لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیای گەیاندن و جەنگ و زانیاریی و ڕاگەیاندن سەرکردایەتی ڕووداوەکانی جیهان دەکەن، ئاسان نییە سیاسییە کلاسیکی و گروپە چەکدارەکانی سەر پشتی پیکەب و فکرە باوە دابڕاوەکانی ژوورە تاریکەکان ململانێیەکی سەرکەوتوو لەگەڵ هێزی سنوور بەزێنی خێرا و ڕاستەوخۆی تەکنەلۆژیا بکەن. لە دوو مانگی ڕابردوو، لەجیاتی هێرشی سەربازی، ئەمەریکا بە گوتاری فشار و دروستکردنی تەرس خەریکە میلیشایەکانی عێراق خۆچەک بکەن.
هەرێمی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە پەرلەمانەکەی کۆبێتەوە و کابینەی دەیەمی حکوومەت دروست بکات و پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسی بوونیاتنەر. ئەم دواکەوتنە گومانی تێپەڕاندووە، نیشانەی نەخۆشییەکی کوشندەی پێوەدیارە کە پێی دەگوترێت دەردە کورد، ئەویش نەخۆشی خۆخۆری و یەکتر ڕەتکردنەوەیە. بۆیە شتێکی ناواقیعی نابێژین، ئەگەر بڵێین یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بردنەوەی پلە یەک و هێزی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان دڵخۆش نییە ئەمە شکستی خۆی دەزانێت، هەروەها ڕازیش نییە و دەیەوێت بەشێوازی خۆی ئەم واقیعیە پاشەکشە پێ بکات. نایەوێت وەکو حزبی دووەم بەشداری لەپرۆسەی حووکمڕانی و کاری پەرلەمانتاری بکات. لەتەک ئەوەشدا یەکێتی هەست بەوە دەکات بۆتە حزبێکی پەراوێزخراو، دەیەوێت خۆی پێگە و شوێن و پلەکان و کورسی و بەشداری یەکسان دیاری بکات، بەڵام لحژیکی دەنگدان شتێکی دیکە نیشان دەدات. لەکاتێکدا چەندین هەڵبژاردنە بەتایبەتی دوای جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی واقیعێکی جیاواز لەدەرەوەی خواستی سیاسی و ڕێکخراوەیی یەکێتی دروستبووە و ئەویش بریتییە لە کشانەوە و کەمکردنی دەنگ.
من پێم وابوو دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دواتریش پەرلەمانی عێراق، یەکێتی کۆنگرەیەکی متمانەداری بەخۆداچوونەوە دەبەستێت و شێواز و جۆری گوتارە سیاسییەکەی دەگۆڕێت، هۆکارەکانی ئەم واقیعە خراپە دەست نیشان دەکات، کە تێی کەوتووە، نەک بەردەوامبوون لەسەر هەمان شێواز و قەناعەت و داواکاریی و ڕاکردن بەدوای وەهمی پەنجا بە پەنجا. یەکێتی بەپاساوێکی لە گوتارەکانی ئاماژە پێ دەکات، کە بریتییە لەهەرەشە بەهێزی چەکدار و ناوچەی کۆنترۆلکراوی ژێر دەسەڵاتی خۆی و بەکارهێنانی داهات و ئەمن و دەزگای زانیاری. لەتەک ئەوەشدا کوردستان کە ئەمڕۆ دابەشی سەر دوو بەرەی ناکۆکی ئێران و ڕۆژئاوا بووە، یەکێتی هەر تەنیا لە بەرەکە نییە، بەڵکو ڕووداوەکان ئەوە نیشان دەدەن، دەرفەتی پاشەکشەیشی لەم قۆناغە بۆ خۆی نەهێشتۆتەوە و وەکو گروپێکی نێو بەرەی مقاوەمە ناسراوە و ڕەفتار دەکات، هەمووان دەزانین ئەم بەرەیە لە شکان و بچووکبوونەوەیە. لەهەندێک کاتیشدا وەکو پاشکۆ و خزمەت پێشکەشکەری ڕەیان کلدانی و هەندێکی دیکەیە دەردەکەوێت. پارتیش لە بەرەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوایە.
پارتی دیموکراتی کوردستان دڵی بەم سەرکەوتنانە خۆشە، هەقی خۆیەتی شانازی بە بردنەوەی لەم جۆرە و بەدەستهێنانی پتر لە یەک ملیۆن دەنگ بکات، بەڵام هیچ مەرج نییە لەنێو دۆزەخی ئەم هەموو کێشە و ناکۆکی و ململانێیە تووندەی نێوەخۆ و هەرێمایەتییەی هەیە و باوکایەتی لە ئیدراە و پاراستنی پلەی یەکەم کارێکی ئاسان بێت. لەکاڤێکدا ئێمە دەزانین لایەنە ناکۆک و دوژمنەکانی کوردستان نایانەوێت هەرێمی کوردستان خودانی یەک ناوەندی بڕیار و دەسەڵات و حکوومەت و دامەزراوەی سیاسی بێت. ئەو لایەنانەی بەئاشکراو شاراوە لەنێو هەرێم و دەرەوەی هەرێم پێیان وابوو بەم هەموو فشار و دژایەتی و ڕێگرییەی دەیکەن، دەتوانن پاشەکشەیەکی گەورە بە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، مەزەندە و قسەکانیان ڕاست دەرنەچوو. بۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پارتی دەبێت بیر لە:
# کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ بکاتە، چوونکە ئەمانە بنەما و هۆکارن بۆ مانەوەی شەرعیەتی سیاسی.
# لایەنە کوردییەکان دەیانەوێت حکوومەت لە بەغدا پێکبێت و دیدار و سەردان و فشار لەم پێناوە دەکەن، کەچی لەنێوەخۆشدا بێ خەم دوای پتر ل ەساڵێک هیچیان نەکردووە، ئەمەش دەبێتە سەرەتاییەکی یەکجار خراپ لەمتمانە و پاراستنی پەیوەندییە سەقامگیرەکانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە.
# بەکردەوە هەرێم دوو حکوومەتە، حکوومەتێکی فەرمی، حکوومەتێکی سێبەر لە دەڤەری سلێمانی، ئەمەش وایکردووە ئاست و پلە و ڕێژەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی نایەکسان بن، ئەم نایەکسانییە پەیوەندی بە حکوومەت نییە، بەقەد ئەوەی یەکێتی وەکو بەرپرسی سلێمانی نەیویستووە گەشە بە ناوچەکە بدات. لەبەر ئەوە حکوومەتی هەرێم پێویستە دەرفەت و هێزێکی کاریگەر بۆ یەکخستنەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم دروست بکات. ئەم ئیرادەیەش بە خودی هاووڵاتیان بەرهەم دێت.
# دەرکەوت گەلی کوردستان لەگەڵ ئەو هێزەیە، کە داکۆکی لەمانەوە و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان دەکات، نەک خۆ ڕادەستکردن بە بەغدا، هەرچەندە ئاشێکی دوژمنکارانەی تووندی ڕاگەیاندن دژی هەرێم و پارتی لەهەموو ئاست و جۆر و بوارێکدا دەگەڕێت، بەڵام ئینتمای نەتەوەیی هاووڵاتیان بۆتە قەڵایەکی بەهێز بۆ ئەم سەرکەوتنانەی پارتی بەدەستی هێناوە.
لە بەغدا لەژێر فشار و گوتاری فشاری دەروونی ئەمەریکی، میلیشا چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بڕیاریان داوە خۆیان چەک بکەن و ناویشان لەوە ناوە "بڕیاری عێراقی، ئەمە هیچ پەیوەندی بەفشاری دەرەکی نییە" لەکاتێکدا ڕای گشتی دەزانێت (ساڤایا) ڕاشکاوانە لەڕێگەی جەنگێکی دەروونی ڕاشکاوانە پێی گوتن: "نابێت هیچ هێزیكی چەکدار لەدەرەوەی ئیرادەی حکوومەتێکی بەهێز و کارای بەغدا بمێنێت. بەغدا یان حکوومەتێکی بەهێز بێت، یان کارەسات و فشار و هێرشی سەربازی ڕوودەدات"، هەروەها "نابێت هیچ کەسێکی سەر بە میلیشاکان وەزارەتی کارا و گرنگ و خودان دەسەڵات وەربگرن". ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، پێکهێنانی حکوومەت کارێکی ئاسان نییە. خەریکە تەنای بە گوتاری میلیشایەکان چەک دانێن.
شیعە لەکۆبوونەوەی شەوانەیاندا لەگفتوگۆیەکی چڕ و جدی و فراوانن بۆ دیارکردنی کاندی سەرۆک وەزیران هەرچەندە ئەمە کارێکی ئاسان نییە، سوونەکانیش گوایە ڕێککەوتن، تەنیا کوردستان تاکو ئێستا کۆبوونەوەیەکی خۆبەخۆی نەکردووە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەشی کوردی لەئارادا نییە.
سەرەتا دەنگۆ بڵاوبۆوە کە (بافل جەلال تاڵەبانی) دەیەوێت ببێتە سەرۆک کۆمار و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدای کرد، دۆستەکانی پێیان گوتوە "تۆ بۆ سەرۆک کۆماری دەست نادەی، چونکە عارەبی نازانی، هەرچەندە ئینگلیزی دەزانی، بەڵام نابێت سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبی بیت و بە ئینگلیزی قسە بکەیت و تەنیا کوردیەکەشت باش نییە. باوکت بەعەرەبییەکی ڕێک و ڕەوان دەئاخڤی". ئەمجارە دەنگۆی (قوباد جەلال تاڵەبانی) بڵاوبۆوە، سیناریۆیەکی خێرا و کتوپڕ لە ڕاگەیاندنی ئێرانی بڵاوکرایەوە، گوایە" قوباد لەبەر شێری خێزانی کە جووە، خزمەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکات، بۆیە ئێران نایەوێت ئەویش کاندێد بێت". پێم وایە ئەمانە شتی دروستکراون، چەند منە و ئەگەرێکی تێدایە:
ڕەنگە بیانەوێت لەو فشارەی لەسەر گروپی بەرەی مقاوەمەیە، یەکێتی دوور بخەنەوە و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بیپارێزن.
بیانەوێت بە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بڵێن قوباد لەگەڵ ئێران نییە و دڵسۆزی ئێوەیە بیکەنە سەرۆک کۆمار.
پارتیش لەم ڕۆژانە ڕایگەیاند کە مافی کاندێدیان بۆ سەرۆک کۆمار هەیە، ئەم دۆخەی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە هیچ دڵخۆشکەر نییە و درێژەدانە بەنیگەرانییە سیاسییەکان، هەموو کەسێک پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن پێویستە ئەم دوو هێزە و لایەنەکانی دیکەش لە بەغدا ببنە خودانی یەکگوتار و یەک بەرنامە و لەسەر پڕۆژەیەکی هاوبەش ڕێکبکەون، لەهەرێمیش بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانن درێژە بە ململانێی سیاسی و ڕکابەری خۆیان بدەن. یەکێتی ئەم مانۆرە سیاسییە لەپێناو بەستنەوەی کێشەی سەرۆک کۆمار لە بەغدا و دەستکەوتی دیکە لە هەولێر درێژە پێ دەدات و ڕاشیان گەیاندووە پارتی ناتوانێت حکوومەتێکی یەکگرتوو بێ ڕازیکردنی یەکێتی دروست بکات. چەند گریمانە و سینارۆیەک لەم بوارە هەیە:
یەکەم: پێکهێنانی کابینەی نوێیە. دووەم: ئەەگر ئەمە نەکرا هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجام بدرێت. ئەگەرێکی لاوازیش هەیە، کە بریتییە لە درێژەدان بەم دۆخەی هەیە.
دەگەڕێمەوە بەغدا بەر لە ئێستا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵێنەوە لە هێرشەکانی کۆرمۆر پێکهات، حکوومەتی هەرێم بەڵگەی ڕوونی بەدەستە، کە هێرشەکە لە خورماتوو کراوە و ژمارە و کۆدی درۆنەکانیشیان لایە و زانیاری وردیان هەیە، کەچی ئەو شتانەی دەبوایە لە ٤٨ کاتژمێر لەلایەن بەغدا ڕابگەیەنرایە، ئەوە ماوەیەکی بەسەردا تێپەڕی و هیچ شتێک نەگوترا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای لە ئەمەریکا کردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێ بدات، بەپێی زانیارییەکان ئەوانیش ڕازی بوون ئەم سیستەمە بە هەولێر بدەن. بۆیە بەغدا تەنگاو بووە، وەکو کاردانەوە ڕایگەیاند ئەوان سیستەمەکە دادەمەزرێنن و بەشی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت. ڕووداوەکان جدین، کێشەکان شتی نوێ بەدوای خۆیاندا دەهێنن، گریمانەی بڕیار و هەنگاوی نوێشی لێ دەکرێت. نابێت ئەوە بشارینەوە ئەمڕۆ ئەمەریکییەکان بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی ئابووریان لە هەرێمی کوردستان هەیە. مەسەلەی وزە هەر تەنیا پەیوەندی بە هەولێرەوە نییە، بەڵکو بەغدا و ئەمەریکا و تورکیا و ئێران و ئەوروپاش دەگرێتەوە. ئەمە لەقۆناغی هەنووکەدا بۆ هەرێمی کوردستان یەکجار گرنگە.
هیچ ئاماژەیەکی باش بۆ ئایندەی پچڕ پچری عێراق نییە، هەموو زانیارییەکان و تەنیا ئەوەی لەسەر زاری خودی بەرپرسە یەکەمەکانیش بڵاودەکرێنەوە، نیشانەی دۆخێکی خراپن سەبارەت بەئایندەی بەغدا و حووکمڕانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و گروپە چەکدارە میلیشاییەکان. ئەمەش چەند بوارێک دەگرێتەوە:
ئابووری: داهاتی عێراق پتر لە ٪٩٠ پشت بە نەوت دەبەستێت و پارەی نەوتیش لەبانکەکانی ئەمەریکان و هەر کاتێک ئەمەریکا بیەوێت دەتوانێت بڕیاری خەرج نەکردنی بدات. هەر بڕیارێکی لەم جۆرەش بەغدا تووشی داڕمان و داتەپین دەکات.
سەرۆک وەزیران ڕای گەیاندووە بۆ پێشگرتن لەقەیرانێکی چاوەڕوانکراوی ڕووخێنەری ئابووری و دارایی پێویستە دانی مووچەی مانگانە بکرێتە ٤٥ ڕۆژ، یان ڕێژەیەکی بەرچاوی کەم بکرێتەوە. بەشە خۆرک ڕابگرن و هەر کەسێک ٢٥ هەزار دیناری لە مانگێک پێ بدرێت. عیراق چوار ملیۆن پێنج سەد و پەنجا هەزار مووچەخۆر بێ هەرێمی کوردستان هەیە و دوو ملیۆن خانەنشین. یەک ملیۆن سودانی و فەلەستین و میسری و لوبنانی و ئەفغانی و پاکستانی و یەمەنی مووچە لە بەغدا وەردەگرن. ٥٠٠ هەزار کوژراوی ئێرانی مووچەکەیان لەسەر عێراقە و پێنج سەد هەزاری دیکەی ئێرانیش لەناو عێراق دەژین و مووچەیان هەیە، ٣١ هەزار کەسی ڕەفحاویی پارەیەکی زۆری خەیاڵی مانگانە وەردەگرن، سەرباری مووچەی قەبەی هەر سێ سەرۆکایەتی و پلە تایبەتەکان. بەکردەوە ڕەچاو دەکرێت لەسالی نوێدا عێراق تووشی قەیرانی دارایی گەورە بێت.
سیاسی: ئەمەریکا فشارێکی تووندی ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر عێراق، ڕاستە لایەنە شیعییەکان بەیەکەوە کۆ دەبنەوە، بەڵام ناکۆکن و ئەگەر فشارەکان نەبووایە، گریمانەی تەقینەوەی ناکۆکیی خراپ دەکرا. موقتەدا سەدر بەشداری پرۆسەی سیاسی ناکات، بڕیاری دا سەرایا سەلام چەک دانێن، ئەوانی دیکەش دوای ئەم بڕیارەی سەدر خەریکە هەمان شت دەکەن و ڕایانگەیاند خۆیان چەک دەکەن. ترەمپ گوتیەتی من هیچ بڕوام بە قسەکانی سودانی لە عێراق نییە، مەلەفی عێراق ئێستا لەدەست وەزیری جەنگە، ئەویش هەمان بۆچوونی سەرۆکی ئەمەریکای هەیە، واتە عێراق لەنێوەخۆی ناکۆکە، لەژیر فشار گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر قبووڵ دەکەن و فشاری دەرەکی زۆریان لەسەرە. کێشەی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری بەجۆرێکە، کە بۆنی کارەساتی لێ دێت.
گەندەڵی: بە ملیار دۆلار بەهۆی پڕۆژەی وەهمی لەم حکوومەتە و حکوومەتەکانی پێشوو دزراون. پڕۆژەی هێلی شەمەندەفەر، پڕۆژەی بەرهەمهێنان لە شارە جوداکان.
سەرباری بەفیڕۆدانی بە ملیار دۆلار لە ئیدارە و حکوومەتدا.
دادگای فیدرالی لە ئەمەریکا بڕیاری دادگایی کردنی ژمارەیەک بەرپرسی یەکەمی عێراقی داوە، ئەمەش سەرەتایەکی دیکەی مەترسیدارە بۆ بەغدا و بەئاشکرا و ڕوونیش داوای کردووە و فشاری خستۆتە سەر عێراق دەبێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکات، ئەگەر نا هێرشیان دەکاتە سەر. دیارکردنی نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ (ساڤایا) نموونەیەکی زیندووە، کە ئەمەریکا لەبارەی داهاتووی عێراق دڵنیا نییە و گومانی لە ڕاستگۆیی و بڕیار و پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ ئێران و گروپە میلیشاییەکان هەیە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات داهاتووی عێراق پچڕ پچڕە و هیچ ئاماژەیەکی خێر و چاک بەدی ناکرێت، هیچ کەسێک ئەم ئایندەیە بە باشی و گونجاوی نابینێت.
لەڕووی ئەمنییەوە: دوور نییە جارێکی دیکە داعس دەربکەوێتەوە، یان لایەنە شیعییەکان لەئەنجامی قەیرانی سیاسی شەڕی خۆ بەخۆ بکەن. دوور نییە ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی زیاتری پێگەی ئێران لە دەرەوە هێرشی سەربازی بکاتە سەر گروپەکانی سەر بە ئێران لەنێو عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێژێت عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر نەک خزمەتی تەنیا عێراق، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش دەکات، لەڕاستیدا ڕەنگە ئەمە پێچەوانە بێت، هیچ کاتێک عێراقێکی بەهێز نەبۆتە مایە خۆشی و ئارامی و ئاشتەوایی لە کوردستان. هەنووکە عێراق گریمانەی هەموو شتێکی خراپی لێ دەکرێت، لە گەندەڵی و خراپی و دواکەوتن و نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە، کەچی شەڕ بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت. دەزانم ئەمە بەشێکی پەیوەندی بە هەندێک لایەنی کوردیی هەیە، بەڵام دیسان ئەوە دەردەخات هەتاکو ئێستاش فکری شۆڤینی و تۆڵەسەندنەوە و پابەند نەبوون بەدەستوور لە عێراقی عەرەبی بەهێز و کارایە. لەهەر شوێنێک ئەم چەشنە بیرکردنەوە هەبێت، گەشەکردن و یەکسانی و دادپەروەریی و هاوسەنگی نابێت.
هەرێمی کوردستان ئەگەر خێرا نەبێت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، دووچاری لێکترازانێکی خراپتر لەئێستا دەبێت. هیچ لۆژیک نییە هێزە کوردییەکان بیانەوێت چارەسەری کێشەکانی بکەن و حکوومەت لە بەغدا زو پێکبێت، کەچی خۆشی بەدەست کێشەکانییەوە تووشی ئازار و لێکدابڕان و پاشەکشە و مەترسی لەدەستدانی شەرعیەت بێت. ڕاستە هیچ هێزیك فشاری دژی هەرێم دروست نەکردووە، کە پەلە بکەن لەپێکهێنانی حکوومەت، بەڵام لەدەستدانی شەرعیەتی سیاسی و دەستووری بۆ هەرێم سەرەخۆرەیە.