لەو کۆمەڵگە و لەنێو گروپە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە سادە و دواکەوتووەکاندا، هەمیشە زاروەکردن، ئاخاوتن و کردەی زارەکی باڵادەستترە لە هزر و نووسین و فۆرمە فەرمییەکانی ئاخاوتن و گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن. بۆیەشە ئاساییە ڕۆژانە ملیۆنان قسە و وشەی گەرم و ئاگریناوی ببیستین، سەدان جار هەمان وشە و زاراوە و پەیڤ دووپات بکرێتەوە، بێ ئەوەی هیچ لە دۆخ و دەروون و دەوروبەری ئاخێوەرە قسەڕەق و فکر تەقەکان بگۆڕێت.
ئەو پەیڤە گەرم و بەهێزانەی ڕۆژانە بەدەیان جار لەبوارە جیاکانی ڕاگەیاندن گوێمان لێی دەبێت کامەن؟ با ئاماژە بەهەندێک بکەین: خائین، جاش، دز، گەندەڵ، فاشیل، غرور،خزمخزمانێ، ناپاک، درۆزن، بکوژ، دەسەڵات، نەوتدز، حزبایەتی، ئیلتیزام نەکردن، ڕێککەوتن، پەشیمان بوونەوە، مووچە، تۆمەتبار، خۆم پێم گوتن بیبڕن، با بەدرۆن بەرپرسەکانی کوردستان بکوژن، کوردایەتی، بۆگەن، قاچاخی نەوت و جگارە و بازرگانی و زەوی داگیرکردن و خاکفرۆش .... تاد.
پرسیاری من، گریمانەم ئەوەیە ئەوانەی هزریان ساردە و هیچی تێدا نییە و لەپێناو قسە، قسە دەکەن، پەنا وەبەر وشەی ئاگرین و گەرم دەبەن. ئەمەش ڕەنگە ئاسانترین ڕێگە و شێواز بێت بۆ ئاخاوتن و گوزارشت لەناخی خۆیان. بەکارهێنانی زمان و دروستکردنی شێوە و قالبی بیرکردنەوە و هزرەکانە لەڕێگەی فۆرمی وشە و پەیەڤەکانەوە بەرجەستە دەبێت. کورد دەمێکە دەبێژێت قسە بکە، تا بتناسم، واتە زمان ناسنامەی کەسی قسەکەرە.
هێزی وشە، یانژی وشەی هێزدار کاریگەری لەسەر دەروون و بیرکردنەوە و ڕەفتاری ئەو کەسانە دەبێت، کە وشەکانیان ئاراستە دەکرێت، لەبەر ئەوەشە کۆمەڵگەی کوردستان لێوانلێوی نیگەرانی و تووڕەیی و ڕەتکردنەوە و ناڕازیبوون کراوە. هەندێک لە پەیڤەکان بەهەموو هێزیانەوە ترس و نیگەرانی و پاشەکشە و تووڕەیی و بڕوانەبوون بە ڕاستگۆیی و لەدەستدانی متمانە بڵاودەکەنەوە. وشەی ئاگرین بۆ بەرەڤانی لەدەسەڵات، وشەی گڕدار دژی دەسەڵاتی کوردی بەتەنیشت یەکەوە بڵاڤ دەکرێنەوە. ئەمە چ جیهانێکی داڕزێنەری خاپێنەری چڕدۆیە.
ژبەر هەندێ گرنگە بزانین قسە بۆ کێ دەکەیت، شێوازی ئاخاوتن و جۆری وشەکانی چین، بۆچی لەم کات و شوێنە پێویستمان بە ئاخاوتن لە دەرەوەی هزر هەیە، لە چ دەقێکدا هزر باڵادەستە. بۆیە مەعریفەی بەکارهێنانی زمان و پەیڤەکانی نێو زمان دەسەڵاتێکی یەکجار بەهێزی گەرەکە. هەیە هێزی وشەکانی لە (جوێن و هەڕەشە و سووکایەتی و شکاندنی سنوورە باوە کۆمەڵایەتییەکان) پشت ئەستوور بەچەمکی گڕدانی ئاگرین دەبینێت، لەکاتێکدا ئەمە هێز و دەسەڵاتی پەیڤ نییە. هێزی پەیڤ لەوە دایە دونیابینی و تێڕوانین و خوێندنەوەی شت و ڕووداو و کێشەکان دروست بکات.
هێز و دەسەڵاتی گوتاری سیاسی و دەقی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی لە هزری ئاگرین و هێزی وشەکان دایە، نەک ئەو وشانەی ئاگر دەکەنەوە و فیتنە و ئاژاوەیان بەدواوەیە. دیارە ئەمە بۆ دەسەڵات و ناحەزانی دەسەڵاتیش دروستە.
ئەوانەی ڕەخنە دەگرن مەرج نییە ڕەخنەکانیان پەیوەندی بەهیچ پڕۆژە و فکرەیەک و تێڕوانینێکی فەلسەفیی و سیاسییەوە هەبێت، ڕەخنەدەگرن لەپێناو سووکردن و ناشیرکردنی بەرانبەرەکەیان.
ئەوانەی ڕەخنە دەگرن، ئامانجیان ڕیسواکردنی کەسانێکە بۆ ڕاگرتنی دڵی کەسانێکی دیکە، یان دەخوازن گروپێک ناشیرین بکەن، لەپێناو ڕازاندنەوەی گروپێکی دیکە، خراپترین جۆری ئەم ئاراستەیە، ئەوەیە ئەو هێز و گروپە نێوەخۆیانە بترشێنن، لەپێناو جوانکردنی هێزو گروپی دەرەکی.
بەکارهێنانی وشەی ئاگرین هیچ کاتێک نابێتە هۆکار بۆ تواندنەوەی بەستەلەکی کێشەکان، بەپێچەوانەوە دوور نییە، ئازاری تەزین و دواکەوتن و نەزانین پتر بکات.
هزری ئاگرین، هەمیشە بە وشەی سارد و فێنککەرەوە گوازرشت لەخۆی دەکات، فکرە گەورە فەلسەفییە جیهانییەکان، جیهان دەگۆڕن، بەڵام لەڕێگەی عەقڵ و لۆژیک و کارتێکردن و گۆڕانکاری. بە واتایەکی دیکە، من پێم وایە فکری ڕەخنەگرانە، یان شۆڕشگێری کە بچێتە دەرەوەی لۆژیک و توانا و هێزە عەقڵییەکەی دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی ئاگرینی سووتێنەری بەها مرۆیی و لۆژییەکان و دەبێتە هێزێکی تووڕە و دڕندە و بکوژ و تێکدەر و تۆڵەستێن و نیمچە فۆرمێکی فشەکرانەی هەرزەکارانەی گۆڕاو، یان سەرکوتکار، یان هزرکوژ.
وشەی ئاگرین، ئەگەر لەسەردەمێکدا لە کوردستان نیشانە و هێمای شۆڕشگێڕیی و ڕەوای دۆزێکی مێژووی بووبێت، هەنووکە لە هەرێمی کوردستان ئەم وشە ئاگرینانە هەمان چەمک و ئامانج و پیرۆزییان نییە. لەبەر ئەوە لەم قۆناغە کوردستان پێویستی بە هزری گەرم و خودان پڕۆژە و بیناکار هەیە، نەک وشەی ئاگرین. بەجۆرێکی دیکە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هزری گەرم و داهێنەر و خودان پڕۆژە و وشەی سارد و هەڵگری پەیامی گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە. لەکردەوەدا زاری سیاسییەکان وەکو کورەی ئاگر وایە، وشەی ئاگرین دەکووتنەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندن بورکانی ئاگرینن، بە پەیڤەلێشاو ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و لەڕکردنی ئینتما و شێواندنی ناسنامە بڵاودەکەنەوە. واتە بەوشەی ئاگرین، هزر و ئینتما دەکوژن، لەگاڤێکدا کورد پێتڤی بە هزری ئاگرین و بیرکردنەوەی قووڵ و پەرەپێدانی ئینتما و پەیڤی فێنکەرەوەی سارد هەیە.