زمان ڕێک ڕەنگدانەوەی باری دەروونی و فکری ئەو کەس و گروپ و لایەنانەیە کە ڕۆژانە لەپێناو ڕاپەڕاندنی گوتارەکانیان، یان بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن و گەیاندنی پەیام و دروستکردنی ڕای گشتی بەکاری دەهێنن. ئەم بنەما زمانەوانییە زانستێکی قووڵ و کاریگەریی هەیە، زمان کەرەستەیەکی سروشتییە، بەڵام لەبەرکاهێناندا دەبێتە ئامرازێکی زیندووی خۆکردی خواستەکانی مرۆڤ.
زمانی هەواڵ و زمانی ڕاپۆرتە هەواڵ و بابەتە شیکاریی و وتار و گفتوگۆ و دیدارە تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەنووسی و ڕادیۆییەکان تەژین لەدژیەکی، بۆ؟ بە پوختی دەتوانین هەندێکیان لەمە کورت بکەینەوە، کە دەسەڵاتدارەکان و لایەنە حاکمەکان و بەرپرسەکان بەردەوام ئامۆژگاری خەڵک و لایەنەکان دەکەن ئارام بن و بەرپرسانە بئاخڤن و لێدوان بدەن و بەرژەوەندی باڵا لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن، بەرهەڵەستکارەکانیش بەهەمان شێوە ڕەخنە لە دەسەڵات و گروپەکانی سەر بەدەسەڵات دەگرن، داوایان لێ دەکەن ڕاستگۆبن، لەدەربڕین پەنا نەبەنە بەر تووندوتیژی و ترس و تۆقاندن و شێواندن و خۆسەپاندن. تەنێ لەهەندێک گاڤدا بەشێوازێک دەئاخڤن وەکوو ئەوەی ئەوان بەرپرسن و باڵادەست و حاکم بن. ئەمانە واقیعی هەنووکەی نێو میدیا و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانن.
کاڤێک دوور لە لایەنگری و بە تێڕوانینێکی پیشەیی سەیری دۆخەکان دەکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە هەردوو بەرە یەک لەیەکی خراپتر مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی زمان دەکەن، زمان وەکو ئامراز و زمان وەکو ستایل و شێواز و فۆرمی دەربڕین و گوزارشت لە مەبەستەکانیان لێکجیا ناکەنەوە. زمانی سروشتی و زمانی خۆکردی سیاسی تێکەل دەکەن، لە ئاخاوتن ڕەچاوی تەمەن و دۆخی تەندروستی و دەروونی و ئاستی ڕۆشنبیریی و هەڵومەرجی سیاسی و کۆمەڵگە بەگشتی ناکەن، ئەوە بەڕاست دەزانن کە خۆیان پێیان خۆشە، نەک خۆیان زانیاری دروست و واقیعیان لەبارەوە هەیە.
زمانی ئۆپۆزسیۆن پڕە لە هەڕەشە و سووکایەتی، ڕق، چەواشەکاری، لایەنگری و ترس و خۆ بەهەقزان و تاوانبارکردنی بەرانبەرەکەی و شەڕێکی بێ ئاکام دەکەن، زمانی دەسەڵات بەکردەوە زمانی خۆسەپاندن و ڕەتکردنەوەی ئەوانی ترە، کە بەڕقەوە دەئاخڤن. واتا زمانی گفتوگۆ، زمانی داهێنان و لەیەکتر گەیشتن خراوەتە گۆشەیەکی بەرتەسکی داهێزراوی لەنەبوو خراپتر. ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات بە بڵاوکردنەوەی ناڕاستی و درۆ و شاردنەوەی زانیاریی تۆمەتبار دەکەن، خۆشیان بەزمانێک دەئاخڤن (هەڵچوون، کاردانەوەی دوور لە بەرپرسیاریەتی و شێواندنی ڕاستی و هێرش لەپێناو هیچ و دژایەتی و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی قین و نەمانی متمانە و بڕواکردن بە دوژمن. واتا زمانی هەنووکەی میدیا و لێدوان و گوتاری سیاسی، زمانێکی شکێنەرە، زمانی گڕدانە لە خەرمان و داهات و دەستکەوتەکان و سووکایەتی بە کوردایەتی و خەباتی ساڵەهای کوردستانە).
زمانی هەنووکە جیانەکردنەوەی ستراتیژە لە تاکتیک، پێشخستنی بڕینەوەی یەکترە لەپێش ساخکردنەوەی هەقیقەتی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئینجا ڕکابەریی نێوەخۆی هەرێمە. زمانی میدیای کورد ڕێک زمانی سۆشیال میدیایە، لەپێناو دروستکردنی پاڵەوان بێ داستان و ژەنەرالی بێ سوپا و سیاسی بێ ئامانجی ستراتیژی و پڕۆژەی نیشتمانی و شکاندنی شەرمی خۆ بچووکردنەوە و پاڵپشتی دوژمن بێ هێنانەوەی بەڵگەی بڕواپێکەر و بەڕەوا زانین و خۆ بە پلیقاوە زانە.
گرنگە ئەوانەی لە بەکارهێنانی زمان و کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەزانن، دەزانن بایەخی زمان لە گوتار و بەکارهێنانی لەپێناو بەدیهێنانی کردەی پەیوەندییەکەی دروست و بەرهەمهێن چییە، بیرێک لە زمانی گفتوگۆ، زمانی نەرم و زانیاریی رەق بکەنەوە. بیر لە ستایلێکی دیکەی پەیوەندیکردن لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان بکەنەوە. نەک لەپێناو ئەوەی بیسەلمێنێت سەربەخۆی، ئیلا و بێلا دەبێت زمانێکی تووندی هەڕەشە ئامێز و سووکایەتی و سنووربەزاندنت ڕقئامێزت هەبێت. هێزی زمان لە دروستکردنی واقیع و بیر و کەسایەتی نوێیە، نەک ئەوەی هەنووکە لەنێو میدیای کوردستا بەکاردێت.