من و کاکم بۆتین دژی جەنگین

غازی حەسەن
  2025-06-15     472

بەبۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی (دۆنالد ترەمپ) سەرۆکی ڕوسیا (بۆتین) پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دا، ئەوان دەمێکە ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن، کەچی سەرۆکی ڕوسیا ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە تاکو لەبۆنەیەکی خۆشدا باسی بابەت و ڕووداوە ناخۆشەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا بکات.  

سیاسەت ئەمانی نییە، سەرۆکی ئەمەریکا یەکسەر دوای پەیوەندییەکە ڕایگەیاند "سەرۆک بۆتین ئەم بەیانییە تەلەفۆنی کرد بۆ ئەوەی پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایکبوونم لێ بکات، بەڵام لەوە گرنگتر بۆ ئەوەی لەبارەی ئێران قسە بکەین. وڵاتێک کە ئەو باش دەیناسێت، بەدرێژی قسەمان کرد. بۆتین پێی وابوو دەبێت ئەم جەنگەی ئیسرائیل و ئێران کۆتایی بێت، منیش گووتم دەبێت جەنگەکەی ئەویش کۆتایی بێت لە ئۆکرەین".

ئەوەیە سیاسەت، بۆنەیەکی خۆش بەکار دەهێنن بۆ شکاندنی بەستەڵەکی خراپی پەیوەندییەکان، باسکردنی بابەتێکی یەکجار ناخۆش و پێچەوانەکردنەوەی شتەکان و باسکردنی بابەتێکە کە هیچ جێگەی دڵخۆشیان نییە، پیرۆزبایی کەرەکە ڕەنگە حەز نەکات لەم بۆنەیەدا باسی جەنگەکەی ئەو بکرێت.

(ترەمپ) دەڵێت من و کاکم بۆتین دژی جەنگین، بەڵام لە ڕاستیدا جەنگ بێ ئەم دوو سەرکردە کاریگەر و بەهێزە ناکرێت. پێش جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا (ترەمپ) گووتی من لەیەکەم ساتی دەسەڵات جەنگی (ئۆکرەین) کۆتایی پێ دەهێنم، کەچی وا دەرنەچوو، تاکو ئێستا نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆش لەگەڵ (بۆتین) کۆبوونەوە بکات. (بۆتین)یش لەخەمی ئێرانە و دەیەوێت جەنگ بوەستێت، کەچی خۆی بێ گوێدانە فشار و داواکارییەکانی جیهان دەیەوێت ئۆکرەین داگیر بکات و کۆتایی پێ بهێنێت.

ئەم جەنگە تازەیە لەوە دەچێت سەرەتای دەستپێکردنی کۆتایی هەندێکی سسستەن و ئیمپراتۆریەتی لم و گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە بێت. ئەم جەنگە دەمێکە دەستی پێکردووە و ئەمڕۆ ئاشکرا دەبێت. ئیسرائیل لەچەندین شوێنی دیکە هێز و سێبەر و تواناکانی ئێرانی تێکشکاند، ڕەچاو دەکرا پێش ئێران لە ملیشیاکانی پاشکۆی ئێران لە عێراق بدرێت، کەچی ئیسرائیل ئەمە نەکرد و ڕەنگە شتەکانی گۆڕیبێت  بۆ ئەوەی بەئاسانی سەرکردە یەکەمەکانی دەوڵەتی ئێران لەشیرن خەودا بکوژێت و واشی کرد.  

(ترەمپ) نامەیەکی ڕوون و ئاشکرای بۆ ئێرانییەکان نارد، ئەگەر ڕێککەوتن ڕەتبکەنەوە، لەڕۆژانی نزیکدا شتێک دەبینین، نەیانبینوە. هەنووکە ئێران لەبەردەم چەند بژاردەیەکی یەکجار سەختە، کە پێ ناچێت هیچیەکیان ببێتە مایەی دڵخۆشیان،  لەوانە:

ڕازیبوونی بەهەموو مەرجێک، کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل دادەڕێژرێن.

دووەم: بۆ مانەوەی دەسەڵات، دەبێت بەرنامەی ئەتۆمی لەساخەوە ڕادەست بکەن بە زیادیشەوە.

سێیەم: درێژەدانە بە جەنگ، جەنگێک پێ ناچێت ئاکامەکەی لە سوریا و لوبنان و غەزە باشتر بێت.

چوارەم: بە ئاشتەوایی گۆڕینی دەسەڵات و جێگرەوەیەکی نوێی دوور لە شەڕ و داگیرکارییە، ئازادی بۆ گەلانی ئێران دابین دەکات، ئەگەر ئەمەش نەبێت (کودەتایەکی جەماوەریی) دوور نییە ساز بکرێت و ڕووبدات. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×