سیفەتی مرۆڤ بەو شێوەیە کە زۆرینەی کاتەکان خۆی بەراست دەزانێت و خەسڵەتی سەرۆکایەتی و بریاردانی لا پەسەندە بۆ خۆی ، لە ھەر کردارێکدا لە ھەر گفتو گۆ و کێشمەکێشێکدا ھەمیشە ھێرش بەرە بۆ سەلماندنی بۆچونەکانی و دەستگیر بون بە بنەماکانی بیرکردنەوە وبریارەکانی ، لەو شوێنەش کە بکەوێتە دۆخی بەرگریکار ھەزارەھا بەھانە دێنێتەوە بۆ مانەوەی خۆی و بیر وباوەڕەکانی ، لە ھەر کوێدا ترسی کەوتنی بیر و باوەڕەکانی ھەبێت پاشەکشە دەکات بۆ ئەوەی دان بە ھەڵەکانیدا نەنێت و نەکەوێتە داروخانی بیر و باوەرەکانی، مەبەست دەستگرتنێکی کوێرانە بە و بنەمایانەی باوەڕەکانی لەسەر بنیات ناوە تەنھا لەبەر ئەوەی بە شێوازێک پێوەی نوساوە بە بەشێک لە جەستەو مێژوی ژیانی خۆی دەزانێ .
ڕەو ڕەوەی ژیان چەندەھا نمونەی زۆری لەمە تێدایە کە پاش شکست و کەوتن ئەو کات ھەڵەکانمان دەبینین و دان بە شکست و کەوتن دا دەنێین ، زۆر جار ئەم خەسڵەتە لە تاکەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵ بە شێوەیەک دەبێتە ئایدیایەک یان باوەرێک کۆ گەلەکە ھەمان شێواز بیر دەکەنەوە بریار دەدەن ئا لێرەدا ئیتر نەزانی و دەمارگیری دەبێتە بەڵا بۆ ئەو کۆمەڵە و بۆ میللەتەکە .
ئەگەر مرۆڤ دوای ھەموو کەوتنێک ژیریەک پەیدا بکات ئەی ئاخۆ چی پێوە دەمێنێتەوە تا دانا دەبێت ، دەکرێت مرۆڤ پێش کەوتن راستیەکان بزانێت پێش شکست نەنگیەکانی بیرکردنەوە و ئاکاری کردارەکانی و بریارەکانی بزانێت ، ئەوەی یابانی پێشخست زوو درک کردن بوون بە ھەڵەکان و زانینی راستیەکان و وەلا نانی ئەفسانە وکلتور و خاڵە لاوازەکانیان دان نان بە راستی و زانستیەکان د ا .
کورد لەو نەتەوانەیە بەردەوام لە چوارچێوەی بیر و باوەرە کۆنەکان و ھەڵەکانی کۆندا دەخولێتەوە دەگەرێتەوە سەر خاڵی سفر ، بەڵکو تاکی کورد ھەمان شێوەیە لە ناو بازنەیەکی داخراو چێوە دروستکراودا گیری خواردوە جا ئەگەر لە گەلەکەی بێت تا ئەو سەرکردانەی رابەرایەتی ئەم گەلەیان کردوە ، لە چوار پارچەی کردوستان ئەوەی لە مێژودا ڕویداوە دەبینین ھەر ھەمان ڕوداو دووبارە دەبێتەوە بە روخسارێکی جیاواز کەچی تاکی کوردی و سەرکردایەتی کوردی ھەمان بیر و باوەڕ و خەسڵەتە کۆنەکانیان ھەڵگرتوە کە پێشتر شکستیان پێ وەرگرتوە بێ ئەوەی بیرێک لەوە بکەنەوە بۆ ئەمە نەگۆرین تا ھەمان ئەنجامی کۆنمان نەبێت ، ئەم خەسڵەتە خۆ ھەڵخەڵەتاندنە جا ئایا لە نەزانی یان بەرژەوەندی تایبەت یان تەمەڵی بێت ، کێشەکە ئەوەیە چ کات و لە چ شوێنێ ئەوە بگەینرێتە تاکی کورد کە ھوشیاری و گۆران لە بیر و باوەرەکان دەتوانێت بتگەیەنێتە ئەنجام کە ڕەنگە ئەنجامەکە ئەسڵەن ئەوە نەبێت کە چەند ساڵە کورد خەباتی بۆ دەکات ، ئەمە کاتێک دەبێت کورد خۆی بزانێ چی دەوێت وە ئایا ئەو شایەنی ئەوەیە کە دەیەوێت و ە ئایا ئەوەی بۆ دەکرێت کە دەیەوێت وە ئایا ئەوەی بۆ دەبرێت بەرێوە کە دەیەوێت ، تا ئێستا و تا ئێرە توانی بیرکردنەوە وپەیوەندیەکانی کورد و کرادر و گوفتارەکانی خۆی شایەنی ئەوە نیین کە دەیەوێت بە مانا ئەو داوایە قەبەیەی بانگەوازی بۆ دەکات لەگەڵ تێنەگەیشتینی لە دۆخی خۆی و دۆخی ناوچەکە لە ھێچ شوێن یەک ناگرنەوە بۆیە بەدیھینانی ئەو خەونانە لە خەونێکی شاعیرانەی ھیچی زیاتر نییە.
کورد تا ئێستا ئەمەندە بەش بەشە لە نێوان ئاینەکان و ئایدیاکان و زمانەکان و سنورەکان و مێژوەکان ھەرگیز بەمشێوەیە نابێتە ھیچ ، تەنھا ئەوەیە ئەو دەورو بەرەی و سیستمی جیھانی چۆنی بوێت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دێنێت ، ئەوەی دەیبینین لە ئێستادا لە پرۆشەی ئاشتی باکور ولە شەرو پێکدادانەکانی رۆژ ئاوا و لە کەرت بونی دەسەڵاتدارێتی باشور و لە بێ ئیرادەی رۆژھەڵات لە شۆرش لەم کاتەدا ئەوەمان نیشان دەدات کورد تا ئێستا ھیچ نییە لە ھاوکێشەکاندا جگە لە داشی دامەیەک کە لە لایەن دەوڵەتانی ئیقلیمی و جیھانی دەجوڵێنرێن بە پێی بەرژەوە ندی خۆیان ، ئەم ئەو راستیە تاڵ و ناخۆشەیە کە رەنگە زۆرینەمان پێمان قبوڵ نەبێت وە ھۆکاری دواکەوتن و نەزانیمان ئەو پێقبوڵ نەبونەیە و بەشێکیش لەبەر بەرژەوەندی و وەبەشێک لەبەر نەزانیمان بۆیە تا مانەوەمان بەم شێوە پەرتەوازە و بێ ئاگایی و ھوشیاریە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو دواتر و خراپتر مان دەبات لە پاڵ زیرەکی و ژیری و ھوشیاری چوار دەورەکەمان ئەوان دەمانکەنە ، گەرای ماسی و ڕاوی خۆیانمان پێ دەگرن .