نووکتەو کوژاندنەوەی پەروانەی سیاسی!!

غازی حەسەن
  2025-08-11     294

گەلێک لەو ڕەخنە و قسانەی لە ڕاگەیاندنی کوردی دەبینین و دەبیستین، نووکتەی پەروانەی کۆپتەرەکەم بیر دەهێننەوە. دەگێڕنەوە "ڕۆژێک سێ کەسی سەرگەرمی نیمچە سەرخۆش سواری کۆپتەرێک دەبن و دەفڕن. دوای ماوەیەک فڕین و بەرزبوونەوە لە ئاسمان هەست بە سەرما دەکەن، بۆیە بۆ گەرمبوونەوە، هەر لە ئاسمان پەروانەی کۆپتەرەکە دەکوژێننەوە". ئیدی ئەنجام و ئاکامی ئەم بڕیار و حووکمە دیارە.  
ئەم نووکتە سیاسییە- کۆمەڵایەتییە چەندین هێما و مانا و ڕەمزی سیۆسیۆلۆژی و سیاسی تێدایە، لەیەک کاتدا بە پێکەنین مرۆڤ خەنی دەکات و لەهەمان گاڤیشدا مرۆڤ دەخەماندا ڕۆدەنێت. ئەوە ئەرکی نووکتەیە لەیەک کاتدا هەم مرۆڤ بخاتە خەندە و هەمیش گریانەوە.
لەم ماوەیەدا حکوومەتۆکەی هەرێم، کە دەسەڵاتێکی قوڕبەسەری هەیە، بەستەزمانەی بۆتە نووکتەی زەمانە و هەموو کەسێک، بە باش و خراپ تێی بەربوون و قسەی تێ دەگرن و ڕاست و چەپ تێی بەربوون. ناتوانم بێژم ئەوانەی قسە دەکەن هەڵەن، وەکو چۆن ناتوانم پێشیان بێژم ڕاستن و ڕەوایانە دەئاخڤن، چوونکە سیاسەت و دەسەڵات هەمیشە لەبەردەم ڕەشەبای ڕەخنەن. ڕەخنە هەیە دوژمنکارانەیە، هەشە ڕەوا و هەق. ئەم دۆخەم وەکوو نووکتەی کۆپتەرەکە دێنە بەرچاوی. هەندێک بەشێوەیەک دەئاخڤن، وەکوو ئەوە وایە لەسەر بەرماڵەکانیان نیمچە سەرگەرمێک بن، هەیانە فووڵ سەرگەرمە، هەشیانە بئ سەرگەرمی حەماسەتی دژ بە حکوومەتی هەڵساوە. هەندێک، یان لەشکری بەرپرسانی حکوومەتیش لەسەر هەمان تاس و حەمامی خۆیانن، لەم دۆخە سەختە لە سەفەر و باخچە و مەزرەعە و خۆشی خۆیان ناکەون، هەشیانە پێی وایە مووچە گرنگ نییە. هەشە ڕا دەگەیەنێت، ئەوەی هەیە کێشە نییە و چارەسەر دەبێت، هەشە حکوومەتی هەرێم بە تاوانبار و گفتشکێن ناو دەبات.  
حکوومەتیش بێدەنگ و داماوانە لەگۆشەیەکی ئابڵووقەدراو سەیری ڕووداوەکان دەکات. تەنیا پڕۆژەی ڕووناکی کە یەکێکە لە کارە هەرە قوورسەکانی ئەم سێ ساڵەی ڕابردوو،  سووکایەتی پێ دەکرێت. نازانم حکوومەت خۆی حەز دەکات بەم شێوازە دکری پێ بکرێت، یان ئەمە قەدەری کوردە بێ ئەم بەزم و ڕەزمە ناحەسێتەوە.
ڕێک دۆخی نێو ڕاگەیاندنی کوردی و هێرشە بەردەوامەکان دژی دەسەڵات و حکوومەتی هەرێم و پاکانە هێنانەوە بۆ بەغدا، قسە تووندەکان و بێدەنگی خوودی حکوومەتیش لەوە دەچێت، کەسانێک بە هەوای بەغدا و بەهەشتەکەی سەرگەرم بن و سواری کۆپتەرەکەش بووبن و بیانەوێت خۆیان فێنک بکەنەوە، ژبەر هەندێ دەیانەوێت پەروانەی کۆپتەرەکە بکوژێننەوە. بیرتان کردۆتەوە ئەم چ کەشێکی سیاسییە، چ دۆخێکی نووکتە ئامێزە.
پێم وایە بۆ بەدیهێنانی کۆپتەرێکی ئارام و سەلامەتی سیاسی، بەر لە هەر شتێک پێویستە هوشیار بین، کووژاندنەوەی پەروانەی کۆپتەرەکە خۆکوژییە. پێش بڕیار و حووکم پێویستە لەدۆخێکی گونجاوی سروشتی و ئاسایی بین. بەختەوەریی و مانەوە و خۆفێنک کردنەوە بەبڕیاری هەڵە نابێت، بەڵکوو پێویستە ژینگەیەکی گوونجاوی بەرهەمهێن دروست بکرێت. بۆیە گفتوگۆکردن بەر لەبەکارهێنانی زمان و وشەکان، یەکێکە لەهەنگاوە سەرکەوتوەکان، گفتوگۆ لەگەڵ خودی خۆمان، گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی دیکە باشترینە. نە غروی حکوومەت و  نە یاخیبوونی ئەوانی دیکە.  
یان بەڕاستی دۆخی نێو ڕاگەیاندنی کوردی وەکو ئەم نووکتەیە وایە "کەسێک تەلەفۆنەکەی لە باڵاخانەیەکی چەند نهۆمی فڕێ دەداتە خوارەوە، کە دەبینێت تەلەفۆنەکەی شکاوە، دەڵێت سەیرە من لەدۆخی فڕینم دانابوو، چۆن کەوتۆتە خوارەوە و شکاوە".  گوتاری ڕاگەیاندنیش هەندێک جار دەشکێت، چونکە لەدۆخی فڕین دانراوەتەوە، بەڵام..!!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×