ئەمەریکا، لەنیو سەعات دونیای هەژاند

غازی حەسەن
  2026-01-06     372

دۆنالد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بە هێرشە بەنێوبانگەکەی بۆ گرتنی (مادورۆ)ی سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەکەرەی، جیهانی جارێکی دیکە خستە سەر ڕێچکەیەکی نوێی تەژی لە دژبەیەکبوون لەپێناو چارەسەری کێشەکان. گەڕانەوە بۆ سیناریۆ کلاسیکییەکان بە تەکنیک و هێز و فۆرمی نوێی هەواڵگری و سەرباری. بەرپرسانی ئەمەریکا گوتیان "کەس بە ترەمپ پێ نەکەنێت، ئەو پیاوی کردار و ڕەفتارە، نەک تەنیا قسە، دوور نییە ئەمە لە جیهان و لەشوێنی دیکەش دووبارە بکرێتەوە". ئەمە ئاماژە نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو ئاماژەیە بۆ داهاتوو، ئەمە زانیاریی نییە، بەڵکو هوشداری و ئاگادارکردنەوە و پەیامێکی یەکجار تووندە، بۆ ولاتە زلهێزەکان و ئەمەریکای لاتین و  هەندێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنیا دانیمارکیش لەبەر گرینلاند ترسی گەیشتێ. .

گریمانە و  پرسیار لەم هێرشە ئەوەیە:

ئایا ئەمەریکا لەتەنیا تاوانبارکراوێک دەگەڕێت و پشت دەکاتە سیستەمی وڵاتی تاوانبارکراوەکە، یان ڕژێمەکەشی دەڕووخێنێت؟ ئایا دەتوانێت ئەم دەوڵەتە لەنێو ئاژاوەیەکی کراوە و بێ کۆتایی جێبهێلێت، وەکو هەندێک لە نێو ئەمەریکا دەبێژن، ڕووخانی ڕژێمەکان ئاسانە، بەڵام بیناکردنەوەی دەوڵەت قورسە، لەم بارەوە ئاماژە بە ئەزموونی عێراقی دوای ڕووخانی سەدام حوسێن دەکەن. ئەگەر ئەمەی نەکرد چۆن پەیوەندییەکی هاوبەش بەڕووکەش و و کۆنترۆڵکراو بەکردەوە بەرهەم دەهێنێت؟

ئایا ئەمەریکا چارەنووسی ڤەنزوێلا دەبەستێتەوە بە هەڵبژاردنێکی ئازادی چوار ساڵە و بوارەکانی دیکەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوور و مافی خەڵک دەخاتە خانەی ئیهمالکراوەکان. دونیا دەزانێت ڤەنزوێلا لەکۆنەوە لەبواری نەوت دەوڵەمەند بووە و خاوەنەی نەوتێکی یەکجار زۆرە. حکوومەتی ڤەنزوێلا دژی ئەمەریکا بووە، وەکو چەپڕەو خۆی پێناسە کردووە و لەم دوورییە داکۆکی لە غەزە دەکرد، ئایا ئەم ئەنجامە پەیوەندی بە دیکتاتۆریەتی نێوەخۆیی هەبوو، یان پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان ئەم ئەنجامە خراپەیان بەنسیبی سەرۆکە گیراوەکە کرد.

ترەمپ نەیشاردەوە هەر زوو، پێش ڕاگەیاندنی هەواڵە خۆشەکەی ڕاگەیاند و گوتی: ئێمە ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی کاتی بەڕێوەدەبەین، تاکو دەسەڵاتێکی گونجاو بەشێوەی ئاشتیانە دێتە سەر کار. کۆمپانیا مەزنەکانمان کە ملیارەها دۆلار خەرج دەکەن، دەست بەبەرهەمهێنانی نەوت دەکەن.  بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە چۆنیەتی دروستکردنەوەی حکوومەت لەم وڵاتە بکرێت و هیچ بیرۆکە و پڕۆژەیەکی نوێی بۆ ڤەنزوێلای دویا مادورۆ نیشان نەدا، ئەمەش جۆرێک لە ناکۆکی و ناڕوونی و نیگەرانی دروست دەکات. 

لەنێو ئەمەریکا بەهۆی ڕکابەری تووندی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بیروڕای جیاواز و دژ بەیەک دەگوترێت، هەندێک لە دیموکراتەکان ئەمەیان پێ کارێکی ڕەوا و لەبار نییە، ئەمە لەگەڵ یاسای فیدراڵی و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەنەگونجاو وەسف دەکەن.  لەبەر ئەوەی هەنووکە ناکۆکی تووند لەنێوان ئەم دوو حزبە هەیە، بۆیە من پشت بەم بۆچوونە نابەستم. بەڵام دەزانم ئیرادەیەکی ئازادانەی ڕەخنەگرانە لەنێو ئەمەریکا هەیە.

پێش ئەم ڕووداوە چین و بەتایبەتی ڕوسیا هانی سەرۆکی ڤەنزوێلای دا، کە ئەوان لەهەر دەستێوەردانێکی ئەمەریکا پاڵپشتیان دەکەن، ڕەنگە ئەم هەڵوێستەی ڕوسیا وایکردبێت ئیدارەی ترەمپ بەم شێواز و فۆرمە خێرا و لەناکاوە، کورد گووتەنی "پشتەملی ئەم سەرۆکە بگرن و لەماڵكەی دەریبهێنن و بێ جەنگ و لەدەستوەشانێکی کتوپڕی یەکجار بەپەلە، سەرکەوتووانە بیگەیننە نیویۆرک و لەماوەی  ٤٨ کاتژمێر لەگەڵ هاوسەرەکەی بیدەنە دادگا". ئەویش ڕۆژی دووشەممە ٥ی ١ی ٢٠٢٥ لەبەردەم دادگا گوتی "من تاوانبار نیم و هیجم نەکردووە، من سەرۆکی وڵاتەکەمم و لەماڵەکەم ڕفێندراوم".  

ئەم ڕەفتارەی ئەمەریکا کە بەبێ خوێن و لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا هەموو شتێکی کۆتایی پێهێنا. هیچ شتێک نەبوو تاکو بڵاوکردنەوەی وێنە (مادورۆ) لەلایەن خودی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم شتکە لەناکاوە چاوەڕوانەکراوە بەرپرسانی دیموکراتەکان و کۆنگرێسیش ئاگاین لێ نەبوو، جیهانی خستە بەردەم بیرۆکە و ڕەهەندێکی تازە، کە دواڕۆژی ئەم وڵاتە پێویستی بە چەندین ساڵ بۆ خۆپێناسەکردنەوە و بیناکردنەوە دەبێت، ئەگەر ئەمەریکا تەواوی دامەزراوەکانی گۆڕی.

لەم هێرشەدا سەرۆکی ئەمەریکا متمانەی بە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانیش نەبوو، پێی وایە ئەمانە قسەیان لەزاری ڕاناوەستێت، بۆیە پێی باش نەبووە پێیان بڵێت چ ڕوودەدات. لەلایەکی دیکەشدا نیشانەی دابەشبوونی سیاسی دەگەیەنێت، کە متمانە یەکجار لاواز بووە و خودی ترەمیپش مەیلی کار و ڕەفتاری تاکەکەسی بەهێزە.  

گریمانە ئەوەیە، ئایا هەمان شت و ڕەفتار لەلایەن ئەمەریکاوە لە هەندێک وڵاتی دیکەی ئەمەریکای لاتینی دووبارە دەکرێتەوە. (ترەمپ) بەڕێککەوت بێت، یان وەکو ستراتیژ ڕاستەوخۆ ئەمجارە ئاماژە بە خراپی دۆخی کوبا و سەرۆکێکی پیر کرد و نەیشاردەوە "ئەوان هاوکاری خەڵکی کوباش دەکەن". دواتر نیەگرانی خۆی لەبارەی کۆلۆمبیا دەربڕی و ئەوانیش گوتیان وا بڕوات پەنا دەبەنەوە بەر هێزی چەکدار. ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاماژە گەلێکی فرە ڕەهەندی تێدایە لەوانە یەمەن، لوبنان، عێراق، سوریا و لەهەمووشیان گەرمتر دۆخی ئێران و خۆپیشاندانەکانیەتی و ئەگەری گڕتێبەردانی کێشەکانە بەگشتی لەئارایە.  

 هێرشەکەی ئەمەریکا بۆگرتنی مادورۆ بوو کە گوتیان تاوانبارە بە تیرۆری قاچاخی مادە هۆشبەرەکان و بەپێی زانیارییەکانی میدیاکان هێرشەکە نیو کاتژمێری خایاندووە، واتە لەم کورتە ماوەیەدا ئەمەریکا دونیای هەژاند و هەموو جیهانی گێڕایەوە سەر بیرۆکەی دەستوەردان و بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان. لەڕاستیدا ئەوەی ڕوویدا کە دیقەتی لێ دەدەین، ڕێکوڕەوان وەکو فلمێکی هۆلیۆد بوو.   

کۆمارییەکان و ئیدارەی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکیان بە کەسێکی خودان کردار وەسفکرد، بە مانای ئەوەی پێویستە هەموو دونیا ئاگادار بێت، کاک ترەمپ گاڵتە نازانێت، هەر کاتێک بڕیار بدات، ئیدی کارێک دەکات، هەموو دونیا سەرسام دەکات، جۆریک لە ترس و هەڕەشەشیان لەنێوەخنی گوتارەکەیان پەنا دابوو.

کۆمۆنسیتەکان بەیاننامەی ڕیسواکردنی هێرشەکەی ئەمەریکایان بڵاوکردەوە، هەندێک لایەنی ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی لەدژی ئەمەریکا سۆزیان بۆ ڤەنزوێلا جووڵا، ئەوروپا ڕایانگەیاند باشترین ڕێزگرتنی دیموکراتی جەختکردنەوەیە لەسەر مافی خەڵک، بەشەرمەوە دەڵێن پێمان ناخۆشە هەر چەندە مادورۆ شەرعیەتی دەسەڵاتی نەبوو، دیکتاتۆر بوو. چین داوای ئازادکردنی دەکات و دەڵێت ئەمە لەدەرەوەی عورفی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ژمارەیەک دەوڵەتی ئەمەریکای لاتینیش هەمان شتیان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕاگەیاند. ئەمەریکا کاری خۆی کرد و ئایا ئەم دەوڵەتانەش بە تەنیا بەیاننامەیەکی ناڕازیبوون کۆتایی بە مەسەلە و کێشە گرنگە هەستیارەکان دەهێنن؟ مادورۆ و هاوسەکەرەشی سزا دەدرێن و چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات و وەکو قوربانی لە میدیا ئاماژەیان پێ دەکرێت و دەبنە بەشێک لەمێژووی سیاسی.

ئەمەریکا لەنیو کاتژمێر لەسەرەتای ساڵی نوێ دونیای هەژاند، دەبێت چاوەڕوان بین لە هەفتە و مانگی داهاتوو ڤەنزوێلا چ جۆرە حکوومەت و سیستەمێکی سیاسی بەڕێوەی دەبات، ئایا بەڕاستی دەبێتە ویڵایەتێکی نوێی ئەمەریکا، یان وەکو (دەسەڵاتی کاتی و وەزیری بەرگری گوتیان) ئەوان خۆیان کارەکان بەڕێوەدەبەن و ڤەنزوێلا یەک سەرۆکی هەیە ئەویش (نیکۆلاس مادورۆ)یە. ئایا ئەمەریکا دەتوانێت دوای ئەم ڕووداوە لە دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژی بیکاتە دەوڵەتێکی دیموکراسی.

گریمانەی ئەوە دەکەم ئەم ئەزموونە لەپێناو بەهێزکردنی پتری پێگەی کۆمارییەکان و خودی ترەمپ لەنێو ئەمەریکا لەهەندێک شوێنی دیکەش دووبارە بکرێتەوە، دوور نییە ئێران بخەنە بەردەم چەند بیرۆکە و چارەسەرێکی چارەنووسساز، لەوانە: گۆڕینی ئاشتیانەی حووکمڕانەکان، یان پەنا بردنە بەر کودەتا، یانژی ڕاپەڕینی جەماوەری، ئەگەر نا گۆڕانکاری بە هاوکاری سیاسی و سەربازی و هەواڵگری دەرەکی ئەنجام دەدرێت. دیارە ئەمەش پێش چارەسەر و دابڕینی بەکردەوەی عێراق لە ئێران ڕەنگە کارێکی ئاڵۆز و ململانێکان سەخت بن. من پێم وایە ئەمەریکا پێش هەر هەنگاوێک لە دژی ئێران، پێویستی بە چارەسەر و چاککردنەوەی عێراق و سەپاندنی ئارامی و هاوبەشیی و هاوسەنگییە لە حووکمڕانیدا، لەتەک نەهێشتنی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×