نووکتەکەی کابرای کۆیێ بەکردەوە بەهێزە. ئەم پیاوە ڕاشکاوانە گوتیەتی: "خوایە لەمن تێک نەدەی، هەژار قەیدی ناکات ئەو لەگەڵ تێکچوون ڕاهاتووە". قسەکردن و لێکدانەوەی دیاردە باوە بەرفراوانەکانی نێو سیاسەت لە کوردستاندا، بێ بنە و دیماهی نایەت. پەیامی ئەم گوتاری ئەم نووکتەیە بریتییە لە: یەکەم قسەکەر کەسێکی نەناسراوی شاری کۆیێیە، ئامانجی سەلامەت بوونی خۆیەتی. دووەم: هەژار ئاساییە کارەسات و ناخۆشیان بەسەر بێت، چوونکە ئەوان ڕاهاتوون و ژیانیان هەمیشە ناخۆشی و کارەساتە.
سیاسەت زانستە، حیکمەتە و سەرچاوەیەکی بەهێزە بۆ ئیدارەی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی ململانێ و داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیارکردنی پەیوەندی نێوان تاک و دەوڵەت، تاک و تاک و دەوڵەت و کۆمەڵگە، نەک هەر کەسە و بە ئارەزویی خۆی بداتە بەرێ و بەربەیار لێخوڕێ و گوێ بە پەیوەندییە باوەکانی دەوروبەر نەدات و لەهەمان کاتیشدا لەهەندێک کۆمەڵگە بۆتە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ نووکتە و لەخرتۆڵەوەردان و سووکایەتی و بەسووکی سەیرکردنی زۆر بواری جیاواز. سیاسەتی ڕاگەیاندنی کوردی، جۆرە سیاسەتێکە، پاشەلی بەدیارەوەیە، تەنیا خودی ئەو کارەکتەرانە پێی نازانن و هەستی پێ ناکەن، کە ئەنجامی دەدەن، تەنیا لای هەندێک لە حزبە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی سیاسەتیش دەکەن، بازرگانی و لێدە و بڕۆیە. من لای خۆم ئەم جۆرە کارەکتەرانەم وەکوو کاسبکارێکی نێو شێخەڵڵا دێتە بەرچاو، کتومت لەدۆخێکن یاسا و ڕێسا بۆ هەموو کەس و دەوڵەت و وڵاتەکانیش دادەنێن، بەڵام خۆیان ئازادن چی دەکەن و دەبەن و لرف دەکەن.
بێگومان کاسبکارەکەی شێخەڵڵا بەپێی ژینگە و پەیوەندیی و پێکهاتەی بازاڕەکە ڕەفتارێکی ئاسایی و سروشتی دەکات، چونکە کەتواری ئەم بازاڕە ئیوهایە، بەڵام بۆ سیاسیی و گروپە ناڕازییەکان و حزبەکانیش کارێکی نەگونجاوی تەزودار بە ئاژاوە و گوێ مەدێ و پووکاندنەوەی بەهاکانە.
لەم بازاڕەدا هەر کەس بە کەیفی خۆی کەلوپەل و شت هەڵدەبژێرێت و دەکڕێت، دەفرۆشێت و بەکار دەهێنێت. هەشە سوێند بەگۆڕی هەموو شتێکی ڕزیو دەخوات، کە کەلوپەلەکی باشە و نابێت کڕیار دەستی بۆ ببات و خۆی تێی دەکات، هەشە کڕیاری سەرپشک کردووە، بە کەیفی خۆی بژار بکات. هەشە ڕێگەی داخستووە و خۆی حاکمە، هەیە خۆی نرخ لەسەر شتەکان دادەنێت، هەیە پێچەوانە وەستاوە و کەسیش نابێت گلەیی لێ بکات، هەشە بەشێوەیەک هاوار هاواریەتی گوێ کڕیار کاس دەکات. هەشە خۆی وزەی نەماوە ئامێرێکی دەنگی داناوە، دەڵێ و دەڵێ و دەڵێ...! لەم بازاڕەدا هیچ یاسایەکی بنەڕەتی و جێگیر نییە، تەنیا یاساییەک باڵادەستە و ڕەوایەتی پێدراوە، ئەویش ئەگەر کەلوپەلەکانت هەرزان فرۆشیش بکەیت، بیڕوێنە و مەرجە تاکوو خۆرئاوابوون هەموو شتەکانت فرۆشتبێت، چوونکە زیان ناکەیت، خاپەرۆک و بنە و پاشماوەکانیش هەندێک کەس ناچارن دەیکڕن، ئێرە شێخەڵڵاییە، شێخەڵڵا داهێنەری شکاندنی سنوور و نەریت و بەها باوەکان.
نووکتەیە، نابێت هیچ شتێک بمێنێتەوە، هەندێک لایەن و گرووپی سیاسیش بەهەمان مەزاج و شێواز و فۆرم سیاسەت دەکەن، نابێت هیچ شتێک لە مێشک و عەقڵ و وشەدانیان بمێنێتە، هەرچی هەیانە بەتووڕەیی و هاوار و قیژەقیک دەیبێژن و نایپێون. سیاسەت بە بازرگانی دەزانن، هەشیانە گێژکردنی هاووڵاتی بە ئەرک و پێشەی سیاسی خۆیان دەزانن، هەشیانە ڕەوایەتی و مافی داوەتە خۆی هەموو شتێک بکات و ببێژێت، بێ ئەوەی هیچ یاساییەک سنوورداری بکات و بە تی چاوکێک سەیرکردنی خۆشی بە دەرچوون لە ئازادی و پیشێلکاری وەسف دەکات. لای ئەو کوشتن و سووکایەتی و هەڵتەکاندنی بەرانبەرەکی ڕەوایە، بەڵام نابێت بەخۆی بگوترێت لە پشتی دوو چاوت برۆیە. لەبەرەکەی دیکەش ڕاوێژنەهێلەکان ئەرکیان ڕازیکردنی سەرووی خۆیانە.
ئەمە نووکتەیە و زیاتریش، ئەوەی لەنێو بەناو سیاسییەکانی کوردستان، لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوو دەدات، ئەم نووکتەیەی بیرهێنامەوە. ئۆباڵ لەملی ئەوانەی نووکتەکەیان دروستکردووە و نووکتەکە بەم شێوەیە دەگێڕنەوە: گۆیە لە کۆبوونەیەکی دکتۆرەکاندا، دکتۆرێکی بەریتانی گوتی: ئێمە زۆر زیرەکین ، کار گەیشتە ئەوەی دڵێکمان بۆ نەخۆشێک چاندەوە، ئێستا باشە و هیچ کێشەی نییە. دکتۆرێکی ئەلمانیش گوتی: ئەی بۆ باسی ئێمە ناکەن توانیومانە بڕبڕەی پشتی پیاوێك بەتەواوەتی بگۆڕین و ئێستا بەپێی خۆی دەڕوات. پزیشکە ڕوسییەکەش گوتی: هەی دەبەرتان مرم، ئەی بۆ باسی ئێمە ناکەن، نەخۆشێک پێویستی بە گۆڕین و چاندنی عەقڵ و مێشک بوو، بۆمان کرد و هەنووکە نەخۆشەکە بەپێی خۆی دەڕوات و کاریشی دۆزیوەتەوە.
دکتۆرە ئەمەریییەکەش گوتی، ئەنگۆ تۆزی ئێمەش ناشکێنن و ئەوەی ئێمە کردوومانە لەهەمووتان گرنگترە، ئەوانیش گوتیان چۆن: ئێمە زیرەکترین کەسین، چارەسەری پیاوێکمان کرد، کە ببڕەی پشتی و مێشک و دڵیشی نەبوو، کەچی هەنووکە سەرۆکمانە".
https://www.quora.com/Whats-the-best-Donald-Trump-joke-you-have-heard
سیاسەت ئەگەر کرا بە ڕێباز و فۆرم وەکو شێخەڵلا بێت، بێگومان وەکوو ئەم نووکتەی لێدێت. سیاسییەکان دەتوانن دڵ و بڕبڕەی پشت و مێشکیش بچێنن، لەکاتێکدا ئەم سیاسەتەی لەڕاگەیاندنی کوردی و لای هەندێک بەناو سیاسی و گروپی دروستکراوی هەڵتۆقیو هەیە، ڕێک ئیوهایە. لە کتوپڕێک و لەناکاو سەرکردەی سیاسی و کەسێک دەکەنە بەرپرسی خۆیان، کە لەبنەڕەتدا کەسێکی سیاسی نییە. ژینگەیەکی خراپی هەیە، قۆشمەچییە و خۆی وەکو کەسێکی لوەشاوە وەسف دەکات و هەڕەشە دەبارێنێ، ئەمە نووکتەکردنە بە هاووڵاتی و فریودانی خەڵک. بێژەرێک لەپڕ دەکەنە ئەستێرە، شاشەکان دەکەن درۆخانە و بازرگانێک دەکەنە سیاسی و بێکارێک دەبێتە ئەندام پەرلەمان و نەخوێندەوارێک دەبێتە ڕاوێژکار و دزێک دەکرێتە یاساناس و خۆفرۆشسێک دەبێتە نوێنەر و ئافرەتێکی جوان دەبێتە دەمڕاست و ... تاد. وەکوو نووکتەکە "بڕبڕە و مێشک و دڵ بۆ کەسێک دەچێنن و دواتریش دەیکەنە بەرپرس"، ئەمە کاکلی گوتاری نووکتە سیاسیی و میدیاییەکەی نێو شێخەڵڵایە ئاسایە.