پێش ئەوەی هیچ قسەیەک بکەم، دەمەوێت ئاماژە بە بۆچوونە باوەکەی ئەوانی دیکە بکەم کە دەبێژن "سەردەمی پڕوپووچی بەسەر هەموو ژیانی ڕۆشنبیریدا زاڵە". لە ڕاستیدا شتێکی شاراوە ئاشکرا ناکەم، ئەگەر بێژم لە کوردستاندا لەنێوان مۆدێرنە و نوێبوونەوە و بیناکردنی سیستەمێکی جیاواز و پووکانەوەی بەها فکری و ئەخلاقی و سیاسییەکان وایکردووە ئاسان نەبێت ڕەش لەسپی جیابکرێتەوە. دەسەڵاتی هەرێم هەنگاوی مەزن بەرەو پێش دەچێت، هەندێک جار بیری لە شوێن پێ دانانی هەنگاوی داهاتووی ناکاتەوە. کوردستان ئێستا لەنێو دۆزەخی دەوروبەر و بەهەشتی نێوەخۆیی لە ململانێیەکی قورسە. ئەمەش وایکردووە سیاسەت بێ سیاسەت و بیرکردنەوە و بنەما بەڕێوە ببرێت. داکۆکی لە دەسەڵات ناکەم، بەڵام دەردێکی کوشندەی بێ فکری خەریکە سەرتاپای دونیا داگیر دەکات. بۆیە گرنگە هەتا لەکاتی لەگۆڕنانی فکریش، بیر لە فکرێکی نوێ و جێگرەوەی ئەوانی پێشووتر بکرێتەوە، ئەگەر نا ئاژاوە و ئاژاوەی گەورەتر دەردەکەوێت.
هەندێک قسەی سادەی نێو کۆمەڵگە هەن، لەکردەوەدا هەڵگری پەیام و مەبەست و تێڕوانینی زۆرن، لەوانە "بەسیاسەتیان برد"، "سیاسەتیان پێکرد"، "سیاسەت درۆیە"، "سیاسەت جێی متمانە نییە" و "سیاسییەکان گەندەڵ و خۆسەپێن و درۆزنن". بە دیوێكی دیکە بیروڕای کۆمەڵگەی قسەکەری نادیارمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە سیاسەت بە کارێکی خراپی فریودەری بێ متمانەی ڕیسوا دەناسێنن و سیاسییەکان دەکەنە پەڕۆی بێ نوێژ. ئەمەش لە دیماهیدا هەموو شتێک دەپووکێنێتەوە و لەڕ و لەرزۆک دەبێت.
گرنگ؛ ڕەنگە ئێمە پێمان وابێت سیاسەت تەنیا لە کۆمەڵگەی کوردستان سووک و بێ بەها بێت، کارێکە تەنیا ئەهلی سیاسەت نایکەن، بۆیە لەئاکامدا هەموو تاکێک لە کۆمەڵگە خۆی لە سیاسییەک، سیاسی تر نمایش دەکات. لەم سەردەمەدا سیاسەت لەزۆر بواردا پێگە سروشتیی و بەها ڕاستەقینەکەی لەدەست داوە، لە دونیای پێشکەوتووشدا دەبینرێت سیاسییەکان چ بەزمێک بە کاری سیاسی دەکەن و ڕیسوایان کردووە، دوور نییە شێواز و فۆرمی ترەمپیزم، گەڕانەوەی ڕۆژئاوا بۆ ڕاستڕەوی و بروسکە گوتار و نمایشی سیاسی گاڵتەئامێزی کارەکتەرەکان بۆ ئەوە بێت لە جیاتی هاندان بۆ بیرکردنەوە، خەڵک بە پێکەنین بهێنن.
لە هەندێک بواردا بەکردەوە دەردەکەوێت سیاسەت لە بنەما زانستیی و واقیعییەکەی سیاسەت دوورخراوەتەوە، زۆربەی شتەکان لە مامەڵەی ڕۆژانە و پڕۆژەی بازرگانی و بەرهەمهێنانی ئابووری دەبینرێت. تەنێ دەوڵەتیش سیاسەت ناکات، بەڵکوو بەرهەمهێنی ئابوورییە، لەجیاتی سەرکردە و ڕێبەر و بازرگانی شارەزا و بەکارهێنەری سۆشیال میدیای کارامە و ماستاوچی پسپۆر و پرۆفیسۆر دروست دەکات و ڕەنگە ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەندی بە دونیابینی و تێڕوانینە سەرمایەدارییەکەی ئێستای ئەمەریکا و ڕۆژائاو و چاولێکەرییەکی بکوژەکەی ڕۆژهەڵاتەوە هەبێت.
لە هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی حزبە سیاسییەکان سیاسەت ناکەن و سیاسەت بە سیاسەت دەبەن و لەدوای ڕاپەڕین هەموو ڕێساکانیان هەڵگێڕایەوە، بۆیە دەبینین کاری سیاسیی و ئاخاوتن لە سیاسەت بۆ سەرتاپای کۆمەڵگە جێهیشتووە و ئەوان خۆشیان کاری دیکەی بازرگانی دەکەن و هاووڵاتیانیش لەوەهمێکی مەترسیداردا خۆیان نمایش دەکەن و سیاسەت دەکەن، دەئاخڤن وەکوو ئەوەی ئەوان ڕێبەر و بڕیاردەر و یەکلاکەرەوەی دۆخە سەختەکان بن.
من وای دەبینم سیاسەتی بێ سیاسەت ئەنجام دەدرێت، خەڵکیش کاری ناسیاسی و ئاسایی ڕۆژانەیان بە سیاسەت دەکەن، واتە هەموو شتێک سبوغی سیاسی لێدەدرێت. ئەمەش وایکردووە دۆخێک بێتە پێشەوە زۆر گریمانە و گومان و متمانەشکاندن دروست بکات. وەکو ئاماژەم پێکرد حزبەکان لە دۆخێکی هێندە ئاڵۆز و قورسن، بەهۆی غلۆربوونەوە بەرەو دونیای دەرەوەی سیاسەت، وەکوو کارگەیەکی وەبەرهێنان و ئابووری دەربکەون، ئەمەش وایکردووە چی دیکە حزب قوتابخانەی فکری و ئایدیۆلۆژی و ڕێبەرایەتی سیاسی نەبێت، بۆیەشە ئاساییە دیاردەیەکی تەژی لە پرسیار و گومان بێتە ئاراوە و کەسانێک لەنێو پرۆسەی سیاسی دەربکەون، کە دوور لە بنەما سیاسییەکان، سیاسەت بکەن و خۆیان وەکوو ڕەخنەگر و ئۆپۆزسیۆن و هەتا هەندێکیشیان بەشێک لەدەسەڵات بن. بکوژی ئەم دیاردەیە بەلای کەمەوە ئینتما و نیشتمانەپەروەریی و بیناکردنی مرۆڤ بە کارێکی گاڵتەجاڕانە دەزانێت. لەبەر ئەوە کاڤێک بە گومانەوە دەبێژن بۆچی ئینتما نەماوە دەیانەوێت خۆیان لە بەرپرسیاریەتی تێکشان و شکانی ئینتما بدزنەوە. من پێم وایە حزب وەکوو دامەزراوەی سیاسی و فکری نەماوە.