ئەمەریکییەکان لە مردن ناترسن، بەڵام لەدەستکورتی دەترسن!!

غازی حەسەن
  2025-05-02     175

لە ناوەڕاستی مانی نیسانی ٢٠٢٥دا (نیوزویک)ی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی شیکاری و لێکدانەوەی لەبارەی چۆنیەتی بیرکردنەوە و ترسەکانی هاووڵاتی ئەمەریکی لەلایەن پەیامنێری هەواڵ و زانیاریی لەنێوەخۆی ئەمەریکا (ئەلیس هایام Aliss Higham)ەوە  بەناوی " توێژینەوەکان دەری دەخەن ئەمەریکییەکان زیاتر لە مردن ترسیان هەیە لە شکاندنی دارایی هەیە" بڵاوکردەوە.

ئەوانەی شارەزا و ئاگاداری ژیانی ئاسایی هاووڵاتیانی نێو ئەمەریکان ئەوە دەزانن، کە ئەم وڵاتە سەرمایەدارییە مەزنە، نەک هەر بواری بەرهەمهێنان، بەڵکوو سیستەم و بیرکردنەوە و کەلتوور و ڕەفتارەکانیشی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە فەلسەفە و فکری سەرمایەدارییەوە هەیە. هەموو کەسێک لەم وڵاتە مەزنەدا دەبێت کار بکات و خاوەنی کارێک بێت، ئەگەر نا چارەنووسێکی نادیار لە شەقامەکان چاوەڕوانی دەکات. بە واتایەکی دیکە نەبوونی و دەستکورتی و لەدەستدانی کار هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و لەمردن ناخۆشترە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە  لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەم زانیارییە گرنگانە دەکات و دەبێژێت: "توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، نزیکەی دوو لە هەر سێ کەسی ئەمەریکی  واتە پتر لە ٪٦٤ ترس و نیگەرانیان لە نەمان و تەواوبوونی پارەکانیان هەیە و بۆیە ئەمانە پتر لەم دۆخە دەترسن نەک مردن" . ئەو ئاماژە بە توێژینەوەی ساڵانەی خانەنشینی ئەلیانز بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەکات، کە ڕاپرسییەکی لە گەڵ هەزار کرێکاری ئەمەریکی ئەنجام داوە، کە تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ بەسەرەوەیە. لەم ڕاپرسیەدا دەرکەوتووە نەوەی هەزارییەکان  و منداڵە گەشەسەندووەکان ترسیان سەبارەت بە کەمبوونەوەی پاشەکەوت و نەمانی پارە و توانای دارایی هەیە، بە واتایەکی دیکە هەر کاتێک واز لە کارکردن بێنن، ئیدی ترس لێیان دەنیشێت. هەروەها "خانەنشینەکان بەزۆری نیگەرانن لە نەبوونی و دەستکورتی لە ٪٧٠ دەڵێن ترسی زیاتریان لە ناسەقامگیری دارایی لە درەنگانی تەمەندا هەیە، پتر لە مردن.  لەنێوان نەوەی هەزارەییەکاندا، لەسەدا ٦٦یان ڕایانگەیاندووە، پتر ترسیان لە نەمان و تەوابوونی پارە و دەستکورتی هەیە. ٪٦١ یان ڕاشکاوانە دەبێژن لەکۆتایی ژیانیاندا ترسیان لە وێرانبوون و داڕمان و فەشەلی دارایی هەیە".

(مارک تۆرنەر) کە خانەنشینە و دامەزرێنەری ماڵپەڕی GoldIRAGuide.com  بە (نیوزویک)ی ڕاگەیاندووە: "لەماوەی دەیان ساڵی کارکردنی، بە چاوی خۆی شایەتحاڵی ترسی کرێکاران بووە، ئەوانەی لەڕووی داراییەوە خۆیان بۆ دواترین ساڵەکانی ژیانیان ئامادە دەکەن. ئەمەریکییەکان زیاتر لە مردن ترسیان لە شکان و نەمانی توانای دارایی و مایەپووچی هەیە".

ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییە لە توێژینەوەکەیدا گوتی:  "خەڵک بە گریانەوە پەیوەندی بە ئۆفیسەکەمانەوە کردووە و دەڵێن: گرنگ نییە سبەی بمرم، تەنیا نامەوێت بە دەستکورتی و گیرفانی بەتاڵ و نەبوونییەوە بمرم".  

بۆیە ڕاپۆرتە شیکارییەکە ئاماژە بە هۆکاری (هەڵاوسان و نەبوونی یەکسانی و باجی زۆر وەکو کێشەیەکی گرنگ) دەکات ، ئەوی دیکەش ئەو گومانە زۆرەیە، کە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیانە و پێیان وایە ناتوانێت پشتگیرییەکی گونجاو لە خانەنشیان بکات.  واتە سیستەمی هاوکاری دارایی و پاڵپشتی ژیانێکی شایستە و دڵنیا نییە.

بەپێی زانیارییەکان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا نزیکە ١٧٠.٧ ملیۆن کەس تۆمارکراون کە کرێکارن و کار دەکەن. ڕێژەی دەستخستنی کار لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ گەیشتۆتە ١٦٣.٥ ملیۆن کەس، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ڕێژەکە هەندێک زیادی کردووە، کاتێک بەراورد دەکرێت بە مانگی شوباتی هەمان ساڵ کە ١٦٣.٣ میلۆن کەس بووە.

هێزی کار بریتییە لە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی کە بۆ کار ئامادەن، هێزی کار لە ئەمەریکا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشۆتە ئاستێکی پێوانەیی و ١٧٠.٧ ملیۆن کەسی مەدەنی دانراوە و  لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠، لە سەرەتای پەتای کۆڤید-١٩ لە ئەمەریکا، ١٦٤.٦ ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی وەکو هێزی کار لە پێش پەتاکە تۆمار کراون. هێزی کاری ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٠ەوە ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، جگە لە ماوەی دوای پاشەکشە مەزنە ئابوورییەکە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ لە خوار ئاستی پێویست بووە.

 

ئافرەتان

لە مێژووی هاوچەرخی ئەمەریکا، سێ قۆناغی بەرچاو لە زیادبوونی بەشداری ئافرەتان وەکو هێزی کار هەیە.  لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا تا ساڵانی ١٩٢٠ بەڕێژەیەکی زۆر کەم ئافرەت لەکار دامەزران. زۆرجار ئافرەتی کارگەر و ئافرەتە گەنجە تاقانەکان بوون و بەشێوەیەکی گشتی لەکاتی هاوسەرگیریدا دەستیان لەکار هەڵگرتووە و چی دیکە لەنێو هێزی کار نەماون و وەکو هێزی کار حیسابیان بۆ نەکراوە، مەگەر خێزانەکەیان پێویستی بە دوو داهات بووبێت. ئەم ئافرەتە کرێکارانە بە پلەی یەکەم لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی قوماش، یان وەک کرێکاری ناوماڵ کاریان دەکرد.

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٥٠، بەشداریکردنی ئافرەتی کرێکار وەکوو هێزی کار بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر کرێکارانی دائیرە و ئیدارە و بەڕێوەبردن و ئۆفیسەکان و بزووتنەوەی ئامادەسازیی و بە کارەباییکردن زیادی کرد، لەبیری نەکەین ئەم گەشەکردنە کات بەسەربردنی ئافرەتانی بۆ کارەکانی ماڵەوە کەمکردەوە.  لەساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٧٠ زۆربەی ئەو ئافرەتانەی خاوەن داهاتی لاوەکی بوون بەشێوەیەکی سەرەکی وەک سکرتێر، مامۆستا، پەرستار و کتێبخانەوان کاریان دست پێکرد.

لەساڵی ١٩٦٠ەوە جیهان و ئەمەریکا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی هێزی دەستی کاری مێینە لە بازاڕی کار بوون، بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەوروپا و ئەمەریکا بەپێی خزمەتگوزاری توێژینەوەی کۆنگرێس، جیاوازی بۆ هێزی دەستیکار لەنێوان ئافرەتان و پیاوان لەساڵی ١٩٧٩ەوە کەمتر بووە و بەڵام هێشتا پیاوان لەبەراورد بە ئافرەتان ڕێژەکەیان بەرزتر ماوەتەوە.  دەبێت ئەوەش بزانین تەنیا ئەو پیاوانەی  بڕوانامەی بەکالۆریۆس، یان بەرزتریان هەبووە، تێکڕای داهاتی ڕاستەقینەی کاریان لە ئافرەتان زیاتر بووە.

(کلۆدیا گۆڵدین) و ئەوانی دیکەش، بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا قۆناغێکی تازە لەشۆڕشی ئافرەتان لەبواری هێزی کاردا دەستی پێکردووە، ئەمەش بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە هاتۆتە ئاراوە.  لە ئەمەریکا ڕێژەی هێزی کاری ئافرەتان نزیکەی ٪٥٩ و  لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ ٪٦٦ بەرز بۆتەوە و  لەساڵی ٢٠٠٥یشدا بەشداریکردن لەنێوان ئافرەتان  لە ٪٣٢ بۆ ٪٥٩  بەرزبووەوە و کەچی بەشداریکردنی پیاوان لەنێوان ٪٨٧ بۆ ٪٧٣ دابەزیوە.

تیۆرێکی باو لە ئابووریی مۆدێرن بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرهەڵدان و بزاڤێکی نوێ بۆ ئافرەتان دەرکەوتووە لەپێناو بەشداریکردن لە هێزی کاری ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی شەستەکاندا بەهۆی ئەو گەشەکردنە کەلتوورییەی ڕووی داوە.

 

هۆکارێکی گرنگ بۆ بەشداری ئافرەتی کرێکار

هەتا ئێستاش گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی مافەکانی ئافرەت وەکو کرێکار و بەشداری لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەشەکردنی ئەمەریکا دەکرێت. توێژینەوەکان پێیان وایە "هێنانەکایەی تەکنەلۆژیای نوێ ڕێگری لە دووگیانی و حەبی لەباردن و لەدایکبوون و ڕێکخستنی یاساکانی تەمەن لای ئافرەت کردووە و بەپێی ڕۆژنامەی زانکۆی شیکاگۆ (پرێس جۆرناڵ) هەنووکە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە یەکەمین ژیانی هاوسەرگیری و پیشەی پەروەردەیی لای ئافرەتان ڕوویداوە و زۆربەی ئەو ئافرەتانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و وەڵامیان داوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی حەبەکەوە بووە،  بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ەوە ئافرەتانی خێزاندار بەبێ گوێدانە دۆخی دامەزراندنی هاوسەرەکەیان ئامادەبوون کار بکەن، تەنیا ٪٤٠ی ئافرەتانی دانیشتوویی ئەمەریکا لەڕاستیدا حەبی کۆنتڕۆڵ و لەباربردنی لەدایکبوونیان بەکارهێناوە". ئەم ژیانی ئافرەتی کرێکارە لەم وڵاتە بەهێز و ئابوورییە مەزنەی کە کاریگەریی هەر تەنیا لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک نییە، بەڵکو کەلتوور و ڕەفتار و نەریت و پەیوەندییەکانی خەڵکیش دەگۆڕێت.

هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات "هۆکارێکی دیکە، کە ڕەنگە هۆکار بووبێت لە گەشەکردن و گۆڕانکاری لەم ڕەوتە، ئەویش یاسای یەکسانی مووچەیە لەساڵی ١٩٦٣ بڕیاری لێدرا و ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی مووچە بوو لەسەر بنەمای ڕەگەز".

دوای ئەوە دەبینرێت بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان" ئەم جۆرە یاسایانە جیاوازیی و هەڵاواردنی سێکسی کەمکردەوە و پتر هانی ئافرەتانی دا بۆ چوونە ناو بازاڕی کار بە وەرگرتنی پاداشتێکی دادپەروەرانە لەپێناو یارمەتیدانی پەروەردەی منداڵانەکانیان".

زانیارییەکان ئەوەمان نیشان دەدەن "بەپێی وتەی (کلێر کەین میلەر) لە نیویۆرکەوە وڵاتانی دەوڵەمەندی دیکە، وەک دانیمارک، ئەڵمانیا و نەرویج، ساڵانە بە تێکڕا ١٤ هەزار دۆلار بۆ چاودێری منداڵان خەرج دەکەن لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمەریکا تەنیا ٥٠٠ دۆلار پشتگیری دەکات".

 

پیاوان

بەپێی نووسینگەی ئاماری کار لە ئەمەریکا، پیاوان لە ساڵی ١٩٥٠ ەوە ڕێژەکەی وەکو هێزی کار کەمی کردووە لە ٪٨٦.٤ ساڵی ١٩٧٠ و  ٪ ٧٩.٧ و   لە ساڵی ١٩٩٠یش دابەزیوە بۆ ٪ ٧.٤ و ساڵی ٢٠٠٥یش بۆتە ٪٧٣.٣ . سەرەڕای ئەوەش، دابەزینی بەشداری  پیاوان لە خوێندن، تەمەنی هاوسەرگیری، بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئالودەبوون بە یارییە ڤیدیۆییەکان دەتوانن ببنە هۆکار بۆ  کەمبوونەوەی ڕێژەی پیاوان وەکو هێزی کار.

بەپێی بانکی فیدراڵی لەساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠١٥، ئەو پیاوانەی کە تەمەنیان پێگەیوە و چۆتە سەرەوە توانای کاریان هەیە و خاوەنی بڕوانامەی ئامادەیی یان بڕوانامەی هاوشێوەی ئەمەن، ڕێژەی بەشداری نەکردنیان زۆر پترە لەوانەی کە بڕوانامەی پێشکەوتوویان هەیە.  لە سەردەمی پاشەکشەی گەورەدا، بە گشتی ڕێژەی بەشداری نەکردن بۆ هەمووان زیادی کرد بەبێ گوێدانە ئاستی خوێندنیان، بەڵام گەورەترین زیادبوون بۆ ئەو کەسانە بوو، کە تەنیا بڕوانامەی ئامادەیییان هەبوو.

هۆکارێکی دیکەی کەوتنە بازنەی دەرەوەی هێزی کار لە ئەمەریکا کێشەی پیربوونە و لە تەمەنی مامناوەندی، لای  نێرینەکان  لەتەمەنی ٣٤ ساڵییەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٣٧.٢.  ڕاپرسییەکەی ئێستای دانیشتوان  لەبارەی ساڵی ٢٠٢٠،  ئەوە نیشان دەدات زۆربەی ئەو پیاوانەی لە دەرەوەی هێزی کار بوون، هیچ شتێکیان لەبارەی تەندروستی خۆیان ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی نەخۆشی، کەمئەندامی، یان بەهۆی چوونە خوێندنی باڵا ناتوانن کار بکەن.  سەبارەت بە پرۆگرامی کەمئەندامی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ٪٣٥ی ئەوانەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، واتە هاوکاری حکوومەتیان هەیە و کەمئەندامن، ئاماژەیان بەوە کردووە هۆکاری پەککەوتەییان بەهۆی تێکچوونی تەندروستی دەروونییەوە بووە. ٪٣٠ دیکەشیان  لەبارەی دۆخی نەخۆشییەکەیان و کەمئەندامییەکەیان ئاماژەیان بەوە کردووە کێشەکەیان پەیوەندی بە تێکچوونی ماسولکەیی و ئێسکەوە هەیە، کە زۆربەیان بەهۆی قەڵەویەوەیە.

 

داهات

مووچە لە ئەمەریکا لە مانگی ئازاردا بۆ ٣٠.٩٦ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ ٣٠.٩١ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک بەرزبووەتەوە، کرێ لە ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٤ تا ٢٠٢٥ بە تێکڕا ١٢.٧١ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک بووە، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا کە ٣٠.٨٤ دۆلار بووە بۆ هەر کاتژمێرێک و لە مانگی شوباتی ١٩٦٤دا نزمترین ئاستی تۆمارکردووە کە ٢.٥٠ دۆلار بووە بۆ هەر کاتژمێرێک.

لەکاتێکدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم بە ملیۆنان کەس بەتایبەتی لەبواری بیناسازیی بە ١٠-١٢ دۆلار لە کاتژمێرێک کار دەکەن، بێ ئەوەی هیچ مافێکیان لە خانەنشینی و  بیمەی تەندروستی و سەلامەتی کار هەبێت. بە واتایەکی دیکە ئەم ژمارەیە گشتییە و دەزگا فەرمییە باڵاکان دەگرێتەوە، نەک تەواوی هێزی کار و کارگەر و شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنان.

 

بێ شوێن و ماڵ  و هەژاری

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا لە هەر دە هەزار کەس ٢٣ کەس بێ جێگا و ماڵ و شوێنی ژیانە و لە شەقامدا دەژیت، بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، ٧٧١ هەزار و ٤٨٠ کەس وەکو بێ لانە و ماڵ و جێگای ژیان تۆمارکراون.

بەپێی ڕاگەیاندراو و زانیاریی فەرمی حکوومەت لەساڵی ٢٠٢٣دا ڕێژەی هەژاری بەشێوەی فەرمی لە ئەمەریکا ١١.١% بووە و ٣٦.٨ ملیۆن کەس لەژێر ئاستی هەژاریدا دەژین. لەنێو ئەم ژمارەیەدا منداڵان و ئافرەتان ڕێژەیەکی زۆر پێکدەهێنن.

 

دیماهی

ئەمەریکا وڵاتی کارکردن و بەدەستهێنانی توانای داراییە و لەهەموو جیهان ڕووی تێ دەکەن و بە خاوەنی ئابووریەکی بەهێز و باڵادەست و کاریگەر ناسراوە. ساڵانە ملیۆنان کەس بە هۆکاری جیاواز دەمرن، مردن کەلتووری ترس و سزا و لیپێچینەوە دوای کۆتایی ژیان نییە. کەلتووری قسەکردن لەسەر مردن هیچ ترسێکی تێدا نییە و ئەمەریکییەکان وەکو دەڵێن ئەوان لە مردن ناترسن، بەڵکو لەوە دەترسن دەستکورت بن و مایەپووچی دەرچن و توانای داراییان لەدەست بدەن و بێکار و داهات بن.

ئێمە دەزانین مانای ئەم ترسە چییە و  نیشانە و هێماکانی نەترسانیشیان لە مردن چییە. کرێکاران لە ئەمەریکا بەم شێوازە گوزارشت لە هەقیقەتی ژیانی خۆیان دەکەن. کرێکار بەزمان گوزارشت لە دونیایەکی یەکجار ئاڵۆز دەکەن، کە تەنیا کرێکارانی وڵاتێکی سەرمایەداری وەکو ئەمەریکا دەتوانێت گوزارشتی لێ بکات.

داهات و  هەقی کار و گوزەران و پێویستییە داراییەکانی یەکێکە لە پێویستییە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤی کارگەر. مرۆڤەکان لەپێناو بەدەستهێنانی سەرچاوە و توانای دارایی بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەی ڕۆژانەیان کار دەکەن، ئەمەش کار و ژیان و پەیوەندییەکی یەکجار قورس و ئاڵۆزی دروستکردووە، کە مردنیان لەچاو ئەم ژیان و خەبات و کارکردنە پێ فشەیە.

داهات و مایەپووچی ئابووری و بێکاری کاریگەری لەسەر ڕەفتار و شێوەژیان و بیرکردنەوەی کەسەکان هەیە، وەکو چۆن سیستەمی ئابووری باڵادەست و بەهێزی سەرمایەداری لە ئەمەریکا کاریگەری لەسەر ڕەفتار و  کەلتوور و ژیانی خەڵک لەسەرتاسەری دونیا دروستکردووە.

 

سەرچاوەکان:

https://www.newsweek.com/americans-fear-going-broke-more-death-study-2063593

https://www.bls.gov/news.release/empsit.t01.htm

https://www.google.com/search?q=Number+of+workers+in+America&rlz

https://en.wikipedia.org/wiki/Labor_force_in_the_United_States

https://usafacts.org/articles/how-many-homeless-people-are-in-the-us-what-does-the-data-miss/

https://www.google.com/search?q=poverty+rate+in+america&rlz=1

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×