ئامێرەکانی ڕێز…..

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2026-02-03     230

ڕێز بنەمای هەموو جۆرە پەیوەندیەکانە ، جا پەیوەندی کۆمەڵایەتی بێت یان پەیوەندی ئابوری بێت یا سیاسی ، دەتوانین وێنای رێز بکەین وەک بناغەیەک بۆ دروست بوونی سەرجەم پێکهاتەی پەیوەندیەکە  ، هەر پەیوەندیەکیش ڕێزی تێدا نەبوو ڕوخانی ئاسانە و هەرگیز بە تۆکمەی نامێنێتەوە زەرەی نەبونی ئەو ڕێزە بەسەر هەردولادا دەشکێتەوە .
مرۆڤ چۆن ڕێز لە بەرامبەرەکەی بگرێت ، ئامێرەکانی ڕێزگرتن چین وە چۆنن ؟
کاتێک هاوڕێیەتیەک بنیات دەنێیت دەبێت ڕێز بناغەی ئەو هاورێیەتییە  بێت ئەویش یەکەم بەوەی ڕاستگۆ بیت هەم لە بونیاد نانای پەیوەندییەکە هەم لە رودا و ژیانکردنی پەیوەندیەکەدا ، بەوەی دڕۆ لەگەڵ هاوڕێکەت یان پەیوەندییەکەت نەکەیت  ، ناپاکی لەگەڵ نەکەی لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆت ، خراپەی بەرامبەر نەکەیت لەژێر کارێگەریە دەرونییە نەخۆشەکانیەکانئ خۆتدا ، ئەمانە ئامێری ڕێزگرتن ، دزی لێ نەکەیت ، متمانەی نەدۆرێنێت ، ئازاری خۆی یان کەسە نزیکەکانی نەدەیت .
گرنگی دان و بەدواداچون ئامێرێکی دی ڕێزگرتن بە مانای لێپرسینەوە نا بەڵکو پرسین و هەواڵپرسین و سەردان و یادکردنەوەی لە بۆنە تایبەتەکان ، تەنانەت بە ناردنی نامەیەکیش بێت دەبێتە سەلمێنەری رێزی بەرامبەر ، پێشکەشکردنی گوڵێک یان دیاریەک یان ووشەیەکی جوان یان شیعرێک هەموو ئەمانە ئامێری ڕێز لێ گرتنی بەرامبەرن ، گرنگ دان و بەردەوامی هاوخەمی و هاوسۆزی و هاوڕێگای ئەمانە سەلمێنەری بونی ڕێزن بۆ بەرامبەر .
دەستپاکی و دڵنیای کاتێک لە مامەڵەیەکدا بەدی دەکرێت ئاماژەن بۆ ڕێزی بەرامبەر ئاماژەن بۆ ویستی مانەوە و بەەدەوامی ، چونکە مانەوە و بوردەوامی ئامانجی سەرەکی رێزن لە پەیوەندیەکاندا .
ڕێزی مرۆڤیش بەمانای خۆشەویستی بە مانای دڵنیایی بەمانای پاڵپشتی و پشتگیری ، لە هەر پەیوەندیەکدا رێز بونی نەما بە مانای هەموو ئامێرەکانی ڕێزگرن شکاون و ئەو پەیوەندییە بەردەوامی نامێنێت و شکست دێنێت ، کەواتە رێز و ئامێرەکانی دوو ئاکارن کە هاوتەرینی یەکن هەم پێکەوە دروست دەبن و گەورە دەبن راستەوخۆ ئەمیان پەیوەندی بەوی دیکەوە هەیە ، هەم پێکەوەش دەکەون چونکە بە هەردوو بنەمای ئەو دوانەن هەم ڕێز بنەمای ئامێرەکانی رێزە هەم پێچەوانەکەشی ، بۆیە بونیان پەیوەستە بە یەکەوە ، بەڵام بنەمای دروستبونی ڕێزەکە زیاتر بوونی ئامێرەکانی ڕێزە لە مرۆڤدا بۆ دروستبوونی پەیوەندیەکی توند تۆڵ و سەرکەوتو .
مەرجی ڕێز ئەوەیە کە ئامێرەکانی ڕێز لە هەردوو لادا بونی هەبێت و گەشەی پێبدرێت ، دەبێت هەردولایەنەکە یان هەردو کۆمەڵەکە ئامێرەکانی رێزیان هەرس کردبێت و بەرجەستەیان کردبێت بەرامبەر یەک ئەو کات پەیوەندیەکە دروست و سەرکەوتوە بۆ هەردولا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×