ئایا یەکێتی پەنەڵتی گۆڵ دەکات!!

غازی حەسەن
  2024-11-28   

سیاسەت هەندێک جار وەکو یاری تۆپانێیە، گۆل و هۆل لە دەرەوەی مەزەندەیە. یەکێتی لەم هەڵبژاردنە شەڕی لەسەر زیادکردنی دەنگەکانی بەشێوەیەک بوو، کە تەڕی لە جیاتی وشکی ئاگر دەدا، خەیاڵی بەلای خەیاڵاندنی (مام ڤاندام) و (زانا)دا دەچوو، هەر بەهەمان پێک و دووزەلەی ئۆپۆزسیۆن ئاوازی دەژەنی، وەکو گوتم لە تۆپانێ ڕەنگە بەهڵەیەکی بچووک تیپەکەت بەدۆران بدەی. هەندێک بڕوایان وایە کارتی سوور وەربگیرێت، لە دۆڕان باشترە. دوور نییە ئەمە لەسیاسەتیش بە حەلال و ڕەوا بزانن و دەست تێکەڵکردن لەپێناو بردنەوە بە شەرعی و کارێکی ژیرانەی سیاسی بزانن.   

لەم یارییە براوەی چەندەم (نەوەی نوێ) بوو،  ئیسلامییەکان خۆیان بە غەدرلێکراو، واتە پاشەکەشەپێکراو، یان دۆڕاو دەزانن. یەکێتی کەمی نەکرد، نەشیبردەوە، بەڵام هێشتا گەمەکە کۆتایی نەهاتووە.

(سەرۆک بارزانی) بەئاشکرا گوتی (کاکی خۆم، ئەوەی بە گفتوگۆ  لەگەڵ پارتی بەدەستی دەهێنن، بە حەیاتی بە ململانێ بەدەستی ناهێنن). بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، وەکو ئەوەیە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) پەنەڵتی بۆ گیرا بێت، ئەم پەنەڵتییە جارەنووسسازە، چونکە دواین چرکەکانی کاتی زیادکراوە، ئەگەر گۆڵ نەکات دوو بە یەک دەدۆڕێت.

مەبەستم ئەوەیە پارتی پێویستی بە دەسەڵات و پاراستنی پێگەی خۆی هەیە لە حووکمڕانی، ئەم حووکمڕانییە و پاراستنی هێز لە بەرێوەبردن و پێکهێنانەوەی کابینەی نوێ پەیوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە هەیە، بەڵام چانسی یەکێتی لە هەموویان پترە، بۆیە وەکو ئەوەیە لەدواین چرکەدا پەنەڵتی بۆ گیرابێت.  لایەنە کەم کورسی و دەنگەکان، پێیان وایە دادوەر دادپەروەر نەبووە و فرتوفێڵ کراوە. من دەزانم (سەعید پیرە) ناتوانێت هیچ گۆڵێک بکات، بە قسەکانی ئەگەر گۆڵچیش لە گۆڵ نەبێت گۆڵ نادۆزێتەوە. بۆیە پێویستە (یەکێتی) پیاوی ئیشکەر، نەک قسەکەر لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی زۆر لەڕێگەی گفتوگۆیەکی متمانەداری هەقیقی لەگەڵ (پارتی) دەسەڵات پێ بدات.

دۆخێکی سەخت، ناکۆکی تووند و ژینگەیەکی ئاڵۆزی بۆگەنبووی سیاسی و فشاری هەمەجۆری سیاسی و ئابووری و مووچە و دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری هەرێم هەیە. واقیعی سیاسی ئەوەی فەرزکردووە کە (پارتی) لە پاراستنی گۆڵەکەی جددی بێت و لەهەمان کاتیشدا لە (تعادلبوون) لەگەڵ یەکێتی وەکو تیپێکی خودان هێز و توانای سەربازیی و ئەمنی دڵتەنگ نابێت، چونکە دەزانن هەڵومەرجی هەنوکە لە دەستکەوت لەپێشتر و گرنگترە. لەهەمان گاڤدا ئەوە دەزانێت کە یاریی کردن لەگەڵ تیپی بەهێز گەمە و یارییەکە بەهێزتر و کاریگەرتر دەکات.

یەکێتی لەبەرەم گۆلی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر دۆخی دەروونی ئارام و سەقامگیر نەبێت، گۆلکردن ئاسان نییە، گۆلیش بکات نایباتەوە، بەڵام دەتوانێت هاوسەنگی هێز و متمانە بۆ خۆی و جەماوەر و هاندەر و دەنگدەرەکانی دروست بکاتەوە.  لەبیرمان نەچێت دادوەری یارییەکە (ئێران) نییە، بەڵکو ڕۆژئاوا و ئەمەریکایە و دەیانەوێت یارییەکە بە خاوێنی و چاکی و سەرکەوتووانە کۆتایی پێ بێت. ناشیانەوێت بچنە کاتی زیادکراو چونکە پێیان وایە دۆخەکە ئەوە ناخوازێت. بۆیە ژیریی لە بردنەوە نییە، بەڵکو لە هاوسەنگی و تەبایی و پاراستنی دەستکەوتەکانە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری عێراقی: زیادكرنی پشكی هه‌رێم به‌بێ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌
لە سلێمانییەوە؛ ئیلهام ئەحمەد نەخشەڕێگە و مەرجەکانی ڕۆژاڤای بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا کرد
بەغدا و یەبەشە ڕێککەوتن؛ زیاتر لە ٤ هەزار شەڕڤان دەخرێنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکاتەوە
سکاڵاکەی عەلی حەمەساڵح لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکرایەوە
راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌ی نێوان ئێران و توركیاو پاكستان و سعودیه‌
لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان؛ ژمارەیەک لە ئاوارەکانی گرێ سپی و سەرێکانی رووبەڕووی هێرش دەبنەوە
"زیاتر له‌ 100 خێزانی كوردی گه‌مارۆدراو له‌ناو باڵه‌خانه‌ی ئیداره‌ی گرێ سپی گوازرانه‌وه‌ بۆ شوێنێكی پارێزراو"
لووتکەی ئەمنیی تاران؛ بەرپرسانی باڵای سعودیە، پاکستان و تورکیا لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران کۆدەبنەوە
"به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم ده‌كرێت له‌ 2027 بگاته‌ 350 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×