پێش ئەوەی هیچ ببێژم ئاماژە بە پرسیارێکی نووسەری دیار (ئاسۆ کەریم) دەکەم، کە لە فەسیبووکی خۆیدا دەپرسێت "چ بکەین تا گوێ لە ڕاو بۆچوونی ڕۆشنبیران بگیرێ و بەهەند وەربگریێ؟". ئەمە قسەی ئەم نووسەرەیە، دەمێکە لەناخی خۆم ئەم پرسیارە لێک دەدەمەوە و بیر لە ڕێگا و هۆکار و ئاکامەکانی ئەم پەیوەندییە لەنێوان خودنا فکر و دەسەڵات و حووکمڕان و حزبە دەستڕۆیشتووەکان دەکەمەوە، بیر لە پێکهاتە و ئامانج و توانای دارایی و دۆخی دەروونی و زمانەوانی و کەرەستەکان و هۆکارەکانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و پرۆسەی فراوانبوونی چاپ لەم ساڵانەی دوایدا و بەهێزبوون و فرەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و یەکجار زۆربوونی زانکۆ و دەسەڵاتی خۆیی کوردی و چەندین شتی دیکە دەکەمەوە.
یەکەم: ئاماژە بەهەندێک لەو کۆمێنتانە دەکەم، کە ڕۆشنبیران لە پەراوێزی پرسیارەکەی (ئاسۆ کەریم) دایانناوە.
دووەم: پێش ئەوەی بیروبۆچوونی خۆم بێژم نموونەیەک دەهێنمەوە لەپێناو پێکچوواندن و بەراوردی ژینگە و پێکهاتەی ڕۆشنبیران و دەسەڵات، ڕۆشنبیران و کۆمەڵگە و ڕۆشنبیران و خودی ڕۆشنبیران و دەزگاکای ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە. بیرۆکەی دەسەڵات و حووکم و هاووڵاتیان و ڕۆشنبیران چتۆ بیر دەکەنەوە.
سێیەم دەکۆشم خۆشم بە کورتی و پوختی سەرنج و بۆچوونی خۆم تێنووس و کورتنووس بکەم.
کۆمێنت و بۆچوونەکان:
دەسەڵات بەرپرسە
هەندێک پێیان وایە باری قورس و بنەڕەتی لەستۆی دەسەڵاتە و دەبێژن:
- بڕیار بەدەست بەرپرسە.
- پۆست وەرگری و بچییە ناو تۆڕەکە. ئێمەی نووسەران بەردەوام پلە و پۆست ڕەت دەکەینەوە و گۆڕەپانەکە چۆل دەکەین بۆ گەجەروگووجەران کە هیچیان لەباردا نییە، نێزیک نەبی، ناخینرێتەوە، نابیسترێی.
- هەشە ڕای وایە: هیچ شتێک ناکرێت ئەکبەر نووسەر ببێ بە ڕاوێژکار یان وەزیر، وەکوو حزبیێکی سارد و وشک تەعامول لەگەڵ نووسەران دەکات.. خەڵکی حزبی لەگەورەترین کارەسات، جورئەت ناکات ڕەخنەیەک لە حزبەکەی خۆی بگرێ، بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.
یەکڕیزی و یەکدەنگی
- یەکێکی دیکە دەبێژێت: یەکدەنگ بن زوو زوو بۆ شتی گرینگ ئیمزا کۆ بکەنەوە و ڕاگەیاندن دەربکەن.
ڕۆشنبیر بەرپرسە و هیچیان پێ ناکرێت
- هەشە دەڵێت: کە کار دەگاتە سەر حزبەکەی و قائید ئەلزەرورە، کڕ لێی دەکەوێ، دەمی دادەخات و زاخ ناکات بڵێ ئەرێ ئەو خەڵکە بێبەرگ و برسییە بۆ دەکوژن و هەڕەشە لە هاووڵاتیان دەکەن؟ کەواتە هاووڵاتیان چۆن گوێ لەو تەرزە نووسەرانە دەگرن!!!!.
- یەکێکی دیکەش پێ وایە: قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم گوێ لەڕوابۆچوونی نووسەران بگیرێت، زۆربەی نووسەران ڕای سەقەتیان هەیە، جارێ ئەوەی بووە ئەدیب هەق وایە گوتاری سیاسیان لێ مەحروم بکرێت.
- نووسەر لە ڕۆژهەڵات لەکاروباری دەوڵەت ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە و نابێ زیاتر لە جوانکاری و پیاهەڵدان، بۆ دەسەڵات، یان ئۆپۆزسیۆن بەکار دێت ئەمە سروشتی نووسەرە.
سەردەمیانە بیرکردنەوە
- یەکێکیش جەخت لەوە دەکاتەوە: لۆژیکی و سەردەمیانە بن.
سەردەمی گوێگرتن لەنووسەران نەما
- هەشە پێی وایە: سەردەمی گوێگرتن لەنووسەر تەواو بوو، سەردەمی ژمارەیە.
یاسا و ڕێسا
- هەشەی دەیبەستێتەوە بە هەموارکردنەوەی یاسای ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندن، چوونکە ڕاگەیاندن هۆکارە بۆ پشێویی و دووبەرەکی و فیتنە و بێ هیوایی.
نووسەری سەربەخۆ
- ئەوی دیکەش دەڵێت: نووسەر کە سەربەخۆ بوو ئازادنووسی زۆر بەفرەوانی گوێی بۆ ڕادەگیرێ.
نەمانی خوێندنەوە
- هەشە دەڵێت: کەس کتێب دەخوێنێتەوە هەتا گوێ لەنووسەرەکانیان بگیرێ!!.
هەڵوێست
- هەشە ڕای وایە بایکۆت بکەن.
- نووسەرێکی دیکە دەڵێت: ڕۆشنبیران دەتوانن ڕای گشتی دروست بکەن. یەک هەڵوێست بن و لەڕێگەی بەیاننامە و واژۆ کۆکردنەوە و تا دەگاتە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی ئاشتیانەی ڕێکخراو.
شێوازی نووسین و نووسەری ڕاستەقینە
هەشە لە کۆمێنتەکانی ڕاشکاوانە دەڵێت:
- کورت و پووخت بنووسێت و پشت بە ورووژاندن ببەستێت.
- یەکێکی دیکەش پێی وایە: نووسەری ڕاستەقینە بزرە.
- هەشە پێی وایە: نووسینی بێلایەنانە چارەسەرە.
- هەشە پێی وایە: پێویستە لە مانای هزر و ڕۆشنبیری بگەن، ئەمە لەسایەی نەزانین و نادیموکراسی لاوازە.
بێ بەهاکردنی ڕۆشنبیر
- یەکێکی دیکە دەڵێت: هەموو دەسەڵاتی ناوچەکە ئەوانی جۆ بەدیوار هەڵدەگەڕێنن، تڕۆ دەکات، گاڵتەیان پێ دەکات، بێ قیمەت دەکرێن، تا گاڕانێک ئامادە دەکرێت. سەرتا بزانین کێ نووسەرە.
بێگومان بۆچوون و تێڕوانین و لێکدانەوەی دیکەش بۆ دۆخی ڕۆشنبیری ئەرک و بوون و هەڵوێستی نووسەران لەنێو کۆمێنتەکان هەم، ئەز تەنێ ئەڤ چەند خاڵ و دید و تێڕوانیانەم هاوێر کردن، بەڵام دەکرێت تۆش ئەم شتانە و ئەوانی دیکەش لێکبدەیتەوە و ئەو کاتە باشتر لەوە دەگەین، کە کێشەکە هەمەلایەنە و پەیوەندی بە پێناسەی کردنەوەی دۆخەکە و خوودی نووسەرانەوە هەیە، سەرباری کێشەی خودی ڕۆشنبیران و دەسەڵات لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیان، نەمانی کاریگەری خوێندنەوە، لاوازیی بیر و پەراوێزبوونی بەها فکرییەکان و ئینجا شێوازی دەربڕین و پەیوەندیکردن و گەیاندنی مەبەست لەوێ بوەستێت.
نموونە:
وەکو نموونە سێ پێکهاتەی سەرەکیمان لە پرۆسەی خانوو کڕین (فرۆشیار + دەڵال نووسینگەی خانوو فرۆشتن+ کڕیار) هەیە. ئەەگر لەخۆمان بپرسین هۆکاری چییە فرۆشیار خانووەکەی دەفرۆشێت، بێگومان ئەگەر بەوردی و دیقەت و شارەزایانە و بەشێوەیەکی بێلایەنانەی دوور لە ڕق و بەهانە و شکاندن و تڕۆکردن و شێواندن ئاماژەی پێ بکەن، دەیان هۆکارمان لا دروست دەبێت. ئەمە وەکو دەسەڵات وایە، یان وەکو ئەو لایەنە وایە کە پێویستە گوێ لە ڕۆشنبیران بگرێت، یان گفتوگۆیان لەگەڵ بکات.
(دەڵاڵ) ئەو کەسەیە لەپێناو بەدەستهێنانی کڕیار بانگەشە دەکات، بەشان و باڵی خانووەکەدا هەڵدەدات، ئەم بانگەشەیەش پشت بە چەندین شت و بوار و هۆکار و شێواز دەبەستێت لەوانە (دەوروبەری دەروونی، دۆخی ئابووری و دارایی، جۆری خانووەکە و ئەو شوێنەی خانووەکەی تێدا دروستکراوە، دیزاین، ژوورەکانی و دەرودراوسێ و ساڵی دروستکردن و نزیکی و دووری لە شوێنە گشتییەکان و ئینجا نرخەکەی). دەڵاڵ و نووسینگەکانی خانووبەرە وەکو (ڕاوێژکار و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیوەندیکردن و بڵاوکردنەوەن). پێویستە ڕاوێژکارەکان وەکو دەڵاڵەکان هەرچەندە خانووی زۆرتریان فرۆشت دەستکەوتی دارایی زۆرتریان بەدەست بکەوێت، نەک جیاوازی لەنێوان ڕاوێژکاری بێکار و کەسێکی خودان بەرهەم نەکرێت. ڕاوێژکار دەتوانێت دەرفەتی گوێگرتن و گفتوگۆ دروست بکات و کاریگەری لەسەر خودی (ڕۆشنبیر و ئینجا دەسەڵات)یش دابنێت. بۆ؟ چوونکە کڕیار سەرەتا تەنیا دەرەوەی خانووەکە و شوێنەکە و دەوروبەر و گەڕەک و شەقامی بینیوە، لەبارەی ناوەوە تەنیا زانیاریی گشتی هەیە و لەگەڵ هەندێک خەیاڵی مەزەندەکراو و وێناکردنی خوودی. (دەڵاڵ/ ڕواێژکار/ خوێنەر) کلیلی چوونە ژوورە و پێناسە و ناساندن و نمایشی پێکهاتەی ژوورەکان و شتەکانی دیکەیان لایە. واتە کارمەندی نووسینگەکە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ڕێککەوتن و گواستنەوەی زانیاری و زەمینەسازی بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەنێوان کڕیار و فرۆشیار دەبێت. (فرۆشیار/دەسەڵات) لێرەدا هیچ بزاڤێک و ئەرکێک و ڕەفتارێکی دیارکراوی نییە، ئەوەی هەیە (بیرکردنەوەی کڕیار و شێوازی ڕەفتار و کارکردنی دەڵاڵ و ڕاوێژکارەکانە) هێزی زەمینەسازی بۆ حووکم لای دەڵال و کڕیارە.
(کڕیار) وەکو خودی ڕۆشنبیر وایە. تووشی خانووێک دەبێت، نرخەکەی سەد هەزار دۆلارە، کەچی ئەو تەنیا هەشتا هەزار بە خانووەکە دەدات، لەکاتێکدا هێشتا نازانین ئایا کڕیارەکە بە دروستی و ڕاستی نیەتی کڕینی خانووەکەی هەیە، یان نا!! ئەمە ڕێک لەدۆخی ڕۆشنبیریش دەچێت، ڕۆشنبیریش وایە دەیەوێت گوێی لێبگیرێت و گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات و دامەزراوەکانی نێو دەسەڵات بکات، بەڵام چۆن؟ ئایا هیچ نیازێکی یەکلاکەرەوەی بۆ قسەکردن و جووڵاندن و نزیکبوونەوە و تێگەیشتن و بڕیاردان لە چۆنیەتی پێشکەشکردنی بیرۆکەکانی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گفتوگۆ و ئینجا کارتێکردن و گوێلێگرتن هەیە، کە لەنێوان (فرۆشیار/ دەسەڵات و کڕیار/ ڕۆشنبیر) هەیە. ئایا دەڵاڵ و خوێنەرەکانی هاوکاری ڕؤشنبیر دەبن بۆ گەیشتنە ئامانج و کۆتا بڕیار ولەهەمان کاتیشدا کەشی نێو دەسەڵات لەقازانجی گوێگرتن لە ڕۆشنبیر دەگۆڕێت.
منیش پێم وایە:
لە بنەڕەتدا لەم سەردەمدا و ڕەنگە لەکەنارای مێژووەوەش هەر وابووبێت، پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ڕۆشنبیر پەیوەندییەکی ناجێگیر، تووند، تەژی لە ناکۆکی و ململانێ بووە. پێغەمبەرەکان بە جەنگ و ململانێیەکی یەکجار تووند و هەندێکجار خوێناوی توانیویانە شتەکانیان بگەیەنن. فەیلەسووفەکان بەکردەوە لەپێناو گوێگرتن لە بیروبۆچوون و تیۆر و نووسینەکانیان تووشی سەرکوت بوون. بە کورتی پەیوەندی دەسەڵات و گوێگرتن لە ڕۆشنبیران پەیوەندییەکی خراپ، سەخت و پڕ لە لوغمە. ئاسان نییە ئەوانەی شتێکی نوێ، بۆچوونێک کە دابڕان دروست بکات، پڕۆژەیەک کە دەسەڵات پێناسە بکاتەوە بە ئاسانی و بێ گرێ و ململانێ پێشوازی لێ بکرێت.
لە جیهانی دیموکراسیشدا ئاساییە ڕۆشنبیرێکی دیاری وەکو (فرێدمان) لەگەڵ سەرۆکی وڵای دابنیشێت و دواتر قسە و باسی نێو دانیشتنەکە بکاتە بابەتێکی ڕۆژنامەوانی کاریگەر و شتی لەسەر ڕۆبنرێت. واتە ناتوانین ڕەشبینانە هەموو پەیوەندییەکی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات دیقەت لێ بدەین. سسیتەم و کۆمەڵگەش کاریگەرییان لەسەر ئەم پەیوەندییە دەبێت.
لە هەرێمی کوردستاندا ناتوانم بڵێم پەیوەندییەکی دوژمنکارانە لەنێوان دەسەڵات و ڕۆشنبیران هەیە، بەڵام پەیوەندییەکی بەرهەمهێن و بیناکەریش لەئارا نییە. بە ڕای من لەم سەردەمەدا بەشێکی ئەم پەیوەندییە پشت بە (خوێنەر/ ڕاوێژکار/ دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن) دەبەستێت، دواتر خودی (کڕیار/ ڕۆشنبیرەکە) دێت. وەکوو چۆن دوا بڕیار لای (فرۆشیار/ دەسەڵاتە)، بەڵام کڕیاریش دەتوانێت هەنگاو بنێت و متمانە و شتێکی بەسوود بینابکات.
ڕۆشنبیر شتێک و پتر لەشتێک لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزی وشە و ئاخاوتن و بەکارهێنانی زمان و وێنە و هێماکان بەرهەمدێنێت، بیرۆکەی کردارئامێز، شێوازی گونجاوی گەیاندنی مەبەستەکانی و هۆکاری دیکە بۆ بەدیهێنانی کردەی پەیوەنکردن لەگەڵ دەسەڵات و کۆمەڵگە و خودی ڕۆشنبیران دەدۆزێتەوە و خۆی لەهەندێکیان خاوەنی دۆزینەوەکەیە و لەهەندێکیشیان سوود لە داهێنانە جیهانییەکان دەبینێت. ڕاوێژکارەکانیش دوو شت دەکەن: یان ئەو بۆچوونی ڕۆشنبیران دەگەیەنن لەگەڵ پەراوێزێکی کاریگەری خۆشیان، کە ئەمە دەبێتە سازاندنی زەمینەی (تێگەیشتن، لێکزیکبوونەوە و گفتوگۆ و ئینجا گوێگرتن)، یان بەپێچەوانەوە شتەکان بەردی بن گۆمێ وندا دەکات، ڕەنگە ئەمە دواییان دیاردەیەکی باوی هەنووکەی هەرێمی کوردستان بێت. هەرچەندە من زۆر ئومێدم بە گوێگرتن نییە، بەتایبەتی ئەگەر جۆریک لە ڕەتکردنەوە و بچووککردنەوە و دروستکردنی (فشار و ترسی لەهەمبەر دەسەڵات لەخۆ گرتبێت)، کاتێک قسەکردن نەبێت و پڕۆژە و فکرە و بەهای ئاخاوتن دیار نەبێت، ناتوانریت گفتوگۆ بکرێت، گومانیشم نییە پیش گوێگترن دەبێتە بە قۆناغی گفتوگۆدا تێپەڕین، بۆ ئەوەی پێنگاڤەکان بەرهەمدارتر بن.
من پێم وایە خوودی ڕۆشنبیران دەبێت بەرەو جددی نووسین و بیرکردنەوەی قووڵ و بەرپرسانە بچن، قسە لەپێناو قسە و جووینەوەی ئەوانی دیکە نەبێت. لەڕێگەی گفتوگۆی نێو گروپە هاوبەشە هاوسەنگ و ناڕێکخراوەکان و فکرە و بۆچوونە لێکنزیکەکان دەتوانن باشتر قسە لەسەر پڕۆژەی هاوبەش و گەیاندن و کارتێکردن بکرێت. بەر لەوەی دەسەڵات و لایەنەکان هاودەنگ و هاوسەنگ و خودانی یەکگوتار بن، پێویستە ڕۆشنبیران لەبازنەی بچووکی خۆ لەقاڵبدان دەربچن و ببنە هاندەر و سازدەری بەدیهێنانی یەکگوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی.
ڕۆشنبیر ئەرکی خۆپیشاندن نییە، بەڵکو پێویستە بەرهەمێکی فکری واقیعی و خودان پەیام نیشان بدات، رێبەرایەتی خەڵک لە پەرەپێدان و کاراکردنی عەقڵ و هوشیاری بکات . لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەموو پێناسە سرووشتییەکان پەیوەست بە ئینتما و نیشتمانپەروەریی و دەوڵەتداری و دەسەڵات و یاسا و سزا و تەنیا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش ئاڵۆزێندراون، دەبێت بیر لە سەر لەنوێ پێناسەکردنەوەی شتەکان بەڕەهەندێکی میناڕەوانەی خودنا دەسەڵاتی عەقڵ و لۆژیک بکرێت. دڵنیام ڕۆشنبیران بەرپرسن لەبەشداری ڕووداوەکان، لەهەمان کاتدا ئەرکی ڕێبەرایەتی ڕووداوەکان لەئەستۆی ڕۆشنبیر نییە، ڕۆشنبیر چراکان دەدۆزێتەوە و پێناسەیان دەکات و دەیداتە دەستی ئەوانەی ڕێگاکان بەڕۆشنی نابینن.
ڕۆشنبیر نابێت چی دیکە پاش شەقام قسە بکات، نابێت ڕقهەڵگرێکی بەئاشکرای دژ بە بەرەیەکی ئایدیۆلۆژی و غەداری چڕدۆ بێت. ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەزۆر شتدا لەیەک دەچن. قسەی زۆر و هەڵچوون و دەمارگریی و زمانبڕ بەزۆربەی گوتارەکانەوە دیارە، بۆیە کاتێک قسە لەسەر گفتوگۆ دەکەین، بەکردەوە دەمانەوێت (ترس و نیگەرانی لەهەموو لایەکەوە بسڕینەوە). ئێمە داوای گفتوگۆ بۆ هەموو دونیا دەکەین، کەچی دەزگاکای ڕاگەیاندن، چاپ، سیاسی و حووکمداری لە کوردستان خۆیان نایانەوێت گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لەنێوان کۆمەڵگە لەپێناو گفتوگۆ و تێگەیشتن و گوێلێکگرتن دروست بکەن. ئێمە هەتا ترس و گومان لەیەکتر و خراپ لێکدانەوەمان بۆ قسەی یەکتر هەبێت و نەمانەوێت لە ئاخاوتن و مەبەستی یەکتر بگەین، ئاسان نییە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار ئەنجام بدەین، بێ گوێ لەیەکتر گرتنیش، هەرگیز یەکتر ناخوێنینەوە.
هیچ ڕۆشنبیرێک لە نێو دەسەڵات ئازاد و بێلایەن نییە، تاکوو بیرۆکە و توانای خۆی بەکار بهێنێت و بخزێتە نێو دەسەڵات و شوێنەکان بۆ خەڵکی نەشیاو چۆل بکات. هیچ ڕۆشنبیرێکی بێ فکر و پڕۆژە ناتوانێت بانگەشەی گفتوگۆ و گوێلێگرتن بکات.
ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندان و ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانکۆ و خوێنەری وریا و ئەوانەی دەتوانن بیربکەنەوە، ئەگەر بەرانبەرەکەی خۆی سڕیەوە و بە بیرۆکەی نەهێلانی بەرانبەرەکەی ڕەفتاری کرد، گوێشی لێبگرێت، تەنیا وەکوو ئامرازێکی سەرکوتکردن بەدەست هێزێکی نادیار دەردەکەوێت، ئەوەی بیەوێت گفتوگۆ بکات، گوێی لێبگیرێت، بەر لەهەموو شتێک پێویستە بەکردەوە ڕێز لە جیاوازیی و جودابوون بگرێت.
با وتەی (کافکا) و ( سوقرات ) کۆتایی بەم بابەتە بهێنم. کافکا دەبێژێت: دەنووسم، لەهەر دۆخێک و لەبەر هەر شتێک بێت دەنووسم، ئەمە تێکۆشانی منە لەپێناو پارێزگاری کردن لە خود.
سوقراتیش دەڵێت: ژیان گەڕان بەدوای خود نییە، بەڵکوو گەشتێکە بۆ دروستکردنی خود، شتێک لە خودی خۆت دروست دەکەیت، زۆر قورسە دەملاچکەی بکرێتەوە.
ئیدی قسەی ئەم دوو زاتە، کۆتایی نییە، بەڵکوو دەستپێک و سەرەتایە بۆ بیرکردنەوە بۆ دروستکردنی ڕێگەیەکی گونجاوی گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆت و لەگەڵ خودی ئەوانی دیکە.