەری خراپیش پێویستی بە رونکردنەوەی زۆر نییە تەنھا ئەوەندە بەسە بڵێین نوسەری خراپ گەورەترین تاوانباری مرۆڤایەتیە لە مێژودا کە ناوی دەمێنێتەوە بە پێناسەی خراپترین مرۆڤ .
نوسین بنەمای بیرکردنەوە وژیری و پێشکەوتن و زانینە لە نێو ھەموو کۆمەڵگاکان لە سەرەتای دروستبونی نوسینەوە لە مێژودا ، نوسین بە بناغەی پێشکەوتنی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت بۆیە نوسەر وەک رابەری پێشکەوتنەکانە بۆ مرۆڤایەتی وەک چۆن دەشتوانێ روخێنەر و لە ناو بەر بێت ، بەڵام مێژوو ھەمیشە باشەکانی ھێشتۆتەوە و خراپەکانی لە ناو بردوە بۆیە نوسینە باشەکان زۆرتر دەبینین وەک لە نوسینە خراپەکان ئەمەش وایکردوە لەوە تێبگەین ئەرکی نوسەر باشترکردنی ژیانە نەکا تێکدانی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×