خۆ دادگایی کردن، پێش دادگایی کردنمان!

غازی حەسەن
  2025-07-25     379

تێگەیشتن لە خود و ململانێ و ڕکابەری و تێکشکاندن و بەشکۆکردنی خودی خۆمان پەیوەندی بە بوونی مرۆڤ و ڕەوتی مێژوویی ملیۆنان ساڵەوە هەیە. مرۆڤ لەنێوەخۆیدا کەسێکی خودویست و خۆسەپێن و خۆدۆزەرە و بەنیازی خۆدۆزینەوە و ئەو دۆزینەوەیەش هەم کۆتایی نایەت و هەمیش بەردەوامە

مرۆڤ لە سەرتاوە بەدوای ئەم دۆزینەوە و زارۆک لە ڕۆژی لەدیاکبوونییەوە لەڕێگەی پشکینین و بیرکردنەوە و پرسیار و خۆدۆزینەوە لەنێو خودی ژینگەی دەوروبەری کار بۆ خۆدۆزینەوە بەواتای بوون و گەشەکردن و داهێنان و دۆزینەوە دەکات. مرۆڤ هەر لەسەرەتاوە بەپێی چەمکە ئایینیەکان بێت، یان چەمکی زانستی و ماددی، لەپێناو خۆی و خۆبەهێزکردن و دەستبەسەرداگرتن و پەیداکردنی باشترین پێداویستییەکانی ژیان کاری کردووە و جەنگاوە و لەپێناو سڕینەوەی سنوورە خنکێنەرەکانی دەوروبەری، ئەوانی دیکەی پەنای بۆ کووشتن بردووە. ئەم کارە بۆتە سەرەتا بۆ پێناسەکردن و خۆناسین و خۆدۆزینەوە و خۆسەپاندن و خودکوژی و ئەو کوژیش وەکو ئامانج پاراستنی خود بەکارهێنراوە. کە قابیل و هابیل دەبنە مێژووی ململانێ و یەکتر کوشتن، ئیدی بەنی بەشەر لەپێناو زیندوو هێشتنەوەی خودی خۆی، خودی ئەوی دیکەی سڕیوەتەوە.

ململانێ و ڕکابەری مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی لەهەموو کردە و ڕەفتارەکانی دیکەی ئاڵۆزترە، چۆن مرۆڤ دەسەڵات و  ڕێ بەخۆی دەدات خۆی بکوژێت، خۆی بسڕێتەوە، خۆی بکاتە نەمر و دیکاتۆر و گونی گوندار دەربهێنێت و هیچ سنوورێک بۆ ئارەزووە سێکسی و دارایی و سیاسی و گەمژەیی و ئینجا زیرەکیش دانەنێت، ئەوهاش کۆشاوە خودسالارییەکی ڕەها بەخۆی ببەخشێت. هەیە ئەم خودە لە باڵادەستی و فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی نێو خێل و کۆمەڵگە دەبینێت و هەشە ئەم لەزەتە لە کۆیلەبوون و خۆتواندنەوە لەپێناو ئەوانی دیکە بەرجەستە دەکات.

لە کوردستاندا تاکی کورد، دەسەڵاتدار و خانەدان و پیاوماقووڵ و چەورە و گەواد و شەریف و سەرکردە و خائین هەمیشە هۆکاری خودخۆرییەکەی خۆی دەبەستێتەوە بەهێزێکی زالمی دەرەکی و ناخۆیی. شتەکان وا پێناسە دەکات لەدەرەوەی خودی ئەو هاتوون. خۆویستی و خۆخۆشەویستی لەهەندێک کات و شوێندا لە سروشتی ئاسایی تێ دەپەرێت و دەبێتە نەخۆشی و پەتا و کردەیەکی دوژمنکارانەی پڕ لەڕق و کین و تۆڵەکردنەوە و سووکایەتی و سڕینەوە، ئەمەش مرۆڤ لە سروشتە مرۆییەکەوە دەگوازێتەوە بۆ بوونێکی  نامۆ بە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و دەبێتە جۆرێک لەدڕندە. دیارە دڕندەش جۆری زۆرە لەوانە دڕندەی پیاو کوژ، دڕندەی سیاسی، دڕندەی پارەدز، دڕندەی سەربازیی و دڕندەی ئاژەل ئاسا ... تاد.  

 

مەبەستی بنەڕەتی

بۆ پێویستە لەکوردستان لایەنە سیاسییەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان، تاک خۆمان دادگایی بکەین، پێش ئەوەی مێژوو، هێزە بیانەییەکان، ڕووداوە نێوەخۆییەکان و ئاکام و ئەنجامەکان دادگایمان بکەن. ئەمە گرنگە لەبەر ئەوەی کە خۆمان دادگایی کرد زەمینەسازی بۆ گفتوگۆیەکی ڕەخنەگرانەی دروستکەر و بە بەر دەکەین و لەجیاتی (دژایەتی یەکتر) پێشوازیی لە (یەکتر جیاوازیی) دەکرێت.  کە بڕوامان بە (جیاوازیی) هەبوو دەتوانرێت هەمیشە و بەردەوام سەکۆیەی پڕشکۆ و متمانەدار بۆ گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە لەنێوان هەمووان پەرەپێ بدەین و کردەی پەیوەندییەکی سوود بەخشی دوور لە ئیرەیی و کوێرکردن و تفتکردنی شتە شیرنەکان بێنینە کایەوە. ئەم گفتوگۆیە نابێت دوای نسکۆ، دوای فەشەل، دوای هێزلەبەر بڕان و دوای ئەنجامەکان بێت، پێویستە گفتوگۆی کراوەی متمانەدار ئەنجام و ئاکام دروست بکەن.

 

چۆن و لەگەڵ کێ گفتوگۆ بکەین  

لە قۆناغی هەنووکەدا پێویستە گفتوگۆ لەنێوان هێزە سیاسییەکان هەبێت، گفتوگۆ لەپێناو گوێگرتن لە یەکتر و بڕواپێکهێنان و دروستکردنی متمانە بێت. دەسەڵات دەیەوێت خودی خۆی بسەپێنێت، ئەمە سروشتی ئاسایی دەسەڵاتە، هێز و فکر و پڕۆژە و توانای دارایی و سیاسی و سەربازی بەکار دەهێنێت بۆ سەلماندن و خۆبەهێزکردن و ڕاگرتنی بەرهەڵستکاران و  خۆبەڕاست نیشان دان. ئۆپۆزسیۆن کار دەکات بۆ سڕینەوە و تێکشکاندن و ڕیسواکردن و ڕقلێبوونەوە هەموو جۆرە دەسەڵاتێک و بەقێزەون پێناسەکردنی  خودی دەسەڵات و کار دەکەن وەوکو فریشتە خۆیان نمایش بکەن. واتە دووجۆرە خود کە (دژایەتی و ڕقلێبوونەوە و یەکتر فتکردنە) لەنێوان هەردوو خودی (دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن) هەیە، ئەمەش لە بنەڕەتدا سڕینەوە و دوورکەوتنەوەیە لە گفتوگۆ و پەسندکردنی خودی خود.

لەم ڕکابەرەیەدا خود تێک دەشکێت، ناشیرن دەبێت، ڕیسوا  ولاواز و بێ بەها دەبێت، گرنگ نییە ئەم خودە کامەیە.

گفتوگۆ لەنێوان ڕۆشنبیر و ئەدیبان لەپێناو بەرهەمهێنانی ئەدەبێکی بەرهەمهێن و دروستکەر.

گفتوگۆ لەنێوان زانست و دەزگا زانستییەکانی لەپێناو بەرهەمهێنانی گوتارێکی زانستی دروستکەر، نەک بڕوانامە وەکو ڤایرۆس زانست بکوژێت.

گفتوگۆ لەنێوان هێزە ئایینیەکان بە مانای قبووڵکردنی ئەوی دیکە، نەک درۆکردن لەپێناو سڕینەوەی هەموو هەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئایینی.  ئەگەر عیلمانییەکان درۆ بکەن، قسەکانیان پەیوەندی بە واقیعی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگاوە هەیە، بەڵام کە ئاییندارێک، یان بەناو قسکەرێکی ئایندار درۆیەک دەکات، درۆیەکەی دەبێتە دۆزەخ بۆ خواناسی و مرۆناسی و کردار و ڕەفتار ناسی.

بۆیە ئینتما وەکو یەکێک لەبنەما هەرە گرنگەکانی خودناسی دادەنرێت، کە ئەم ئینتمایە نەماوە سیاسییەک ڕاشکاونە خۆی (لەکوردایەتی) دادەشۆرێت و سیاسییەکی دیکە بەئاشکرا گەندەڵی دەکات، یەکێکی دیکە ڕاشكاوانە و ئاشکرا بانگەوازی داکۆکی و هاوبەشی خودی خۆی لەگەڵ ناحەزانی نەتەوە دەکات. هەیانە بەقەد چەندین سەدە قسە دەکات و دەیەوێت قارەمانی شاشە بێت، بێ ئەوەی ئیرادە بکات، بەشداری  گفتوگۆیەکی هەقیقی و بەرهەمهێن بکات. هەر کاتێک کورد گووتەنی "درۆ دوژمنی خودایە" ئەو دوژمنایەتییە جەند قات دەبێتەوە، کە قسەکەر بەناوی خودا لیدوان بدات و خۆی بابدات و خۆدپەرستێکی چڵکن و بە قڕێژ بێت.

گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆمان، لەگەڵ خودی تاک یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی خۆناسی و ئەو ناسی، ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ کە پێداچوونەوە بە خودی خۆمان بکەین و خۆبناسین و تێڕوانین و فکرەکانمان هەڵسەنگێنین. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانین پێش ئەوەی لێپێجینەوەمان لەگەڵ بکرێت لەخۆمان بپرسین، بۆیە پێویستە بپرسین لە : کوێ بوەستین، سنووری خۆنمایشمان کوێیە، چۆن ڕەفتار لەگەڵ خودی خۆمان و ئەوی دیکە بکەین. ئازادیی ئاخاوتن و ڕەفتارەکانمان چەندە.... تاد.

 

خؤنەناسیی گەمژەییەکی ترسناکە

گفتوگۆ لەگەڵ ناخ و دەروون و خودی خۆمان بکەین، چونکە خۆنەناسین گەمژەییەکی ترسناکە، ئەگەر لایەنێکی سیاسی واخۆی نمایش بکات ئەو لەسەر هەقە و ڕکابەرەکەی و خودی ئەوەی دیکە گەیشتۆتە قۆناغی کوفر، کوفریش کوشتنی ڕەوایە، واتا نەزانین و خۆنەناسین دواکەوتنێکی یەکجار ترسناک عەقڵ و بیرکردنەوە و تووڕەیی و سڕینەوەی ناسنامەی ئەونای دیکە داگیرکردووە. بۆیە خۆپەرستی و خۆ بەهەقزان و مافدانە خود ڕاست و چەپ بەناو بکەوێت، لە ڕیسواییەکی قێزەوەن چی دیکەی لێ بەرهەم نایەت، وەکو گوندۆرەی بەڕەنگە. بیرکردنەوە پێشە هەر شتێک پرسە لەخودی بیرکەرەوەکە، ئینجا پەیوەندیکردن و گفتوگۆیە لەگەڵە ئەوانی دیکە.  زمان پردی گواستنەوەیە لەنێو خود و دەرەوەی خود، کردیە پەیوەندیکردن بریتیە لە ئاخاوتن و گفتوگۆ لەنێوان خود و ئەوانی دیکە.  

گوێم لێبوو، یەکێک دەیگووت ئێمە لەگەڵ جیبەجێ کردنی یاسان، بەڵام تاوانبار دەبێت بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک، پێش ئەوەی لە زیندان بکرێتە دابەستی، لەسێدارە بدرێت. واتە قسەکەر خۆی بە حاکم و دەسەڵات و خودی بڕیاردەر دادەنێت. لەکاتێکدا تاوانباریش مافی قسەکردنی هەیە.

 

ژیری خۆکوشتن لەنێو خود نییە

گەلێک لەوانەی قسە دەکەن، دەئاخڤن و شاشەی تەلەفیزۆنەکانان بەکرێ گرتووە، وا نیشان دەدەن ئەوان ژیر و عەبقەرین ، لەکاتێکدا هێندە خۆپەسند کەرن، ه‌ێێدە بەزات و خودی خۆیان هەڵدەڵێن و خۆیان بە ژیری سەرەوەی ژیر و  مافخوازی سەرەوەی دادگا و دەسەڵاتداری سەرووی دەسەڵات دادەنێن، وەکوو ئەوەی خۆیان لەنێو خودی خۆیان زیندانی کردبێت، یان وەکو دڕندەیەکی بەهێزی ڕەتکەرەوەی ئەوانی دیکە دەربکەوێت. کەسی ژیر و وریا قالبە خودییەکانی خۆی تێکشکاندووە، لەنێو خودی ئەوانی دیکەدا دەژیت و بیردەکاتەوە و ڕەفتار دەکات و دەبێتە بەشێک لە خودی ئەوانی دیکە.

 

ئازاردانی ئەوی دیکە

ئەوانەی دەیانەوێت ئازاری ئەوانی دیکە لە ڕوانگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بدەن، بێگومان دادگایەکی گەندەڵ و لاواز و نەخۆشی خراپیان لەنێو خودی خۆیان دروستکردووە، کە بریتییە لە تێکشکاندن و نەهێشتنی دادپەروەرەیی و ڕێزگرتنی ئەوی دیکە. بۆیە دادگایی کردن و خود دادگایی کردن بەر لەوەی کەسانی دیکە دادگایت بکەن، کاریکی پێویستە.

 

بۆ خۆدادگایی کردن

وەکوو ئاماژەمان پێکرد و دەکرێت سەدان هەزار شتی دیکە، ڕەفتار و دۆخی دەروونی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی سیاسی و  پڕۆژە و سڕینەوەی یەکتر و خیانەت و نیشتمانپەروەری و گەندەڵ و یەکسانیخواز و سەرکووت و دادپەروەریی ... تاد بدزۆینەوە و لەهەر یەکێکیان خودێک و دەیان خود بدۆزینەوە، کە پێویستیان بە خۆ دادگایی کردن هەیە.

لە هەریێمی کوردستاندا دەسەڵات پێویستی بە خۆ دادگایی کردن هەیە. ئایا لە سی و چوار ساڵی حووکمڕانی چیان کردووە و چیان نەکردووە، چیان شایانی ستایشە و چیشیان شایانی فڕێدان و تڕۆکردنە. کێ باشبوو، کێ خراپی کرد، چ لایەنێک بینای کرد و کێ ڕووخاندنی.

ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانی دیکە ئەم خۆد ڕەهاکردنەیان لە پەیوەندی و قسەکردن و گوتاری گڕدان و هێرش و ڕیسواکارییەی دەیکەن، چۆن و بۆچی و لەکوێ ڕەوایە و لەکوێ خۆیان و خودی ڕەخنەگرە هەقیقییەکانیشیان ڕیسوا  وناشیرن و بێ ئومێد کردووە.

هەردوو  لەپێناو دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی بەرهەمهێن پێویستیان بە خودادگایی کردن هەیە، پێش ئەوەی لایەنێکی دیکە دادگاییان بکات.

ترسم لەوە نییە دادگایی کامە لایەن دەسەڵات، یان ئۆپۆزسیۆن قورستر و گرانترە، ترسم لەوەیە خۆیان دەرفەتی بەخۆداچوونەوەیان نەمێنێت و هەردووکیان بەیەکەوە دادگایی بکرێن، ئەو کاتە نازانین کامەیان بەوی دیکەیان دەڵێت باری گندۆرەت بەچەندی؟.  

پەکەکە دوای نزیکەی نیو سەدە لە تێکۆشانی خوێناوی چەکداری دژی تورکیا، خۆی خودی خۆی دادگایی کرد و گوتی تەواو،  هەندێکیان تەبرری بۆ خۆکاندێدکردنە دەهێننەوە  دەیبەستنەوە بە فەلسەفە و تێزەکانی ئۆجەلانی زیندانی و بەپێی دونیابینی ئاپۆ دەبێت کۆتایی بە شەڕی چەکداری بهێنین و خۆشیان هەڵوەشاندەوە و گووتیان سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕیوە و تەواو. واتا لەڕووی فکری و ئایدیۆلۆژی و سیاسی و شێوازی خەبات خۆیان دادگایی کرد و نوقتە سەری دێر و دەست بەژیانێکی دیکە دەکەن. ئایا ئەم خوددادگاییە ئامرازە بۆ بێ هیوایی و سازش ونسکۆ، یان هەقیقەتێکی مێژووکردە.

ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان خودی خۆیان لە دوای ٣٤ ساڵ حووکمڕانی و شێوازی کارکردن دادگایی کردووە، دەتوانم ڕاشکاوانە بێژم نەخێر. ئەمەش دوور نییە ببێتە هۆکارێکی فرە خراپ و هەندێک مەزەندەی ئەوە دەکەن، ڕووداوی خراپ بەڕێوەیە.

لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا نابینرێت دیموکرات و کۆمەڵە و پارتی ئازادی و خەبات خودی خۆیان دادگایی کردبێت، بۆ؟ چوونکە خود دادگایی کردن پێداچوونەوەیەکی زۆر بوێرانەیە بە مێژووی سیاسی و شێوازی تێکۆشان و ئاڵوگۆڕ و دەرفەت دان بە کەسانی پێچەوانەی خودی بەرپرسە یەکەمەکان.. تاد. 

نەوشێروان مستەفا خۆی دادگایی کرد و  لە مام جەلال جیابۆوە، بزاڤێکی سیاسی کاریگەری دروستکرد، بەڵام نەیتوانی ئەم خود دادگاییە بکاتە بنەمایەکی سەقامگیر بۆ مانەوە و بەردەوامی بزووتنەوەکەی و دوورخستنەوەی منداڵەکان لەهەمان ئەو گەندەڵی و خۆسەپاندن دەست ەبسرفداگرتنی موڵک و داهات. وابزانم  خددادگاییەکەی وەکو کاردانەوە و کوشتنی خودی ئەوی دیکە بیناکردبوو، بۆیە دوای خۆی ئەوە ڕویدا، کە ئێستا هەیە.

یەکێتی نەیتوانی خۆی دادگایی بکات و لەو شێوازە دەربازی بێت، کە دەیگووت پارتی حزبی بنەماڵەیە، لە دیماهیدا دەملاچکەی ئەوان بە کەمورتی و نەزانین  دووبارە دەکەنەوە.

ئۆپۆزسیۆن و ئیسلامییە سیاسییەکانیش نەیانتوانی خۆیان دادگایی بکەن. هەمان نەخۆشی و کێشەی حزبە علمانییەکان بە شانازییەوە دووبارە کردەوە. نەیانتوانی ئەوە بسەلمێنن کە حزبی دەست نەکردی دەرەوە و ئایدیۆلۆژیای هاوردەکراو نین. ئەوان خوا و ئایین وەکو هێزی سەرەکی بۆ دادگایی ئەوانی دیکە بەکار دەهێنن، بێ ئەوەی سنوور لە دەوری خۆیان بکێشن، کە ئەوانیش شایانی دادگایی کردن و هەڵە و نەزانین و کوێرەوەری و لادان و بادانەوە و سازش و  درۆن.

تەنیا بەگفتوگۆیەکی کراوەی عەقڵمەند و ڕاستەقینە بێ ئەوەی لەوە بترسن ڕەخنەیان لێ بگیرێت، حکوومەت و دەسەڵات و حزبەکانی دەسەڵات دەتوانن لەچوارچێوەی خۆ دادگایی کردن چارەسەری ئەو کێشانە بکەن، کە مەترسی و هەڕەشەن لەسەر دواڕۆژی سیاسی و ئیداریی و فەرمانڕەواییان.

زۆر گرنگە و پێویستە زەمینەسازی بکرێت بۆ بەخۆداچوونەوە، خۆدادگایی کردن و سازاندنی ئەو ڕێگا و بیرۆکانەی دەتوانن گرفتە سەرەکییەکان چارەسەر بکەن.

خۆسزادان بە قسە، کە لە کردەوەدا خودی قسەش  کردارە، باشترین و گونجاوترین شێوازە بۆ کەمکردنەوە و چارەسەری کێشەکان لەنێوان خودی خۆیان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لەگەڵ هاوڵاتیش.  وەکوو )رامان ماهارشی) دەڵێت "ئێمە لەنێو خودی خۆمانین، ئێمە لە دونیا نین". منیش شتێکی دیخمە سە رئەم بۆچوونەوەو دەڵێم ئێمە (لەناو زمانی خۆمانین، زمانیشمان لەناو خۆمانە) بۆیە ئەگەر بە زمانیش، بە ئاخاوتن و قسەکردن دادگایی خۆمان بکەین، واتا بەکردەوە خۆمان دادگایی کردووە. ئەمەش دەمانباتە نێو دونیای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و  بیناکردنەوەی جیهانێکی باشتر لە جیهانی خودکوژی، ئەوکوژی، سڕینەوەی ناسنامە و ڕیسواکردن و دۆرکردن لەپێناو شکاندنی ئەوی دیکە.

 

دیماهی

شەڕە قسە و بەکارهێنانی زمان لەلایەن خەڵک، بەرپرس و نیمچە بەرپرسەکان، ئەوانەی دەسەڵات ناشیرن دەکەن و  خؤشیان بە کوشت دەدەن بۆ گەیشتنە دەسەڵات، هەیە دژی گەندەڵییە، چونکە هیچ پێ نەبڕاوە، یان کەمی پێ بڕاوە، بۆیە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن هەر وشەیەک، کە بەکارهێنراوە، بریتییە لەئیرادەی خودی خۆیان. ئەم ئیرادەیە هەتا ئەگەر گێڕانەوە وئاماژە بە قسە و ئاخاوتن و چیرۆکی کەسانی دیکەش بێت، هەر نیشاندەری ئیرادەی خودی کەسی قسەکەرە.

بەکارهێنانی زمان وایکردووە هەموومان لەبەردەم خۆ دادگایی کردن بین و ئاسانتر بناسرێینەوە، زمان وایکردووە ناسنامە و جۆری بیرکردنەوەکان دیارتر بێت و بزانرێت  چ مەعدەن و نەفسێک و کەسێکین، زمانمان کردارمانە. بۆیە زۆر قسەمە کردن و بێ سنوور بەکارهێنانی وشە، وەکوو ئەوەیە ماکینەی تڕومبێلەکەت بەهۆی کەم ڕۆنی و زیاد پێلێنان تووشی سوان و خوران بێت و تێک بچێت.

زمان دادگاییمان دەکات، زامان دەمانگیڕێتەوە نێو بیرەوەرییەکانی خودی خۆمان و سزاشمان دەدات، لەهەر هەڵەیەکی زمان، نیشانی دەدەین کارێکی هەڵە و خراپیشمان کردووە. با لەنێو زمان خۆمان دادگایی بکەین، گفتوگۆش بە زمان ئەنجام دەدرێت، بۆیە هەرچەندە لەنێو زمان توونیش بین، ناگاتە ئازارەکان خۆسەپاندنی بە چەک و هێز و سڕینەوەی ئەوانی دیکە.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×