ڕووداوەکانی هەنووکەی سوریا، خۆپیشاندانەکانی ئێران و قوربانییەکانی شۆڕشی کوردستانی باشور و برایەتی گەلانی هەنووکەی پەکەکە و ئۆجەلان، نیشانە و هێمایەکی مێژووین، کە کود میللەتێکی دڵسۆز و میواندۆست و ڕێزگری بێگانە و چاوتێر و ئازادیە بەجۆرێک، دوژمنەکانی هەزار حیسابی بۆ بکەن، بەڵام ئەو لەپێناو ئازادی ئەوانی دیکە قوربانییەکی زۆر دەدات و ئەوانی دیکەش سەما بەبۆنەی مەرگ و لەناوچوون و قڕکردنی کورد دەکەن.
دەمێکە بیر لە گوتەکەی لینین دەکەمەوە "هەر نەتەوەیەک نەتەوەیەکی دیکە بچەوسێنێتەوە ئازاد نییە". نەتەوە چەوسینەرەکان و تیرۆریستەکانی وەکو ئەحمەەد شەرع لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوایز لێ دەکرێن و نەتەوە ئازادەکانیش قڕ دەکرێن. لە کوردستان نەتەوەی سەردەست لەهەموو قۆناغە مێژووییە جیاکان لە دژی کورد و چەوساندنەوەی کورد هاوستراتیژن. کوردیش خۆشباوەڕانە لەپێناو ئازادی ئەم نەتەوانە دەیان ساڵە قوربانی دەدات و لە دیماهیشدا سفر هیچ بەدەست جارێکی دیکە لەپێناو هەرەسپێهێنانی هەرەس دەست پێ دەکاتەوە . کورد لەلایەن سوپای ئەم وڵاتانە زیندەبەچاڵ و ئەنفال و کۆمەڵکوژ دەکرێت و سوکایەتی بە کەرامەت و بوونی تاکی مەدەنی کورد دەکرێت، کوردیش بۆ ئەوەی بێژێت ئێمە نەتەوەیەکی باڵای شارستانی و مرۆڤترین لە داگیرکەری هۆڤی و تیرۆریست و بکوژە تاوانبارەکان، هەموو گاڤێک کە یەکێکمان دیل و زیندانی کردبێت، بەپێوەیر باڵای مرۆڤانە خزمەتمان کردوون. تاکی کورد شانزی بەمرۆڤبوونی خۆی دەکات و دوژمنەکانیشی شانازیی بە هۆڤاتی و کوشتوبڕ و قڕکردن دەکەن.
نامەوێت بەپێشەکی بێزارکەر بڕوا بە خوێنەر بهێنم، ئەم گوتارەی کورد هەڵەیە و وێرنکەرە، کە کورد لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی بۆ خۆی و ئەوانی دیکە بەردەوام قوربانی دەدات و گلەیشی لە بێ ئەخلاقی ئەونای دیکە دەکات و بەردەوامیش دەبێت لەسەر هەمان ڕەفتار و ڕەوشت. لەسەردەمی مادەکانەوە تاکو کۆتایی پێهێنانی ئیمپتراتۆرە مەزنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دەوڵەتە مەزنە مۆدێرنەکان، کورد هەمیشە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی بۆ ئەوانی دیکە قوربانی داوە. لینینی سەرکردەی بەلشەفی لە ڕوسیا ئاماژە بە تێکشکاندنە گەورەکەی ئاشوورییەکان لەسەردەستی مادەکان دەکات و ئەمە بە خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی دەزانێت. لینین کوردی وەکو نەتەوەیەکی خودان ماف نەخستە نێو فۆرمی مرۆڤبوونەوە و تاکو ئێستاش بە جنۆکە و بەراز و شاخاوی و دڕندە وەسفی ئەم نەتەوە دێرینە دەکرێت.
کورد لە عێراق لەپێناو ئازادی عەرەب و تورکمان و کلدانی و سریانی وئاشوری و پێکهاتە ئاینییەکان دژی حکوومەتەکانی عێراق جەنگا، تێکۆشانێکی ڕەوا، هەنووکەش کورد بە ڕاستی و وەکو بنەمای دەوڵەتی هاوچەرخ داکۆکی لە ئازادی مەدەنی و شارستانی هەمووان دەکات. کەچی داعش و حەشد و مەشد دەیانەوێت کورد لە پشتەملەوە سەربڕن. ئەوانەی هەنووکە حاکمی عێراقن، ئەەگر وێرابن لەدەست سوپای عێراق ڕابکەن، ژیانیان لەسایەی پێشمەرگە پارێزراوبوو. هەنووکە ئەوان دژی پێشمەرگەن.
لە تورکیا و سوریا و ئێرانیش تەنیا کوردە بەکردەوە لەپێناو ئازادی خەبات دەکات و قوربانییەکی یەکجار زۆری داوە، کەچی عەرەب و تورک و فارس، کە هێشتا لە حووکم نین و لە ئاوارەیی دەژین، یەکەم گوتاریان دژ بەمافەکانی کوردە، یان شەڕ بۆ بچووکردنەوە و کوشتن و دەرپەڕاندنی کورد دەکەن.
من بڕوام وایە کورد دەبێت پێش قوربانی دان بۆ ئازادی، خەبات بۆ ڕزگاری بکات، کە ڕزگار بوو ئازادی نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان لە فۆرم و شێوەیەکی جیاواز دێتە پێشەوە و ئەو کاتە ئەرکی کورد لەڕووی سیاسی و فکری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەبارەی ئازادی دەچێتە قۆناغێکی مێژوویی و دەکرێت کورد ئەو کات شانازی بە بیناکردن و دروستکردنی سیستەمێ ئازادانە تایبەت بە خۆی بەهەموو مانا و ڕەهەندێکییەوە بکات.
کورد دەمێکە داوای ڕووخاندنی حکوومەتی ناوەندی دەکات و بە دەیان ساڵ لەپێناوی ئازادی بۆ گەلانی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا ڕووبارێک خوێنی داوە. پێش بەدیهێنانی ئازادی و گۆڕانکاری لە حکوومەت و دەسەڵاتە دیکتاتۆر و فاشیستەکانی ناوەند، ئەوانەی خۆیان بەنوێنەری نەتەوەی سەردەست دەزانن، پتر لە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆر فاشییەکان دژی کورد لێدوان دەدەن، نەک بەقسە بەڵکو بە گوتار و کردار و بەکارهێنانی هێز و سوپا تا ئاستی قڕکردن کورد دەکوژن. نموونەی سوریای دوای ئەسەد و ئەوەی لەم ڕؤژانە ڕوودەدات باشترین نموونەیە.
پەیەدە و هەسەدە خەریکە ناسنامەی کوردی لەپێناو ڕازیکردنی گروپە عەرەبییە ڕاڕاکان لەخۆیان داماڵن، کەچی لەیەکەم هەنگاو لە هەسەدە جیادەبنەوە و ئاهەنەگ بۆ سەرکەوتنی سوپای عەرەبی خودان میلیشای تیرۆریستی سوریا دەگێڕن.
بۆیە ئازایەتی و قارەمانی نییە کورد بۆ ئازادی نەتەوەکانی دیکە قوربانی بدات و ئەوانیش لەجیاتی برایەتی و یەکسانی و هاوبەشی ڕاستەقینە بەناوی جیاجیا کورد کوژی دەست پێ بکەن. من گلەیی لە دۆخی کوردی دەکەم، نەک دوژمنەکانی کورد.
لای من گرنگتر و کاریگەرترە کورد لەنێوەخۆی ئازاد بێت، نەک خۆی بۆ ئازادی ئەوانی دیکەی دەرەوەی خۆی بەکوشت بدات و لەنێوەخۆشی یەکتر بکوژێت و یەکتر بسڕنەوە و گوتاری تووندوتیژ دژ بە یەکتر بەکاربهێنن و یەکتر قبووڵ نەکەن، پێویستە پەرە بەسیستەمی ئازادانەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ئایینی و کەلتووری لە نێوەخۆی بدات، حزبەکان بەیەکەوە و بەگیانی ڕێزگرتن و پاراستنی مافی یەکتر دەسەڵاتی بەڕێوەببەن، یان ڕێز لەهەڵبژاردن و ململانێی سیاسی بگرن. ئازادی گوتن و ڕادەبڕین و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوە بەپابەندبوون بە نەبەزاندنی سنووری یەکتر بەکردەوە پیادە بکرێت. پێویستە حزبە کوردییەکان عەقڵیەتی کوێخایی واز لێبێنن.
دۆخی ئێستای ئێران بەنموونە دەهێنمەوە کوڕی شا و هەندێک گروپی دیکە هێشتا بە هەزارەها کیلۆمەتر لە وڵات دوورن، لەدژی کورد داوای یەکپارچەیی و سەروەری ئێران دەکەن. لە سوریا شەرع، کە هێشتا جێی قوونی خۆی گەرم نەکردووە و هیچ شەرعیەتێکی دەستووری و یاسایی نییە، شەرعیەت بە کوشتنی کورد دەدات. لە عێراق دوای سەپاندنی سیستەمی فیدرالیزم لە دەستوور، هێشتا ناتوانن بێ سزادان و هێرش دژی هەرێمی کوردستان سیاسەت بکەن. لە تورکیا ئۆجەلان پەکەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری خۆچەکردنی دا و وازی لە بیری نەتەوەیی هێنا، کەچی هێشتا حکوومەتی تورکیا ناتوانێت بەرانبەر کورد ئازاد بێت.
بۆیە باشترە کورد فەلسەفەی ئازادی لەنێوەخۆی پەرەپێ بدات و چی دیکە بەدوای وەهمی ئازادبوونی ئەوانی دیکە نەکەوێت. بەلای منەوە نە ڕووخاندنی دەسەڵاتی ناوەند ئەرکی کوردە، نە خەبات لەپێناو ئازادی ئەوانی دیکە ستراتیژی کوردە، بەڵکو ڕزگاری و خۆئازادبوون و پەرەپێدانی گیانی تەبایی و کاری هاوبەش و یەکگوتاری و بەیەکەوە گونجاونی نێوەخۆیی ئەرکی کوردە بەهەموو ئاراستە و فکر و ئایدیۆلۆژیا و جیاوازییەکەوە.
فاشیزمی نوێی ئیسلامی سیاسی، تیرۆریستە مۆدێل نوێیە کۆیلەکراوەکانی سیستەمی نوێی جیهانی و حکوومەت بەرکێگیراو و گەندەڵ و دەسەڵاتە گەمەپێکراوەکان، ناتوانن یەکسانی و دادپەروەریی و دیموکراسی لەنێوان پێکهاتەکان دابین بکەن، ئەمەش لەکردەوەدا هەمیشە خەونی کوردی کە بریتییە لە "ئازادی و مافی مرۆڤ و وەکویەکی"یە لەگۆڕ دەنێت و کورد دەهێنێتەوە سەر سفر و بەناچاری بەدروشمی بشمان کوژن و قڕیشمان بکەن "ئێمە لەبەرخوەدان ناوەستین" جارێکی دیکەش لە خاڵی سەرەتایی دەست پێ بکاتەوە.
کورد نابێت یەک دۆست و یەک هاوپەیمانی هەبێت. کورد نابێت یەک ئازادی و یەک ڕێگای بۆ گەیشتنە ڕزگاری هەبێت. کورد لەوەتای هەیە دەجەنگێت. کورد لەوەتەی هەیە دژی خۆیەتی و خزمەتکاری ئەوانی دیکەیە، کورد لەوەتەی هەیە نایەویط یەک بڕیار و ناوەندی بڕیایر هەبێت، شانازی بە خۆڕووتاندنەوە دەکات.