ئەوەی لەدژ مرۆڤ و چەوسانەوە و کوشتوبڕ لەهەر شوێنێکی دونیا ڕووبدات، من دژی دەبم و پێم وایە بەپێی دین و نەژادیش گەلێک لە وڵاتەکانی دونیا دێنە دەنگ و داکۆکیان لێ دەکەن. کەچی بەرانبەر کورد بێدەنگ و تەماشاکەر سەیری ڕووداوە دراماتیکی و تراژیدی و بەئازارەکان دەکەن. لەبەر ئەوەی هەنووکە بە تەمامی جیهان لە جیهانێکی بێ شەرەف دەچێت.
ئەمەریکا لەماوەیەکی کەمدا هەموو سیاسەت و بڕیارەکانی خۆی دژی ئەحمەد شەرع گۆڕی و لە جیاتی دادگایی، پێشوازی لە ڕێبەری داعش لە کۆشکی سپی کرد و ئەویش هەنووکە بە پشت بەستن بەگرووپە توندڕەوە ئیسلامییە جیهادی و تیرۆریست و قاعیدە و داعش و گروپە میلیشاکانی سەر بە تورکیا پەلاماری دوو گەڕەکی کوردنیشین دەدەن، کە هێزی هەسەدە ئیدارەی دەکات. تاوان دژ بەمرۆڤایەتی ناخهەژێنیان لەم چەند ڕۆژە ئەنجام دا. ئەمەی ڕوودەدات بەشێکە لەگۆڕینی دیمۆگرافیا و ڕاگواستن و بەزۆر دەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لەشوێنی ئاسایی ژیانیان. ئەمە ئەوەمان بیر دەخاتە چ جیهانێکی بێ شەرەف باڵادەستە لە دونیا.
ئەوروپا مافووری سووری بۆ تیرۆریستێكی وەکو شەرع ڕاخست لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکانیان، لەکاتێکدا بانگەشەی ئەوەش دەکەن کورد هێزێکی کاریگەریی تێکشکاندن و وەستاندن و بێهێزکردنی داعشی تیرۆریست بووە.
هەسەدە کورد لە سوریا هەنووکە وەکو هێز و لەشکر ڕێبەرایەتی دەکات، ئەم هێزە لەپێناو نیشاندانی مرۆڤدۆستی و کراوەیی و دیموکراسی مامەڵەیەکی یەکجار هاوسەنگ و دۆستانە و هاوبەش لەگەڵ پێکهاتە جیاکان دەکات، لەهەمان کاتیشدا گروپە سیاسییە ناچەکدار و چەکدارەکانی دیکەی کورد بە ناحەزی خۆی حیساب دەکات. من ئەمە بەبەشێک لە ئازار و مەینەتی و نەخۆشی و هۆکاری شکان و دۆڕانی کورد دەزانم. دیکتاتۆر لەنێوەخۆ و دیموکراسی و کراوە بەڕووی ئەوانی دیکە.
لایەنە کوردستانییەکان بەگشتی بەرانبەر کردەی هۆڤانەی گروپە میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی کاتی سوریا و داکۆکی و هاودەنگی لەگەڵ کورد هاتنە دەنگ و خۆپیشاندان لەزۆر شوێن کرا. گوتاری داکۆکی و پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی لەپێناو هاودەنگی کورد و کەمکردنەوەی فشار بەگشتی ئاخاوتن، هەندێک وەکو دەستکەوتی حزبی زاریان وەکرد، هەندێک پێیان وایە ئەمە پەیوەندی بە ڕێباز ر بیرکردنەوە و تووندوتیژی گروپە ئیسلامییە تووندڕەوەکان نییە و کێشەی ناسنامەیە. ئیسلامییەکان بێدەنگ، شەرمنانە ئەگەر قسەیەکیان کردبێت، لە دواوەی دواوە دێن. هەرچەندە هەندێک مەلای کورد لەم ڕۆژانە بەدەنگی بەرز قسەیان کرد و ڕایانگەیاند ئەمە دژ بەدین و ئیسلامە، ئەمە قڕکردنی کوردە لەلایەن ئەعرابەکانەوە.
کێشەکە چییە؟ من لەچەند بوار لێکی دەدەمەوە:
یەکەم: بیری شۆڤینی عەرەبی بەرچاوتەنگ باڵادەستە، کە لەبنەڕەتدا دژی هەموو جووڵە و بوون و مافێکی کوردن، ئەمە لەکردەوە ڕەنگدانەوەی درێژەکێشان و مانەوەی بەهێزی ئەم بۆچوونە مەترسیدارەیە، کە نوێنەرایەتی فکری عەرەبی دەکات.
دووەم: فاشیزمی ئیسلامی سیاسی بارگاوی بە فکر و ڕەگەزپەرستی عەرەبییە لەفراونبوونێکی مەترسیدارە، ئەمانە ئەمڕۆ لەنێو دەسەڵاتی کاتی سوریا چالاکن و بەئاشکرا دەیانەوێت کورد قڕ بکەن و سوپاکەیەان ئێستاش ڕیشدارن و فکرەی ڕیشیان هەیە.
سێیەم: تورکیا بەئاشکرا و تووندی دژی کورد و هەسەدەیە، نایەوێت وەکو بەشێکی پەکەکە هیچ چەشنە دەسەڵاتێکی لەنێو سوریا هەبێت. ئەمەش بریتییە لە ستراتیژی کلاسیکی تورکیا بەرانبەر بە کورد بەگشتی.
چوارەم: ئەمەریکا لە گوتارەکانی دەیەوێت هاوسەنگییەکی ئەخلاقی لەنێوان سوریا و کورد کە خۆی بەدۆستی هەردوو لایەن وەسف دەکات ڕابگرێت، بەڵام لەواقیعدا ئەم هاوسەنگییە خەیاڵە، ئەگەر کورد مافە سەرەکییەکانی لەدەستوور و یاسا دیار نەکرێت و لەحووکمڕانی بەکردەوە بەشدار نەبێت، کورد هەنووکە هێزە، هێزێکی جەنگاوەر نەک بەشدار و هاوبەشی حووکم.
پێنجەم: دوور نییە ئەمە دواین کۆششەکانی ئێرانیشی تێدا بێت، بۆ بوونی کێشە لە سوریا و دوورخستنەوەی سەرنج لەسەر خۆپیشاندان و کێشە نێوەخۆییەکانی ئێران.
شەشەم: هەر چەندە کۆششێکی یەکجار سەخت لەپێناو بەدیهێنانی زەمینەیەکی هاوبەش و بەشداری سەرجەم لایەنە کوردییەکان لەگەڵ پەیەدە هەیە، بەڵام لە واقیعدا ئەمە وەکو نەبوو وایە. پێم وایە ئەمەش بەزیان بۆ بەهێزبوون و بەشداری کارای کود لە دیماهیدا تەواو دەبێت.
حەوتەم: شەرع بەتەواوی کار بۆ پاراستن ئەمن و بەرژەوەندی ئیسرائیل لە نێو سوریا و ناوچەکە دەکات، بە هاندان و بەشداری ئەمەریکا چەندین دیدار و ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم بەشە بزاڤە سیاسییەی کورد و بەتایبەتی لەژێر کاریگەریی پەکەکە و هەنگاوە تازەکانی ئۆجەلان و موراعاتی سیاسەتی تورکیا بێ هۆکار دژایەتی، یان نیمچە دوژمنایەتییەکی ئیسرائیل دەکەن.
گریمانە و گرفت:
پەیەدە لەژێر کاریگەریی و تێڕوانینە تازەکەی ئۆجەلان و پەکەکە بیر و فکری نەتەوەی وازلێهێناوە و وەکو (سالح موسلم) دەڵێت: "ئێمە لایەنی کوردی نین، ئێمە پەیەدە، هەسەدەین". لەکاتێکدا لەژێر کاریگەریی و هەستی نەتەوەیی سەرجەم کورد لەهەموو پارچەکان و لە ئەوروپا و ئەمەریکا پاڵپشتی ئازار و ناخۆشییەکانی کورد لە هەردوو گەرەکی حەلەبن. لەهەمان گاڤدا لە تەنگانە "داوای هاوکاری و پاڵپشتی نەتەوەیی دەکەن"، ئەمە جۆرێک لە دژبەیەکبوون و تێڕوانینی نەگونجاو و بەرژەوەندی گومانلێکراوانەی سیاسەتی کوردی نیشان دەدات. بە واتایەکی دیکە، کە گوتار مانای داڕشتن و بەکردەوە جێبەجێکردنی تیۆری سیاسی دەگرێتەوە، لایەنە کوردییەکانی لەت و دابەش کردووە.
کورد چاوەڕێیە ئەوروپا و ئەمەریکا پاڵپشتی و هاوکاری بکەن، ئایا لە جیهانی بێ شەرفەدا بەرانبەر چی هاوکاریت بکەن؟ ئەمەریکا لەسەر زەمین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کاران، بەڵام لەم ڕووداوانە بێدەنگ سەیری ڕووداوەکانی کوشتن و فشار و پاشەکەشەی کورد دەکەن. ئەوروپا داوا لە سوریا دەکەن رێککەوتنەکان جێبەجێ بکات. باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لەلێدوانەکانی جۆرێک لە ڕێک نەکەوتن و ناڕەحەتی دژی کوردی نیشان داوە، ئەمەشی بۆ ڕازیکردنی تورکیا و عەرەبە. (دۆنالد ترەمی) ڕاشکاوانە دەبێژێت "ئێمە دۆستی سوریا و کوردین". ئەمەریکاش دەیەوێت سوریایەکی نزیک لەخۆی و پارێزەری ئاسایشی ئیسرائیل و دوور لە ئێران و ڕوسیا بینابکرێتەوە. لەم دۆخەدا بەپلەی دووەم و بەشێوەیەکی لاواز حیساب بۆ کورد وەکو هێز و شەڕکەری ئازا دەکرێت لەهاوکێشە سیاسییە نوێیەکاندا.
کورد لەچاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە و داڕشتنەوەی هاوکێشە بنەڕەتییەکانە، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک بێ کێشە و ململانێ و باج نابێت. کورد لە سوریا دەیەوێت
هاوبەشێک کارا بێت و هیچ داوایەکی جیابوونەوە و پێکهێنانی کیانێکی نەتەوەیی و فۆرمێکی نەتەوەیی لەم قۆناغە نییە.
لە جیهانی بێ شەرەفدا کە هیچ بنەمایەکی مرۆڤانەی لە سیاسەت و شەڕ پیادە ناکرێت، کورد دۆڕاوە کەدەیەوێت شانازی بەها مرۆییەکانی خۆی بکات، بانگەشەی مرۆڤدۆستانەیی خۆی لە جەنگ بەڕێوەبردن دەکات و شانازی بەوە دەکات تیرۆریست و کەسانی پیاوکوژی هۆڤی دەپارێزێت و ئازاری دیل و گیراوەکان نادات. لە جیهانی بێ شەرەفدا ناتوانرێت جەنگێکێکی شەریفانە بەڕێوەببرێت. کورد دەبێت یاسای جەنگ، هێز و بەشداری لە ملمڵانێکان بگۆڕێت. کورد دەبێت بەرژەوەندی لەگەڵ لایەنە بەهێزە بیانییەکان دروست بکات، نەک شەرەف و کەرامەت و مرۆڤدۆستی و دیموکراسی.