ئێران بۆ ناکەوێ؟

زه‌به‌نگ به‌هادین
  2026-03-02     142

شارستانیەتی فارس یەکێکە لە کۆنترین و قوڵترین شارستانیەتەکانی ناوچەکە ، بە درێژای مێژوو فارس توانیویەتی ھەموو شەر و ئاستەنگ و ناکۆکیەکان تێبپەرێنێت ، ئەم شارستانیەتە توانیویەتی ھاوتەریب بە دروستبونی دەوڵەتی ئێران بروات و تەشەنە بکات لە ھەموو جومگەکانیدا ، ئەمەش بونیادێکی تۆکمە و توندی دروست کردوە لە ناو ئیدارەی دەوڵەت و سیاسەتی حوکمرانی ئێراندا .
ئێران چەندەھا شەر و ئابڵوقەی قورس و کێشەی ناوخوی و دەستێوەردانی دەرەکی تێپەراندوە بە سەرکەوتوی ، تا ئێستاش توانیویەتی بە پێوە بوەستێ و خستنی کارێکی قورس و بگرە ئەستەمیش بێت .
ھەمیشە ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوروپا کێشەیان لە تێنەگەیشتن و زانین ھەبووە لە سیاسەتی دەرەکی و ناوەکی ئێران ،تا ئێستاش نازانن لەگەڵ کێ گفتو گۆ بکەن تا ئەنجامێکی باشیان ھەبێت پێکھاتەی حوکمرانی ئێران و ناوەندی بریاردانی سەنتەرایز نییە و کەسێک یان دامەزراوەیەک نییە بریاری کۆتایی لابێت ، ئەمە سیاسەتی چەند فاقی و سەرلێشێواندنی بەرامبەرە کە ئێران بەکاری دێنێت دژ بە نەیارەکانی .
پێکھاتەی دەسەڵاتی ئێرانی زۆر ئاڵۆزە پێکھاتوە لە پیاوانی ئاینی و سیاسی و حوکمرانی بەمشێوەی خوارەوە :-
١-ڕابەری باڵا (وەلی فەقیح): باڵاترین دەسەڵاتی وڵات، سیاسەتی گشتی دادەنێت، فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکان دەکات، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دیاری دەکات، دیاری کردنی نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پاسەوان.
٢- سەرۆک: دووەم پلەبەرزترین بەرپرسە، سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات و دەستور جێبەجێ دەکات (جگە لەو دەسەڵاتانەی کە دراوە بە ڕێبەری مەزن). ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵدەبژێردرێت.

٣- مەجلیسی شۆرای ئیسلامی (پەرلەمان): لە ٢٩٠ ئەندام پێکھاتووە کە ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵدەبژێردرێن، بەرپرسیارن لە یاسادانان و پەسەندکردنی بودجە و کابینە.
٤- ئەنجومەنی تێگەیشتنی ئیمتیاز: دەستوەردان دەکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزەران و وەک دەزگایەکی ڕاوێژکاری سەرۆکی باڵا کاردەکات.

٥- دەسەڵاتی دادوەری: لە ڕووی پێکھاتەوە سەربەخۆیە، بەڵام سەرۆکەکەی لەلایەن ڕێبەری مەزنەوە دیاری دەکرێت و لەژێر کۆنترۆڵی ئەودایە.
٦- سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی: ھێزێکی بەھێزی سەربازی، ئەمنی و ئابوورییە کە ڕاستەوخۆ ڕاپۆرت دەداتە ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی و کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەیە.
٧- ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی: بەرپرسیارە لە بابەتە بەرگری و ئەمنییەکانی نیشتمانی؛ بڕیارەکانی تەنھا بە ڕەزامەندی ڕێبەری باڵا کاریگەرن.
زۆر جار لە گفتو گۆکان یەکێک لەم دەسەڵاتانە دەچێتە گفتو گۆکان بەڵام یەکێکی دیان وەڵام دەداتەوە و لەولاەوە دەسەڵاتیکی دی رەتی دەکاتەوە ودەسەڵاتیکی دییان نەرمی دەنوێنێت دەسەڵاتێکی دییان توند دەبێت ئەمەش سەری لەو لایەنانە شێواندوە کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن و نازانن ئاخۆ کام بریار کۆتایی و جێگیرە .
جگە لەم دەسەڵاتانە دەوڵەتی قوڵ لە ناو ئێران دەسەڵاتی تەواوی ھەیە بۆ کۆنترۆڵ کردن و بەرێوەبردن بەدەر لە دەسەڵاتی سیاسی ئێران ، لە ئێستادا دەبینین سەرەرای کوشتنی رابەر و ٤٨ سەرکردە وە جاری پێشو کوژرانی چەندین سەرکردەی سیاسی و سەربازی دەوڵەتی قوڵ زۆر بە ژیرانە دەتوانێت ووڵات رابگرێت و لە پاڵیشدا شەر بکات ، ئەمە نیشانەی بڵاو بونەوە و قوڵبونەوەی دەوڵەتی قوڵە لە ناو جومگە سیاسی و سەرباز و ئەمنیەکانی ئێراندا .
لە پاڵ ئەمەنانەدا گەلی ئێرانی وەک گەڵانی ناوچەکە نین سەرەرای نارازی بونیان لە سیستمی سیاسی و ئیدارەدانی وڵات بەڵام ووڵاتیان خۆشدەوێت و ئامادە نین وێرانی بکەن بە پێچەوانەوە پارێزگاری لێدەکەن ، وەک بینیمان ئەمریکا ھانی دان بۆ راپەرین بەڵام ئەوان نایانەوێت ئێران وێران بێت ، وە بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئێرانی پەیوەستن بە بروای ئاینی حوکمرانی وڵات و ئەمریکا و ئیسرائیل بە دژ دەزانن و بروایان بە ئەمریکا نییە ، بۆیە زۆرینەی گەلی ئێرانی لە ئێستادا دژی ئەم شەر و پەلاماردانەن کە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکا بەرپا کراوە .
پێگەی جوگرافی ئێران کە لە چوار لاوە دەور دراوە بە زنجیرە چیای سەخت و دژوار ھەمان کات لە ناوەند بە بیابانی بەرین و فراوان ئەمە جگە لەوەی شارەکانی ناو ئێران لەیەک دوورن و جیاوازی و کلتوری و نەتەوی و ئاینی ناوچەکان بە شیوەیەکن ناتوانرێت یەکدەست یەک بگرن و دەسەڵات بروخێنن .
نەبونی ئۆپۆزسێۆنی یەکگرتو و راستەقینە و بە توانا بە شێوازێکی رێکخستن و پاشخان و بنکەی نھێنی ھەبێت لە ناو ئێران ، نەبونی کەسایەتی ئۆپۆزسێۆنی ناسراو و ویستراو لە ناو گەلی ئێران کە بتوانێت رابەرایەتی راپەرین و سەرکردایەتی بکات .
ئێران خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیە لە زۆرینەی پێداویستیەکانی پشت بە بەرھەمی ناوخۆ دەبەستێت و ناتوانرێت لە رێگەی ئابڵوقەوە چۆکی پێ دابدرێت ، لەبەر  ئەوەی ئێران ھەمیشە لە ناکۆکی ئیقلیمی و جیھانیدا بووە توانای بەرگەگرتنی شەری درێژ خایان و دوور مەودای ھەیە بە پێچەوانەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە توانای بەرگەگرتنی شەری درێژ خایانیان نییە .
لە ئێستادا پشت بەستنە بە ھاتنە ناوەوەی ئەوروپا بۆ شەر بە بیانوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی کەنداو قورسە کە ئەوان ترسی روسیایان ھەیە لە شەری ئۆکرانیا ناتوانن ئەمەش بخەنە پاڵ ئەو ترس و قورساییە .
ھەموو شیکاریەکان ئەوە دەردەخەن کە خستنی دەسەڵاتی ئیسلامی و حوکمرانی ئێران نەک تەنھا قورسە بگرە ئەستەمە ، ئەمە جگە لەوەی ھەم دەسەڵاتی سیاسی و ھەم دەوڵەتی قوڵ ھەمیشە ئەوەیان لەبەر چاو بووە ئامادەی ھەموو روبەروبونەو و دانوستان و ملکەچ دان و روداوێک دەکەن بەرامبەر مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران ، بۆیە ئێران ئەمجارەش ھەڵدەستێتەوە سەرپێ و ڕەنگە لە جاران ژیرتر و ووریاتر بەڵام بە شێوازێکی جیا رەنگە وەک یابان و ئەڵمانیا ئیدی لە رێگەی پێشکەوتن و پیشەسازی و نەوت و غازەوە پێگەیەکی بەھێز بۆ خۆی دروست بکاتە وە لە ناوچەکە و لە جیھان .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×