کاتێک بتەوێت شیکاری گوتاری ئەم جارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەیت، کە شیکردنەوەی کارێکی یەکجار گرنگ و پێویستە چەند هەقیقەتێک، یان شتەکانی پشت دۆخە هەقیقیەکەت بۆ دەردەکەوێت. ئەرکی وەرگر و بەرکاهێنەرانی گوتار و تێگەیشتن لە نێوەڕۆک و پەیامی گوتارەکان هەندێک جار ئاسانە و شتەکان سادەن و هەندێک جاریش لەڕاستیدا قورس و ئاڵۆزن، تەنیا خودی قسەکەر و خاوەنی گوتارەکەش ڕەنگە وەکوو پێ لە لوغم نان شتەکان بچنێت و بئاخاڤێت. هاودژی لەنێو خودی گوتارەکەیان بەیدار دەکەوێت.
گوتاری یەکێتی شتێکە و گوزارشت لەناخی خۆ ترسێنراوی دەسەڵاتدارێکی نیگەران و خۆبەپەراوێزان دەکات و خودی خۆی وەکوو غەدر لێکراوێک نمایش دەکات، لەکاتێکدا هێزێکە غەدر لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەکات. یەکێتی بەکردەوە لە گوتارەکەیدا وەکو ئۆپۆزسینۆنێکی دوور لە هەقیقەت ڕەفتار دەکات، بانگەشەی ئەوە دەکات (حکوومەت پێک ناهێنێت، ئەگەر مەرجەکانی ئەوان بەدی نەیەت)، (ئەوان دەتوانن حکوومەت پەک بخەن، فشار دروست بکەن، داکۆکی لە ئازادی و دادپەروەریی دەکەن)، وەکوو ئەوەی خەڵک بەکارهێنانی هێزی چەکداریان لەبیر چووبێتەوە.
گوتاری یەکگرتووی ئیسلامی لەنێوان کوردستانی بوون و ئیسلامبوونەوە ڕەنگە هەم لە قەڵ بێت و هەم لە قاز، چوونکە ئەم دوو ستراتیژە چەندە هاوتا و کۆک بن، لەهەندێک بنەمادا دژ بەیەک و دوژمنی فکری سەرسەختی یەکترن. یەکگرتوو داکۆکی لە مافی هاووڵاتیان دەکات، دیار نییە ئەم هاووڵاتیانە لەکوێن و چۆنن؟ ئایا لە بەغدان، یان لەهەرێمی کوردستان؟ ئەمینداری گشتی دەبێژێت "ئێمە لەباری نیشتمانی و نەتەوەیی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆکین، بەڵام لە شتەکانی دیکە ناکۆکین". قووڕێکی خەستە، بەهەزار قووڕشێل شل ناکرێتەوە.
گوتاری کۆمەڵ دژە، بەڵام پێ دەچێت ئەوانیش دوای رووداوەکانی لالەزار هەندێک خۆیان سنووردار کردبێت، وەکوو چۆن ئەوانی دیکەش پەتێکیان لە زمانی خۆیان خستووە و زۆر بەگەرمی هێرش ناکەن، وەکوو چەند جارەی پێشوو ئاگر بارانی هەموو شتێک ناکەن.
گوتاری ئەمانە گوتاری هاوارە لەدەست دەسەڵات، لەکاتێکدا هەڵبژاردن بۆ بەغدایە، دەبێت بیر لە ستراتیژێکی پتەو لەبەغدا بکەنەوە، نەک بیانەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان بپلقێننەوە تاکوو ڕێگەی چوونە بەغدا تەختتر بێت.
پارتی بانگەشەی نیشتمان، داکۆکی لە بوون و بەردەوامی و بەهێزی هەرێم لە بەغدا دەکات، سازان و هاوسەنگی دروشمیەتی، تەنیا لایەنە بەڕاشکاوی پشت بەدروشمی نیشتمانی و نەتەوەیی دەبەستێت، واتا بەجۆرێکی دیکە دەتوانین بڵێین پارتی بەتەنیا لەلایەک و ئەوانی دیکەش هەموویان لەلایەکی دیکە لە ژینگەیەکی پڕ لە گومان و دوودڵی و بێ متمانە بەخۆبوون دەئاخڤن.
لەبیری نەکەین گوتار بەواتای ڕاپەراندنی ئەرک و کارێکی ڕاستەقینە دێت، هەندێک لایەن لە قسەکانیان دژ بەیەکی و نەگونجان و تەنیا بۆنی درۆش بەئاسایی پەخش دەکەن، ئەمە کارەساتە بۆ ئەو لایەنەی کە گوتار بە دەسەڵات و حووکم و متمانە و ئیلتزام نەزانن. پارتی بەکردەوە قسە لەسەر دەسەڵات و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و متمانەبەخۆبوون لە بەغدا دەکات، ئەوانی دیکەش قسەکانیان نارازییبوونە لە خودی هەرێم و بەتایبەتیش لە دژی پارتی.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزێکی جیاوازە، توانای زۆری بۆ سەرکێشی و فشار و چاککردن و تێکدانیش هەیە، بۆیە حیسابێکی یەکجار زۆر بۆ گوتارەکەی دەکرێت و هەزار لێکدانەوەش هەڵدەگرێت. (بافل تاڵەبانی) ئەمە دووەم جارە شێوازێکی جیاواز لە پێشکەشکردنی گوتار جێبەجێ دەکات، ئەو پشت بە تەسمیلی، شکاندنی مایک، هاوار و قیژاندن، نووکتە، سەرنجڕاکێشان بە ڕەفتاری کۆمیدی دەبەستێت، لەهەمان کاتدا لە گوتارەکەی وا نیشان دەدات، حزبێکی ئابلووقەدراوی ژێر فشار و بارێکی دەروونی و ئابووری یەکجار قوورسە. ئەمەش لەپێناو ئەوەیە ڕەوایەتی بە قسە و هێرش و سووکایەتی و ناشیرینکردنی بێ بنەمای دەسەڵات و ڕکابەرەکەی بدات، هەندێک جار لە ئاخاوتنەکەانی پشت بە نموونەی هەڵگەڕاوەی ناڕاستیش دەبەستێت، یان هەواڵێک بە دەندگەرەکانی دەڵێت، کە مەرج نییە ڕاست بێت. ئێمە دەزانین گوتار پشت بەگێرانەوەی هەواڵ و پیشکەشکردنی زانیاری دەبەستێت، هیچ مەرج نییە هەواڵەکە ڕاست بێت، ڕەنگە هەڵبەستراوی ساختە و زانیاری ناڕاست و درۆش لەخۆ بگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا کردەیەک بەقسە ڕادەپەڕێنێت، کە بەکارهێنەرانی گوتارەکە/ جەماوەر دەتوانێت شیکاری بکات و بڕیاری لەبارەوە بدات.
خۆزیا بۆ بەغدا لایەنەکان هەر یەکەیان ژمارەیەکی زۆری کورسی بەدەست دەهێنا، تاکوو ژمارەی کورسییەکانی کوردستان لە بەغدا زۆر دەبن، بەڵام ئەمە ڕوو نادات، چوونکە ڕێژەی بەشداری و نرخی کورسی ژمارەکان دیار دەکات و ژمارەی کورسی سارەکان دیارە. خۆزیا پارتی لەلایەک و ئەوانی دیکەش لەلایەکی دیکە نەدەبوون و هەموویان لەسەر ستراتیژێکی نەتەوەیی هاوبەش و هاوسەنگ و یەکسان و ڕەوا ڕێک دەکەوتن و گوتارێکی دڵخۆشکەری بەهێزیان بەرانبەر بەغدا دروست دەکرد، نەک بنکۆڵکردنی خودی هەرێم.